Tallebani-Newshirwan

شێرزاد شێخانی : قسەیەك لەسەر باڵەكانی  ـ كاكە نەوە ، دادە هیرۆ ، كاك كۆسرەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

غیابی كاك نەوشیروان

زۆربەی چاودێران و سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و دەرەوەش رایان وایە غیابی مام جەلال لەسەر ساحەی سیاسی عیراق و هەرێمدا كاریگەریەكی یەكجار زۆری هەبوە بەسەر دروستبونی ئەم هەمو قەیرانانەی ئەمڕۆ بەرۆكی بەغداو هەرێمی گرتۆتەوە .. زۆران پێیان وایە راگرتنی باڵانسی سازانی لایەنەكان لەساڵانی رابردودا بەهۆی حیكمەت و رۆڵی مام جەلالەوە بووە ، هەر لەگەل نەخۆشكەوتنەكەشی باڵانسەكان بەگشتی تێكچون ، لەبەغدا  لەنێوان سوننەو شیعە بەهەمو پێكهاتە سیاسییەكانەوە ، لەهەرێمیش باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی و حزبەكانی تر .

مام لەبەغدا پۆستێكی پرۆتۆكۆڵی كەمدەسەڵاتی لەدەوڵەتدا هەبو ، بەڵام لەبەر ئەوەی كاریزمایەكی زۆر بەهێزی هەبو بۆیە وەكو باوكی هەمو سیاسیەكان سەیر ئەكرا ، بەراستیش بەو حیكمەتەوە توانی باوكایەتی هەمو لایەنەكان بكات ، بەوەش تەرازوی سیاسی لەعیراقدا بپارێزێت . لە هەرێمیش هەرچەندە مام بەحوكمی پۆستەكەی لەبەغدا دور كەوتبوەوە ، بەڵام دیسان چ وەك رەمزێكی خەباتی نەتەوەیی ، چ وەكو سەركردەی سیاسیش هەمیشە مەرجەع بووە نەك تەنها بۆ یەكێتی بەڵكو بۆ سەرجەم حزبەكان .

چەندی غیابی مام كاریگەری هەبوە بەسەر رەوشی سیاسی عیراق و هەرێمدا ، غیابی كاك نەوشیروان دوو هێندە كاریگەری هەیە بەتایبەت ئەم هەلومەرجە سەختەی ئێستای كوردستاندا .. بەغیابی دو سەركردەی گەورە لەسەر ساحە كوردستان ، هەلێكی مێژویی بۆ سەرۆكی پارتی مەسعود بەرزانی رەخسا كەوا كار بۆ چەسپاندنی حوكمی تاكڕەویی خۆی بكات و حزبەكانی كوردستان ناچار بكات مل بدەنە چەمكی حیزبی قائیدو ، ئەوەی زیاتریش هانی بەرزانی دا بۆ كاركردن بەم ئاراستەوە لاوازی یەكێتی و تەشەنەكردنی ململانێی باڵە كانی بو  بەحەدی لێكترازان ، جگە لەتەنها مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر هەڕەشەكانی پارتی و هەوڵەكانی بۆ دەركردنی گۆڕان لەپرۆسەی سیاسیدا ، چونكە ئێستاش هەڵوێستی حزبەكانی تری هاوپرۆژەی گۆڕان زیاتر خۆ دورخستنەوەیە لەروبەروبونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ پارتیدا ، هەڵوێستەكان زیاتر موجامەلەی سیاسیین نەوەك هەڵوێستێكی حەدی بەپارتی بڵێت سنوری خۆت دامەبەزینە . كەسیان تا ئێستاش ئەو جورئەتەیان پەیا نەكردوە .

هەرچەندە كاك نەوە ساڵانێكە لەسەركردایەتیكردنی یەكێتیدا دورەو كەوتۆتە سەر بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكەی ، بەڵام ئێستاش وەكو رابردو كاریگەری بەسەر وەزعی ناوخۆی یەكێتیەوە هەیە ، چونكە هەر نەبێ ئەو یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی و دوای مام جەلالیش بەهێزترین رۆڵی هەیە لەسەر ساحەی كوردستاندا ، بۆیە بەراشكاوی ئەڵێم : بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەچاوی فریادڕەس سەیری ئەكەن و ، ئەو نزیكبونەوەی دواییەش سەلمێنەری ئەو راستییە كەوا یەكێتی پێویستی بەرۆڵی كاك نەوشیروانەوە هەیە .

لەم سۆنگەیەوە گەڕانەوەی كاك نەوە ئەگەر بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەو قەیرانەكانی ئەمڕۆی كوردستان پێویست بێت ، دە ئەوەنندە بۆ یەكێتی زەرورە ، تەنانەت ئەگەر هیچ رێكەوتنێكی سیاسییش لەنێوان یەكێتی و گۆراندا سەرنەگرێت ، بەڵام وجودی كاك نەوە لەسەر ساحەكە ئەمرۆ زۆر پێویستە ، ئەوەتا مەسعود بەرزانی لەغیابی دو سەركردەی كاریگەردا ئینفرادی بەگۆرەپانەكە كردوەو رۆژانە دەیان بریاری دیكتاتۆرییانە دەرئەكات و خۆی وەكو خاوەنی هەمو كوردستان ئەزانێت ، لەولاشەوە هەولی چەواشەكردنی میللەتەكەی ئەدات بەوەی خۆی نمایش بكات وەكو سەركردەی بێهاوتای نەتەوەیی و جاڕی سەربەخۆیی ئەدات وەكو ئەوەی تەنها بەدەستی ئەوەوە بێتەدی .

غیابی كاك نەوشیروان هیچ مانەیەكی نەماوە ، ئەو دوركەوتنەوەو بێدەنگییەی لەگەڵ داوای لێبوردنەوە راكردنە لەمەسئولییەت ، ئەمەش لەكاك نەوە ناوەشێتەوە ، ئەو پیاوی قارەمانی رۆژە سەختەكانی خەبات بوەو سەركردەی مەیدانی روبەروبونەوەی گەورەترین دوژمنانی كورد بوە ، گیان لەسەردەست خەباتی لەپێناو میللەتەكەیدا كردووە ، ئەو میللەتەی ئێستا لەهەمو كات زیاتر پێویستی پێیەتی بێتەوە مەیدان .

یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆران

دوركەوتنەوەی كاك نەوشیروان و بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەنەتیجەی جێبەجێنەكرنی پرۆسەیەكی چاكسازی بوە لەناو یەكێتیدا ، بەهەمان ئەو بەرنامەیەوە كاك نەوە بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد كە جەماوەرێكی زۆر رویان تێكردو پشتگیری بەرنامە چاكسیازییەكەیان كرد . هەڵبەت كاك نەوە ئەگەر ئێستاش لەناو یەكێتیدا بوایە هەمان جەماوەر لەگەڵی ئەبون ئەو وەزعە نالەبارەش بەسەر یەكێتیدا نەئەهات بەغیابی مام جەلالەوە ، چونكە ئەوسا كاك نەوە وەكو جێگری مام ئەیتوانی یەكێتی بەرێوەببات و  بەرنامە چاكسازییەكەشی جێبەجی بكات . لەم سۆنگەیەوە من و هەزاران كەس لەسەركردەو كادیرو جەماوەری یەكیتیش ئەم هەڵوێستەی كاك نەوەیان پێباش نەبوە ، بەتایبەت لەمرۆژگارەدا كە یەكێتی وەكو هێزێكی گەورەی سەر ساحەی خەبات و  خاوەن راپەرین و دەسكەوتەكانی میللەت ئەمرۆ كەوتۆتە ژێربارێكی زۆر قورسەوە  بەغیابی رەمزە گەورەكانی ، بەڵام ئێستاش نەچوە بچێت ، كاك نەوە ئەگەر بیەوێت ئێستا فرسەتێكی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان و هەڵساندنەوەی یەكێتی وگەراندنەوەی رۆڵە گەورەكەی . ئێستا باس لەنزیكبونەوەی یەكێتی و گۆڕاندا ئەكرێت ، تەنانەت لەریكەوتنی سیاسیشیان ، من پێموایە نەك تەنها رێكەوتنی سیاسی یا هاوپەیمانی ستراتیژی ، بەڵكو ئێستا وەزعەكە لەبارە بۆ یەكگرتنەوەشیان . بەتێكەڵبونی جەماوەری هەردولا ، یەكخستنی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان و عیراق ، یەكخستنەوەی رێزی سەركردایەتی یەكێتی و گۆڕان ، یەكێتی زۆر لەپارتیش بەهێزتر ئەبێت ، بە لەبەرچاو گرتنی وەزعی نالەباری ئەمرۆی كوردستان و تاوانەكانی پارتی دژ بەمیللەت و سامانەكەی ، یەكێتی لەهاوكێشە سیاسیەكاندا ئەبێتە هێزی باڵادەست و گەشەی زۆر زیاتر ئەكات ، ئەوسا پارتیش ناتوانێت ئەو حوكمەی ئێستای بكات و هەوڵبدات بۆ دامەزراندنی حوكمی دیكتاتۆرییانەی خۆی لەكوردستاندا ، ئیدی بەبێ شەڕو هێنانی سوپای بێگانە بۆ سەر دامودەزگاكانی كوردستان یەكێتی بەحوكمی جەماورەكەی وەكو هێزێكی مەدەنی ئەتوانێت ململانێ لەگەڵ پارتیدا بكات و ناچاری بكات بۆ ملدان بەرەو دیموكراسی و رێزگرتن لە ئیرادەی جەماوەر ، ئەگەر ئەوەشی نەكرد ئەوە ناسنامەكەی خۆی ئاشكرا ئەكات و بەر نەفرەتی میللەت ئەكەوێ .

بەستنی كۆنگرەی یەكگرتنەوە

بەخوێندنەوەیەكی واقیعیانەی وەزعی ناوخۆی ئێستای یەكێتی ‌ئەتوانین بەراشكاوی بڵێین كەوا سەركردایەتی یەكێتی بەدو ئاراستەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و روداوەكاندا ئەكەن ، باڵی هێرۆخان و باڵی كاك كۆسرەت . هەرچەندە تا ئێستاش وازح نییە تاچەند هەردو باڵەكە لەگەڵ نزیكبونەوەو یەكگرتنەوەن لەگەڵ گۆڕاندا ، بەڵام ئەوەی بەوازحی هەستی پێئەكرێت مەیلی باڵی هێرۆخانە بۆلای گۆڕان تا ئاستی یەكگرتنەوەش . . خۆی لەحەقیقەتیشدا وەزعێك هەیە لەناو یەكێتیدا كەزۆر كەس پێی نازانێت یا نایانەوێت باسی بكەن ، ئەوەیش رای سەركردەو كادیرو بنكەجەماوەرییەكەی یەكێتیە لەئاست ململانێ ناوخۆییەكاندا . لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی دابەشبونێك هەیە بەسەر ئەم دو باڵەی هێرۆخان و كاك كۆسرەتدا بەشێوەیەك ئەتوانین بڵێین یەكسانە . لەسەر ئاستی ئەنجومەنی سەركردایەتی زۆرینە لەگەڵ باڵی هێرۆخانە . لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ناوەندیش كە پەرلەمانی حزبە 80% لەگەل باڵەكەی هێرۆخانە ، كەواتە هەر بریارێك لەناو یەكێتیدا بدرێت  بەپێی پەیڕەو ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی بەبڕیارەكانی مەكتەبی سیاسیشەوە ئەبێ بەزۆرینە بدرێت ، ئەو زۆرینەیەش لای هێرۆخانە . بەمەش ئەگەر باڵەكەی هێرۆخان لە گۆِران نزیكبێتەوە تا ئاستی یەكگرتنەوەش ئەوا لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا زۆرینە بەدەست دەهێنێت ، لەروی جەماوەریشەوە پێموایە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بەگشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی لەگەڵ یەكگرتنەوەدان .

كەواتە باڵی هێرۆخان چاوەڕێی چی ئەكەن و بۆچی بەستنی كۆنگرەیەكی تازەی یەكێتی راناگەیەنن و كۆتایی بەكێشەو ململانێی باڵەكان بێنن و ، لەدوای ئەویش یەكێتی بپەرژێتە سەر پرۆسەی یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕاندا ؟.

بەراشكاوی ئەڵێم باڵی هێرۆخان مەترسییەكی زۆریان هەیە لەباڵەكەی بەرامبەر بەوەی كارێك بكەن كۆنگرە تێكبچێت . تەنانەت هەندێكیان باس لەوەشدەكەن كەوا باڵەكەی كاك كۆسرەت بەو ئیعتبارەی هێزی عەسكەرییان لایە سەركێشییەك بكەن و هەڵدەنە سەر كۆنگرەوە ..

 من ئەم بۆچەنەم پێڕاست نییە ، چونكە بەهیچ شێوەیەك عەقڵم قبوڵی ناكات كاك كۆسرەت كە خۆی بەخاوەنی یەكێتی بزانێت و خۆی و سەركردە عەسكەریەكانیشی ئەوەندە بێڕەحم و بێبەزەیی بن بكەونە سەربڕینی یەكێتی بەكارێكی سەركێشانەوە . هیچ بەمەعقوڵی نازانم كۆنگرەیەك بەحزوری مام جەلال یا لەژێر ناوی ئەوەوە ببەسترێت كەسێكی دڵسۆزی مام و یەكێتی جورئەتی ئەوەی هەبێت بەهێزی سەربازییەوە بچێتە سەری یا كۆنگرە تێكبدات ، ئەمە ئینتحارێكی سیاسییە زیاتر لەوەی سەركێشی بێت .

بۆ رەواندنەوەی ئەم مەترسییەش پێشنیار ئەكەم كۆنگرەكە لەژێر سەرپەرشتی مام جەلالدا بێت ، ئەگەر لەسەر كورسیەكی متحركیش بێت تەنها بۆ كردنەوەی كۆنگرەكە بیهێنن بەمەرجێ هەمو باڵەكان بەشداربن و لەژیر چەتری ئەودا هەرچی كێشەیان هەیە لەناو كۆنگرەدا چارەسەری بكەن ، ئەگەر ئەمە نەكرا با پێشتر رێكەوتنی یەكگرتنەوە لەگەل گۆڕاندا ئیمزا بكرێت و بە یەكەوە بچنە ناو كۆنگرەو جانسێكیش بدەنە باڵەكەی تر بۆ هاتنە رێزی یەكێتییەوە ، یا ئازاد بن لەهەر بژاردەیەك كە ئەیانەوێت چونكە وەزعی یەكێتی لەمە زیاتر تەحەمول ناكرێت ، كێشەو قەیرانەكانی هەرێمیش بەم پەرتەوازەییەوە چارەسەر نابن ، عەرەب حیكمەتێكی هەیە ئەڵێ : تأبی الرماح لو تجمعن تكسرا .. ولو تفرقن تكسرت احادا .. واتە رمەكان ئەگەر بەیەكەوە بن ناشكێنرێن ، بەڵام كە جیابونەوە شكاندنیان ئاسانە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت