دکتۆر سەردار عەزیز : بۆ کێری نەهاتە هەولێر ؟
لەوەتەی مەسعود بەرزانی پۆستەکەی شەرعیەتی نەماوە بەرپرسی ئەمریکی باڵا ئامادەنین سەردانی بکەن .
دوا سەردانی جۆن کێری بۆ بەغدا ، سەردانێک بو بە ئەجیندایەکی سەرقاڵەوە ، که له هەموکات زیاتر پێویستی دەکرد سەردانی هەولێر بکات ، بەڵام ئامادەنەبو بێت ، بەڵکو شاندی هەرێم چۆ بۆ بەغدا بۆلای .
لێرەدا هەردو نەهاتن بۆ هەولێر و بانگهێشتکردنی شاندی کورد بۆ بەغدا ، ئاماژەی دیپلۆماسی زۆر لە خۆی دەگرێت .
کێری ، کە بەوە ناسراوە که ماندونابێت لە سەفەر ( بنواڕە ڕاپۆرتێکی ورد دەربارە سەفەرێکی له گۆڤاری نیویورکەر ، سەرت سوڕدەمێنێت ) ، دەبو بێتە هەولێر بۆ ئەوەی باس لە شەڕی داعش و گرتنەوەی موسڵ و گۆڕانکاری حکومەت له بەغدا و قەیرانی ئابوری بکات ، که هەمو کورد ڕاستەوخۆ پێوە پەیوەستن ، بەڵام نەهات .
لێرەدا دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد بکەین :
یەکەم : پەیامی ئەمریکیەکان لە رێگای برێت مەکگوێرکەوە گەیەندار بە مەسعود بارزانی . نەهاتنی بەرپرسانی باڵاو مامەڵەکردن لە گەڵ مەسعود بارزانی تەنها لە رێگای مەکگوێرکەوە ، نیشانەی ئەوەیە که پۆستی سەرۆکی هەرێم قەیرانی تیادایە . بینینی مەکگوێرک که نێردەی ئۆبامایە بۆ شەڕی داعش ، جەختکردنەوەیە له بینینی کورد تەنها وەک شەڕکەرێک له شەڕی داعشدا . وەک دەزانین کە سیاسەتی ئۆباما بریتیه له پێنەنانە سەر زەوی . ئەوەی پێدەنێتە سەر زەوی پێشمەرگەیە .
ئێستا سنورداربونی پەیوەندی تەنها له بواری شەڕی دژە تیرۆردا نیشانەی ئەوەیە کە کورد وەک ئامراز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک پارتنەر ( هاوپەیمان ) .
دوەم : بانگهێشکردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ناردنی پەیامێکە که هەرێم سەر بە بەغدایە . ئەمە دوپاتکردنەوەی ئەمریکایە بۆ دژایەتی خۆی بەرامبەر بە دەنگۆی دەوڵەتی دەوڵەتی کوردی . بینینی کێری بۆ شاندی هەرێم له بەغدا پێدانی پەیامێکە کە ئێوە سەر بە بەغدان و ئێمە لێرەوە دەتانبینین .
لاوازی کورد بۆ ناچاربونی بۆ چون بۆ بەغدا ، دەرئەنجامی نەبونی هیچ سەربەخۆییەکی ئابوری ، نەبونی هیچ سیستەمێکی ئابوری کە لە توانایدا هەبێت چرکەیە خۆی بگرێت بە تەنها نیشانەی ئەوەیە که تەحەداکردن بۆ دەوڵەت دروستکردن بە هیچ شێوەیەک بونی نیە .
سێیەم : مەسەلەی پارە . دەمێکە باس لەوەیە کە قەرز بە بەغدا بدرێت له رێگای بانکی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێفەوە ، پاشان لە رێگای بەغداوە قەرز بە هەرێم بدرێت . ئەم پێکەوەلکانەی هەرێم و بەغدا لە مەسەلەی پارەو قەرزدا رێگایەکی رونە بۆ فشارکردنی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی له رێگای ئابوریەوە . لای کەس نهێنی نیە که بانکی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێفIMF دو ئامرازی کاریگەری دەستی ئەمریکان بۆ سەپاندنی ئەجیندای سیاسی و ئابوری بەسەر وڵاتاندا لە رێگای پارە و داڕشتنی سیستەمی ئابوری نیولیبرال بۆ وڵاتان .
ئێستا ئەمریکا له رێگای قەرزەوە هەرێم گرێدەدات بە بەغداوە ، که پەیامێکی ترە بۆ سیاسەتی ئەمریکی کە جەخت لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە .
دیارە ئەمە مانای ئەوەنیە که سیاسەتی ئەمریکی ڕەوایە یان گونجاوە ، بەڵام شکستی هەرێم لەوەدایە که نازانێت چۆن هێز بۆ خۆی بونیادبنێت . ئەمڕۆ هەرێم رێگایەکی خۆکوژیانەی گرتوەتە بەر . له دۆخێکدایە کە هەمو هێزێک هەمو شتێکی بەسەردا دەسەپێنێت . ئەمەش دەرئەنجامی ئەو پەرتەوازەیی و گەندەڵی و ناشەرعیەت و نادیموکراسی و بێ دەزگایەیە که کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنێت .
ئەگەر ئەمڕۆ ئەمریکا بۆ شەڕی داعش پێویستی بە پێشمەرگەیە بە رێگای نەرم فشار دەکات ، سبەینێ کە شەڕی داعش تەواودەبێت رێگای تر دەگرێتە بەر .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت