دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : بزوتنەوەى گۆڕان و ترسى پاشەکشێ .
بەشى پێنجەم
لەڕێى عەقڵیەتى شۆڕشگێرى سەرکردە بێهاوتاکەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار ( پارتى دیموکراتى کوردستان ویەکێتى نیشتمانى کوردستان ) ناوەندى بڕیار توانى پلانێکى شەیتانى زیرەک بەرامبەر بەشەش پاکێجەکەى ئۆپۆزسییۆن ئامادەبکات بۆ ڕاکیشانى ئۆپۆزسیۆن بۆناو ئەو گێژاوە سیاسی و حکومڕانیە چاوەڕوانەکراوەى ئامادەیان کردبوو ، بەئالیەتێکى داڕێژراوى بێگوماناوى بۆ لەباربردنى شەش پاکێجەو هەموو هەوڵێک بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیى و بێ ئومێدکردنى هاوڵاتى بەبزوتنەوەى گۆڕان و حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانى تروخوڵقاندنى ( ئاژاوەى ) فەوزاى سیاسى و کونترۆڵکردن و قۆرغکردنى شادەمارەکانى ئابوورى کوردستان و گەڕانەوەى بارودۆخەکە بۆجارى جاران ، هەڵبەتە لەهەموو دۆخێکدا خراپترین سیستمى سیاسى لەباشترین ئاژاوەى سیاسى باشترە .
توانیان پرسە دەوڵەتداریەکان پۆلێن بکەن بەپێى هەستیارێتى لەپرۆسەى گۆڕانکاریدا ، هەرچى پرسە هەستیارەکانە وەک ( پرسى نەوت و داهاتەکان ، پرسى پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان ، پرسى سەرۆکایەتى و پەیوەندیەکانى دەرەوە ) خرانە ژێرکۆنترۆڵى هەردوو سەرکردە بێهاوتاکەى یەکێتى و پارتى و کەمینەیەکى سەر بەبنەماڵە کەلێرەدا ئەتوانین ناویان بنێین تارماییەکى نادیار ( تارمایى دەسەڵاتێکى ڕاستەقینەى نادیار ) .
وە لەڕێى دروستکردنى چینێکى ملکەچ لەدەسەڵاتدارى بێدەسەڵات کەشکۆمەندى خۆى لەدەستدابێت لەناو هەر سێ دەسەڵاتە سەرەکیەکەى هەرێمى کوردستان لەدەسەڵاتى بەڕێوەبردن (حکومەتى هەرێمى کوردستان ) تا دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى ولێپرسینەوە ( پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ) و تا دەسەڵاتى دادوەرى بۆ چاودێریکردنى هەردوو دەسەڵاتى جێبەجێکردن و یاسادانان توانیان نوخبەو گشت پۆستەکان سووک بکەن لەلاى خەڵکى و ئەجیندا سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابووریەکانیان بهێننەدى .
کاتێک جومگە ئەکتیڤەکانى وڵات کونترۆڵبکرێت لەلایەن تارماییەک لەدەسەڵاتى ڕاستەقینەى ڕەهاى نادیار ( تارمایى دەسەڵاتێکى ڕاستەقینەى ڕەهاى نادیار ) کەسنورى حکومەت و یاساو حیزبیشى بەزانبێت ! وە لەبەهەدەردانى سامانى سروشتى ژێرئەرزو سەرخاکى کوردستان هیچیتری بەلاوە گرنگ نەبیت ، لەنەبوونى یاساو دەستور وسیستمدا بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکیەکەى هەرێم ئەبێتە دەسەڵاتێکى کارتۆنى ڕوکەشى لاوازى حەیابەرە ، تەنانەت ئەوانەى بەعەقڵیەتێکى گۆڕانکارى لەلایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕابردووەوە هاتونەتە پرۆسە سیاسى و حکومڕانیەکە هیچیان پێناکرێت ، پۆستەکان لەبرى بۆستى سەنگین و خزمەتکردن بن ، پۆستى بێ ناوەرۆک و حەیابەرە بوون ، بمانەوێ و نەمانەوێ دەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارەکانى کوردستان توانیان نیەتى باشى مرۆڤە دڵسۆزەکانى خۆیان و ئۆپۆزسیۆن لە نوخبەو کەسایەتى سیاسى و تێکنۆکرات لەهەرسێ دەسەڵاتەکە سەرەکیەکەى هەرێمى کوردستان لەدەسەڵاتى بەڕێوەبردن ، یاسادانان و چاودێرى و لێپرسینەوە ، دادوەرى سووک و لەکەدار بکەن ! بەتایبەتى پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان ، بەڕووکەش سیستمى سیاسى سیستمێکى پەرلەمانییە بەڵام لەڕاستیدا سیستمێکى بنەماڵەیى خێلەکی هەڕەمەکیە ؟ .
دەسەڵاتدارێکى بێدەسەڵاتى دروستکراو کەشکۆمەندى خۆى لەدەستدابێت ، چۆن ئەتوانێت شکۆمەندى هاونیشتمانى و نیشتمانەکەى بپارێزێت ! چۆن ئەتوانێت دەستى حیزب و کەسایەتیە موقەدەسەکان لەسیستمى سیاسى دووربخاتەوە ، چۆن ئەتوانێت پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان سەربەخۆو بێلایەن بکات ، چۆن ئەتوانێت دەسەڵاتى دادوەرى وداواکارى گشتى ئەکتیڤ و سەربەخۆ بکات ، چۆن ئەتوانێت دەستەیەکى نەزاهەى چالاکى بێلایەن و دیوانى چاودێرى دارایى دابمەزرێنێت ، چۆن ئەتوانێت چاکسازى لەوەزارەتەکان بکات ،ئەبێ چ گۆڕانکاریەکى پۆزەتیڤى پێبکرێت ؟ ! .
ئەبوو بزوتنەوەى گۆڕان پیش ناردنەوەى وەزیرەکانى بۆماڵەوە هەڵوێستى بەرامبەر بێدەسەڵاتى وەزیرەکانى بەرامبەر بەدەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارەکان هەبوایەو بەلایەنى کەمەوە چەند بەرپرسێکى لەناوحکومەت دەست لەکارکێشانەوەى ڕابگەیاندایە ! لەهەمانکات نیەتى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانى بۆ هاوڵاتى ئاشکرابکردایە ، لەگەڵ ئەوەش کات درەنگ نەبووە ، باشترین هەڵبژاردە بۆ کاتى ئێستا کشانەوەیە لەو حکومەتە کارتۆنیە بێ سەروبەرەیەو درێژەدانە بەخەباتى پۆست مۆدیرن وەک ئۆپۆزسیۆن .
ئەوەى تا ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان کردویەتى لەخەبەرکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەى هاوڵاتى لەحکومڕانى بنەماڵە شۆڕشگێرەکانى ڕابردوو ئەوەندە مەزن و پیرۆزە بەهیچ جۆرە نرخێک هەڵناسەنگێنرێت ، هەڵبەتە قۆناغەکە گۆڕاوە ناکرێت بەبەردەوامى قەوانە سواوەکانى ڕابردوو لێبدرێتەوە ( حکومڕانى حیزبى و بنەماڵەیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ڕووى دیکتاتۆرەکانى پێش خۆیانى سپیکردووە ، جومگە ئەکتیڤەکانى وڵاتیان کونترۆڵکردووە بەپرسى نەوت و داهات و سامانەسروشتیەکان ، پرسى پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان ، پرسى سەرۆکایەتى و پەیوەندیەکانى دەرەوە بێجگەلە بەهەدەردان و دزینى سامانى سروشتى ژێرئەرزو سەرخاکى کوردستان بەناوى حیزبە شۆڕشگێرەکانى ڕابردوو ) ، دووبارە و سێبارەکردنەوەى ئەم زانیاریانە بوونەتە قەوانێکى سواوە ، ئەگەرى کاریگەرى نێگەتڤى لەپۆزێتڤ زیاترە ، بڕواناکەم کەس هەبێت لەکوردستان بەئەندامە دڵسۆزە نیشتمان پەروەرەکانى یەکێتى و پارتیش بەم ڕاستیانە ئاشنانەبووبن .
دەسەڵاتێک دەستى بچێتە قووتى کۆمەڵێک هاوڵاتى خۆى لەبەر ئەوەى وەک ئەو بیرناکەنەوە بەهەمان مەبەست دەستى ئەچێتە قووتى گشت کۆمەڵگا ، سزادانى هاوڵاتى بەنەدانى مووچە بەبەهانەى سەیروسەمەرە باشترین بەڵگەیە .
کاتى ئەوە هاتووە دواى کاردانەوەى کارە دزێوەکانى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان نەکەوین ، گرنگ ئەوەیە خەباتى خۆمان بگوێزینەوە بۆ قۆناغێکى تر لەپێناو گەیشتن بەئامانجەگشتیەکانى بزوتنەوەکەو پتەوکردنى بنەماکانى دیموکراسى و پەروەردەیى و تەندروستى و ژینگە و گەشەدان بەسامانى مرۆیى و پاراستنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگاى کوردى ، گرنگ ئەوەیە شەمەندەفەرى گۆڕان بگەیەنینە شوێنى خۆى نەک بەکاردانەوە کار بکەین ڕەش و سپى ڕاست و هەڵە تێکەڵ بکەین و ئامانجەکانى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارەکان بهێنینەدى .
کاتى ئەوەهاتووە هەڵە بەهەڵە چارەسەر نەکەین ، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بزوتنەوەى گۆڕان ( جموجۆڵێکى سیاسى فیکرى مەدەنی نوێیە ، دژ بەقوڵکردنەوەى ئایدۆلوجیا جیاوازەکان و پیرۆزکردنى پێکەوە ژیانێکى کۆمەڵایەتى شارستانى هێمن و ئارام ، لەسەر بنەماى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاری یەکسان بۆگشت کۆمەڵگا ) ئەگەر بەوردى پێناسەى بزوتنەوەکە هەڵبسەنگێنین جموجۆڵێکى سیاسى فیکرى مەدەنی یە نەک سەربازى ! دژ بەقوڵکردنەوەى ئایدۆلوجیایە نەک زەقکردنەوەى ، داواى پێکەوە ژیانێکى کۆمەڵایەتى شارستانى هێمن و ئارام ئەکات دوور لەهەموو جۆرە توندو تیژیەک لەسەر بنەماى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاری یەکسان بۆ گشت کۆمەڵگا ، لەبرى ئارامکردنەوەى کۆمەڵگا تازەبەتازە چەند ڕۆشنبیرێکى بەڕێزى بزووتنەوەکە داواى دامەزراندنى یەکەى سەربازى نەوەد ئەکەن بەراورد بەیەکەى هەفتاو هەشتاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ؟ ، ئەگەر بڵێم ئەمە ئاواتى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانە لەوانەیە هەڵەنەبم ، ئەوان لەبەهانەیەک ئەگەرێن بۆ تۆمەتبارکردنى خەڵکى گۆڕانخواز ئەگەر خۆشیان توندوتیژى بەناوى بزوتنەوەکە بکەن ئاساییە بۆ دروستکردنى گێژاوى سیاسى ؟ .
ئەوەى جێى دڵخۆشیە زۆرینەى خەڵکى گۆڕانخواز و پێشمەرگە کۆنەکانى ناو بزوتنەوەکەو ڕۆشنبیرەکانى بڕوایان بەچەک و توندوتیژى نییە ؟ باشترین چارەسەریش پەروەردەکردنى کۆمەڵگایە بە بەها مرۆڤایەتیەکان ، پێش ئەوەى کوردبین مرۆڤین پێویستمان بەکاڵکردنەوەى ئایدۆلۆجیایە ، ئەمانەوێ وەک مرۆڤێکى ئاسایى شکۆمەند لەکۆمەڵگایەکى هێمن و ئارام بژین بەبەختەوەرى و نەیەڵین ( گێژاوى ) فەوزاى سیاسى لەکوردستان بمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵى یەکەم ، خەڵکى ژیانى ئەوێ وەک مرۆژێکى ئاسایى .
لەبرى مزایەدەکردن لەسەر ئەم و ئەو کاتى ئەوەهاتووە ڕەخنەلەخود بگیرین ، هەڵەکانى ڕابردوو دوبارە نەکرێتەوە ، باشترین خەبات خەباتى مەدەنى پۆست مۆدیرنە وەک ئۆپۆزسیۆن تائەو کاتەى بەهیزى زۆرینە (دژە شەپۆلى گەندەڵى) دەست پێدەکەین دوورلەفەوزاى سیاسى کەخۆى لەسێ تەوژمى هاوتەریبى جیازاودا ئەبینێتەوە .
لە 10 و 11 – 3 2015 دا ، بابەتێکم لەسایتى ئاوێنە بڵاوکردەوە بەناونیشانى ( دژە شەپۆلى گەندەڵى ، ئەڵتیرنەتڤى خەباتى مەدەنى لەنەبوونى دامەزراوەى دەوڵەتدارى ) بەم دوو لینکەى خوارەوە : ئاوێنە 1 و ئاوێنە 2
تەوژمى یەکەم : ڕزگارکردنى عەقڵیەتى پاش زەبرى تاکى کورد بەبەرپرسە باڵاحیزبى و حکومیەکانەوە بەچارەسەرى کۆمەڵایەتى بەشێوەیەکى شارستانى دوور لەهەموو جۆرە توندوتیژیەک ، واتا پەروەردەکردنى کۆمەڵگا ، گەرانەوەى متمانەو پەیوەندیە ئاساییەکان بۆ ڕایەڵەى کۆمەڵگا و ئاشناکردنیان بەبەها مرۆڤایەتیەکان ، ئارامکردنەوەى عەقڵیەت و ناخ و دەروون لەپێناو کۆمەڵگایەکى بەختەوەر و ئارام دوور لەهەموو کەشوهەوایەکى زەبروزەنگ و ترس و تۆقاندن ، لەڕێگاى گەرانەوە بۆ سیستم و یاسا ، لەم تەوژمەدا پێویستیەکى زۆرمان بەشارەزاو زانایانى دەروون ناسى و کۆمەڵایەتى ئەبێت .
تەوژمى دووەم : لەدوو هەنگاوى گرێدراو پێکدێت .
هەنگاوى یەکەم : پێویستە بزانین کێن ئەوانەى وڵات بەڕێوە ئەبەن ( دەسەڵاتدارە ڕاستەقینە نادیارەکانى هەرێم ؟ یاخود ئەوانەى لەپشت دەسەڵاتدارە بێدەسەڵاتدارەکەى حکومەت و حیزبەکانى هەرێمەوەن ؟ هەرچەندە هەمووشمان ئەزانین کێن بەڵام خۆمانى لێ گێل دەکەین ! کاتى ئەوە هاتووە لەو دووڕوییە خۆمان ڕزگاربکەین بەبێ نیفاقى سیاسى بڵێین ئەو دووبنەماڵەیەو دارودەستەکانیان دروستکەرى قەیرانەکانن .
هەنگاوى دووەم : دیاریکردنى خاڵە فیزیکى و عەقڵى و دەروونیە بەهێزو لاوازەکانى کەسایەتیە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان ؟ ئایا هەڵگرى ڕەگەزنامەى عیراقن یاخود رەگەزنامەى وڵاتانى تر ؟ ئەتوانم بڵیم زۆربەیان ئەگەر گشتیان هەڵگرى ڕەگەزنامەى وڵاتانى دى نەبن ، چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵیان بەشێوەیەکى شارستانى و یاسایى دوور لەهەموو جۆرە سوکایەتى وتوندوتیژیەک .
بالەمەودوا ئەو دووڕوویە وەلانێین ، پێش ئەوەى ڕاستگۆبین لەگەڵ یەک بالەگەڵ خودى خۆمان ڕاستگۆبین ، با لەهەڵمەتى بایکۆتى کۆمەڵایەتى بەرپرسەباڵاکان دەستپێبکەین ، لەبۆنە کۆکەڵایەتیەکانى وەک شەکراوخواردنەوە پرسەى کۆچکردووەکان ، چیدى ماستاویان بۆنەکەین وەک مرۆڤێکى ئاسایى هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەین بالەناخەوە هەستبکەن کردەوەکانیان بەچ ئاستێکى گەیاندوون ، کاتێک مرۆڤ خودى خۆى لەبارچاو دەکەوێت ئەوسا ئەتوانێت بەخۆیا بچێتەوە .
تەووژمى سێهەم : بریتیەلەئاشکراکردن و دیاریکردنى ووردەکارى کۆمپانیاوپرۆژە و سامان و داهاتە جیاوازەکانیان ؟ وە چۆنێتى فشارخستنەسەریان بەشێوەیەکى شارستانى و یاسایى سەردەمیانە لەدەرەوە و ناوەوەى هەرێم ؟ چ لەڕێگاى فشارخستنەسەر بەروبوومى پرۆژەو کۆمپانیاکانیان لەلایەن هاوڵاتیانى کوردستان یاخود فشارخستنە سەربەرژەوەندیەکانیان لەدەرەوەى وڵات لەڕێگاى دامەزراوە نێودەوڵتیەکان لەبەر ئەوەى زۆربەى دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەو دەسەڵاتدارە بێدەسەڵاتەکانیش هەڵگرى ڕەگەزنامەى بیانین ، بۆ ئەم مەبەستە پێویستیەکى زۆرمان بەشارەزایانى دارایى و دیبلۆماسى ئەبێت ، میژووى مرۆڤایەتى پڕە لەم جۆرە ئەزموونانە وە بەچاوى خۆمان دیومانە ملیارەها دولاى دزراوى میللەتان چۆن لەدەرەوە بلۆککراون .
وەک چۆن (داتا ) زانیارى بەسوود و ترسناک بوونى نییە ، ئەوە مامەڵەکردنە بەزانیاریەکان وای لێ ئەکات بە سودبێت یاترسناک بەهەمان شێوە بڕیارى ڕاست و هەڵە بوونى نییە ، ئەوە کاتە دیارى ئەکات بڕیارەکە ڕاست بێت یاخود هەڵە ، بە بۆچوونى من و زۆرێک لەهاوڵاتى و گۆڕانخواز لەم ساتەوەختەدا گەڕانەوە بۆناو دەسەڵات و حکومەت ( ئەو حکومەتەى بەهەموو پێوەرەکان شکستى هێناوە و ڕووخاوە ) شکۆمەندى گۆڕان لەکەدار ئەکات و زیان بەپرۆسەى گۆڕانکارى گۆمەڵگا ئەگەیەنێ دەرئەنجام ئینتیما بۆخاک و نیشتمان ناهێڵێت ، گەشە بەبێمتمانەیى ئەدات و ئەوەندەى ترکۆمەڵگا توشى نیشانەکانى پاش زەبرئەکات ، بەداخەوە ئەبێ تاماوین لەوەهمى گۆڕانکاریدا بژین نەک گۆڕانکارى ڕاستەقینە ! .
بەبۆچوونى من وەرچەرخان و گۆڕانکارى ڕاستەقینە کاتێک دەستپێئەکات کەسەرۆک و بەرپرس و نوخبەپیش هاوڵاتى هەستبکات نەخۆشە و دانبنێت ( اعتراف ) بەعەقڵیەتى پاش زەبرى خۆی ، دواتر داواى لێبووردن لەکۆمەڵگا بکات تاڕزگاری ببێت لەعەقڵیەتى پاش زەبر ، هیچ نەبێت بەو پرۆسەیە ناخ و خودى خۆى ئاشت ئەکاتەوە پێش ئاشتکردنەوەى کۆمەڵگا تابتوانێت بە دەروون و عەقڵیەتێکى تەندروست مامەڵە لەگەڵ خود و کۆمەڵگا و پرسە هەستیارەکانى بکات و تواناى گۆڕانکاری هەبێت ، ئەگەر نا ، هیچى زیاتر نییە لەو کەسانەى لە وەهمى گۆڕانکاریدا ئەژین و لەناخەوە نەگۆڕاون .
دواجار ئەوەى من نوسیومە بیروبۆچون و لێکدانەوەى خۆمە ، هەرچەند هیچ کات ڕاستى ڕەها بوونى نەبووەو لەیەکلا کۆنەبوونەتەوە و کۆشنابنەوە ،بەڵام ئەو وتەیەى ئەوسا ئەوترا ( دەسەڵاتدارەکان مێژوو ئەنوسنەوە ) چیدى ڕاست نییە بەتایبەتى لەسەردەمى ئێستاى جیهانگیریدا تادەسەڵات قەڵەمێکى ملکەچى بێشکۆمەندى دەستدەکەوێت بۆ شێواندنى ڕووداوەکان بۆ مێژوو هەزارەها قەڵەمى ئازادى ڕاستگۆ ڕاستیەکان تۆماردەکەن .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت