جەمال نەبەز : شەڕی مووسل گەمەی زاڕۆکان نییە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لە چەند هەڤپەیڤینێکدا پار و ئەمسال لەگەل میدیاکاری هێژا مستەفا خەلیل بۆ رادیۆی کوردیی ئوسترالیا ، هەروەها لە گۆتارێکمدا لەسەر رووپەلی ئەم دیوارەی خۆم لە رۆژی 25 -1 ، 30 – 3 ی ئەمسالدا ، لەژێر سەرنێوی ( کورد وەک کەواسۆری هیچپێنەبڕاوی بەرلەشکر ) ، بێپیلانیی و هەلەشەکارییی سەرکردەکانی هیزبە کوردییەکانی باشوورم خستنەبەرچاو ، کە بێ هەلسەندگاندنی هەلومەرجی نێوەکیی و دەرەکیی و ، بێ ئامادەکارییی سەربازیی و دارایی ، کوردیان لەشەڕی ( دەولەتی ئیسلام ) ـەوە گلاند و لە ئەنجامی ئەوەوە کۆمکوژیی لە کورد کرا و ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە پێشمەرگەی گەنج و ئازا ، کە لە جیاتیی زلهێزەکان و دەولەتە دراوسێکانی کوردستان رووبەڕووی لەشکرێکی پشتیواندار و پڕچەک بوونەوە و ، ژیانیان لەدەستچوو ، بێ ئەوەی لە ( ئافەرین ئافەرین کردن ) وپێدانی هێندەک چەک و چۆڵی سووکەلە بەولاوە هیچ جۆرە نرخێکی بەرچاو بۆ خوێنبەختکردنیان دیاریکرابێ ، تەنانت بەلێنێکی جێێ باوەڕ بۆ چارەنووسی خەلکی کوردستان وەک پاداشتێک نەدراوە .
بە پێچەوانەوە ، ئەمریکا و ئەورووپا و رووسیا ، لەجیاتیی پاداشت هەر باسی ( یەکێتیی خاکی ئێراق ) و ( پاراستنی سەروەرێتیی دەولەتی ئێراق دەکەن ) ئێستەش ماوەیەکە باسی ( رزگارکردنی مووسل ) زۆر بەگەرمیی لەلایەن دەسەلاتدارانی دژبەیەکیی شییئەو سوننی ئێراقەوە هاتووەتە پێشەوە ، کە هەردووکیان چاویان بڕیوەتە پێشمەرگە بۆ یارمەتیی ، گەرچی هیچ لایەکیان توێژاڵێکی گچکەی کێکەکە بەکورد رەوا نابینن ، بەلکو هەڕەشەی ئەوە دەکەن ، ئەگەر کورد واز لە ( ئیبتزاز – کە بە زمانی کوردیی رووتاندنەوە دەگەیەنێ ) نەهێنن ، ئەوا واز لە بەشداربوونی پێشمەرگە دەهێنن . واتە پێویستیان بە کورد نییە .
کاک مەسئوود بارزانیش کە ماوەیەکە کەوتووەتە باسی ( گشتپرسیی ) و ( سەربەخۆییی کوردستان ) و چەند جارێک گوتوویەتی ( شەڕ و خوێنڕێژیی ئەمجارە دەبێ هەر بۆ سەربەخۆییی کوردستان بێ ) و ، لە بارەی بەشداریی کوردەوە لەشەڕی مووسلدا گوتوویەتی : کورد بە مەرج بەشداریی شەڕی مووسل دەکا و ، پێشنیازی ئەوەی کردووە ستانی مووسل ( کە سەددام نێوی نا نەینەوا : ج . ن ) هێندێکی بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ، ئەوی دیی بکرێ بە چەند هەرێمێک ، یکێکیان بۆ ئێزدیی و شەبەک و ، ئەوی دیی بۆ دیانەکان و ترکمانەکان و ، ئەوەی دەمێنێتەوە وەک ستانی مووسل ببێتە هەرێمێک .. ئەوەی راستیی بێ دابەشکردنی ( نەینەوا ) چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکا ، وەک چۆن جیاکردنەوە ی دهۆک و چەند نێوچەیەکی دیکەی بادینان لە مووسل ، هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد .
ستانی مووسل لە رووی مێژوویی و جۆگرافیایی و ئابۆریی و ژیارییەوە بەشێکە لە باشووری کوردستان و ، لەسەردەمی کۆن و تەنانەت لەسەردەمی ئۆسمانیشدا هەروا بووە . لەسەردەمی شانشینییشدا زۆربەی خەلکی ستانەکە کورد بوون و ئارەبزمانەکان بەزۆریی هەر لەنێو شارەکەدا نیشتەجێبوون . رێی راست ئەوەیە هەموو مووسل بخرێتە سەر هەرێمی باشووری کوردستان و ، ئەوجا بکرێ بە چەند نێوچەیەکی نابنکەیی ( سەرنج : وشەی نابنکەیی بەرامبەر لامەرکەزیی بەکاردەبەم : ج . ن ) . کە سیستەمی نابنکەیی بۆ هەموو کوردستان ، نەک هەر بۆ یەک شوێن بەلای منەوە سیستەمێکی گونجاوە . دیانەکان و سوننە ئارەبزمانەکانی مووسلیش دەزاننن کە لە رۆژانی تەنگانەدا کێ فریایان کەوتووە و کێ دالدەی داون . لەبەر ئەوە ترسیان نەبێ لەدواڕۆژی خۆیان . جا ئەگەردەسەلاتدارانی کورد گوێنەدەنە چارەنووسی کێشەکە و هەروا تێبڕە و تێکوتە بکەونە شەڕەوە ، بە دلنیاییەوە ، کوێرەوەرییەکی دیکە تووشی کورد دەبێ و ، بە لێدانی پارلەمەنتارانی کورد لە بەخدا تەواو نابێ . ئەوانەش کە خەیالیان ئەوەیە ، بێ کورد مووسل بخەنەوە ژێر دەست خۆیان ، دەبێ بزانن شەڕی مووسل و (دەولەتی ئیسلام ) ، گەمەی زاڕۆکان نییە و ، وەک داگیرکردنی ( نێچەی سەوز ) ی بەخدا ش نییە ، پێویستە جارێ لەخۆیان بپرسن : باشە بە کوێدا دەیانەوێ بچنە مووسل ؟
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە و ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە