هونەرمەند گەزیزە : نامەیەکی کراوە بۆ سەرجەمی سەرکردایەتی حیزبە سیاسیەکانی کوردستا ن !
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
کاتێك ئەو نامەیەی خوشکی زۆر خۆشەویست و بەڕێزم دادە گەزیزە عومەر عەلی ئەمین ـم بەرچاو کەوت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی و خوێندمەوە ، هەستێکی وەهای درووستکرد لەسەرم کە وەك وەفایەك بۆ گشت شەهیدان بە تایبەت بەرامبەر بەو برازا ئازیزەم ” شەهید ئاوات ” کە لە 30 / 6 / 1979 لە قەسابخانەی موسڵ لەسیدارە درا ، دوو بارە منیش بڵاوی بکەمەوە . فەوزی ڕەمزی .
بەڕێزان ئەی ئەوانەی کە بەدریژایی میژوی کورد ئێوە دەمڕاستی میلەتێکی داماوی بێ پشت و پەنا بون لە سەرجەمی بارودۆخە ناهەموارەکاندا هەمومان چاوەرێی وشەیەکی ئەرێنی ئێوە بوین ، تەمەنی جوانی و گەنجیمان بە ماڵ وێرانی و قوربانی کورەکانمان بردە سەر ، ئێمەی خانەوادەی شەهیدان و سەرجەمی پێشمەرگە دلێرەکان رۆژگارێک لەبەردەرگای زیندانی دوژمنەکانمدا بەدەنگی بەرز سرودی نەمریمان بۆ کوردو کوردستانمان دەچڕی و کوڕەکانیشمان بە پەتی سێدارە خوین لە مل و گەردنیان دەچۆڕا .
ئێمە ی خانەوادەی شەهیدان خاوەنی ئەم شۆرشە خوێناوەیەین و مافی خۆمانە لە سەر هەمو چارەنوسێکی ئەم میلەتە دەنگی بەرزمان هەبێت و گوێمان لێ بگیرێت .. ئەو کاتانەی لەترسی پەلاماری فاشیەکان کەنەمان دەتوانی شەوانە لە ماڵەکانی خۆماندا بە ئارامی بنوین بۆ سەربەرزی و سەر فرازی ئەم خاک و نەتەوەیە بەسە بر بوین ، تکاتان لێدەکەم وەک خوشکی شەهێدێکی بەر پەتی سێدارە جارێکی تر مەمان کەنەوە بە قوربانی بەرژەوەندی حیزبایەتی خۆتان ، هەمو کورد لە بارێکی زۆر ناهەموارو نا ئارامدایە ئەمڕۆ دۆستەکانیشمان هەمویان بونەتە دوشمنی سەرسەختی کورد ، تەمەنێکی پڕ لە کارەساتی سەختمان تێ پەڕاند و خەریکە تەواو دەبین تکایە بیر لە ئایندەی منداڵەكانمان بکەنەوە چیتر شەو رۆژمان پێ مەخایەنن لەنێوان گفتوگۆی خۆتان و سازان و نەسازاندا کە دەبو پیش 2 ساڵ ئەو کاتەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمتان درێژ کردەو لەو کاتەوە نەخشەتان بۆ ئەم ساتە بکێشایە خۆ ئەمە کارەساتێک نیەو بە پەلە بەرۆکی گرتبن وا بەم شێوەیە بەردەوام لە کۆبونەوەی نائاسایی و بە پەلە دا خۆتان و هەمو خەڵکیشتان خستۆتە نێو بازنەیەکەوە لەبارو دۆخێکدا کە هیچ بەهایەکی ژیانی ئاسایی و خزمەت گوزاریش بۆ هاو وڵاتی نەماوە . زۆرماندوین بەدەس نە بونی پلانی دارێژراوەوە هەمو باس وخواسەکان .. هەمو پرسەکان زۆر بە پەلەو هەنوکەیی رودەدا . پرسی سەرۆکایەتی و پرسی حوکمەت و پرسی دەستور وپرسی پەرلەمان و … هتد . ئەم هەموچاوەڕوانیانە تەمەنی بردین ئەوانەی بونە قوربانی ئەم وڵاتە چونە دەفتەری نەمریەوە و وڵاتیان چۆڵ کرد تکایە با گەنجەکانی تریشمان بە کۆچ و سەر هەڵگرتن ئەم وڵاتە جی نەهێلن .وامان لێ مەکەن میژوی خۆمان و جوانی ئەم خاکە لە بەر چاوی منداڵەکانمان ناشیرین بێت ئێمە چی لە وڵاتێک بکەین تەنها پیرو دایک و خوشکی جەرگ سوتاوی تێدا بمێنێتەوە ؟ ئەم وڵاتە بە گەنجەکانمانەوە جوانە .. بیرێک لە چارەنوسی ئەم میلەتە بکەنەوە ، دڵتان لای هێزو بازوی ئەو پیشمەرگە نەبەردانە بێت کە بەرگری لە شەرەفی هەمومان دەکەن ! زۆر بوێڕانە بڕێارێکی چارەنوس ساز بدەن و ئیدی بەرژەوەندی حیزبیتان بخەنە لاوە 23 ساڵە میللەت گوێ لە دەنگی ئێوە دەگرێت ئێوەش تەنها 23 خولەک گوێ لەدەنگی خەڵکی بێ دەرەتان بگرن !! ئیدی هێزی ماڵ وێرانیەکی ترمان بە بەرەوە نەماوە وتوانای گریانمان وشک بوە ! ماندوین تا سەر ئێسقان دڵمان خۆش کەن بەوەی کێ لە ئێوە دەتوانێت باری ژیانی ئەم میلەتە بەرەو باشتر بون بەرێت !!! نەک بەوەی کورسی سەرۆکایەتی بۆ کێ ئەبێت ؟ من وەک خوشکی شەهێدێک دەمەوێت بە ئازادی بژیم و مافی هاووڵاتی بونی خۆمم هەبێت ژیانی منداڵەکانم مسۆگەر کەم تا بیر لە بەجیهێشتنی وڵات نەکەنەوە ،، ئەمە ولاتی ئێمەیە ؟! تکایە شەڕ لەسەر ئەمە بکەن و چی تر لەمە زیاتر بێ ئومێدمان مەکەن ژیان خۆی چەندە لەسەر هەمو پرسیکی چارەنوس ساز تەمەنێکی چاوەڕوانیمان بە هەدەر بەرن ..
هونەرمەند گەزیزە ، خوشکی شەهید ئاوات عومەر عەلی ئەمین 30 / 6 / 1979 لە قەسابخانەی موسڵ لەسیدارە درا .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە