herokosrat-barham

     کاوسێن بابەکر : کاک کۆسرەت ، هێرۆخان تائێرە بەس !  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێتی تاقە هێزبوو توانی بکەوێتە ململانێ لەگەڵ تاقە پارتی بەهێزی مەیدانەکە ، کە پارتی دێموکراتی کوردستان بوو ، کاتێ یەکێتی دروست بووتەمەنی ئەولە سی سالی نزیک بووبۆوە ، بەڵام لەخۆڕادیوی یەکێتی ئەوەندە بەهێز بوو تائەو جێیەی کە لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 توانی نیوەی دەنگەکان بەدەست بێنێ و پەرەلەمان و حکومەتیش لەگەڵ پارتیدا ففتی ففتی بەش بکات ، دوور بینی و سنگفراوانی مام جەلال شەڕی نەگریسی ناوخۆی بۆ برایەتی و پێکەوە بوون وپاراستنی دەستکەوتەکان ، وەرگۆڕاند،بەڵام دواتربینیمان ، داشکاندن و خاترو خوایشەکانی جەنابی مام جەلال لەلایەن پاریەوە خراپ قۆسترایەوە ، ئەم دۆخەو ئەم نەرمیەی یەکێتی هەرچەند ڕێکەوتنامەی ستراتیژیش هەبوو یەکێتی تا دوولەتکردن برد و بەجیابوونەوەی گۆڕان گەورەترین کوتەکی خوارد !

پارتی هیچ ڕیزو پێزانینێکی نیشان نەدا بۆ یەکێتی بە پێچەوانەوە ئەوەندەی کردی لەسەر نەرمیەکانی یەکێتی لەوەڕاو خۆی قەلەوکرد! تالەڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان  لەپێکهێنانی کابینەی هەشتەم ، هەوڵی ڕاکێشانی ئەویشی دا بەهەمان شێوازوبەهەمان نرخ ! تا ئەوکاتەی پەرلەمان ویستی کارێک بۆ قانوون بکاو ڕەنگی وەبەر ڕووان بێنێتەوەو سەرۆکی هەرێم بەڕەمزی بکاو دەستاو دەستکردنی دەستەڵات بێنێتە ئارا ، پارتی تەنگەتاو بوو و ئینجا یەکێتی وەبیر هاتەوە ، ئێستا بەهەمووو هیزوحیکمەتی خۆی لەهەوڵی ڕاکێشانی یەکێتی دایە بۆ ڕێکخستنەوەیەکی نوێی پارلەمان و حکومەت بەڵام بەهەمان ستایل و بەهەمان نرخی جاران ! پێموایە ئەوەش ئەو سیاستەیە کە ئێمە پێی ڕازی نین ، بەڵام پارتی تاڕادەیەکی باش سودی لێ بینیوەو هەم سەراپای دەستەڵاتی هەرێمەکەی نەک وەک براگەورە بەڵکو وەک تاقە هێزی هەرێم خستۆتە دەست خۆی وهەنگاویش بۆ کاری گەورەتر دەنێ ئەوەتا ئێستا خەریکە دەوڵەتی کوردی بەشێوازێکی تر دێنێتەوە گۆڕێ ، کەڕەنگە ئەمجارە ، بەهۆی هەل ومەرجی نوێ [ شکەستی داعش وسەرکەوتنەکانی پێشمەرگە کەبەرەو ڕزگاری موسڵیش دەڕۆین وئاژاوەی نەبڕاوەی ناوخۆی عێراق ] بەخت زیاتر یاوەری بێت ئەگەر ئاقڵانەتر مامەڵە بکات و پارتەسیاسەکان لەدەوری مێزی ئەم باسە کۆبکاتەوە .

تائێرە ئاوڕێک بوو لەڕابردوو بۆئەوەی بڵێین ؛ ئەگەر کاک کۆسرەت و هێرۆخان بەنیازن دوای ئەم هەموو یاریانە کە ئێمەلایەنی لاواز بووین تیایاندا بەتایبەت دوای نەخۆش کەوتنی جەنابی مام جەلال ، ڕۆڵی یەکێتی بخەنەوە سەر سکەی واقعی خۆی و دروشم و بەڵێنەکانیان ، لەخۆشگوزەرانی و دێموکراسی و ئازادی زیاترو شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی و… هتد ، بەرانبەر بەجەماوەرو ئەندام و کادیرەکانیان ، جێبەجی بکەن ، دەبێ سەرەتا خۆیان واز لە بەشبەشوکانەو گروپ گروپینەو باڵباڵێنە بێنن . ئەم قسانەی ئەم دواییەی ئەم دووبەڕێزە زۆر دوورە لەو ئامانجەو ئەو پرەسنسیپانەی یەکێتیەکانی پێ گۆشکراوە !

کاک کۆسرەت ، هێرۆخان

ئیوە هەردوکتان دووکەسی دیاری نێو کوانوی خەباتی شارو شاخ بوون و هیچکەس ناتوانێ ئەو ڕۆڵ ودەورە نەبینێ کەئیوە جوامێرانە لاوێتی و تەندروستی خۆتان و ئازیزانتان لەپێناودا بەخشیوە ، کاک کۆسرەت تۆ تەندروستیت و جگەر گۆشەکانت و تەمەنی لاویت بەخشی و دەبێ ڕێزت لێ بنرێ وەک سونبولێکی خەباتی خوێناوی کوردستان ، دادە هێرۆ جگە لەوەی پێشمەرگەو هاوڕێ و هاوسەری جەنابی مام جەلال بووەو یادگاری ئەو بەڕێزەیە ، بەکامیڕاکەشی دێکۆمێنتارێکی هەرە بەنرخی بزووتنەوەی ڕزگاریش بووە ، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی زیاترتان لێدەکرا بەداخەوە خەریکە یاریەک دەکەن کادیران و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی لێتان بێ ئومێد دەبێ .

تائێرەو بەس

ئیمە چاوەڕوان بووین لەدانیشتنێکی دڵسۆزانەو یەکێتیانەدا تەبایی و هۆگری خۆتانمان پێشان بدەن و بەڵێنی کۆنگرەیەکی پاک و بێگەردو دوور لەتەکەتول و ساختەییمان پێ بدەن ، چاوەڕوان بووین بەگۆڕی شەهیدان و بە ئەمەگی مام جەلال سوێندمان بۆ بخۆن کە کۆنگرە دەبەستن و سەریشی دەخەن ، سوێندمان بۆ بخۆن کە یەکێتی دەکەنەوەو بەیەکێتیەکەی جاران ، بەشێوەیەک هەموو ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێ بەزیادەوە وەڵامی ئەرینی دەدەنەوە !

تکایە بابەس بێ ئیتر کەس حەوسەلەی ئەم هەڕەشەو قسەساردوسوکانەی نەماوە ، وەرن هەیبەت و سەنگی  یەکێتیەکەتان بپارێزن ، کەهەیبەت وسەنگی خۆشتانە ، وەرن واز لە پلەو پایەبێنن و ئێوە هەردوکتان وەک دوو سونبولی جوانی یەکێتی هیچ پلەو پایەیەکی حزبی وحکومی وەرمەگرن ووەک مەرجەعێکی باڵای مەعەنەوی بمێننەوەو با مەکەتب سیاسی ووەزیرەکان و کادیرانی یەکێتی بۆ کێشەی گەورە بێنەلاتان و پرس وڕاتان پێبکەن ، وەرن و لە پلەوپایە گەورەتربن ، دەرگا بۆ گەنجانی تێکۆشەری یەکێتی بکەنەوە کەئەوانیش هەر کوڕوکچی خۆتانن ، تکایە بێئومێدمان مەکەن یەکێتیەکان زۆر توڕەن ڕەنگە بەردەوامی ئەم کێشەیە هەڵوێستی توندیان پێ وەرگرێ و هیچکە قبوڵنەکەن یەکێتیەکەیان دوای ئەم هەموو سەروەریانە ، دوای ئەم هەموو ڕووباری خوێن ومنارەی شەهیدە ، لەلاوزیەوەبۆ لاوازتربچێ ، ئۆباڵەکەشی لەئەستۆی ئێوەیە،ئێمە لە ڕەخنەو گلەییەکانمان بەخاتری یەکێتی چاوپۆشیمان کردووەو دەکەین ، تکایە هەنگاوی گەورەتر بنێن چونکە ژن وپیاوی گەورە بەهنگاوی گەورەو باوەشی گەورەولەخۆبووردیی گەورە دەناسرێتەوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت