عوسمان عومەر : کۆرەو بوومەلەرزەیەک بوو بۆ دەسەلاتى بەعسیەکان .
بەشى یەکەم
لەقۆناغەکانى مێژووی بزاڤى رزگاریخوازى گەلان دا زۆر داستان و بەسەرهات هەیە هەرگیز لە بیرناکرێ گەلى کوردستانیش لەو گەلە زیندوانەى دونیایە کە چەندین کارەسات و چەرمەسەرى توشهاتووە سەرەڕای ئەوداستان و نەبەردیانەى لەبەرەنگارى تۆمارکراون دژى داگیرکەرانى خاک و وولاتمان . ئەوانەى هەرگیز لەیاد ناکرێن کیمیا بارانى هەلەبجە , ئەنفال و کۆرەو .
کۆرەوە ملیونەکەى کەلەکەمان لەکۆتایی ئاردارى دواى ڕاپەرین و سەرەتاى نیسانى ١٩٩١ وڵامدانەوەیەکى ڕاستەقینە بوو بۆداگیرکەران و وەرچەرخانێکى میژوویی بوو لە بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان کە بەیەک دەنگ و بەیەک رەنگ هەموویان وتیان ( نا) بۆ داگیرکەران نا بۆ ماڵ و حاڵ ، هەموو بەیەکجار روویان کردە شاخ و دۆڵ و دەشت و دەر بەبرسیەتى , تینویەتى و باران و سەرما و سۆڵە وتیان بەلێ بۆ مافى چارەنوس .
لێرەدا ئەو ووتەیەى جەنابى مامجەلالم بیرکەوتەوە لە وتەیەکى کورتى بۆ ئەوجەمارەى لەسەر ڕێگا بوون و لێمان کوبونەوە لەووتەیەکى کورت دا فەرموی داگیرکردنى ئەلزاس و لۆرینى فەرەنسا کە ئەڵمانەکانیان داگیریان کردبوو بە ئەلمانەکانیان دەوت گەر توانیوتانە خاکەکەمان داگیربکەن ناتوانن دڵ و دەرونمان داگیربکەن .
سەرکردایەتى ی – ن – ک پلان دارێژەری ڕاپەرین بوو , بیر لەچەند ئەگەرێک کرابۆوە و لەکۆبونەوەکانى بەرەى کوردستانى خرابونە ڕوو ئەوەندەی بەندە ئاگاداربم تا رۆژى 3 – 5 – 1991 سەرکردایەتى پ – د – ک نەدەچووە ژێر بالى راپەرینەوە ، بەلام دواتر کە شارى ڕانیە راپەڕى و ئازاد کرا و بووە دەروازەى ڕاپەرین و هەروەها رزگارکردن و ئازادکردنى شارى سلێمانى دواى چەندین رۆژ لە چاوەروانى کردن لەقاسمەرەش بۆ هاتنى وەفدەکەى پارتى و ئەنجامدانى چەند کۆبونەوەیەک لە سەرکردایەتى ئەوکاتى ی – ن – ک کە پێشتر ڕەتلە پارتیزانەکانى ناردبووە خوارەوەو هێزى پێشمەرگە سازو ئامادەکرابون هەندێکیان گەیشتبونە ئەوشوێنانەى کە مەبەست بوو لە نزیک ئۆردگا زۆرەملێکان و هەندێ شاروشارۆچکە چاوەرانى فەرمانى فەرماندەى گشتى بوون کە دەست بەکاربکەن ئینجا ئەوان ملکەچى ئیرادەى بەرەى کوردستانى بون رەتلەکانیان کە پیشتر بە هەماهەنگى ڕێکخرا بوو و لەلاى خۆشمانەوە هەموو رەتلێکى هێزى پێشمەرگە بێتەلێکى راکال بەعەدەد بێتەلەوە لەگەل بوو , بۆ مێژوو ئەلێم تاکە هێزێک کەچاکترین و شارەزاترین عەدەد بیتەل هەبووبێت ی – ن – ک بوو . پارتى لەرووى بێتەلەوە زۆر دواکەوتوبون بیتەلى شەستەکانیان بەکار دەهێنا لایەنەکانى تریش تا رادەیەک ئەوگرنگیەیان بە بیتەل نەدابوو وەک ی – ن – ک ، نمونەشم بۆ ئەو قسانەم کە کاک مەسعود کە گەیشتە قاسمەرەش هیچ هێزێکى لەگەل نەبوو تەنها دەستەى پاسەوانیەکەى ٢ تا سێ ئۆتومبیل بوون ، عەدەد بێتەلەکەى تەنانەت لە بیرمە ، چ جۆرە ئۆمبیلیکى پێ بوو دەتگوت تەنها بۆ کۆبونەوەیەک هاتووەو دەگەرێتەوە ….؟ عدد بیتەلەکەى هاتە لامان ٢ موجەرەفیرەیان پێ بوو نەیاندەزانى چیەو چۆن بەکارى بهێنن لاى خۆمان فێرکران چۆن رەبت دەکرێت چۆن کۆدەکان دادەنرین؟ چۆن ئیشى پێ دەکرێ ؟ و یەکێک لەوانە بۆ نێوانى خۆمان بەکارهێنرا , ئیتر راپەرین تەشنەى سەندو زۆربەى ئۆردوگا زۆرە ملێکان و رۆژانى 8 و 9 و 10 ى ئادار شارى کۆیەو شەقلاوەو مەسیف سەلاح الدین ئازاد کران , هەولێریش رۆژى ١١ى ئادار کەوتە دەست هێزى پێشمەرگە .
رۆژى 10 مانگ جەنابى کاک نەوشیروان و هێزێکى باش لەگەل کاک مەسعود و دادە هیرۆشیان لەگەل بوو بەرێکەوتن بەرەو دەروازەى ڕاپەرین وەک عدد بێتەڵ بەرێز کاک بەختیار مستەفا کە لێپرسراومان بوو لەگەڵ سەرکەوت عەینەک (محمد فتاح ) لەگەل جەنابى کاک نەوشیروان بوون وەک رەتلى سەرەتا رۆیشتن . بەندەو خارە ئازاد و باقى پێشمەرگەکانى سکرتاریەت و پێشمەرگەى بارەگاکانى قاسمەرەش بەپێى بەرنامەکە دواى ئەوان بەشى دووەمى هێزەکە بوین چونکە بێتەلى زیادەو و کەلوپەل و پێداویستى بارەگامان پێبو بەرێکەوتین بەرەو سونێ و لەوێ ئۆتۆمبیل چاوەرێی دەکردین بۆ گەیشتنەوە بەبەرێز کاک نەوشیروان لە رانیەى دەروازەى راپەرین .. خەلکى تێکۆشەرى رانیە زۆر بەگەرمى پێشوازیان لەهیزەکان کرد و لەڕێگەى رێکخستنەکانەوە شوێن بارەگامان بۆ دیارى کرابوو چوینە ئەوێ ….. کاک نەوزادى رەحمەتى لە قاسمەرەش مایەوە وەک بنکەیەکى سەرەکى بێتەل چونکە بنکەیەکى پەیوەندیەکان لەقاسمەرەش هەبوو بۆهەماهەنگى لەگەل ئێرانیەکان بۆکاتى پیویست سود لەوبێتەلە وەربگیرێ .
جێی وەبیرهێنانەوەیە جەنابى مام لەگەشتێکى دبلۆماسى دا بوو لە ئەوروپا دواتر لە دیمەشق جێگیر بوو چەندین بروسکەى سەبارەت بە رێکخستنى راپەرین بۆ سەرکردایەتى و بەتایبەت جەنابى کاک نەوشیروان ئاڵوگۆردەکرد لەقاسمەرەشەوە بە بێتەل وەلامى دەدرایەوە بەهۆى بێتەلى مەکتەبی شاممان کە کاک ئاکۆ و کاک ئاراس و چەند هاورێى ترمان کاریان لەسەردەکرد و ببوە سەنتەرێکى ئیعلامى گرنگ بۆ وەرگرتنى هەوالەکانى راپەرین , هەرچەندە پێش راپەرین لەسەر لێدانى عیراق و پەشیمانبونەوەى سەدام بەکشانەوەى لەکوێت قەبارەى بەشدارى کورد لەو پرۆسە گرنگەى کە هاتبوە پێش بۆ گەلى کوردستان ئازاد کردن رزگارکردنى خاکى کوردستان هەندێ جیاوازى لە بیرورا لە ناو سەرکردایەتى ی – ن – ک دروست بوو بۆیە ئەوکات کۆمیتەکاتى سەرکردایەتى دامەزرا توانرا بیروڕاکان یەک بخرێتەوە , هەرچەندە دەقى بروسکە چەند خاڵێکى جەنابى مامم و وەلامەکەى جەنابى کاک نەوشیروانم زۆر باش لەیاد نیە و لەبەردەست نیە بەگشتى ناوەرۆکى وەلامى بەرێزیان بۆ جەنابى مام ئەوەبوو هەموو شتێ بەدڵى جەنابتانە چەندین خولى راهێنان بۆ پیشمەرگە کراوەتەوە , هێزى پیشمەرگەمان بۆ ئەکاتە سازوئامادەیە و رەتلە پارتیزانەکان ئاڵوگۆر پێکراون و رەتلى پارتى تر ئامادەن گەر جەنابتان ئەمر بفەرمون خۆشم دەچمەوە ناو شار….. لەوەڵام دا جەنابى مام فەرموى من بەهیچ شێوەیەک رازی نابم ژیانى خۆتان بخەنە مەترسیەوە …..! یەکێ لەسیفەتە هەرەباشەکانى عدەد بێتەل نهێنی پاراستن بوو بەندە دەمزانى کاک خالید رەزاى هاوکارمان دەچێتە لاى رەتلى پارتیزانى سورداش و لەوێشەوە بۆناو شارى سلێمانى هەر بۆ مێژوو هەولدرا راکالێکى موحەسەن وەک ئەوانەى خۆمان کاریى دەکرد بەڵام بچوکتر نێردرایەوە سلێمانى بەلام بەداخەوە ئەوەشى وەریگرتبوو لەبازگەیەک لەبازگەکان بەرەو سلێمانى گیرا و نەتوانرا ئەوپەیوەندیە نهێنیە لەناو شارەوە لەگەل قاسمەرەش سەربگرێ …. بەپێى زانیاریەکانم هەر لەوماوەیە زیانێکى زۆر بەر رێکخستنى سلێمانى ببۆوە ئەویش گیرانى شەهید جەبارى حاجى رەشید و کاک مستەفاى سەید قادرو چەند هاوڕیەکى تر بوو ، بۆیە کاک خالید بۆ راپەراندنى ئەوئەرکانەى جەنابى کاک نەوشیروان دایرشتبو پێى سپێردرا نێردرایەوە شارو بۆگرێدانەوەى ریکخستن بەقاسمەرەش و پارتى زانەکان دروستکردنى شانە چەکدارەکان و سرک ….. ماوەیەکیش هەردوو هاوڕێیانى بەرێز مەلا بەهادین کاک سەرکەوت لاى رەتلى سورداش وەک عەدەد بیتەلى پارتى زانەکان کاریان دەکرد و پێش ئەوانیش کاک عوسمان گێچینە لەسەرکارى بێتەلى راهێنرا بوو دواى ئەوانیش چەند هاوڕیەکى تر ….. بەراى بەندە هۆکارى کۆرەو فێڵ کردنى سەرانى بەعس بوو لە هاوپەیمانان لەژێر خەیمەکەى سەفوان ( سولتان هاشم ) کە واژووى تەسلیم بونى بەعسى کرد ، داوایان کردبوو کە ( طیران غیر مجنح واتە بەکار هینانى کۆپتەر ) بۆ هەندێ کاروبارى سەربازى سوپاو کشانەوەیان لەکوێت بەلام ئەوان سودیان لەو رەزامەندیە وەرگرت و بەکاریان هێنا بۆ سەرکوتکردن و کپ کردنەوەى ڕاپەرینى شیعەکان لەخواروو و ناوەراست دواتر دژى گەلى کورد …. هاوپەیمانان دواتر دانیان نا بەوەدا کە بەعس لەو خاڵە فێڵى لێکردون .
گەرهەڵە نەبم 14 یا 14 ى ئادار بوو بارەگامان لە رانیەوە بردە مەسیف سەلاح الدین بارەگاى م – س و کاک مەسعودیش هەر لەوێ دانرا …. وەک بەرنامەى ڕاپەرین وا بریاڕبوو کە هێزەکانى ی – ن – ک هێرش بکەنە سەرشارى کەرکوک و هێزەکانى پارتى هێرش بکەنە سەر شارى موسل و ئازاد بکرێ ، بەلام هێزەکانى ی – ن – ک و بەرەى کوردستانى هێرشیان کردە سەرکەرکوک بەڵام هێزەکانى پ – د – ک هیچ جموجوڵ و هێرشێکیان بەرەو موسل نەبرد بۆیە ئێوارەى ١٩/ ٢٠ ى بەسەرپەرشتى جەنابى کاک نەوشیروان زۆربەى فەرماندەو سەرکردەکان لەچەند قۆڵێکەوە هێرشکرایە سەر کەرکوک شەوى 20 / 21 نەورۆز دواجار دواى 80 ساڵ لە داگیرکارى توانرا دەست بەسەرکەرکوک دا بگیرێ و دەستەملانى سلێمانى و هەولێرو دهۆک و کۆیەو زاخۆ و ئامیدى و شەقلاوە شارو شارەدێەکانى تر بێتەوە ….. تەنها پێگەیەک بۆ بەعس مابۆوە ئەویش مەعەسکەر خالید بوو ، ئەوانى تر بە مەنزومەى ئیستخباراتى شیمالى و فەیلەقى یەک و موخابەرات هەموى دەستى بەسەردا گیراو بەسەدان تەن دیکۆمینت و کەل و پەلى سەربازى نەخشەى سەربازى و ئامیرى جۆراوجۆرى بیتەل و تابیعە بەرقیەکەى فەیلەقیش کەوتە لاى بەندە لەمەسیف ….. ئەوەى جێگەى سەرنجم بوو قەسرەکەى سەدام کە برادەرانى خۆمان گرتبویان بۆ جەنابى مامیان دانابوو کەى لە شام گەرایەوە بەلام هێزیکى پارتى دەچنە سەر ئەودەستەیەى کە پارێزگارى لەو کۆشکە دەکرد و کە چۆڵى بکەن بۆیە ئەوانیش قبوڵ ناکەن و کاک مەسعود لەگەرمەى ئەو شەرەگەرمەى ئازادکردنى کەرکوک بروسکەیە بۆ جەنابى کاک نەوشیروان دەنێرێ و داواى ئەوکۆشکە دەکات گەرنا ئامادەیە هەموو شتێ تێکبداتەوە و جەنابى مامیش فەرمو بوى من لە شوێنى دکتاتۆرێک دانانیشم بۆیە بەکورتە وەلامێ بۆکاک مەسعود ـ کاک نەوشیروان فەرموى هەموو کوردستان مولکى تۆیە . بۆیە لەدڵى خۆم وتم ئەمە سەرەتایەو لێ لێ یە ئەى کوتایی لۆ لۆ دەبێ چى بێ .
بۆ مێژوش ئەیڵێم بەتالیۆنى 7 ى ، ی – ن – ک نزیکەى 60 تا 70 پێشمەرگە دەبوو بەپێى زانیاریەکانم 54 کەسیان شەهید و بریندار و تۆمارى شەهید و بریندارى بەتالیۆنەکانى ترم زۆر بەباشى لەیاد نیە بۆیە ژمارە ناخەمە ڕوو لەناو شەهیدان شەهیدى سەرکردە عبدالرزاق و چەندین فەرماندەى ترى قارەمان هەبوو ، هەروەها یەکێ لە عەدەد بێتەلەکانمان بەناوى رابەر فەتاح شێخۆ شەهیدى بێ سەروشوێن بوو .
لەهیچ ناوچەیەک شەرو شۆرو پیکادان لەگەل سوپاى عیراق نەمابوو تەنها کەرکوک نەبێ بەراى بەندە ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارو پاڵ نەرەکان بە سەرکردایەتى بەعسەوە نا ، کە لەمەعسکەر خالیدەوە خۆیان بەهێز بکەن و بەسود وەرگرتن لە بەکارهێنانى طیران غیر مجنح هێزەکانى فەیلەقى یەک رێکبخەنەوە و تەعزیزى بکەن بە هێزەکانى گاردى کۆماریی بۆ سەرکوتکردنى راپەرین و داگیرکردنەوەى کوردستان بە هێزەکانى گاردى کۆمارى ، کە دوو فەیلەق بوو هەرفەیلەقە ٣ فیرقەى هەبوو لەوانە ( قوات حامورابى , مدینەى منەوەرە , قوات اللەاکبر , نبوخوزنوسەر , قوات عدنان و قوات النداء ) بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز هێزەکانى گاردى کۆمارى لەسەر شێوەى هێزە زرێ پۆشەکانى پانزەرى ئەلمانى بنیات نرابوو .
وا پێدەچوو هەموو هێزەکانى گاردى کۆمارى بەشدار نەبوبێتن لە گرتنەوەى کەرکوک , رۆژانە بەدەیان رۆژنامەنوس و پەیامنێرى کەنالی بیانی وەک ئەمەریکى و بەریطانى و فەرەنسى نەرویژى و ئەلەمانى هەندێکیان پەخشى راستەوخۆیان هەبوو وەک بی بی سى و سی بى ئیس رۆژنامەنوسەکان پاش سەردانى ئەو شوینانەو چاوپێکەوتن لەگەل هاوولاتیان و فەرماندەو سەرکردەکان و پیشمەرگە ئێواران دەگەرانەوە لاى بێتەلە راکالەى ناو ئۆتۆمبیلەکە دامان مەزراندبوو لەوێوە راپۆرتە هەوالیەکانیان دەنارد و زۆرجار لاى خۆشمانەوە بەندە هەوالى شەرو هەر رووداوێک بوایە بۆ وەردەگیرانە سەر ئینگلیزى ئەوانیش تۆماریان دەکردو دەیاننارد , لەراستى دا بێتەلەکەى شاممان ببو بە سەنتەرێکى ڕاگەیاندنى گەورە چەنکە جەنابى مام لەوێ بوو لە رۆژنامەنوسانەى چاوم پێیان کەوت جیم میوەرى bbc چارلى واشنتۆن پۆست و جۆناثان راندل و یەک دوو رۆژنامەنوس بوو ، بەداخەوە بێ سەرو شوێن لە کاتى هێرشە پێچەوانەکەى سوپاى داگیرکەری بەعس بەعورفى . ئیمەى پێشمەرگە لەیەکەم رۆژى ئازادکردن و رزگارکردنى کەرکوک (گرنگە شەرو هێرش و هێرشى پیچەوانە بۆ سەر یەکتر هەبوو ) تا رۆژى 29 ى ئادار سەرەئەنجام کەرکوک بەتەواوەتى کەوتەوە دەست سوپاى داگیرکەرى بەعس ، خەلکى کەرکوک و قەرەهەنجیرو چەمچەماڵ و ناوچەکانى دەوروبەر لە رێگاى پردێ بەرەو هەولێر و لە رێگاى کەرکوک سلێمانى بەرەو سلێمانى دەستیان بەڕەوى کۆمەڵ کرد لە هەندێ شوێن بێ بەرەنگار بونەوە ، هەندێ شوێن بەرەنگارى قارەمانیەتى بێ وێنەى بەرامبەر سوپاى داگیرکەر کرا , رۆژى 30 و 31 ى ئادار سوپاى داگیرکەر گەیشتنە دەوروبەرى هەولێر ( على مشارف اربیل ) بۆیە لە ترسى درندەیی و بێ بەزەییەتى سوپاى داگیرکەر خەلکى هەولێریش دەستى کرد بەجێ هێشتنى ماڵ و هەرچى شتێک هەیانبوو بەرەو کۆیە هەندێکى بەلۆفەکانى مەسیف سەلاح الدین چاومان لێبوو بەسەردەکەوتن و هەندێکیان گەیشتبون و تێپەردەبون بەرەو شەقلاوە و سوران و رەواندز ..
چەند رۆژێک بوو هەواڵى ئەوەمان هەبوو کەجەنابى مام بەنیازە لە دیمەشقەوە بە قامشلو دا بە پەرینەوە لە ئاوى خاپوور چەند کادێرێکى پێشکەوتو وەک کاک ئەحمەد بامەرنى و سەربەست بامەرنى و کاک پشکۆى ئەندازیارى ئیزگەو کاک جەبار فەرمانى سەرکردە وەک بۆیان باسکردم بەمەلە لە ئاوەکە پەریبۆوە سوارى بەلەم نەببوو لەگەل چەند رۆژنامە نوسێکى بیانى بگەرێتەوە کوردستان و رۆژى 30 ى ئادار گەیشتە فیشخاپور بێ وەستان بەرەو شەقڵاوە پێشتر جەنابى کاک نەوشیروان ئۆتۆمبیلێک و 2 تا 3 بێتەلى راکال لەناو ئەو 200 تا 300 راکالەى لامان بوو هەڵم بژارد و تاقیم کردنەوە کە کاردەکات لەناو ئەو ئۆمبیلە جێگیرم کرد رۆژى 31 – 3 – 1991 چاوەروانى گەیشتنى جەنابى بوین تا پەیوەندى پێوە بکەین بۆکارى بێتەلى , بەگەیشتنى جەنابیان بارودۆخەکە شلەقاو لە شەقڵاوە یەکمان گرتەوەو کۆبونەوەیەکى خێراى بەرەى کوردستانى سازدرا بە ئامادە بونى سەرکردەو فەرماندەکان بۆ بیرکردنەوە لە هێلێکى بەرگرى لەمەسیفەوە بەرەو شەقلاوەو دەربەندى کۆرێ و خەلک تادەهات زیاتر ڕەوى دەکرد …… فەرماندەو سەکردەکانى وەک شەهید حەسەن کویستانى و کاک کۆسرەت و شەهید رێبازو کاک بورهانى سەعید سۆفى شەهید فاقە مەخمورى و کاک سەفین و شەهید تەحسین کاوانى و فەرماندەکانى پارتى و لایەنەکانى بەرەى کوردستانى.
ئەوەى جێگەى تێرامانم بوو زۆرجار پێش گەیشتنەوەى جەنابى مام لەگەل بەڕیزکاک نەوشیروان کە دەچوو بۆ کوبونەوە وەک پاسەوان و هەم وەک عەدەد بێتەل لەگەلى دەچوین لە بارەگاى م . س پارتى جمەى دەهات لە پێشمەرگە بە پیشمەرگەى دەوت بچۆ بەولاوە بەلام کە دۆخەکە شلۆقا بەتەقاندنى یەک دوو گولـلە هاوەن ئەویش دیار بوو بەدەستى ئەنقەست ئەوکارە کرابێ بۆ زیاتر ڕوخاندنى وورى خەلک و هێزى پێشمەرگە ، کە لەگەل جەنابى کاک نەوشیروان گەیشتینە ئەوێ تەنها چەند سەیارەیەک و هەندێ پێشمەرگەى بەتەمەن و هەندێ پێشمەرگەى تر لەو دەوروبەرە مابوو لەگەڵ رەتلى سەیارەکانى خۆمان . سەیارەکانى کاک مەسعودیش بەرەو شەقلاوە بەرێ کەوتین ئەو یەکتر بینینەى کاک نەوشیروان کاک مەسعود ئەنجام نەدرا و وەک لە پیشتر ئاماژەم پێدا کۆبونەوەکەى بەرە لە شەقلاوە لە ئوتێلێک ئەنجامدرا و ئێمەش دواى کۆتا هاتنى کۆبونەوەکە لەگەل جەنابى مام بە رەتڵێکى 6 – 7 ئۆتۆمبیلى هەندێ ئارد و رۆن و شەکرو برنج و پەتاتەو خورما و نانى تێدا بوو بە دۆڵى هێران بەرەو سلێمانى بەرێ کەوتین نزیک تاسلوجە ببوینەوە ، بینیمان کۆپتەرەکانى سوپاى داگیرکەر دەسورانەوە و بۆردومانى ئەو شوێنانەیان دەکرد کە پێشمەرگە بەرەنگارى تێدا دەکات ، بە گەیشتنەوەمان بۆ سلێمانى جەنابى مام کۆبونەوەیەکى لە بارەگاى بەرەى کوردستانى بە ئامادە بوونى کاک فەرەیدون و کاک مولازم عومەر و کاک قادرى حاجى عەلى و شەهید شەوکەت و مام رۆستەم و کاک شێخ جەعفەرو چەندین فەرماندە و سەرتیپ و فەرماندەى کەرت بۆ دانانى رێوشوێنیک بۆ بەرەنگار بونەوەى سوپاى داگیرکەر و نەگەیشتنە سلێمانى لە چەند شوێنێکى وەک دەربەندى بازیان و هیچ نەبێ سوپاى داگیرکەرى بەعس بێ باج و بە ئاسانى نەتوانێ ئەو شوێنانە بگرێتەوەو هیچ نەبێ پارێزگارى لەو خەڵکەى ڕەوى کردبوو بکرێ …. تا دەهات خەڵکى چەمچەمال و شوێنەکانى دەروروبەر بەرەو سلیمانى رێگاى ئەزمرو گویژە شوینەکانى تر لە شارى سلێمانى دەردەچون و خەلکى سلێمانیش بەرەبەرە لەشار دەردەچون بەپیادەو ئەوەى ئۆتۆمبیلى هەبوو بە ئۆتۆمبیل دەتگوت رۆژى مەحشەرە رۆژ بەبارى قورس و برسى شەو بەبەربارانەوە ئەرز دادەخراو ئاسمان دەدرا بەخۆدا .
زۆرجاریش جگەرگۆشە و خۆشەویستان لە لا رێگاکان دەنێژران و جێ دەهێلدران بێوچان درێژە دەدرا بە رۆیشتن بۆ چارەنوسێکى نادیار ، بەڵام هەلوێستێکى جوامێرانە و کوردانەى خەلکى کوردستان بوو .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت