دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی : بزوتنەوەى گۆڕان و ترسى پاشەکشێ .
بەشى یەکەم
بەداخەوە لەوەئەچێت تاکە هێلى سوور لەم کۆمەڵگایەى ئێمە کەکۆمەڵگایەکى پاش زەبرە بەئیمتیاز ( کۆمەڵگاى پاش زەبر بەو کۆمەڵگایە ئەوترێت کەتاکەکانى بەبەرپرس و سەرۆکەکانیەوە دەرچەى زەبرێکى جەستەیى یاخود دەروونى دڵتەزین بن بەبێ دیاریکردن وچارەسەرکردنى ) پەروەردەکردنى عەقڵیەت و هزر و فیکرى کۆمەڵگا بێت بۆ لە باربردنى هەموو هەوڵێکى لۆجیکى و جیدى بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى لەگشت چەمکەکانى ژیان بەتایبەتى سیستمى سیاسى و حکومڕانى .
هەرچەندە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر پاشماوەى عەقڵیەتى حیزبە سیاسیەکانى پێشخۆى لەدایکبوو واتا عەقڵیەتى پاش زەبرى پارتە سیاسیەکانى پێشخۆى بەڵام بومەلەرزەیەکى چاوەڕوان نەکراو ترسناک بوو بۆ عەقڵیەتى بەرپرسانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى باشورى کوردستان ( پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان ) و مژدەیەکى خۆش بوو بۆ هاوڵاتى سادە بەو ئامانجەى گۆرانکارى ڕیشەیى و کاریگەرى هەستیارو پۆزێتیفانە بکات لەکۆمەڵگاى کوردى بەتایبەتى لەسیستمى سیاسى وحکومڕانی .
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوى دوورو نزیکى دیکتاتۆرە نابووت و دەسەڵاتدارە ملهوڕە فاشیەکانى دونیا بۆمان دەردەکەوێت تیرۆرکردنى نوخبە یەکێک بووە لەهەرە چەکە کاریگەرەکان بۆ لەباربردنى هەموو هەوڵیک بۆ چاکسازى لەدەسەڵاتى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دەستاودەسکردنى هێمنانەى دەسەڵات ، لەگەڵ ئەوەش جورئەتیان نەکردووە دەست بۆ دووچەمکى هەستیارو گرنگى نزیک لەیەکەوە بەرن ، چەمکى پەروەردەکردنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا و چەمکى سوککردنى نووخبە ، نەک لەبەرئەوەى درکیان پێنەکردووە ، بەڵکو نەیان ویستووە بەتەواوى گەشەکردنى عەقڵ و دەروونى کۆمەڵگا بشێوێنن و بیوەستێنن و هیچ ماناو پانتاییەک بۆ ژیانى مرۆڤایەتى و بەهامرۆڤایەتیەکان نەهێڵن .
واتە بەکارهێنانى ئەم دووچەمکە دژبەکۆمەڵگا کارێکى قیزەوین و قەدەغە بووە تەنانەت لاى هەرە دیکتاتۆرە بەناوبانگەکانى دونیا وەک جوزیف ستالین ، ئەدولف هتلەر ، ماو تسى تونغ ، ئاتیلا ، تەیمورلەنگ و … هتد . سەرەڕاى خۆشەویستیان بۆ دەسەڵات و سامان و تونێتیان بۆخوین و لەناوبردنى جەستەیى و فشارى دەروونى نەیارەکانیان ، بەڵام هاندانى زانست و هونەرو گەشەپێدانى عەقڵیەت و هزرو فیکرو ئابوورى کۆمەڵگایان کردووە ، ویستویانە ببنە تاکە دەسەڵاتدارى هیزى مرۆیى و زانستى و ئابوورى گەشەکردووى دونیا ، تاتوانیویانە وڵاتەکانى خۆیان کردووە بەچەقى زانست و هونەر خۆشگوزەرانى هاوڵاتى .
بەپێچەوانەوە دەسەڵاتى کوردى ئەوەى لاى مەبەست نەبووبێت زانست و هونەر و هزرو فیکرى کۆمەڵگاو خۆشگوزەرانى هاوڵاتی بووە ، بۆیە زۆر بەئاسانى توانیویەتى ئەم دووچەمکە هەستیارە بقۆزێتەوە بەکاریان بهێنێت نەک بەرامبەر نەیارو گۆرانخوازان بەڵکو بەرامبەر بەگشت کۆمەڵگاى کوردى بەبێ جیاوازى لەپێناو گەیشتن بەئامانجەگڵاوەکانى کەمینەیەکى ئابڕوچووى دۆڕاو ، لەوە ئەچێت ئەم دەسەڵاتدارانە خۆیان بەمیوانیکى کاتى ڕەزاقورس بزانن ، تاکە ئامانج ئاودیوکردن و دزینى سامانى سروشتى سەرزەوى و ژێرخاکى کوردستانە ، کەى بارى سیاسى نێودەوڵەتى و ناوچەکە لەبەرژەوەندى خۆیان و بنەماڵەو حیزبەکانیان نەما ، ئەوکات بگەرێنەوە بۆ ئەوشوێنەى لێوەى هاتوون و گیرۆدەکردنى خەڵکەکەى لەژێر ئازارو مەینەتى قەیرانە دروستکراوەکانیان لەبەر ئەوەى هیچ کات خاوەنى پرۆژەى نەتەوەیى و مرۆڤایەتى نەبوون .
دواى ئەوەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى خاوەن ڕێکەوتنى ئیستراتیجى ، بەسەرپەرشتى سەرکردە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان لەبەکارهێنانى توندوتیژى لەڕووداوەکانى هەڤدەى شوبات و دواتر خویان تاقیکردەوە ، وەسەرەڕاى هەموو هەوڵێک بۆ پەرچدانەوە وبەرهەڵستکردنى گۆڕانکارى لەسیسمى سیاسى و گشت چەمکەکانى ترى ژیان لەڕێگاى ترس و تۆقاندن و نانبڕین لەهەردوو زۆنى سەوز و زەرد نشوستى هێناو توشى دڵەڕاوکێ و شۆک بوون ، بۆیان دەرکەوت ئەگەر وابڕوات لەم ڕێگایەوە نەک دەسەڵاتە ڕەهاکانیان لەدەست ئەدەن بەڵکو لەوانەیە بدرێن بەدادگاو ئەو سامانەى کۆیانکردۆتەوە بەڕێگەى نایاسایى و نائاسایى لەدەست بچێت ، بۆیە بیریان لەپلانێکى دى کردەوە .
باشترین پلان بۆ ئەم مەبەستە ئەو پلانەیە کەتەنانەت دیکتاتۆرە نابووت و دەسەڵاتدارە ملهوڕە فاشیەکانى دونیا نەیانویستووە دەستى بۆبەرن ، ئەوەش قۆزینەوەو دەستێوەردانە لەچەمکى پەروەردەکردنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا و چەمکى سوککردنى نووخبە ! ، ئەو دووچەمکەى مرۆڤ لەبەها پیرۆزەکانى رووت ئەکاتەوە هیچ پانتاییەک بۆ شکومەندى ناهێڵێت ، ناچارى ئەکات ڕەوشتى سیاسى و مرۆڤایەتى لەدەست بدات ، هەموو ئەگەرێک بخاتەگەر بۆ گەیشتن بەبەرژەوەندى تایبەتى کەمینەیەکى بێ ئابڕووى بەناو موقەدەس و نزیکردنەوەى لەپەروەردگار لەپێناو کۆیلەکردن و لەدەستدانى ویست و خواستى هاوڵاتى بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى و چارەسەرکردنى گەندەڵى وناعەدالەتى .
لە 21/5/2014 بابەتێکم لەسایتى سبەى بڵاوکردەوە بەناونیشانى ( تیرۆرکردنى کەسایەتى نوخبەو سوککردنى زیرەکییە یاخود گەمژەیى ؟! ) بەم لینکەى خوارەوە : سبەی .
کەتیایدا ئاماژەم بەزیرەکى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان و گەمژەییى بەناو نوخبەکانمان کردووە سەبارەت بەسوککردنى کەسایەتى نوخبەو تاوانبارکردنیان بە بەعسیبوون لەسەروبەندى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان ، لەکاتێکدا ئەندامانى هەرەباڵاى ئەم دووحیزبە دەسەڵاتدارە نەک تەنیابەعسى بوون بەڵکو سیخوریشیان بۆ حیزبى بەعس کردووە ؟ دوور لەمزایەدەکردن دەزگا هەواڵگریەکانى خۆشیان دۆکەمێنتى تەواویان هەبووە لەسەر ئەم بابەتە .
لەکوشتنى نوخبە کاریگەرتر و قێزەوەنتر تیرۆرکردنى کەسایەتى و سوکایەتیکردنى نوخبەیە ، بەتایبەتى ئەگەر لەلایەن نوخبەوە ئەنجام بدرێت وەک ئەوەى لەکۆمەڵگاى ئێمە دەگوزەرێت ، نەک گەشەکردنى عەقڵ و دەرونى کۆکەڵگا ئەوەستێت بەڵکو هیچ ماناو پانتاییەک بۆ بەها مرۆڤایەتیەکان نامێنێت و مێگەلێک ئەخولقێنرێت ، هەڵبەتە ئەم دیاردەیە لەشکرێک میدیایى و ژێنەر و چەواشەکارى حیزبى گەورەى لەپشتەوەبووە بەمەبەستى چاندنى تۆوى ڕق وکینەو دەمارگیرى و شێواندنى ڕاستیەکان و سەرقاڵکردنى هاوڵاتی بەکێشەلاوەکیەکان و لەبیرکردنى کێشە سەرەکیەکە ( قۆرغکردنى دەسەڵات و دزینى سامانى سەرئەرزو ژێرزەوى کوردستان لەلایەن کەمینەیەکى دەسەڵاتدار لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ) لەمەشدا میدیاى کوردى ڕۆڵى گرنگى بینى .
هەڵبەتە درووستبوونى داعش لەمکاتەدا یارمەتیدەرێکى گەورەبوو بۆ ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە بۆ قایمکردنى دەسەڵاتى سیاسى و بەرژەوەندى دارایى خۆیان و تێکەڵکردنى ڕەش و سپى ، باش و خراپ ، پاراستنى ئاسیشى نەتەوەیى و ئاسایشى کەمینەیەکى دەسەڵاتدار ، فرۆشتنەوەى نیشتمان پەروەرى بەنیشتمان پەروەرە ڕاستەقینەکان ، خۆدزینەوە لەگۆڕانکارى ڕیشەیى و مژینى تەوژمى قین و ڕقى هاوڵاتى بەرامبەر بەچارەسەرنەکردنى گەندەلى و ناعەدالەتى و سیستمى حکومڕانی .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت