دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی : بزوتنەوەى گۆڕان و ترسى پاشەکشێ .
بەشى دووەم
وەک پێشوتر ئاماژەم پێدا لەکاتێکدا دروستبوونى بزوتنەوەى گۆڕان زەنگێکى ترسناک بوو بۆدەسەڵاتداران ، زەنگێکى دڵخۆشکەرو بەئاگاهێنانەوە بوو بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان وخەبەرکردنەوەیان لەو خەوخەیاڵە خۆشەى بەرپرسە شۆڕشگێرەکانى هەردوو حیزبى دەسەڵات وێنایان ئەکرد ( کوردستان ئەکەین بەدووبەى ؟ ) ، لەخۆشیدا ئەو ڕاستیەمان لەبیرکرد کەهیچ گۆڕانکارییەکى ڕیشەیى کاریگەر نابێت ئەگەر پێنج فاکتەرى سەرەکى تێدا نەبێت .
فاکتەرى یەکەم : بوونى جموجۆڵێکى سیاسى فیکرى مرۆڤدۆستى بەردەوام لەسەر بنەمایەکى زانستى دژ بەقوڵکردنەوەى ئایدۆلوجیا جیاوازە دژبەیەکەکان ، واتا پیرۆزکردنى پێکەوە ژیانى کۆمەڵایەتى لەکۆمەڵگایەکى شارستانى هێمن وئارام دوور لەهەموو جۆرە توندوتیژییەک ، پشتبەستن بەپرۆگرامێکى سیاسى مرۆڤدۆستى نیوتراڵ لەسەر هەردوو ئاستى هەرێمى کوردستان وعێراقى فیدراڵ بەدیاریکردنى ئامانجەگشتیەکان وپتەوکردنى بنەماکانى دیموکراسى وپەروەردەیى وتەندروستى وژینگە وگەشەدان بەسامانى مرۆیى وپاراستنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى .
فاکتەرى دووەم : ئامادەیى هاوڵاتى و کۆمەڵگا بۆگۆڕانکارى ، بێگومان ئێمە هەموومان دەرچەى سیستمێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى نەخۆش و سەقەتین ، بەدرێژاییى مێژوو دوژمنانى کورد و لەم دوواییەش هەردوو حیزبى دەسەڵات بەیەکێتى پارتیەوە ڕۆلێکى بەرچاویان هەبووە لەدارمانى ڕایەڵەو بەها مرۆڤایەتیەکانى کۆمەڵگا و بەرهەمهێنانى تاکێکى تێکشکاوى بێبەرهەمى تەمەڵ و ملکەچ و گوێڕایەڵى بێئیرادە ، لەئەنجامدا تاکێکى نەخۆشیان بەنەخۆشى (من – الانا ) ego بەرهەمهێناوە کەمەوداى بیرکردنەوەى لەبەرژەوەندى خود زیاتر نییە .
گۆڕانکارى ڕیشەیى لەم جۆرە کۆمەڵگا نەخۆشەدا کەئێمە خۆشمان بەدەر نین لەو تاکەنەخۆشانە کارێکى قورس و گرانە ئەگەر ئەستەم نەبێت ، بۆیە ئەگەر بەردەوام لەهەوڵدا نەبین بۆ پەروەردەکردنى عەقڵیەت وهزرو فیکرى کۆمەڵگا ، لەعەقڵیەتى ( من – الانا ) ego ڕزگارمان نابێت ، واتە تاکە مەرج بۆ دەرچوون لەعەقڵیەتى پاش زەبرو پاشماوەى عەقڵیەتى ( من – الانا ) ego لەناخماندا پەروەردەکردنى عەقڵیەت وهزرو فیکرە ، ئەمەش لەشەوڕۆژێکدا نایەتەدى بەڵکو کاتێکى دوورو درێژى ئەوێت ، لەسەروبەندى کۆنگرەى یەکەمى بزوتنەوەى گۆڕان لە 23/12/2013 بابەتێکم لەسایتى سبەى بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانى ( ئەرکى کۆنگرەی یەکەمى گۆڕانە نەخۆشى ( من ) ى کۆمەڵگا چارەسەر بکات ؟!) بەم لینکەى خوارەوە : http://archive.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=7110&AuthorID=389 دواى ئەوەى هەستمکرد ڕایەڵەى کۆمەڵگاى کوردى ( ڕایەڵە بەجۆرى پیشەو بارى کۆمەڵایەتى دیارى ئەکرێت ) لەوپەرى لاوازى فیکرى داڕماندایەو ڕۆژ لەدواى ڕۆژ درزى نێوان ڕایەڵەکان لەزیابوون و لێکترازانە ، لەبرى ئەوەى هەریەک لەم ڕایەڵانە بەتەنیا بیرلەبەرژەوەندى تەسکى ڕایەڵەکەى خۆى بکاتەوە ، پێویست بوو بەهەمان سۆز داواى مافى ڕایەڵەکانى دى بکەن لەماموستایان ، کارمەندان ، شەهیدان و ئەنفال ، کەمئەندام و زیندانى سیاسى ، بێکار ، ئەندازیاران وهەموو پیشەو ڕایەڵەکانى دى پیش ڕایەڵەکەى خۆیان ، ڕایەڵەیەک لەڕایەڵەیەکى تر گرنگترو پیرۆزتر نییە ، هەموو ڕایەڵەکان وەک یەک پێویستن بۆ گەشەکردنى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ، هەموویان بەدەستەجەمعى کۆمەڵگاپێکدێنن و ئەتوانن ئاسایشى کۆمەڵایەتى بپارێزن و سیستمێکى سۆشیال بکەنە ئامانج (social security ) وەک لەزۆر شوێنى وڵاتانى ئەوروپا ودونیا ، ئەم ئامانجە بەپەروەردەکردنى عەقڵیەت و هزرو فیکرى کۆمەڵگا دەێتەدى نەک بەقسەى قەبەو بریقەدارى سیاسەت بازە بێ ئاگادارەکان لەزانستى سیاسى و کۆمەڵایەتى .
فاکتەرى سێهەم : بوونى پلانێکى زانستى توندوتۆڵ بۆ گۆڕنکارى ، هەڵبەتە شەش پاکێجەکەى ئۆپۆزسییۆن وەک پلان بۆ گۆڕانکارى بژاردەیەکى گونجاوبوو ، بەتایبەتى ئەو خاڵانەى پابەندە بەدورخستنەوەى دەستى حیزب وکەسایەتیە موقەدەسەکان لەسیستمى سیاسى ، سەربەخۆو بێلایەن کردنى پێشمەرگە وئاسایش ودەزگا هەواڵگرییەکان ، سەربەخۆو ئەکتیڤکردنى دەسەڵاتى دادوەرى و داواکارى گشتى ، دامەزراندنى دەستەى نەزاهەى بێلایەن و چالاکردنى دیوانى چاودێرى دارایى ، چاکسازى لەوەزارەتەکان و دورخستنەوەى دەستى حیزب ، پێکهێنانى حکومەتێک بتوانێت ئەم چاکسازیانە بکات .
بەڵام ئەو حکومەتە بنکەفراوانەى دواتر دانرا بەبەشداربوونى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار و حیزبە ئۆبۆزسێۆنەکانى پێشووتر ، بێجگەلە سەرۆکى حکومەت کەسیان دەسەڵاتى پوشێکیان نەبوو ، حکومەتەکە حکومەتێکى کارتۆنى بوو ، پۆستەکانیش پۆستى حەیابەرەبوون بەتایبەتى بۆکەسایەتیەکان پیش حیزبەکانیان ، لەگەڵ ئەوەش وەک لاوازترن ئەگەر نەماندى وەزیرێکى بێدەسەڵات باس لەبێدەسەڵاتى خۆى بکات یاخود هیچ نەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە ، ناردنە ماڵەوەى وەزیرەکان بەبێ هۆیەکى یاسایى ئەو ڕاستیەى سەلماند کۆمەڵگاى کوردى خاوەنى سیستمى سیاسى و حکومڕانى نیە بێجگەلەوەى بەرپرسە بێدەسەڵاتەکانیش ڕازین بەردەوامى بدەن بەبێدەسەڵاتى خۆیان لەپێناو شتێک کەتەنیا خۆیان ئەیزانن .
فاکتەرى چوارەم : ئالەتیەکێکى گونجاو بۆ گۆڕانکارى ، ئالیەتێک تێدا لایەنگیرى تاکەکان بۆ نیشتمان بێ نەک بۆمرۆڤە دەستڕۆیشتووەکان واتە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان ( سەرۆکەکان ) ، هەڵبەتە ئەم فاکتەرە لەکۆمەڵگاى پاش زەبردا لەفاکتەرەکانى تر گرنگترە لەبەر ئەوەى سەرۆک یاخود کەسى یەکەم بڕیاردەرو یەکلایکەرەوەى پرسەکانە هەربۆیە کەسانى حەزبەدەسەڵات و پلەو پایە لەپێناو گەیشتن بە وبەرژەوەندى تایبەتە لایەنگیریان بۆ تاکە دەستڕۆیشتوەکان لەلایەنگیرى نیشتمان بەهێزترەو لەهەمانکات ئەبنە خاڵى لاواز بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى ، بەڵێ ئەزموونى چونەدەسەڵات لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە ئەزمونێکى تازەبوو لەکارى سیاسى کەم تازۆر پاشماوەى عەقڵیەتى ( من – الانا ) ego لەناخدا ماوە ، بۆیەکەم تازۆر نەویسترا لەم خاڵەدا سەرکەتوبین ، وتەیەکى زۆر بەنرخ هەیە ئەگەر بتەوێت لەم کۆمەڵگایەى ئێمەدا تاکێک تاقیبکەیتەوە کەپەروەردەکردنى عەقڵ وهزر وفیکرى کۆمەڵگا بوونى نەبووبێت ، دەسەڵاتى سیاسى ودارایى بدرێ تابزانیت لایەنگیرى بۆ تاکەکانە یاخود نیشتمان ، ئەمەش ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێت هیچ گەرەنتیەک نییە بۆدانانى کەسى شیاولەشوێنى شیاو ئەگەر پێشتر پەروەردەکردنى عەقل و هزروفیکرى ئەو کۆمەڵکایەت نەکردبێت و خاوەنى سیستم و یاسا نەبیت ، لەبەر ئەوەى هیچ گرنگیەکى ئەوتۆمان بەپەروەردەکردنى عەقل و هزر و فیکرى کۆمەڵگانەداو خاوەنى سیستم و یاساش نەبووین بۆیە نەمانتوانى ئالیەتێگى گونجاو هەڵبژێرین بۆ ئەو پلانە زانستیە توندوتۆڵەى دانرابوو بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى .
فاکتەرى پێنجەم : ئامادەنەبوونى دەسەڵاتدارە ڕاستەقنەکان نەک دەسەڵاتدارە بێدەسەڵاتەکان لەهەردوو حیزبى دەسەڵاتدار یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەرۆک و بەرپرسى باڵاو خاوەن ئابوورى و کۆمپانیا زەبەلاحەکانى بنەماڵەوخزم و کەسوکاریان بۆ گۆڕانکارى و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات و گەرانەوەى مافە مەدەنى و دیموکراتیەکانى کۆمەڵگا ، ئەتوانم بڵیم ئەم فاکتەرە لەفاکتەرى چوارەمیش گرنگترەو چەقى هەموو گۆڕانکاریەکانە ، بەبێ بوونى ئەم فاکتەرە گۆڕانکارى ناکرێت ، ئەم دەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارانە نەک دەستاودەستکردنى دەسەڵاتى باڵا لەحکومەتى هەرێم ناکەن ، بەڵکو لەناو حیزبەکانى خۆشیان دەستاودەستکردنى دەسەڵات بڤەیەو بوونى نییە !! تامردن .
خوێندنەوەى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەگۆڕانیشەوە بۆ بارودۆخى کوردستان وعەقڵیەتى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان سەدلەسەد ڕاست و گونجاو نەبوو ، نەبوونى ئەو پێج فاکتەرەکە بەیەکەوە گۆڕانکارى دواخست ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت تاسەرپەکى بخات .
ووریایى وزیرەکى بەرپرسە ڕاستەقینە نادیارەکانى ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە زۆر کاریگەربوو لەدابەشکردن و ئاڵگۆرکردنى ڕۆڵى سەرەکى نێوانیان لەو شانۆگەرییەى دایان نابوو بۆ هەڵخەڵەتاندنى ئۆپۆزسیۆن بەپێدانى پۆستى حەیابەرەو ڕیسواکردنیان لەلاى هاوڵاتی بەڵام نەیانزانى بەسوکردنى حکومەت و پەرلەمان و دەزگاحکومیەکان و نوخبە ئەوەندەى ترلاى خەڵک ریسواو بێ نرخ تردەبن .
لەمەش سەیروسەمەرەتر ئیستا یەکێتى نیشتمانى کوردستان واخۆى پیشان ئەدات لایەنگیرى هاوڵاتیەو غەدرى لێکراوە ، وەک لەوەى بەشداربویەکى سەرەکی بوبێت لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لەپرسە هەستیارەکانى وەک ( پرسى نەوت و داهاتەکان ، پرسى پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان ، پرسى سەرۆکایەتى و پەیوەندیەکانى دەرەوە ) .
هەڵبەتە مەبەستى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارپاشەکشێى گۆڕانکاریە لەکۆمەڵگاى کوردى لەڕێى دروستکردنى ئاژاوەى سیاسى حیزبى ( فەوزاى سیاسى ) هەرچەندە لەکوردستان حیزب بوونى نییە ؟ تەنیا کارە دزێوەکان ئەدرێنە پاڵ حیزب لەپێناو خزمەتى کەمینەیەک دەسەڵاتدارى ڕاستەقینە ، ئەوەى ئەم دوو دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەیە هەوڵى بۆئەدەن گەرانەوەى بارودۆخەکەى ڕابردوە بەهێشتنەوەى دەسەڵاتى ڕەها لاى خۆیان و دزینى سامانى ژێرئەرزو سەرخاکى کوردستان .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت