شەماڵ عادل سەلیم : کوردستانێکی وێران و ئاڵایەکی سەراوژێر .
لە بەراهییدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوەبکەم کە ئابوری لە هەرێمی کوردستاندا پاشکۆی سیاسەتە ، ،سیاسەتیش بەدەست هێزەوەیە ، هێزیش بەدەست حزبە ، حزبیش بۆ بەرژەوەندی پیسکەیی خۆی حزبایەتی دەکات ، حزبایەتیش هۆكاری بەردەوامی كێشەكان و ماڵوێرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ، بەتەمای خودایە .
دەبێ ئەوەش بڵێن کە هەرێمی بەتەمای خودا لەسایەی سیاسەتی سەقەتی بازاڕی بەڕەڵاو و بەرژەوەندی پیسکەیی بەرپرسە بازرگانەکانمان ، بۆتە زبلخانە و مەزادخانەی ساخکردنەوەو فرۆشتنی کەلوپەلە بەربادو، خەراپ و ، لاسایکراو و ، ئێکسپایەرەکانی هەر سێ ولاتی تورکیا و ئێران و چین .
بەرێزان ، مەبەست لە نووسینی ئەو چەند دێرە ، باس لە قۆرخکردنی بازاڕ لەلایەن بەرپرسە سەرمەرە زگ گورگەکان و ، خراپی کاڵای هاوردەی وڵاتان و ، بێ ویژدانی حوتە مل ئەستورەکان ، ئەوانەی بەدوای قازانجی مفتن ) نییە ، بەڵکو تەنیا بۆ باسکردنی ئەو گاڵتەجاڕیەیە ، کە بە ئاڵاو خاک و هێماو سیمبۆلی نەتەوەیشمان دەکرێت بەبێ ئەوەی ئێمەی هاوڵاتی هەرێم بەتەمای خودا هەستی پێ بکەین ، یان باشتر بڵێم ، هەستی پێ دەکەین بەڵام ناوێرین باسی بکەین نەوەک بەدەردی ( کاوەگەرمیانی جوانە مەرگ و و سەردەشت عوسمانی نازادرو و سۆرانی مامە حەمەی بوێر) بچین .
هەربۆنموونە ، دوێنی بەمەبەستی کڕینی ئاڵای پیرۆزی کوردستان چومە دوکانیکی نزیک قەڵاتی هەولێر ، ئەوجێگایەی هەمیشە دڵم بۆی لێدەدات و ڕۆژانی خەبات و خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی شارە بێ نازەکەم دژ بە ریژێمی سەدام بیردەخاتەوە .
کە چوومە ناو دوکانەکە ، کاکی دوکاندار کۆمەلێک ئاڵای کوردستانی لەشێوەی میدالیای جۆراوجۆر هەڵواسیبوو ، چەند دانەیەکم هەڵبژارد ، بەڵام کە بەچاوی دیقەت تەماشام کرد و لییان ورد بوومەوە ، بینم ، ئاڵاکە سەراوژێر دروست کراوە ، کەسک لەسەرەوە و سۆر لەژێرەوە ، یەکسەر بە خاوەن دووکانەکەم گووت : ئەم ئاڵا جوانە کێ وا بە سەقەتی دروستی کردووە ؟
دیار بوو کاکی دوکاندار نەی بینیبوو ، بەشەرمەوە رووی تێکردم وگوتی : کاکە وەللە لە وڵاتی چینەوە بۆمان هاتووە و زۆریشم لێ فرۆشتووە ، بەڵام بەداخەوە دیقەتم نەداوە ، کە سەراوژێرە .
لە بەر خۆمەوە گوتم : ئای چەندە شەرمە ، تاوانە ، مرۆڤ ئالای پیرۆزی وڵاتەکەی بە سەراوژێری لە یەخەو بەرۆکی خۆی بدات و باس لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتیش بکات .
ئای چەندە شەرمە ، بۆ حکوومەتیکی تەمەن 25 ساڵی پێ نەگرتوو و شێرەخۆری مشەخۆر ، کەنەی توانی ، یان ڕاستر بلێم : نەیویست بەرگری لە ڕەوشی ئابووری کوردستان و ئەزموونەکەی بکات و ئەم دەڤەرە بێ ساحێبە بنیاتبنێتەوە و ، بیر لە ژیانی خەڵکی زەرەرمەندی کوردستان بکاتەوە ، هەرنەبێت بەپارەی چەند رۆژیکی ناردنی نەوت چەند کارگەو کارخانەیەکی بچوکمان بۆ دروست باکات ، تا بتوانین خۆمان بەدەست و بازوو و هێزی خۆمان ئالا پیرۆزەکەمان بەراست و دروستی دروست بکەین ، ئەو ئالایەی دەریایەک خۆێنی بۆ دراوە ، بەتاوانی بهرزکردنهوه و پیرۆز ڕاگرتنی هەزاران گەنجی خێرلەخۆنەدیوی هەرچورپارچەی کوردستان لەسێداره دراون .
ئا ، ئەو ئالا پیرۆزەی کە پێشەوای مەزن لەپێناویدا لەسێدارە دراو ، وەسیەتیشی کرد ، بەرزو پیرۆز ڕایبگرین و وەک بیلبیلەی چاوەکانیشمان بیپارێزین ، نەک لە وڵاتی چین سەراوژیر بۆمان دروستی بکەن و ئێمەش لەرۆژی ئالا و بۆنە نیشتیمانییەکان لەیخەو بەرۆکمانی بدەین .
بەراستی تاوانە ، دەسەڵاتدارانی هەرێمی بەتەمای خودا نەتوانن لە ماوەی 25 ساڵ هەرێمێکی 3 پارێزگای بەهێزو سەربەخۆی ئەوتو بگەشێنیتەوە کە دراوسێکانمان هەزار حسێبمان بۆ بکەن ، بۆیە لێرەدا بەڕاشکاوی پێیان دەڵێم :
ئەی حوتە دمۆرو چاوچنۆکەکان ، ئەی بازرگانە گەلحۆکان ، لەبەر ئەوەی ئەو هەرێمە بێنازە جلەوی کاروباری بەدەست ئێوەیە ، بۆیە سەرباری ئەو هەموو خێرو سامانەی هەر بە دواکەوتوویی و هەژاری و بێکەسی ماوەتەوەو دەمێنێتەوەو ، ئاڵا پیرۆزەکەشی بەسەراوژێری بۆ دروست دەکرێ ، ئەوەی دەمیشی بکاتەوە مۆرێکی دژەئەزموونی لەنێوچاوانی دەدەن و مەسینەهەڵگرەکانیشتان فێردەکەن تەماتەو هێلکە بارانی بکەن .
لەکۆتایدا دەپرسم و دەڵێم : ئاخۆ دەبێت چەند جار بەرپرسە قۆزوپۆشتەکانمان بەو ئاڵا سەربەرەوخوارارانە پێشوازیان لە شاندو مێوانانی هەرێمی بەتەمای خودا کردبێت ؟
دەی خۆ ئەگەر واشیان کردبێت ئەوە گرنگ نییە ، شەرتی نییەتە ، داپیرم گوتەنی ..
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت