شەماڵ عادل سەلیم : ئەگەر شوانیتان پێ ناکرێ لۆ شوانی دەکەن ؟
بەڕاستی ئێمەی کورد شەڕ بە بەغدا دەفرۆشین ، لەلایەک خەریکی ریفراندۆمین وخۆمان بۆ جاڕدانی دەولەتی کوردی ئامادە کردووە ، لەلایەکی دیکەش جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عیراق و شەراکەتی ڕاستەقینە دەکەین و ، وەک بنێشتی کوردی بە پرچ و سەرو سمێل و مێزەرە و لێچەک و چارشێو و عەبای خوشک و برا چاوڕەشەکانمان نوساوین و لێ یان نابینەوە .
پێش ماوەیەک نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ی بەتەمای خودا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری سەردانەكەیانی بۆ بەغدا خستەروو رایگەیاند بەغدا لەقەیراندایەو هیچ پارەیەكی نیەو( موفلیسە ) ، بۆیە ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت ، هەربۆیەش گەڕانەوە بۆ بەغدای موفلیس هیچ سودێکی نابێت .
کەچی بە ناچاری دوای ئەم لێدوانانە ، بارزانی چەندین جاری دیکەش بەیاوەر شاندی هەرێمی بەتەمای خودا لە دەرگاكەی بەغدای داوەو سەرەدانیان کردوون و بەوهیوایەی کە بەغدای ( موفلس ) دڵی نەرم بێت و چارەی دەردی هەرێمی ( زەنگین ) بکات و لەوقەیرانە دارییەی کە هەرێمی تێ کەوتووە دەریبینێت ، هاوکات نوینەرانیشیان لە بەغدا ئاگادار کردۆتەوە کە کۆڵنەدەن و پێ لەسەر ئەم خاڵانە دابگرن :
یەکەم ـ جەختکردنەوە لەسەر بنەمای شەراکەتی کورد لە پرۆسەی سیاسی وەک نەتەوە ، نەک وەک کیان و حیزبی سیاسی .
دووەم ـ یەکهەڵوێستی کورد بۆ کۆی ئەگەر و ئەو گۆڕانکارییانەی لە حکومەت و دەوڵەتی عێراقدا بڕیارە ئەنجامبدرێت .
سێیەم ـ جەختکردنەوە لە چەسپاندنی رێژەی (20%) ی بەشداری کورد لە کۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق ، هاوشێوەی رێژەی لە ئەنجومەنی نوێنەران کە (20%) ە .
چوارەم ـ هیچ لایەن و کاندیدێک بۆی نییە لە دەرەوەی لایەنە سیاسییە بەشدارەکان کاندید پێشکەش بکات و هەنگاوێکی لەوشێوەیە دەرچونە لە ئیجماعی نیشتیمانی و نوێنەرایەتی شەخسیە و بەهەمو شێوەیەک رەتدەکرێتەوە .
پێنجەم ـ پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بکرێ بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا .
نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ، کە کێشەی سەرەکی هەرێمی بەتەمای خودا لە هەرێم و لەدەرەوی هەرێمیش ، زۆری کێخواییە ، دەنا ئەو پێکوتان و ئەم هەموو داواکاری و دەرگا لێدان و پاڕانەوەیە لە بەغدایەکی ( موفلیس ) مانای چییە ؟
لەوەش سەیروسەمەرەتر ، لەساڵرۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفال ( 14 ی نیسان ) لەبری هەولدان بۆ باشترکردنی باری ژیان و گوزەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و دەستگیر کردنی تاوانبارانی کەیسی ئەنفال کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی تایبەت لە عیراق بریاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە ، لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی ڕێگەنەدان بە دانیشتنی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر کورسییە نەرم و گەرمە تایبەتییەکانیان و شکاندنی تابلۆی ناوەکانیان گرژی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیستە عەرەبییەکاندا دروست بوو ، کە بە شەرە ( بوتل ) کۆتای بە گرژییەکە هات و ، یادەکەش خۆیان خۆش .
ئەمرۆش هەوالێکم بیست گوایە جەماعەت خەریکی ناردنی شاندێکی پێنج قۆڵین بۆ پاڕانەوە لەبەغدا ، گوایە ئەمە دوا هەوڵی هەرێمی بەتەمای خودایە و گەر ئەنجامی نەبوو وەک سەرەدانەکانی پێشوو تر ، ئەوا بە بێ سێ و دوو هەرێم ( سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەینێت ) و لۆ خۆمان دەبینە ساحێب ( دەولەتی سەربەخۆی خۆمان ) .
لەکۆتایدا بەباشی دەزانم بە پەندێکی بەنرخی ( حەمەشێتی ) هەولێری کە لە سیاسەتمەدارەکانیی ئەمرۆی هەرێمی بەتەمای خودا راستگۆترو ، ژیر ترو ، عاقل تر بوو کۆتایی بەم چەند وشەیە بهێنم و پەندەکەی دووبارە بکەمەوە و ، بە حکومەتە ڕەشیدەکەمان بڵێم : ئەگەر شوانیتان پێ ناکرێ لۆ شوانی دەکەن .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت