دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : دەوڵەتى کوردى خەونى هەمووانە نەک شاعیران .
خەیاڵى زانستى
لاتان سەیرنەبێت ئەگەر بڵێم لەم دواییەدا بەووشەى سیاسەت وسیاسى توشى هەستیارى ( حەساسیەت ) ئەبم هەربۆیە خۆم بەدووردەگرم لەناوبردنى ئەم دەستەواژەیە ، هەڵبەتە وشەى سیاسەت وسیاسى هەردوو بەرە دژبەیەکەکە بەباش وخراپ ئەگرێتەوە ، بەسیاسەتمەدارو سیاسەتبازیشەوە ، سیاسەمەدارەکان مێژووى مرۆڤایەتى ئەخوڵقێنن وسیاسەتبازەکانیش مێژووى دژە مرۆڤایەتى .
لەترسى ئەوەى توشى هەستیارى ( حەساسیەت ) نەبم بەگوێبیستنى هەواڵە سەیروسەمەرە سیاسی ، کۆمەڵایەتى ، زانستى ، ئابوورى وداراییەکانى کوردستان ، سێ حەبى حەساسیەتم (هەستیارى) بەیەکەوە خوارد ئەوەندە گێژى کردم خەونم بەدەوڵەتى کوردیەوە بینى ، بەڵام ئەو دەوڵەتەنا کەسیاسى وحیزبە کوردستانیەکانى ئێستا بانگەشەى بۆئەکەن ! بەڵکو ئەو دەوڵەتەى خەونى هەمووانە .
هەرچەندە ئەم خەونە خەیاڵکى زانستیە بەڵام گشت کات خەیاڵەزانستیەکان هاتوونەتەدى ، تا ئەم خەونە بەڕاستى دێتەدى خەونى هەموومانە نەک بەتەنیا شاعیران ! .
لەخەونەکەمدا هیچکام لەم حیزب وبەرپرسانەى ئێستاى کوردستان نەمابوون ، هاوڵاتى سادە لەبەرپرسەکان ئارام وئاسوودەتر بوون ، کەس باسى سەروەریەکانى ڕابردووى نەدەکرد ، هاوڵاتى وبەرپرسان ڕزگاریان ببوو لە عقدەى وەبیرهێنانەوەى ڕووداوە ناخۆش ودڵتەزێنەکان !، وشەى شەهید وئەنفال تەنیا لەقاموس ومۆزەخانەکاندا مابوون ! بەڵام هەموو مافێکیان پارێزراو بوو وەک هەرتاکێکى کۆمەڵگا ، شوێنێک نەمابوو بەناوى منظمە ،مەڵبەند ، لق و … تاد ، ڕێزوحورمەت گەڕابۆوە بۆ زانست وزانکۆکان ، بیدعەى پاشەکەوتکردنى مووچە (چارەکەمووچەو نیومووچە) نەمابوو ، دەوڵەتەکە بەناو دەوڵەتى کوردى بوو لەڕاستیدا عەقڵیەتى خەڵکى هزرى بنەماڵەو خێل ونەتەوە وئایدۆلۆجیاشى بەزاندبوو ، خەڵک وەک مرۆڤ بیرى دەکردەو دەژیا ، خەڵکى ( کوردوکەمایەتیەکان ) بەگشت بیروبۆچوونە دینى ، مەزهەبى وئایدۆلۆجیە جیاوازەکان ڕێزیان لەیەکتر دەگرت ، بۆ ژیانێکى پرئاسودەو خۆشگوزەرانى کاریان دەکرد .
لەمیانەى قسەکردنم لەگەڵ هاوڵاتیەکى سادە سەرسوڕمانى خۆمم دەربڕى لەگەیشتن بەو ئاستە سیاسى ، ئابوورى ، کۆمەڵایەتى وزانستیەى تێدابوون ! باسى بنەماکانى بەدەوڵەتبوون وقەیرانە یەک لەدواى یەکەکانى ئێستاى کوردستانم بۆکرد ، باسى ئەو هەوڵانەى ئێستاى شارەزایان وخەڵکیم کرد بۆ دەربازبوون لەقەیرانە دروستکراوەکان ، باسى لێکۆلینەوەو بۆچونەکانى خۆمم بۆکرد سەبارەت بەکۆمەڵگاى کوردى ئێستا کەکۆمەڵگایەکى پاش زەبر بووە بەئیمتیاز ، باسى زنجیرە نوسینەکانى کۆمەڵگاى پاش زەبرم بۆکرد (هاوڵاتى ، سەرمایەدار ، ڕۆشنیر ، رۆژنامەنووس ، نوخبە ، سەرۆک وبەرپرس و … تاد ، بەعەقڵیەتى پاش زەبر ) پەروەردەکردنى کۆمەڵگاشم بەگشت چینەکانیەوە بەتاکە چارەسەر زانیوە .
زۆر بەسادەیى وهێمنى ووتى بەڵى ڕاستە بارودۆخى سیاسى ، ئابوورى ، کۆمەڵایەتى وزانستى ئێمە زۆر لەوەى ئێستا باسى دەکەیت خراپتربوو ، ئازادى ومافەکانى مرۆڤ درۆیەکى جوانى بەرپرس وبەناو سیاسیەکانمان بوون ، بەڵێ وەک باستکرد کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکى پاش زەبربوو بەئیمتیاز ، وامانزانى بەسەرلەنوێ پەروەردەکردنى تاک ڕزگارمان ئەببێت لەو عەقڵیەتە نەخۆشە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر ئەبوو ! ..ئەزانى بۆ …لەپەرۆشى بۆ باسکردنى بابەتەکە نەیهێشت بڵیم بۆ ؟ بەردەوامبوو لەقسەکردنەکەو ووتى لەبەر ئەوەى عەقڵیەتى بەناو سیاسى وبەرپرسەکان وەک خۆى مابوو ! کەسیش نەى ئەویرا ئەو ڕاستیە بدرکێنێت لەترسى ژیانى خۆى ! با عەقڵیەت وهزرو فیکرى کۆمەڵگاش بگۆڕێت ، لەنەگۆرینى عەقڵیەتى بەرپرس وسیاسیەکان هەموو هەوڵەکان نەزۆکن ، بەهەشتێک بۆخۆیان ونەوەو بنەماڵەکانیان ئەخوڵقێنین جەهەنەمێکیش بۆ هاوڵاتى ، بۆیە بیرمان لەدروستکردنى ئامێرى کات ( Time machine) کردەوە بۆ گەرانەوە وپێشخستى کات تاڕزگارمان ببێت لەعەقڵیەتى پاش زەبرى بەرپرس وبەناو سیاسیەکان وپێشهاتە ناخۆش ودڵتەزێنەکان .
دواى گەڕانەوەى کات بۆ ڕابردویەکى دوور واتا بۆ چەند وەچەیەک پێش لەدایکبوونى بەناو سیاسى وبەرپرسە باڵاکانمان توانیمان لەڕێى سەرلەنوى پەروەردەکردنیان ڕزگاریان بکەین لەعەقڵیەتى پاش زەبرى دەروونى وفیزیکى ، تابتوانن هزرى بنەماڵەو خێل ونەتەوە وئایدۆلۆجیا وەلانێین ، وەک مرۆڤ بیربکەنەوە وهەڵوێستەبکەن لەپێناو بونیادنانى ژیانێکى پڕئاسوودەو خۆشگوزەرانى بۆ گشت خەڵکى ، نەک بەتەنیا بۆ نەوەو بنەماڵەو خێڵ ، بێ ئەوەى یەک دڵۆپ خوێن لەلوتى تاکێکى کۆمەڵگا وبەرپرسێک بڕژێت ، ئابەم شێوەیە توانیمان دەوڵەتى کوردى سەرلەنوێ ڕابگەیەینینەوە ، نەک بەتەنیا کورد بەڵکو توانیمان کەمایەتیەکانیش لەنارەحەتى ژیان بپارێزین وسەرلەنوێ ماناى ژیان پێناسە بکەینەوە ، لەبوونى عەقڵیەت وهزرى بنەماڵەو خێڵ دەوڵەتى کوردى دۆزەخ بوو بۆ هاوڵاتى وخاک ونیشتمان .
بەداخەوە پیش ئەوەى بپرسم چۆن ئەو ئامیرى کاتەتان ( Time machine) دروستکرد خەبەریانکردمەوە بۆ ئەوەى بڕوم بۆدەوامى ڕۆژانەى نەخۆشخانە .
تاکە ڕاستى خەونەکەى من : ئەم ڕاستیە دڵتەزێنە ترسناکەیە !، پێویستە زۆربەى هەرە زۆرى سیاسى وبەرپرسان سەرلەنوێ خۆیان پەروردە بکەنەوە ((( تکایە سیاسیەکان ، بەرپرسەکان سەرلەنوێ خۆتان پەروەردە بکەنەوە))) چونکە لەنەبوونى ئامیرى کاتدا ( Time machine) بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هیچیترمان پێناکرێت ، کات یانى بەردەوامبوونى ژیانى ئادەمیزاد ، تاکات بمێنیت ژیان وگۆڕانکاریەکانى بەردەوام دەبێت ، بەڵام بەنەمانى ژیانى ئێمەوئێوە کات لەناوناچێت ، هەربۆیە بەبەردەوامبوونى کات ژیانى نەوەکانى دواى ئێمەو ئێوە دەستپێدەکات بەبوون نەبوونى ئێمەو ئێوە ، تکایە، تکایە، تکایە سەرلەنوێ ژیان وخۆشگوزەرانى پێناسەبکەنەوە ، نەک لەبەر ئێمەو نەوەکانمان بەڵکو لەبەر خۆتان ونەوەکانتان .
ئایا ئێوە ئەزانن خەڵکى ئەم وڵاتە بەچ فۆرمێک وێناتان ئەکات ؟ بەداخەوە ئەوەى من لێى دڵنیام ئەو وێنە جوانە درەوشاوەیەنییە کەلەخەیاڵى خۆتاندایە .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت