دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : هەموومان نەخۆشین ـ کۆنیشانەى عەقڵیەتى پاش زەبر .
کۆمەڵگاى پاش زەبر
کاتێک وەزیزى تەندروستى پێشوى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند زۆرینەى کۆمەڵگاى کوردى نەخۆشن ، وەک ئەوەى ئەرزو ئاسمان دابێتى لەیەک و کوفرى کردبێت ، لەبرى ئەوەى میدیاى کوردى وشارەزایان ونوخبەى ڕایەڵەکانى کۆمەڵگا بەدواداچون وتوێژینەوەى گونجاو بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە ئەنجام بدەن ، لێى هاتنە دەنگ وبەجۆرەها بوختانى سەیرو سەمەرە تاوانباریانکرد .
ئەوکات ویستم ئەم بابەتە بڵاوبکەمەوە ( نەک زۆرینەمان بەڵکو گشتمان نەخۆشین ) بەڵام لەبەر ئەوەى لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا کلتور وهزرى زیادەڕۆیى ( ئەوپەڕگیرى ) باوە بڵاوم نەکردەوە ، هەڵبەتە لەکلتورو هزرى زیادەڕویدا ( کلتورى ئەوپەڕگیرى ، ڕەش یاخود سپى ) گرنگ نییە دوێنێ چیبووبیت ؟ گرنگ ئەم ساتەوەختەیە ، بەقودرەتى قادر لەچرکەیەکدا یائەبیت بەپاڵەوان و شۆڕشگێڕى دەرەجەیەک یان بەخائین و ناپاک بەخاک و نیشتمان ، بەدەر لەم دوو ئەگەرە زیاتر شک نابەین ، ئەم لۆجیکە تەنیا لەکۆمەڵگاى پاش زەبردا باوە کەگیرۆدەى دەیەها نەخۆشى کۆمەڵایەتى ترسناکترە ، کۆمەڵگاى کوردیش نەک بەدەر نییە لەکۆمەڵگاى پاش زەبر ئەشێ بڵێین کۆمەڵگایەکى پاش زەبرە بەئیمتیاز .
هەرچەند سوور ئەزانم کەسانێکى زۆر لەنوخبەو ڕۆشنبیران دژى ئەم بۆچوونەن و پێیان وایە لەکۆمەڵگاى ئێمە نۆرمال وتەندروستتر بوونى نیە ؟! پێم باشە وەک ئەرکێکى مێژوویى وە بۆ بەپێزبوونى بابەتەکەم کورتەیەکى زانستى لەسەر کۆمەڵگاى پاش زەبربخەمە ڕوو بۆسەلماندنى بۆچوونەکەم نەک واهەستبکەن ئەم بۆچونە دروستکراوى خەیاڵى خۆمە .
بەهەرحاڵ لێرەدا نامەوێ بابەتەکەم بکەم بەبابەتێکى زانستى ڕەها ، کۆنیشانە یاتەنگژە یا تێکچوونى پاش زەبر (Post-traumatic stress disorder or Post-traumatic syndrome ) نەخۆشیەکى عەقڵی دەروونیە ، ئەشێ کاردانەوەیەکى داهاتووبێت دەرئەنجامى گوزەراندنى یان بینینى ڕووداوێک یاخود چەندڕوداوێکى جەستەیى یان دەروونى ناخۆش و دڵتەزێن ، مەرج نییە ئەو ڕووداوانە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ ئاراستەى خود بێت وەک ڕووداوى ناخۆشى هەمەجۆر ( هێرشى دەروونى و جەستەیى ، ژێردەستەیى ، ئەشکەنجەدان ، زیندانیکردن بەتایبەتى زیندانى سیاسى ، بەدمامەڵەکردنى منداڵ ، ڕفاندن ، هەراسانکردنى سێسکسى ، ڕوداو وکارەساتى سروشتى یاخود دەستکردى ناخۆش ) .
بەپێى پۆلێنى جیهانى نەخۆشیەکان ICD-10 پێوانەى دیاریکردنى نەخۆشى کۆنیشانە یاخود تەنگژە یا تێکچوونى پاش زەبر لەسەر ئەم بنەمایانە دەبێت .
* پێویستە گوزەراندن و بینینى هەموو ئەو ڕوداوە جەستەیى ودەرونیانیەى بەر کەسایەتى بەرکەوتوو دەکەون کاردانەوەیەکى نزیک یاخود دوورى هەبێت لەسەر ناخ ، بەجۆرێک نائومێدى وبێ هیوایى و بێمتمانەیى قولێ لاى ئەو کەسایەتیانە دروستکردبێت .
*کاتێک کەسى بەرکەوتوو بەبەردەوامى ئەو ڕوداوەى لەیادو بیرەوەریدایە وبەئاسانى نەتوانێت لەبیرى بکات ، کاتێک توشى ڕوداوێکى نزیک لەو جۆرەى پێشوو ببێت ئەوا لەبارودۆخێکى ناجێگرى وەک شۆکدا دەژى .
*کاتێک کەسى بەرکەوتوو خۆی بەدووربگرێت یاخود خۆى بپارێزێت لەو جۆرە ڕوداوانەى پێشوو کەتووشى زەبرى کردوون .
*کاتێک بەرکەوتوو نەیتوانى یا لەتوانایا نەبوو بیرەوەریەکانى سەبارەت بەو ڕوداوە بهێنێتەوە یاد بۆ چارەسەرکردنى بەشێوەیەکى لۆجیک و زانستى .
*کاتێک بەرکەوتوو زیاد لەپێویست هەستیار بێت بەرامبەر بەڕوداوى هاوشێوەى ڕوداوەکانى پێشووتر کەتوشى زەبرى کردووە .
*زۆرجار کۆنیشانەکانى پاش زەبر دواى شەش مانگ لەڕوودانى ڕووداوە ناخۆشەکان دەردەکەون .
*بوونى ئەم سکاڵایانە لەکەسى بەرکەوتوودا وەک ( کەم یاخود بێ خەوى ، خەو زڕان ، خۆهەڵکێشان وزیادەڕەوى لەگشت بوارەکانى ژیان ، ئەوپەڕگیرى لەبڕیاردان ، کەمبوونەوە یاخود نەمانى تەرکیزى زهنى ، خرۆشاندنى ناخ ونۆرەى تورەیى ، خودپەرستى ، وروژان وتورەبوون لەهەموو شتێک بەرژەوەندى تایبەتى تێدانەبێت ) ماناى ئەوەیە توشى تەنگژە وتێکچوون یاخود کۆنیشانەکانى پاش زەبر بووە .
*دواى ئەوەى کەسى بەرکەوتوو بەزەبر هۆشى بەخۆیدا دێتەوە هەست بەبێ متمانەیى بەرامبەر بەکۆمەڵگاو تێکچوونى مەزاج ئەکات ، دواترپاشەکشێ ودورکەوتنەوە لەخەڵک وکۆمەڵگا ، بەبەردەوامبوونى کۆنیشانەکانى پاش زەبر بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ بەبێ چارەسەر گۆڕانکارى لەکەسایەتى ئەو مرۆڤانەدا ڕووئەدات هەڵسەنگاندنى بۆ هەموو چەمکەکانى ژیان دوورلەلۆجیک وزانست وعەقڵانیەت ئەبێ .
*کاتێک تاک هەست بەبێ متمانەی بکات بەرامبەر بەکۆمەڵگا ، کۆمەڵگا گیرۆدەى نەمانى هەرەوەزى ونەمانى هەست بەلێرسینەوە ئەبێت ، دواتر گۆمەڵگایەکى تەمبەڵى مشەخۆر بەرهەمدێت کەتاک ئینتما بۆ خاک ونیشتمان لەدەست ئەدات .
هەڵبەتە تاکى کورد بەبێ جیاوازى بەهاوڵاتى سادەو نوخبەوسەرکردەکانیەوە بەر زەبرى دەروونى و فیزیکى ڕژێمە داگیرکەرە دیکتاتۆرە یەک لەدواى یەکەکانى ناوچەکە کەوتوون لەگەڵ ئەوەش عەقڵیەتى سەرکردە شۆڕشگیرەکانى کورد بێجگە لە کاردانەوەیەکى عاتفى بەرامبەر ئەو زەبرە فیزیکى ودەروونیە هیچیتر نەبووە ؟ بەو مانایەى دنیابینیەکى مرۆڤایەتیان بۆ گشت چەمکەکانى ژیان نەبووە ، بۆیە نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەى کۆمەڵگایەکى ئارامى پڕ لەبنەما و بیروباوەرە مرۆڤایەتیەکان پەروەردەبکەن ، لەئەنجامدا لێرەولەوێ گەلێک میرنشین و کۆمەڵەو ڕێکخراوپارتى بچووک بچوک و ناوچەیى درستبوون کەنەک کارى نەکردۆتە سەر دوژمن و داگیرکەرەکانى بەڵکو ئەوەندەى دژایەتى یەکتریانکردووە و بە ناخى یەکتردا چونەتە خوارەوە نیوئەوەندە کاریان لەسەر دۆزى ڕەواى گەلەکەیان و مرۆڤایەتیش نەکردووە ئەگەر بڵێم تاسەرئێسقان خزمەتى داگیرکەرانیانکردووە دوور نییە لەڕاستیەوە .
کێ هەیەلەم کۆمەڵگایەى ئیمەدا دەرچەى زەبرى فیزیکى یان دەروونى نەبووبێ ، لەوانەیە هەندیک لەشۆڕشگێرەکانى ڕابردوو لیرەو لەوێ بڵێن نەوەى تازە دوورن لەو زەبرەى بەرجیللى ئێمەو پێشتر کەوتووە ، وەک ئەوەى بەهەشتێکیان بۆ خەڵکى دروستکردبێت ، بەڵام لەراستیدا عەقڵیەتى پاش زەبرى سەرکردەو حیزبەکانمان سیستمێکى سیاسى هەرەمەکى بنەماڵەیى و خێڵەکى و ناوچەیى سەقەتى وەک ئێستاى لێ دروستبووە کەبەفەلسەفەى دەسەڵات و سامان وخزمایەتى کاریانکردووە ، تا ئەم ساتە وەختەش نەک روئیایەکى مرۆڤایەتی بەڵکو نەتەوایەتیشیان نییەو نەبووە ، ئەم عەقڵیەتە نەخۆشە واى بچووکردو نەتەوە تەنانەت بەموختارى دێیەکیش ئەیژەنن ئەگەر لەدەسەڵاتێکى گەورەتر دووربخرێنەوە ، گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتداربن لەو زۆنە بچوکەى خۆیان و بەکەماڵى ئیسراحەت سامانى سەرزەوى و ژێرزەوەى بفرۆشن لەپێناو بەرژەوەندى خۆیان وبنەماڵەکانیان .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت