نەوزادی موهەندیس : بەرەو بە لوبنانیكردنی عێراق و ڕۆڵی كورد لەو نێوەندەدا .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشكرایە كێشەی وڵاتی لوبنان كێشەیەكی ئاڵۆز و تێكچڕژاو ودرێژخایەنە و لەمێژەینەیە و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو وڵاتەوە 1920 و سەربەخۆبوونی لە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسادا لە ساڵی 1943 وە دەستیپێكردوە ، بەڵام لەساڵی 1975 وە ململانێكان سەریاندەركرد بۆ شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و ئاینی ( 15 ساڵەی ) و ئیدی تا ساڵەكانی 1989 بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی ڕێكەوتننامەی تائیف لە نێوان سەرجەم لایەنە ناكۆكاندا لەژێر چاودێری سعودیەكاندا واژۆكراو هەموانیش پابەندبون پێوەی و بەم شێوەیە كۆتایی بە شەڕێكی خوێناوی ناوخۆیی تایەفی و ئاینی لەو وڵاتەدا هات .
لوبنان بۆ خۆی وڵاتێكی بچوكی 10452 كیلۆمەتر چوارگۆشەی 5ر4 ملیۆن كەسیە ، بەڵام لەڕووی ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ و وەرگێڕان و چاپەمەنیی و ئازادی ڕۆژنامەوانیەوە یەكەم وڵاتی عەرەبی و ناوچەكە بوە و مێژوویەكی زێڕینی هەیە . لوبنان لە چەندین ئاین و مەزهەب ( 18 مەزهەب ) ی جیاواز پێك دێت هەر لە ئیسلام ( سونە و شیعە) و مەسیحی ( دورزی وئەرسۆدۆكس و كاسۆلیك و ئەرمەن و ئاشور و كلدان و سریان و… هتد ) و چەندین سەركردە و ڕەوت و پارتی سیاسی لەهەموو ئاین و مەزهەبەكانی تیادایە .
خاڵی هەرە لاوازی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستا بریتی بوە لە دابەشكردنی دەسەڵات و پۆست و پایە سیادی و گرنگەكان لەسەر بنەمای تایەفی و دینی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەكانداو لەناو ئەوانیشدا دابەشكراوەتە سەر مەزهەبە جیاوازەكان ، كە هەمیشە ئەم خاڵە جێگەی ناكۆكی و ململانێكان بوە و وەكو پشكۆیەكی گەشاوەی ژێر خۆڵەمێش وابوە كە چاوەڕوانی كاتی دیاریكراوی كردوە بۆ تەقینەوە و هەڵایسانی جەنگی ناوخۆ و هەر ئەم هۆكارەش بوە كە لوبنان بە هەمیشەیی بۆتە جێگەی ململانێ ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیەكانیش ، لەلایەك فەلەستینیەكان و سوریاییەكان و عێراقی و ئێرانی و كەنداویەكان و لەولاشەوە ئیسڕائیل و فەڕەنسا و ئەمریكاو وڵاتانی تریش .
هەڵكەوتەی جوگرافیای لوبنان بەشێوەیەكە كەوتۆتە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەر دەریای سپی و دراوسێی سوریا و ئیسڕائیل ، كە دوژمنایەتی مێژوویان هەیە و لوبنانیش بەو توانا مادی و مرۆییە كەمەی كە هەیەتی هەمیشە بۆتە جێگەی چاوتێبڕینی سوریا لەلایەك و ئیسڕائیلیش لەولاكەی ترەوە و لەساڵانی هەشتاكانیشەوە ئێرانیشی هاتۆتە سەر .
ئەوەی گرنگە كە باس بكرێت سوریای گەورە لەمێژوودا هەمیشە لوبنانی بەبەشێك لەخۆی زانیوە و ئێرانیش لەم دوایانەدا بەهۆی بون و گەورەبونی ڕۆڵ و كاریگەری شیعەكانی ئەو وڵاتە لوبنانی كردۆتە پێگەیەكی گەورە و سەنگەری یەكەمی ململانێكانی لەگەڵ ئیسڕائیل وئەمریكاو ڕۆژئاوادا و گەرەكێتی خەونە مێژوییەكەی شیعە بێنێتە دی بەوەی كە ناوچەی ( هیلالی بەپیت) یەكپێبگرێتەوەو شیعەشی تیادا زاڵ بكات لەڕێگەی حیزبوڵای لوبنانیەوە كە لەساڵی 1982 وە دامەزراوە كە لە ئێستادا بە ڕابەرایەتی حسن نەصروڵا بۆتە باسكی بەهێزی مقاوەمەتی لوبنانیەكان لەبەرامبەر ئیسڕائیل و بۆ ناوخۆش لەبەرامبەر سونەو مەسیحیەكانیشدا و لەسەر زەمینی واقیعیش باڵادەستی سەربازی و چەكداری و سیاسیشە لەگەڵ حیزبی ئەمەلی نەبیه بەڕیدا . لە كێشە و ڕاپەڕینەكانی گەلانی سوریاشدا ماوەی 5 ساڵە بە گەرمی بەرگری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەكات . بەم شێوەیە لوبنان بە پراكتیكی وڵاتێكی یەكو یەكگرتو نەماوە و هەمیشە ئامادەیە بۆ هەڵایسانی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و ململانێ تایەفی و دینیەكان هێندە تۆخ بونەتەوە كە ئومێدیان بەچارەسەر نەهێشتۆتەوە و نزیكەی ساڵێكیشە ئەو وڵاتە بێ سەرۆكە .
لە ئێستاشدا و دوای 13 ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لە عێراقیشدا ئاڕاستەكان بە شێوەیەكن كە عێراقیش هەمان كار و كردەوەی لوبنانی بەسەر بێت و بەپراكتیكیش لە ساڵی 2003 وە هەموو پۆست و پایە سیادی و گرنگەكانی عێراق لەسەر بنەمای تایەفی و دینی و نەتەوەی دابەشبونە و ئەوەی لایەنی زاڵ و باڵادەستیشە بریتیە لە مەزهەبی شیعەی عەرەب و لەناویشیاندا حیزبی دەعوە كە بەگشتی شیعەكان سەر بە ئێرانن و لەخولگەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسوڕێنەوە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی شیعە مەزهەبیان هەیە كە ناوچەی هیلالی بە پیت لە لوبنان و سوریا و عێراق و ئێران و كەنداویەكان لەیەك بدەنەوە لە ژێر باڵادەستی شیعە مەزهەبدا .
لەماوەی 13 ساڵی ڕابووردودا عێراقێكی خاوەن مێژووی زیاد لە 3 هەزار سالە و جوگرافیایەكی گرنگ و دەوڵەمەند و بەپیتی ژێر خاك و سەرخاكەكەی و فراوانی و گەورەیی ڕوبەر 437000 كیلۆمەتر چوراگۆشە و ژمارەی دانیشتوانی 35 ملیۆن كەس بونەتە جێگەی یەكلاكردنەوەی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لە نێوان عەرەب و تورك و فارس و كوردا و لەولاشەوە لە نێوان عەرەبی سونەو شیعە مەزهەبدا و لەلای سێهەمیشەوە لەنێوان ئیسلامی سەلەفی و توندڕەو و میانڕەوەكاندا و لەلای چوارەمیشەوە لەنێوان تورك و فارسدا و لەلای پێنجەمیشەوە لەنێوان زلهێزەكانی دونیاشدا ، بەهۆی ئەم هەموو پیلان و چاوتێبڕین و تەماعكاریانە لە عێراق و خاك و گەلانیدا عێراقێكی بە پراكتیك دابەشكراو و هەژار و چەقبەستوو دروست بوە و هیچ ئومێدێك نیە بە چارەسەرو دواڕۆژێكی ڕوون .
كێشە گەورەكەی گەلانی عێراق لە سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیدایە و هەموانیان لەهەوڵی بچوككردنەوەی بەرانبەر و زاڵكردنی خۆیاندان و و هیچ بڕوایەكی ڕاستەقینەیان بە دەستور و دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بنەماكانی پێكەوە ژیان و كاركردن و سیستەمی حوكمڕانی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی نیە ، بەو پێەی كە شیعەش زۆرینە و باڵادەستن هەموو كێشە و كەموكوڕیەكان ڕوودەكاتەوە ئەوان ، بەهۆی ناكۆكی و هەمە چیزەیی لەناو خۆیاندا ، بۆیە شیعە خۆیان بونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ دابەشبوون و لێكترازانی گەلانی عێراق و زەمینە خۆشكەری دابەشبون و هێنانە ئارای شەڕی ناوخۆی تایەفی و دینی و نەتەوەیی و هێنانی هەموو ڕێكخراوە ئیسلامیە سەلەفیە توندڕەو و جیهادیەكان بۆ ناو عێراق هەر لە قاعیدە و داعش و ئەوانی ترەوە .
بۆیە لە ئێستادا و دوای 13 ساڵی حوكمی سەرنەكەوتوی شیعەكان و بەتایبەتیش دەعوەییەكان ، پێدەچێت ئێرانیەكان لەهەوڵی گۆڕٍینی كاراكتەر و هێز و هاوكێشەكان بن و گەرەكیان بێت نمونەی حیزبوڵای لوبنانی لە عێراقیشدا دوبارە بكەنەوە و هەمان ڕۆڵی حەسن نەصروڵاش بدەنە ڕەوتی صەدر و موقتەدا صەدر لەبەرامبەر حیزب و سەركردەكانی دەعوەدا و لەهەمان كاتیشدا مەرجەعیەتی نەخۆش و بەتەمەنی ئایەتوڵا عەلی سیسانی لە نەجەفیش تەسلیم بە نەوەیەكی نوێ و گەنج و گوێڕایەڵتر بۆ قوم و مەشهەد بهێننە سەر گۆڕەپانی سیاسی و دینی و مەزهەبی لە عێراقدا .
ڕەوتی صەدر و صەدر بۆخۆشی ڕەوتێكی توندڕەو و دەمار گیر و گوێڕایەڵترن بۆ مەزهەبی شیعە و ئێران و بێ ئەزمون وشەڕفرۆش و بوێرتریشن بە بەراوورد بە جەماوەری دەعوە و مەجلیسی ئەعلا و ئەوانی تر و بەپراكتیشكش خاوەنی هێزێكی چەكداری ( میلیشیای صەدر) شەقامی زۆرینەی شیعەشن لەباشور و ناوەڕاستی عێراقدا و لە ناو حكومەت و پەڕلەمانیش خاوەن وەزیر و فراكسیۆنێكی گەورە و كاریگەرن و ماوەی 3 مانگی ڕابووردوو چەند هەفتەی ڕابووردوش و ئامادەبونی ملیۆنان كەس بەڕابەرایەتی صەدر بۆ خۆپیشاندان و داواكردنی چاكسازی و لێپرسینەوەی گەندەڵكاران بەڕاستی بونەتە جێگەی متمانە و بڕوای زۆرینەی شەقامی شیعە مەزهەبی عێراق و لەهەمان كاتیشدا بونەتە مایەی مەترسی و هەڕەشە و خاوەن هەژموون وفشاریش و بە هەقیقەتیش صەدر و صەدریەكان بونەتە ڕابەر و دەستپێشخەر و وەك دەڵێن ( ڕەشمەی ئیشوكارەكانیان گرتۆتە دەست خۆیان) .
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و لە كۆتاییدا بە چ ئاڕاستەیەكدا دەشكێتەوە و لەنگەر دەگرێت ؟ و ئەی دۆخی هەرێمی كوردستان و كورد لەو عێراقەی ئایندەدا بەكوێ دەگات ؟
ئەوەی پێشبینی دەكرێت دۆخی سیاسی عێراق گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت بەهۆی فشار و كاریگەری ئەم ڕەوتە توندەی صەدریەكان بۆ سەر حكومەت و لەكۆتاییدا وەكو شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ساڵی 1979 پیاوانی ئاینی شیعە مەزهەب كۆنتڕۆڵی هەموو كاروبارەكان و جومگەكانی دەسەڵات بكەن و هەمان ئەزمونی سەركەوتوی ئێرانی 37 ساڵە لە عێراقدا دووپات بكەنەوە لە ڕێگەی بەهێزكردنی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەبەوە .
ئا لەو كاتەشدا كورد پێگە و سەنگینی خۆی لەدەست دەدات كەبەداخەوە لەدوای چەند ساڵێك لە بەهێزی پێگەی كورد لە بەغداد و عێراقدا ئێستا كورد نەشەریكی ڕاستەقینە و نەهاوبەشی گوێلێگیراو و نەدۆستی ڕاوێژپێكراو ماوەتەوە و تەنانەت لەو گۆڕٍانگاریە نزیكەی حكومەتی عەبادیشدا بەجدی و بەگەرمی پرس و ڕا بە سەركردایەتی كورد نەكراوە و پێشدەچێت ئەوەی گەرەكیان بێت جێبەجێیی بكەن و لەمەشدا دەسەڵاتێكی تاكڕەوی شیعە مەزهەبی بەهێز دادەمەزرێت بەبێ بەشداریەكی كارای كورد . كە بەداخیشەوە لە ئێستادا نێو ماڵی كورد بۆخۆی لێكترازاو و دوور لەیەك و دڕدۆنگن و یەك و یەكگرتوو نەماونەتەوە ، كە ئەمەش خاڵی لاوازی كوردە و لەنێوان بەرداشی بەهێز بوونی بەغداد بەپشتئەستوری بە ئێرانی زلهێزی ناوچەكە و توركیاو عەرەبی سونە مەزهەبی ناوچەكە و گۆڕانكاریە گەورەكانی دونیا و ناوچەكەش كورد دەستەپاچە وەستاوە و ئامادە نیە بۆ دوای ئەو گۆڕانكاریانە و بەرچاو و نەخشە ڕێگایەكی ڕوونی لەبەردەستدا نیە . هەربۆیە دۆخی عێراق و كوردستان بەرەو ئاقاێكی تاریك هەنگاو دەنێت و هەموو ئەگەرەكانیش هەر لە كودەتای سەربازیەوە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و دامودەزگاكان و هەڵپەساردنی دەستوور و هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و دینی و پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و … هتد . بەكراوەیی ماونەتەوە و كە هیچیان بە قازانجی كورد ناشكێنەوە بەتایبەتیش لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە . بۆیە دووبارەكردنەوەی ئەزمونی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان لە عێراقدا سەرەتاو ئاسۆكانی وەدەركەوتوون كە بەداخەوە مژەدەبەخشی ئایندەیەكی تاریكتر و وێرانتر و شڵژاوتر دەبەخشن .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی