عەتا قەرەداخی : کامیان ترسانکترە ؟ هەڵوێستی لاوازى سەرکردایەتی کوردى بۆ عەرەب یان هەڵوێستی دووپەرلەمانتارى نادیار .
دوو سێ ئەندام پەرلەمانی کورد لە بەغدا لە ئیجماعی پڕ لە درۆو دەلەسەى فراکسیۆنە کوردستانیەکان جیادەبنەوە ، سەرجەم راگەیاندنی کوردى و بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی حیزبەکان ئەو هەڵوێستە دەخەنە ژێر رەخنەوەو واینیشان دەدەن ئەو دوو سێ کەسە خیانەتی گەورەى نەتەوەیی و نیشتیمانیان کردووە ، وەکو وایە ئەگەر ئەوە ناپاکی و خیانەت بێت لەم سەرکردایەتیەوە فێر نەبووبن و ئەو دوو ئەندام پەرلەمانە حەرامزادەبن .
تۆ بڵێی هەڵوێستی ئەم دوو کەسە لە هەڵوێستی ئەوانە ترسناکتر بێت کە جاشێتیان داهێناوەو پەنجا ساڵە کوڕى کوردى هەژار بەیەکتر بە کوشت دەدەن .
کام لەو دوو هەڵوێستانە زیانی زیاترى لە کورد داوە : چوونی سەرکردایەتی کورد بۆ بەغدا لە ساڵی 2003 و درووستکردنەوەى دەوڵەتی عێراق لە لایەن سەرکردایەتی کوردى و بە تایبەتی مام جەلال و کاک مەسعودەوە یان هەڵوێستی ئێستاى عادل نورى و تاڤگەى ئەحمەد میرزا ؟
کام لەو دوو هەڵوێستە زیانی زیاترى لە کورد داوە : بچووکی سەرکردایەتی سیاسی کوردى لەبەرامبەر عەرەبی عێراقدا و شاردنەوەى راستیەکان لە میللەت لەلایەن ئەم سەرکردایەتیەوە یان هەڵوێستی کەسی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان زیانی زیاترى لە کورد داوە : گۆرانی گوتنی بەشێکی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە باڵاى شیعەى عێراقدا و بەشێکیشی بەباڵای سوونەدا یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان زیانی بۆ کورد زۆرترە هەڵوێستی ئەوانەى کە گوایە پێشنیاریان بۆ مالیکی کرد بودجەى هەرێم ببڕێت یان هەڵوێستی ئەم دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان زیانبەخشترە ئەو هەموو موجامەلەیەى کە پێشتر مام جەلال بۆ عەرەبی عێراقی کردو ئەو هەموو ماوە درێژەى کە سەرۆک کۆمار بوو نەیتوانی سادەترین بڕیار دەربکات بۆ گێڕانەوەى چەمچەماڵ و کەلار و کفرى بۆ سەر کەرکوک و لەبرى ئەوە پێشنیارى دابەشکردنی کەرکوک بە رێژەى یەکسان بۆ عەرەب و کورد و تورکمان کرا .
کامیان ترسناکترە ململانێی ناشەریفانەى نێوان حیزبەکانی کوردستان و درووستکردنی ئەو هەموو قەیرانەى ئێستاى کوردستان یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان ترسناکترە لە کارخستنی پەرلەمانی کوردستان و ئیفلیجبوونی حکومەتی هەرێم و خنکاندنی لە گەندەڵیدا ، یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان ترسناکترە ئەو هەموو درۆیەى کە حیزبەکانی کوردستان بە ناوى دیموکراسی و ئازادى و بەرژەوەندى گەلەوە لەگەڵ هاووڵاتیان و یەکتر دەیکەن و لە ژێرەوە خەریکی پاشقول لەیەکتر گرتنن یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان ترسناکترە ستراتیژى حیزبی کوردى بۆ شکاندنی عیزەتی نەفسی مرۆڤى کورد و گەیاندنی هاوڵاتیان بەئاستێک کە نەتەوەو نیشتیمان بێ بەها ببینن و ئینتیمایان بەرەو هەرەس بڕوات یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
کامیان ترسناکترە ئەو گاڵتەجارییە سیاسیەى کە ئێستا پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ بە ناوى سیاسەتەوە بەڕێی دەکەن و وڵات بەرەو وێرانەو کەلاوە دەبەن و کەسێتی کوردى بەەرو روخاندن و شکستی تەواوەتی دەبەن یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە ؟
بەڵێ ئەگەر کەمێ بە وردى سەرنج بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە سیاسەتی کوردى چەند لاوازو پوچ و بێگەوهەرەو نوخبەى سیاسی کوردیش چەند کورتبینەو چەند نالۆژیکانە کاردەکات و چۆن بۆ شاردنەوەى شکستە گەورەکانی خۆى شتی بچووک و بێگەوهەر گەورە دەکات ، راگەیاندنی کوردیش چۆن وەکو زوڕناژەن بە دواى حیزب و سیاسیەکاندا کێش دەبن . بەڵی کوردستان بەم جۆرە سیاسەت و یاریە گاڵتەجاڕی و درۆزننانە لەم قەیرانە خنکێنەرانەى ئێستاى دەرباز ناکرێت . بۆیە ئەو یارییانەى کە حیزبی کوردى دەیکات چەندێ جەماوەرى پێ فریو دەدات دە ئەوەندەش خۆیی لە شکست پێ نزیک دەکاتەوە .
ئێستا با بپرسین کامیان مەترسیدارترە بۆ ئایندەى کوردستان : ئەو هەموو کەندەڵی و دزى و بێ سەروبەرى و قەیرانانەى کە زۆرینەى درووستکراوى عەقڵی شکستخواردووى حیزبی کوردیە ، یان هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە کە رەنگە پاساویشیان هەبێت بۆ هەڵوێستەکەیان و تەنانەت ئەگەر سەرتاپاى هەڵوێستەکەشیان هەڵەبێت هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر کورد نابێت چونکە لە مێژە بەغدا وەکو پێشتر نووسیمان کوردى تەڵاقداوەو کوردیش هەر چاوەڕوانی ئەوەیە بە ناوى مارە بەجاشەوە بەغدا بەجێنەهێڵێت ، بەڵام دڵنیام ئەم چەند بە تووندى باوەش بکات بە بەغدادا هەر تەڵاق دەدرێت و مارەییەکەیشی پێ نابڕێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەت دەگات بە هاوڕێکانت