ئاریتما موحه‌ممه‌دی : دیموكراسی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین ـ به‌شی هه‌شت .
دیموكراسیی وه‌ك سیسته‌مێكی سیاسیی له به‌شێكی زۆر له وڵاتاندا كێشه سیاسیی و ئابوورییه‌كان ئاڵۆزتر و كێشهزاتر ده‌كات و كه‌سانی خاوه‌ن سه‌رمایه ده‌گه‌یه‌نێته ترۆپی ده‌سه‌ڵات كه پتر وه‌ك به‌شێك له پڕۆژه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا هه‌ڵسووكه‌ت ده‌كه‌ن و پێیان وایه كه دیموكراسیی ده‌توانێ ڕێگاچاره‌ی سه‌ره‌كیی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا بێت ، ئه‌وه له كاتێكدایه كه دیموكراسیی داییم كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی هاوپێچێتی كه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌هه‌ژێنێت و ئاسایشی گشتیی و باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بێ هێز و لاواز ده‌كات . هاوكات دیموكراسیی له هیچ قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا باییخی به چینه‌كانی هه‌ژار و نه‌داری كۆمه‌ڵگا نه‌داوه و به‌رده‌وام به‌شێك له پڕۆسه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا بووه . هه‌روه‌ها له به‌شێكی زۆر له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا دیموكراسیی وه‌ك سیسته‌مێكی سه‌رمایه‌داریی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی جێگیر ده‌بێت كه زاڵ ده‌كرێ به‌سه‌ر ژیان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا ، نه وه‌ك سیسته‌مێك كه خاوه‌ن كولتووری فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگ بێ كه كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئاشتیی و حه‌وانه‌وه بخاته‌ڕێ .
گه‌نده‌ڵیی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی دوو خاڵی سه‌ره‌كیی له سیسته‌می سهرمایهخوازیی و دیموكراسیی دا !
ئه‌و وڵاتانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به سیسته‌می گه‌نده‌ڵیی سیاسیی و ئابووریی ، ده‌سه‌ڵاتێكی دواكه‌وتوو به‌سه‌ریاندا زاڵه و له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌شیاو و بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌چن و كۆمه‌ڵگاش ده‌ستی به زانستی ڕۆژ و كه‌ره‌سته‌ی پێشكه‌وتوو ناگات و ڕایه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بوونیان نییه یانخود ڕۆڵی لاواز ده‌گێڕن . به هۆی بوونی كێشه‌ی زۆری كۆمه‌ڵایه‌تیی و دۆخی ناله‌باری ئابووریی ، ده‌رفه‌تی ئه‌وه بۆ كۆمه‌ڵ نه‌ماوه‌ته‌وه كه ڕۆڵی ئه‌رێنیی خۆی بخاته‌گه‌ڕ و دانیشتوانی كۆمه‌ڵگاش خۆنه‌ویستانه ئیزنی باییخدان به‌و كه‌رسته و تۆڕه كۆمهڵایهتییانهیان له به‌رده‌ستدا نییه ، چونكه دابین كردنی بژێویی ژیان له‌و دۆخه كێشه‌زا، ئاڵۆز و پڕ مه‌ترسییه‌دا باییخی پتری هه‌یه .
بێگومان ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن هه‌رده‌م له بیری ئه‌وه‌دایه كه چۆن كۆمه‌ڵگا و گه‌ل ملكه‌چی ویسته‌كانی خۆی بكات ، یانخود چۆن كۆمه‌ڵگا له ئاست ده‌سه‌ڵات و سامهنهكانیان كه به گه‌نده‌ڵیی كۆكراوه‌ته‌وه بێ ده‌نگ بكات . پێكهاتنی قه‌یران و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و دابه‌زینی ئاستی ئابووریی و ژیان و گووزه‌رانی كۆمه‌ڵ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا پتر باییخ به به‌هاكانی ده‌رهێنانی نان بده‌ن تاكوو ئه‌وه‌كه خۆیان له به‌رامبه‌ر ڕژیم و ده‌سه‌ڵاتێكی خۆپسهپێندا ببیننه‌وه ، كه بتوانێ ڕێگای دابینكردنی بژێویی ژیانیشیان لێ زه‌وت بكات .
نان و ئازادی پێكه‌وه ده‌توانن ده‌سپێكی كۆمه‌ڵێكی به‌ختیار و سه‌ربه‌ست بهێننه كایه‌وه ، به‌ڵام به‌بێ نان ژین و ژیان مسۆگه‌ر نابێت ، واتا گه‌نده‌ڵه‌كان، فاشیسته‌كان و دیكتاتۆره‌كان كه به نادادپه‌روه‌ریی گه‌یشتوونه‌ته لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه نان وه‌ك تیر بۆ كوشتنی هێز و وزه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌كار بهێنن . ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌سپێكی شهلكردنی كۆمه‌ڵ به‌كار ده‌برێت و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه له‌و پیلانانه كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه و به‌رده‌وام به‌كاری ده‌به‌ن .
ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌كان ، فاشیسته‌كان و دیكتاتۆره‌كان دۆخی ئابووریی و ژیان و گووزه‌رانی كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئاڵۆزیی پاڵ پێوه ده‌نێن ، به‌و هیوایه كه كۆمه‌ڵ بێده‌نگ و ملكه‌چی ویست و سیاسه‌ت و ستراتیژییه گهندهڵیكارییهكانیان بكه‌ن . له زۆر وڵات‌دا كه سیسته‌می دیموكراتیی مسۆگه‌ر كراوه ، كه‌چی كۆمه‌ڵێكی هه‌ژار و نه‌دار ، به‌رده‌وام له یاریی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه كه له لایه‌ن گه‌نده‌ڵكارانه‌وه ڕێكخراوه ، به‌شداری ده‌كه‌ن ، ئه‌وه له كاتێك دایه ، كه ئاڵۆگۆڕه سیاسییه‌كانیش له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان پێك نایه‌ت و بگره دۆخی ژیانیان پتر ده‌شێوێنێت و ئاڵۆزتری ده‌كات .
واتا سیسته‌می دیموكراتیی به ته‌نیا ناتوانێ دادپه‌روه‌ریی سیاسیی ، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی مسۆگه‌ر بكات . ئه‌م قۆناغه پێویستی به هێز و وزه‌ی به‌رفه‌راوان هه‌یه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی بیروهزری مرۆڤ بێ نه‌ك سك و چاوی مرۆڤ . ده‌بێ ئه‌و دابونه‌ریته باوانه‌ی كۆمه‌ڵگا بهه‌ژێن كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن تێركردنی سك سه‌رچاوه‌ی ڕیشه‌كێشكردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگایه . مرۆڤی ڕاسته‌قینه پێویستی به‌وه‌یه كه ده‌بێ سكی تێر بێ و بیروهزریشی چالاك ، ئازاد و سه‌ربه‌ست بێ له داڕشتنی هه‌ر چه‌شنه پلانێك بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردن و باشتر كردنی دۆخی سیاسیی ، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا .
مرۆڤ كاتێك له دایك ده‌بێ مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌یه ، به‌ڵام سرووشتی ناساقی كۆمه‌ڵگه و ژینگه مرۆڤ له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی لاده‌دات و تووشی كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی جیاوازی ده‌كات كه به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌مڕۆی جیهان پێوه‌ی ده‌ناڵێنن . ئه‌و دۆخه ناساقهی كۆمه‌ڵگه كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و فاشیست و جیاكار خووڵقاندوویانه كه به ئامانجی ڕاماڵین و كۆكردنه‌وه‌ی هێز و سه‌رمایه‌ی سیاسیی و ئابووریی خستووێتیانهگهڕ . واته ئه‌وه مرۆڤ خۆیه‌تی كه ژینگه ده‌شێوێنێت و خۆی تووشی كێشه ده‌كات . تاكه هۆكاری ئه‌مه‌ش چاوچنۆكیی و سهرمایهخوازبوونی مرۆڤه كه مرۆڤ به‌ره‌و هه‌ڵدێران ده‌بات و باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێ هێز ، كه‌مڕه‌نگ و كهمباییخ ده‌كات .
مرۆڤه فره‌خواز و گه‌نده‌ڵه‌كان هه‌میشه خولیای ئه‌وه‌ن كه له ڕێگای جیاوازه‌وه كۆمه‌ڵ بخه‌نه‌ژێر ڕكێڤ و هه‌ژموونی سیاسیی خۆیان . په‌نابردن بۆ سیاسه‌ت و خۆهه‌ڵواسین به جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و جێنه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ فره‌خوازیی مرۆڤ دێته ئه‌ژمار كه ئاكامه‌كه‌ی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه ئه‌و مرۆڤانه هه‌وڵه‌كانیان له ڕێگای گه‌نده‌ڵییه‌وه پڕۆسه‌ی خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر تاپۆی كۆمه‌ڵگا و وڵات بكه‌نه هه‌تاهه‌تایی .
هه‌وڵه‌كانی بۆ هه‌تاهه‌تایی كردنی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتیش له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چین و كۆمه‌ڵی جیاواز دابه‌ش ده‌كه‌ن . به‌شێك له‌و كۆمه‌ڵانه ده‌به‌ستنه‌وه به جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و له‌و ڕێگانه‌وه به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ سه‌ركوت ده‌كه‌ن و سیاسه‌تی جیاكاریی ده‌خه‌نه‌كار .
ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ ، فاشیست و خۆسه‌پێن به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌كه كۆمه‌ڵگه نه‌توانێ دژایه‌تیی بكات ، سیاسه‌تی شهلهلكردن و كۆڵكردنی كۆمه‌ڵگا داده‌ڕێژێت و هێز و وزه‌ی كۆمه‌ڵ تووشی شه‌له‌لی سیاسیی ، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌كات . ئه‌و كات ئیتر كۆمه‌ڵ خۆی، خۆی له‌نێو ده‌بات و ئاسایشی گشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیش تێك ده‌چێت و ده‌سه‌ڵاتیش به‌رده‌وام به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا به سیاسه‌ت و ستراتیژیی جیاوازه‌وه گیرۆده و ده‌سته‌مۆیان ده‌كات . هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتیژییه ماڵوێرانكهرانهش بۆ فره‌خوازیی ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی گه‌نده‌ڵكاران و… هتد ده‌گه‌ڕێته‌وه .
وه‌ك ئاماژه : هه‌نووكه له كۆمه‌ڵگای ئێران و به‌تاییبه‌ت ئه‌م سیاسه‌ته له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا به‌ڕێوه ده‌چێت و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ، سیاسیی و ئابووریی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی به‌گه‌لی كورد هه‌ڵچنیوه و كۆمه‌ڵ له‌ژێر هێلی هه‌ژارییه‌وه ژیان تێپه‌ڕ ده‌كات . ئه‌م سیاسه‌ته هه‌رچه‌ند نه‌یتوانیوه كه بزووتنه‌وه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌چۆكدا بهێنێت ، به‌ڵام بووه‌ته كۆسپێكی سه‌ره‌كیی له‌به‌رده‌م هه‌ر چه‌شنه خه‌بات و شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ریی كه له ناخی كۆمه‌ڵگاوه سه‌ر هه‌ڵبدات . هێنانه‌ئارای ئه‌م ستراتیژییه له‌لایه‌ن ڕژیمه‌وه له‌پێناو ملكه‌چكردنی گه‌لی كورد له‌هه‌مبه‌ر سیاسهتهكانێتی . ئه‌م سیاسه‌ته له زۆر وڵاتی دیكه‌ی جیهانیش به‌ڕێوه‌چووه و به‌ڕێوه ده‌چێت .
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م پیلانه ئه‌وه‌یه كه چینێكی تاییبه‌ت یانخود بنه‌ماڵه‌یه‌كی تاییبه‌ت له بوواره سیاسیی و ئابوورییه‌كان گه‌شه بسێنێت و له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵگه ملكه‌چی ئه‌وان بێت و پێشكه‌وتن مسۆگه‌ر نه‌كات . هاوكات كۆمه‌ڵ وزه و تۆی شۆڕشگێڕیی تێدا نه‌مێنێت و زوو ملكه‌چی سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات ببێت و نه‌توانێ په‌له‌قاژه بكات و خۆی له كێشه‌كان ڕزگار بكات. گه‌لێكیش نه‌توانێ خۆی ڕزگار بكات په‌نا بۆ وڵاتانی دیكه ده‌بات ، كاتێ وڵاتانی دیكه‌ش له‌و كێشه‌دا تێوه‌گلان ، بیر له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌و كاتیش چاره‌سه‌ریی ئاڵۆز ده‌بێت و ئاشتیی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی مسۆگه‌ر نابێت .
له ئاكامدا كۆمه‌ڵه گه‌نده‌ڵه‌كانیش ده‌بنه به‌شێك له سامانی ئه‌و بنه‌ماڵه یانخود ئه‌و چینه تاییبه‌ته كه ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جوومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیی سیاسیی و ئابووریی وڵات‌دا گرتووه . له زۆر وڵاتی دیموكراتیشدا ئه‌م چه‌شنه له به‌ڕێوه‌بردن له ئارادایه ، واتا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سیاسیی ، سه‌ربازیی و ئابوورییه‌كان له ده‌ستی یه‌ك یانخود دوو پارتی سه‌ره‌كیی وڵاتدان و به‌رده‌وام كۆمه‌ڵ له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار ده‌هێنن ، به‌كار هێنانی كۆمه‌ڵگاش له ڕێگای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیی و ئابوورییانه‌وه‌یه كه له كۆمه‌ڵ وه‌ریان گرتووه و له ڕێگای میدیاوه ده‌یئاخننه نێو مێشك و بیروهزری گه‌له‌كه‌یان .
له زۆربه‌ی وڵاتانی گهندهڵیلێدراو ده‌سه‌ڵات میدیا و ڕاگه‌یاندنی تاییبه‌ت به خۆی ساز ده‌كات و په‌ره‌ی پێ ده‌دات و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی تاییبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتیش بار ده‌هێنێت ، ئیتر میدیا و ڕۆژنامه‌نووسانیش ده‌بنه به‌شێك له پڕۆژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ . چونكه مافی بڕیاردانی هزرییان نامێنێت و به ته‌واوه‌تیی له ڕێگای مووچه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه به ده‌سه‌ڵات . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵانه‌ش وه‌ك به‌شێك له پڕۆژه‌ی دیموكراسیی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌به‌ن و كۆمه‌ڵیش له ده‌نگدانه‌كاندا به‌شداریی ده‌كات .
ده‌سه‌ڵاتیش خۆی به ده‌سه‌ڵاتێكی خزمه‌تكه‌ر و به‌په‌رۆش بۆ گه‌له‌كی نێو ده‌بات . ئاماژه‌دان به ڕژیمهكانی سه‌ددام له ئێراق ، به‌شار له سووریه، ئێران، مباره‌ك له میسر و … هتد ، ده‌توانێ نێۆڕۆكی ئه‌م بابه‌ته بپێكێت . بۆیه دیموكراسیی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی كۆمه‌ڵێك كێشه هاوپێچێتی و له چوارچێوهكهیدا خاوه‌نی هیچ سنوورێك نییه كه بتوانێ گه‌نده‌ڵكاران ڕاپێچ بكات . ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك دڵسۆز و به‌په‌رۆش بۆ گه‌له‌كه‌ی نه‌بێ ، دیموكراسیی ناتوانێ به‌ربه‌ست له‌سه‌ر ڕێی فرهخوازییه سیاسیی و ئابوورییه‌كانی درووست بكات و بگره دیموكراسیی پڕۆژه‌ی سه‌رمایه‌دارییه و ئامانجی سه‌ره‌كیشی ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات وه‌ك كالای به‌نرخ ته‌نیا له‌نێوان خاوه‌ن پێگه‌كان ، سه‌رمایه‌داره‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئاڵووێڵ بكرێت و نه‌كه‌وێته ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان نێویان ده‌نێن پله نزمه‌كان یانخود كه‌سه نه‌ناسراوه‌كان .
گه‌وره‌ترین و مه‌زنترین به‌ربه‌ستیی ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگا خۆیه‌تیی . بێگومان كۆمه‌ڵگا داییم پشتیوانیی له كه‌سانی خاوه‌ن پێگه، خاوه‌ن نێو و خاوه‌ن سه‌رمایه ده‌كات و بیر له‌وه ناكاته‌وه كه ئه‌م ناو و سه‌رمایه چۆن كۆ كراوه‌ته‌وه ! و كه‌سێكی دڵسۆز و بێ‌ناو قه‌د ناتوانێ ڕای كۆمه‌ڵ كۆكاته‌وه و سرنجی كۆمه‌ڵگاش ڕابكێشێت . هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك له زۆربه‌ی وڵاتانی دیموكراسیدا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌چێت، هه‌ر جاره‌و حیزبێك یانخود كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ر به حیزبێكی جیاواز ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت ، به‌ڵام هیچ ئاڵوگۆڕێكی سیاسیی و ئابووریی به‌رچاو و جێی باییخ پێك نایه‌ت كه له قازانجی كۆمه‌ڵگا بشكێته‌وه .
بۆیه پڕۆژه‌ی دیموكراسیی ، ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌رمایه ته‌نیا له ده‌ستی كه‌سانی سه‌رمایه‌خواز و دهسهڵاتخوازتدا ڕاده‌گرێت . واتا ده‌سه‌ڵات له ڕێگای میدیاوه و به په‌لكێشكردنی كۆمه‌ڵ بۆ نێو كایه‌ی دیموكراسیی و له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه یارییه‌ك ڕێك ده‌خات كه براوه‌ی سه‌ره‌كیی ته‌نیا كه‌سانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن سه‌رمایه بن . واتا كه‌سانی خاوه‌ن سه‌رمایه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن و كه‌سانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیش ده‌بنه خاوه‌ن سه‌رمایه . ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراسییه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسیی و ئاڵووێڵكردنی ده‌سه‌ڵات دا . هه‌روه‌ها دیموكراسیی كه ده‌بێته فه‌لسه‌فه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی كۆمه‌ڵ له هێز و وزه داده‌ماڵێت و ئه‌م سیسته‌مه خۆی له‌هه‌موو پرسه‌كانی تاییبه‌ت به كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا سه‌ربه‌ست و ئازاد ده‌كات .
درێژه‌ی هه‌یه …
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت