بورهان شێخ ڕەئوف : جۆ بایدن و دوو فاقیى سیاسى …
هەروەکو ڕوون و ئاشکرایە بارودۆخى عێراق لە ئێستادا لە قۆناغێکدایە ، کە چاوى هەموو جیهانى لەسەرە و ئیرەیى پێ نابرێت . بۆیە هەر لە مانگى نیسانى ڕابردوودا سێ بەرپرسى پلە باڵاى ئەمریکا سەردانى عێراقیان کرد . جارى یەکەم وەزیرى دەرەوە جۆن کیرى ، دواى ئەویش وەزیرى بەرگرى ئاشتون کارتەرو ، دواترینیان جێگرى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا جۆبایدن بوو ، کە بە پێچەوانەى هەموو عورفى دیبلۆماسى و پرۆتۆکۆلێک لە فڕۆکەخانەى بەغداد لە لایەن باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق پێشوازى لێکرا ، کە ئەمەش بووە مایەى گاڵتەجارى بە سەروەرى عێراق و دەوڵەتەکەى ، هەروەکو پێشووتریش وەزیرى بەرگرى لە لایەن چەند ئەفسەرێکى ئەمریکیەوە پێشوازى لێکرا .
بەهەرحاڵ ئەم سەردانانە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە عێراق بە سەختترین و دژوارترین قەیرانگەلێدا دەڕوات کە لە مێژووى سەدساڵەى خۆیدا ئاوا تێوەنەگلاوە چ قەیرانى سیاسى بە پێکهێنانى کابینەى تکنۆکرات و نەمانى متمانە لە نێوان لایەنەکان و بەتایبەتى ناکۆکى ناو ماڵى شیعە کە لە 13 ساڵى ڕابردوودا زۆر شانازیان پێوەدەکرد و چ قەیرانى دارایى بەهۆى داکشانى نرخى نەوت و شەڕى داعش وڕووداوەکانى ئەم دواییەى خورماتو نێوان میلیشیا شیعەکان و پێشمەرگە و … تد .
بەڵێ ئەوەى مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا تیشکى بخەمە سەر زیاتر سەردانەکەى بەڕێز جۆبایدن ى خاوەن بیرۆکەى دابەشکردنى عێراق بوو لە چەند ساڵى پێشوودا ئیستا هاتووە پشتیوانى ئیدارەى ئۆباما بۆ ڕیفۆرمەکانى حکومەتەکەى عەبادى ڕابگەینێت و پشتگیرى تەواوى حکومەتى ئەمریکا بۆ یەکپارچەیى خاکى عێراق و درێژەدان بە شەڕ دژ بە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) تا سەرکەوتن بەسەریاندا و چى تریش پێویست بکات لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هەمان مەبەست بکرێت .
لە هەمان کاتدا ئەوەى جێگەى نیگەرانى ئەمریکیەکانە لەم کاتەدا کەنایەنشاردۆتەوە دەترسن هەر دەست بەردانێک و خەمساردیەک لە پشتگیرى حکومەتەکەى عەبادى ببێتە هۆى داڕمان و بشێوى گەورەو تواناى بەرنگاربوونەوەى داعش سنوورداربکات وناکۆکى گەورە و قووڵتر لە نێوان لایەنەشیعیە توندڕەوەکاندا سەرهەڵبدات کە لە هەوڵ و تەقەلاى ئەوەدان هەریەکە خۆى ببێتە خاوەنى بڕیار لە بەغداد بۆیە ئەوان ئەمریکیەکان بۆیە پشتگیرى عەبادى دەکەن تاوەکو بتوانێت حکومەتێک پێک بهێنێت کەهەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە کە ئەمەش پێچەوانەى خواستى ڕەوتى سەدرو خۆپیشاندەرانە کە داواى نەمانى پشکپشکێنەى تائیفى دەکەن ، بۆیە ئەمریکیەکان پێداگیرى لەسەر ئەوە دەکەن لە کاتى ئازادکردنى مووسڵیشدا کە ئامادەکارییەکان لە کۆتاییدایە بۆ ئەنجامدانى نابێت هێزە شیعیەکان بەشدارى بکەن .
هەروەها دیموکراتەکان واتە ئیدارەى ئیستاى ئەمریکا دەیانەوێت چۆن لە خوولى دووەمى هەڵبژاردنى ئۆبامادا کوشتنى ئوسامەبن لادانیان قۆستەوە دەیانەوێت ئیستاش سەرکەوتن لە شەڕى داعشدا بۆ هەمان مەبەست بەکارببەن .
بابێینەوە بۆ ئەسڵى مەبەستى بابەتەکەم لێدوانو یۆچوونەکانى جۆبایدنە کە لە گەڵ کاربەدەستانى عێراقدا پێداگیرى لە سەر یەکێتى نیشتمانى عێراق دەکاتەوە کە خۆیشى هەمووان دەزانیین باوەڕى پێی نیە و لێدوان بۆچوونەکانێتى بۆ کارمەندانى باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدادو هەروەها سەربازە ئەمریکیەکان کە لەناو میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە کە وتوویەتى ئێوە بۆیە لێرەن بۆ پارێزگارى لەوانەى کە ئتنیک و ئایین وپێکهاتەى جیاوازن کاتى خۆى بە زۆر بەیەکمانەوە لکانن و دەوڵەتمان بۆ دروست کردن .
بەڵى زۆر ڕاست دەکات جەنابى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ئەوە ناووک و چاوگى هەموو کێشەکانە مەخابن بۆ بایدن کە لە وڵاتێکى وەکو ئەمریکادا کە لانکەى دیموکراتیەت و گەلێک شتى ترە لە دایک بووەو پەروەردە کراوە بەڵام لە بەر چ بەرژەوەندى و فاکتەرێکە بۆ؟ ؟ بەرەڤاتى لە بۆچوونەکانى خۆى ناکات کە پێشتریش پێشنیارى کردن و دواتر پاشگەز بووەوە لێ ى چونکە ئەوە ماکى هەموو دەردەکانى ناوچەکەیەو بە چارەسەرکردنى ئاو بەم ئاگرەدا دەکرێت .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت