گۆران هەڵەبجەیی : سمینارەکەی هێمن هەورامی لە کۆبنهاگن .
لە 12 – 3 – 2016 کاک هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی لە کۆبنهاگن سەمینارێکی سازکرد ، منیش وەک نوێنەری حیزبی شیوعی کوردستان بە نامەی فەرمی داوەت کرابووم . سەمینارەکە داخراوبوو ، واتە کەس بۆی نەبوو بێ داوەتنامە بچێتە ژوورەوە . جا پاشان ئەمەشتان بۆ ڕووندەکەمەوە کە بۆچی داخراوبوو .
بەر لە دەستپێکردنی سەمینارەکە گەشتمە هۆڵەکە دیتم هۆڵەکە جمەی دەهات ،منیش لە دوای دواوە جێگەیەکم بۆخۆم گرت .
پاش کەمێک کاک هێمن هات و دەستی بە ئاخاوتن کرد . چەند تەورێکی بۆ سەمینارەکەی دیاری کرد لەوانە :
بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان
قەیرانی سەرۆکایەتی
کێشەی پەرلەمان
شەڕی داعش و کێشەی ئابووری کوردستان
سەرەتا کەدەستی پێکرد تا خاڵی دووەم و سێیەمیش دابەزین بوو بۆ سەر هەندێک لایەندا بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان .
هەرچی کێشە و قەیرانی سیاسی و ئیداری لە کوردستان هەیە ئۆباڵەکەی خستە سەرئەوان . پاشان پەڕیەوە بۆکۆمەڵی ئیسلامی ، لەوێشەوە بۆ پێکاکا ، ئینجا هەدەپە و کۆتایەکەشی پەیەدە .
بەکوورتی و کوردی هیچ لایەنێکی لێ دەرنەکرد ، بەڵام بڕێک موراعاتی یەکێتی کرد و وتی هیوادارم لە ژیر کاریگەری گۆڕان دەرچن بۆئەوەی پێکەوە بتوانین کار بکەین و دەبێ هەرواش بیت چونکە چارەنووسمان پێکەوە گرێدراوە . لەدڵی خۆمدا گووتم دەبێ مەبەستی کارکردنی هاوبەش بێت لە تاڵانکردنی کوردستاندا .
وابزانم جارێک یا دووجار وەک سوژن و دەرزیەکە ، دەرزیەکیشی کرد بە خۆیانداو گووتی ، لەبەر ئەوەی زۆرتین ئەرکی بەڕیوەبردنی هەرێم لەسەر ئێمەیە وەک پارتی دیارە ئێمەش کەم و کووڕیمان هەیە ، بێئەوەی ئاماژە بەو کەموو کوڕیانە بکات ، کە بە ڕای من لەکەمو کووڕی دەرچوون و بوونەتە کارەسات .
گرنگە ئاماژە بەوەش بکەم ، لە دوای هەر بڕگەیەک دەبووە چەپڵە ڕیزان کە لە کۆتاییەکەیدا بێتام بوو بوو .
ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو کە باسی بکات دۆخی پڕ قەیراناوی ئابووری کوردستان بوو کەحیزبەکەی و یەکیتی لێی بەرپرسیارن ، بەڵام دیار بوو بە ئەنقست ئەو خاڵە گرنگەی خستبووە دواخال بۆ ئەوەی باسی نەکات ، هەرواش دەرچوو ، باسی نەکرد و بازێکی گەورەی دا بەسەریدا .
پاشان پشویەک ڕاگەیەنرا لە کاتی پشوەکەدا دیقەتم دا پتر 80% ی ئەو کەسانە کە هاتبوون بەمن نامۆبوون . وەک خۆیان باسیان کرد لە هەموو دانیمارکەوە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیان هێنابوو ، وێرای ئەوەی لە سویدیشەو خەڵکانێکی زۆریان هێنابوو بەجۆرێک هۆڵەکە بە پلەی یەکەم ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بوو ئەوەی دیکەش کە مابویەوە نوێنەری حیزبە کوردیەکانی هەر چوار پارچەبوون .
دیار بوو لە مێژەوە کاریان بۆ کردبوو تا بەجۆرە دەرچێت ، ئەوە هەقی خۆیانەو دەستیان خۆش بێت و من کێشەم لەگەڵ ئەوەدا نیە ، بەڵکو ڕەخنەی من لە ناوەڕۆکی سەمینارەکەیە ،کە ئێستا دێمە سەری .
پاش پشوو دەرگای پرسیارو سەرنج کرایەوە ، کاک سەعید کە کوردێکی باکوورەو ئەندامی پارتیە ئەو ناوەکانی وەردەگرت . سەرەتا لە ڕیزی پێشەوە ناوەکانی وەرگرت و ئەوەش ئاسایە ، ئەوجا ورەدە وردە نزیک بوویەوە بۆ دواوە ، جا بۆئەوەی بمبینێت من هەستامە سەرپێ و جەندین جار بە دەست ئاماژەم بۆ کرد کەناوم بنووسیت بەڵام هەر پشتگوێی دەخستمم . دیار بوو ئەو تەنها هەڤاڵ و دۆستانی خۆیانی وەردەگرت .
لە میانەی پرسیارکردندا ، تەنها کەسێک کە پارتی نەبوو پرسیاری کرد وابزانم کاک عەدنان بوو ، ئەویش پرسیارێکی ئاسایی کرد . دەمێک زانیم کە بەنیاز نیە ناوم بنووسێت ، برادەرێکم ڕاسپارد کە ئاگاداری بکاتەوە تا ناوم بنووسێ . لە کۆتایی وەرگرتنی پرسیارەکاندا کاک هێمن گووتی ، لە یەکێک لە کەناڵە دانمارکیەکان دیدارم هەیە بۆیە بە سەعیدی وت [6] ناوی تر وەربگرە و کۆتایی پێدەهێنین . لەو شەش ناوە من پێنجەم ناو بووم . بەڵام لەدوای وەرگرتنی پرسیاری چوارەمین کەس ، بازی بەسەر ناوەکەمدا داو کەسی شەشەمی وەرگرت کە لە چەپڵە لێدەرەکان بوو . دوای ئەو چاوەڕێ بووم ڕێگە بەمنیش بدات پرسیاری خۆم بکەم بەڵام بەداخەوە بە بەهانەی نەبوونی کات کۆتایی بە پرسیارەکان هینا . هەرچی دەستم بەرزکردەوە و هاوارام کرد هیج سوودی نەبوو .
ئەوانەی کە پرسیاریان کرد جگە لە خوشکێک نەبێت کە وتی کاک هێمن قسەکانت تووڕەییان پیوەدیارە و ئەمانە قسەی کەسێکی دیبلۆماسی نین . ئیدی هەر هەموو پرسیارەکان یان سەرنجەکان بە ئاراستەی پشتگیریکردنی قسەکانی هێمن هەورامی بوون ، واتە هەمووی لە خانەی [ ئەشهەدو ] دابوون .
لە خوارەوە بەر لەوەی بڕوات سعیدم گرت و پێم گووت کارێکی جوانت نەکرد کە ڕێگەت پێنەدام پرسیاری خۆم بکەم ، وتی ببورە کاک گۆران کات نەمابوو ، منیش بە جوانم نەزانی لەوێدا لەوبارەوە زۆر قسە بکەم و بڕیارمدا هەڵیبگرم بۆ نووسینێک ، چونکە کاک هێمنی لەگەڵدا بوو وە بەپەلەبوون بۆ چوون بۆ کەناڵە دانمارکیەکە . . سەیر لەوەدا بوو کەسێک بەناوی ئازاد کەرکوکی هەر لەوێدا پێم دەڵێت : پرسیاری چی دەکەیت ، ڕازیبە کە ڕیگەمان دایت بێتە ژورەوە ، چونکە تۆ دژی پارتی خۆپیشاندانت کردوە . منیش ڕووم تێکرد و وتم پرسیارم لەتۆ نەکردوە ، وەڵامیشم پێیە بۆ ئەو قسانەت ، بەڵام وەڵامت نادەمەوە .
جا بە بۆچوونی من خۆیان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە هەرکەسێک گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە جۆرە پرسیارێک بکات و بەدڵیان نەبێت و ئیحراجیان بکات ، چاکتر وایە ڕێگەی پێنەدەن . جا هەر واش بوو ، چۆن نەخشەی بۆ داڕێژرابوو هەرواش بەڕیوە چوو .
بێگومان هەڤاڵانی پارتی ئەوەیان لەبیر ماوە کە پشتر وابزانم بەر لەساڵێک کاک هێمن هەورامی سەمینارێکی سازکرد کە کراوە بوو ، لەوێدا بە هەندێک پرسیار ئیحراج کرا ، کە یەکێک لەوانە پرسیارەکانی من بوو کە نیتوانی بەرسیڤی موقنیعم بداتەوە .
بەرای من باشتر بوو بۆ کاک هێمن ، هەڤاڵان و لایەنگرانی خۆی کۆبکردایتەوە و وەک کۆبوونەوەیەکی حیزبی قسەی بۆ بکردنایە لەوەی کە ناوی نابوو سەمینار .
سەمینارێک ڕای جیاوزی تیدا نەبێت ، پرسیاری دژ بە قەناعەتی سەمینار گێڕی تێدانەبێت ، سەمینارێک هەر چەپڵە ڕیزان و پیاهەڵدان بێت ، سەمینارێک تەنها دابەزین بێت و بۆسەر هەندێک لایەن ، سەمینارێک حیزبەکەی خۆی بە فریشتەو فریادڕەسی سیاسی بزانێت ، ئەوە گوناهە ناوی لێبنرێت سەمینار .
جا بەرای من ئەو سەمینارەی کاک هێمن هەوارامی لە وە دچوو کە هەورامیەک کڵاش بۆخۆی دروست بکات ، بێگومان ئەو دەمە بە بەجوانترین شێوە و باشترین کواڵەتی درووستی دەکات .
دەی خۆ کاک هێمنیش هەروای کرد .
سەرنج/ بەهۆی هەندێک هۆکارەوە ، ئەم بابەتەم لە بڵاوکردنەوە دواکەوت .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت