ڕزگار ساڵح : بەڵاڵوک دەرمانە .
بەڕێز بەرزانی ئەحمەد كوردە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێت : بەدڵنیاییەوە هاتنەوەی نەوشیروان مستەفا ئەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەکەی ئەمرۆ دەجوڵێنێت ، چونكە گرێ كوێرە لەنێوان پارتی و گۆڕاندایە .
لەهەلومەرجی بەیەکاچووی جەنجاڵیی سیاسی ئێستای هەرێمدا ئەم لێدوانەی کاک بەرزان ئەوەندە نالۆژیکە ڕێک وەک ئەوە وایە بووترێت ئاو و مادەی جیوە لەڕووی کیمیایەوە برای یەکن ، ئەوە کاک نەوشیروانە بەڕاشکاوی دەڵێت : بێدەنگی من لە ئێستادا لەبەر ئەوەیە هیچ ئۆپشنێکی تازەم پێنیە بۆ دۆخی کوردستان ، کاتێک خودی خۆی بەم ڕاستگۆییە قسە لەگەڵ خەڵکدا بکات ئەدی بۆ دەبێت کەسێکی تری ناو حیزبێکی تر نان و سەلکەپیاز بەغیابی ئەم پیاوەوە بخوات لەکاتێکدا لەساڵی 1976 ەوە تا 2003 یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک هەر گرێ کوێرە ، بەڵكو گوریسە کوێرەی هەبووە لەگەڵ پارتی و ماڵی بارزانیدا ، خۆئەگەر ساڵانی شاخ ئەو گوریسەکوێرەی یەکێتی لەگەڵ پارتی پڕبووبێت لە جیاوازی فکری و شێوازی هاوچەرخانەی حیزبایەتی دژ بەکلاسیکیەتی خێڵی بارزانی ، ئەوا لەدوای 1995 ەوە تائەم ساتە ململانێکان لەسەر دابەشکردنی سەروەت و سامان و پۆست و نەوت و کۆمپانیاکان بووە .
کەواتە بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەرەکەی ململانێیان لەسەر ئاودیوکردنی سیستەمی خێڵەکی و دزینی قووتی خەڵک بوە ، نەک گرێ کوێرە لەگەڵ پارتی بۆهەڵپەی بە دەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی شەخسی و پاشتریش تەسلیم بوون و نوشتانەوە و نوێکردنەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی حیزبی .
بۆیە باشتر وایە بەڕێز بەرزانی ئەحمەد کوردە بچێت دەرمانی دەردی قووڵی خۆیان بکات ، خۆ ئەگەر دەواکەشیان بۆ پەیدانەکرا ئەوا ( بەڵاڵوک دەرمانە ) .
تێبینی : خۆم وەک گۆڕانخوازێک بەسەدان ڕەخنەی چەکوش ئاسای توندو جدیم هەیە لەسەرهەندێ لەخاوەن پۆستەکانی ناوگۆڕان و مەگەر بەس مردن لە دەمم بخات .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- Latest Posts by All Posts