عیماد عەلی : زیانی دیبەیتەکەی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر لە چیدا بوو ؟
بە کورتی و پوختەیی ، دیبەیتەکەی رۆژی 10 ئەم مانگە لە رووی فەلسەفی و سیاسیەوە زیانی لە قازانجی زیاتر بوو ، بۆ ؟
لە رووی سیاسیەوە وەرە ئەم ئامانجانە لەم دیبەیتە بپێکە :
1 – لەم رۆژەدا خەڵک سەرقاڵ بکە و رای گشتی بەلایەکدا ببە کە تەنها لە قازانجی دەسەڵات بێت و نەداری و بێ مەعاشی داپۆشە و بۆ ماوەیەکی کاتی گەندەڵی دەسەڵات بە دەردانەکانی ئەم دیبەیتە لەبیر خەڵک ببەرەوە و نارەزایەتیەکان بە ناراستەوخۆ سەرکوت بکە .
2 – لەم کاتەدا کە داعش رووی ئیسلامی راستەقینەی دەرسخت و مەودای گەشەسەندن و قەناعەتپێکردنی خەڵکی کوردستان بەرتەسک کردەوە و بە کردەوە کاریگەری سەلبی لەسەر خەڵک جێهێشت ، تۆ وەرە زەمینە خۆش بکە و بواری راست و دروست بدە بە ئیسلامی سیاسی پاکانە بۆ خۆی بکات و لەم کاتەدا کە خۆری داعش لە ئاوابونە ئەو بێت وخۆی لە داعش جیابکاتەوە و ، ئەو قازانجەی داعش لە رووی سیاسیەوە بە سیکیولاریزمی گیاند تۆ وەرە بە ناوی سیکیولاریزمە بیگەرێنەوە بۆ ئیسلامی سیاسی کوردستان ، تەنها لەبەر سیاسەت .
3 – ئەو مەودایە بدە بەرامبەرەت کە ئەم دەسەڵاتەی کوردستان بە سکیولار حساب بکات و هەرچی سەلبیاتی هەیە بیخاتە سەر سکیولاریزم و خەڵک بە گشتی بەوە تێبگەیەنە کە رزگارکەری وەزعی نالەباری ئەمرۆی ئێمە ئیسلامی سیاسیە و ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە بەرهەمی دەستی سکیولاریزمە ، بۆیە بۆ خەڵک بیسەلمێنە کە ئەو ئەڵتەرناتیڤەی لە گەڵ واقعی ئەمرۆی کوردستاندا بگونجێت ئیسلامی سیاسیە .
4 – نەبونی بوێری لە سەلماندنی رووی راستەقینەی سیکیولاریزم و تەنانەت نەتوانیت وەڵامی پر بە پێستی خۆی بدەیتەوە و بۆ بەرامبەرەکەت بیسەلمێنیت کە لە چەسپاندنی سیکیولاریزم ئیلحادە بەرهەم دێت و، لەبەرخاتری سیاسەت و حزبایەتی بە خۆت نەتوانیت بەراشکاوی و ئاشکرا جەوهەری سیکیولاریزم دەربخەیت و قاازنجەکانی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت دەرنەخەیت و ، خەریکی بەرگری لە خۆ کردن بیت نەک بابەتەکە وەک خۆی باس بکەیت و هەمیشە بۆ مێژوو و سیاسەت و حزبایەتی بایبدەیتەوە و شکستی دەسەڵاتی کوردستان بە منەت بفرۆشیتەوە بە خەڵک بە گشتی ، ئەمە سەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی نیە ؟
5 – بوار بدەیت بە چەواشەکاری بەرامبەرەکەشت ئەوە بسەلمێنێت کە حوکمی ئیسلامی سیاسیگونجاو ترە بۆ خەڵک وەک لەم دەسەڵاتە بەحیساب سیکیولارە و ، یەکجارچیە نەڵێیت ئەم دەسەڵاتە سیکیولاری راستەقینە نیە و ئەم دەسەڵاتە حزبیە بنەماڵەییە و ئەڵقە تایبەتیەکانی حزب دەیبەن بەرێوە نەک بیرو فکری سیکیولاریزمانە و ، تەنانەت دانبەوەدا نەنێیت کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تاقە هەنگاوێک لە سیکیولاریزم نزیک نەبۆتەوە ، بێ ئەوەی ئاگات لەوە بێت شکستی دەسەڵات بکەیتە دەستکەوتی ئیسلامی سیاسی .
6 – پابەندبون بە کۆتوبەندەکانی کاری حزبی و لەبەرچاوگرتنی ئەگەری کاریگەری سەلبی داننان بە ناوەخنی سیکیولاریزم و نەبونی راشکاوی لەقسەکردن و بێ قەناعەتی تەنانەت خودی خۆت لەوەی دەیڵێیت ، وای لێبَت بەرامبەرەکەت زاڵ بکات و ئەمەش لەسەر سیکیولاریزم بکەوێتەوە .
7 – باسنەکردن لە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی کە لەسەر سیکیولاریزم حسابی بۆ دەکرێت لە لایەن ئەوەی باوەری بە سیکیولاریزمە و حزبایەتیەکەت زاڵتربکەیت بەسەر بیرو فەلسەفەی تەنانەت خۆتدا ، هەمیشە بۆ مێژوو رابکەیت و شتە دووبارەکردووەکانی پێشوت بڵێیتەوە .
8 – بەرامبەرەکەت قازانجە تایبەتی و گونجاوەکانی بیروبۆچونەکەی بۆ خەڵک دەربخات و تۆش دۆشداماو ، نە بتوانی سیکیولاریزم بۆ ئێستای کوردستان روون بکەیتەوە و تەنانەت بە ناراستەوخۆ و زۆرجار بە راستەخۆش ئەم دەسەڵاتە بە سیکیولاریزم لەقەڵەم بدەیت و حزبەدەسەڵاتدارەکانی ئەمرۆت پێ سیکیولار بن و ، نەش بتوانیت بە راستەوخۆ زیانەکانی حوکمی ئاینی بۆ کوردستان لەسەرجەم لایەنە سیاسی و فەلسەفی و فەرهەنگیەوە بە شێوەیەکی قەناعەت پێهێنەر شیبکەیتەوە و بەرامبەرەکەشت بە ئازادیەوە بەبۆنەی تۆوە سیکیولار بکوتێت .
لە لایەنی فەلسەفیەوە ئەم دیبەیتە دیسان زیانەکانی خۆی بۆ مەودایەکی درێژ لەسەر خەڵک دەهێڵێتەوە :
1 – کەسێکی حزبی کە نەتوانێت جەهەری سیکیولاریزم لە رووی فەلسەفیەوە باس بکات و گومانی هەبێت ، یان وا پیشانی خەڵک بدەیت کە لە بیروباوەری پێشوت پاشگەزبویتەتەوە ، یان ترس و دڵەراوکێ لەسەر تەنیا وشەیەکیش نەوەک لەسەر پێگەی حزبیت بکەوێت نەتوانیت باوەرەکەی خۆت بە فەلسەفەکەتەوە بەر اشکاوی بە خەڵک بڵێیت ، چۆن قەانعەت بە خەڵک دەکەیت ؟
2 – نەتوانیت ئەوە بۆ خەڵک دەربخەیت کە سیکیولاریزم ئیلحاد نیە بەڵکو ئیلحاد ودینداریش لەخۆ دەگرێت نەک رەتیبکاتەوە ، بێگومان بەرامبەرەکەت زاڵتر دەبێت و ئیلحاد و سیکیولاریزم بەیەکەوە دەبەستێتەوە و حوکمی شکستخواردوی کوردستانی ئەمرۆت وەک نمونە بۆ دێنێتەوە .
3 – تۆ ئەگەر لە رووی فەلسەفیەوە بەلای ئیسلام و ئیسلامی سیاسیدا نەچیت و بەارمبەرەکەت لە فەلسەفەی تۆ بدات و سەلبیاتەکانی تۆ دربخات ، کێ قازانج دەکات ؟
4 – خۆ نەدان لە زانست و لێکدانی ئیسلام و زانست بە هیچ شێوەیەک باسنەکردن لە یەکتربری ئیسلام و زانست و دژایەتیکردنی و خۆ بەستنەوە بە غەیبەوە ؛ دوور لە واقیع ، بەرامبەرەکەت وا لێدەکەیت بەو شێوەیە تەراتێن بکات کە کردی .
5 – لەبەر پێگەی حزبیت ، دەرنەخستنی سەلبیاتەکانی جەوهەری ئاین و خۆ بەستنەوە بە ئاینەوە لە روویی دونیاییەوە و خۆشاردنەوەیە لە حەقیقەتی سیکیولاریزم کە هەوڵدانە بۆ دونیا بینی و دوورکەوتنەوە لە غەیبیەت ، بە هیچ شێوەیەک لە رووی فەلسەفیەوە لە ئیسلامی سیاسیت نەداوە و بۆ خەڵکت روون نەکردۆتەوە کە ئەو ئەڵتەرناتیڤ نیە .
6 – بوار رەخساندن بەوەی بەرامبەرەکەت لە رووی خۆ گونجاندنی بیرو فەلسەفەو و حوکمی ئاین بە بون و واقعی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئابووری کوردستانەوە دەربخات ، ئەوە خۆی لە خۆیدا بواردانە بە قەناعەتی خەڵک بە راستگۆیی ئیسلام نەک سیکیولاریزم و مرۆڤ .
بۆیە ئەگەر لە هەندێک رووی رۆشنبیری و باری دیموکراسیەوە ئەم دیبەیتە قازانجێکی هەبوبێت ، بەڵام لە دەرئەنجامیئەوەی پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک لەم ئانوساتەدا زیانی لە قازانجی زیاتر بوو ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا زیانە لە سیکیولاریزم کە یەکەم ئامانجی قازانج گەیاندنە بە خەڵک لە دونیادا نەک لە رۆژی قیامەت .
بە کلیکێک لەسەر مسبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت