دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : ڕاستیەکانى ئێمە لەدرۆدان .
کاتێک ڕاستیەکانى کۆمەڵگا لەدرۆوە بخولقێنرێت وەک ئەوە وایە بەفەلسەفەى دۆر بڕوات بەڕێوە ، کۆمەڵگایەک بەزۆرەملێ و بەزەبرى یاسا درۆت پێبکات ئەبێ بەچ کۆمەڵگایەک ناوبنرێت ؟ ئەبێ تاوان وبەرپرسیارێتى کێ بێت ؟ ئەبێ چاوەڕوانى چ داهاتوویەکى ڕوون وباشى لێبکرێت ؟ .
هەڵبەتە درۆکردن : بەواتاى ساختەکردنى کەمێک یا تەواوى ڕاستی دێت ، یاخود دروستکردن و گێرانەوەى ڕووداى نوێ دوور لەواقیع بەمەبەستى فریودان و گەوجاندن لەپێناو ئامانجێکى جەستەیى ، دەروونى ، کۆمەڵایەتى ، ئابوورى وسیاسى دیاریکراو ، پێچەوانەى ڕاستگۆییە ، لەگشت ئاین و یاسا گەردونى و جیهانیەکان قەدەغەکراوە ، ئەشسێت درۆ سادەبێت بەڵام کاتێک گەشە ئەکات و پەرە ئەسێنێت لەسادەیى دەرئەچێت و ئەبێتە نەخۆشى ، ترس و کارەسات لەوەدایە درۆ بچێتە ناخى کۆمەڵگاوە دواتر ببێتە دیاردە واتا بەزۆرەملێ و بەزەبرى یاسا درۆت پێبکەن وەک ئەوەى ئێستا لەکۆمەڵگاى کوردستانى باشور ئەگوزەرێت .
لەبەر هەستیارێتى کۆمەڵایەتى نەشتەرگەرى چاندنى گورچیلە ، لیژنەیەکى هەمەلایەنى زانستى ، کۆمەڵایەتى ، یاسایى دروست بووە بۆ هەڵسەنگاندنى یەک بەیەکى نەخۆش و ئەو کەسانەى گورچیلە ئەبەخشن ، یەکێک لەو پرسیارانەى ئاڕاستەى کەسى گورچیلەبەخش دەکرێت .
چى وایلێکردویت گورچیلەکەت ببەخشیت ؟ گشت جار وەڵامەکە بەم شێوەیەیە : ئەمە کارێکى مرۆڤدوستانەیەو ئەمەوێ ژیانى کەسێک لەمردن ڕزگاربکەم .
پرسیارى دووەم بەبێ بەرامبەر گورچیلەکەت دەبەخشیت ؟ بێگومان وەک وتم : ئەمە کارێکى مرۆڤدۆستانەیە وەک خێریک ئەم کارەدەکەم .
بۆ یەکەمجار گورچیلەبەخشێک بەڕاستگۆیانە وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە ! کەپێم ووت : چى وایلێکردویت گورچیلەکەت ببەخشیت ؟ ووتى : لەبەر دوو هۆى سەرەکى یەکەمیان ئەمە کارێکى مرۆڤدۆستانەیە یارمەتى کەسێک ئەدەم و لەمردن ڕزگارى ئەکەم ، دووەم بارى دارایم زۆر خراپە بەو پارەیەى وەرى ئەگرم کەمێک بارى دارایمى پێ باش ئەکەم و تاماوەیەک خاوخێزانى پێ بەخێودەکەم ! .
لەبەر ئەوەى ڕاستگۆ بوو ڕازى نەبووین لەسەر بەخشینى گورچیلەکەى ! ، لەلایەک دڵخۆشبووم کەکەسێکى ڕاستگۆم بەدیکرد وە لەلایەکى ترەوە دڵتەنگبووم کەنەمتوانى یارمەتى بدەم وکارەکەى بۆ ڕاپەرێنم ، دڵنیاشم لەداهاتوودا بەزۆرەملێى ئێمە درۆئەکات بۆئەوەى خیزانەکەى لەوقەیرانە دەربکات .
ئەگەر بپرسین ، بۆ ؟ بۆ داواکاریەکەمان بۆ جێبەجێ نەکرد ؟ لەبەرئەوەى ڕاستگۆیى ئێمە لەدرۆدایە ! ، ئێمە کۆمەڵگای درۆین و حەز بەدرۆئەکەین ، بەدرۆ گەشە ئەکەین ، ئەتوانم بڵێم نەک کۆمەڵگاکەمان تەنانەت یاساش لەم وڵاتە درۆیەکى قەبەیە ! سیستمى حکومڕانى بەزەبرى یاسا سادەو کرچەکان درۆت پێدەکات لەبرى چاککردنیان .
بەپێى یاسا نابێت کەسى گورچیلەبەخش بەبەرامبەر ئەو کارە بکات ، باشە ئەى ئەو نەخۆشەى پێویستى بەگورچیلەیە چیبکات ؟ ….بمرێت ؟ بۆ لەڕاستیدا کەس هەیە گورچیلەیەک بەبێ بەرامبەر ببەخشێت ئەگەر پەیوەندیەکى نزیکى لەگەڵ نەخۆشەکە و کەسوکارى نەبێت ؟ نەک عەقڵیەت و هزریشمان نەگەیشتوە بەو ئاستەى گورچیلەى مردوەکانمان ببەخشین بەو مرۆڤانەى چاوەڕێى مردن ئەکەن ، تەنانەت یاساکانیشمان لەو ئاستە پیرۆزەدانین ، ئەى کەواتە چیبکەین ؟ درۆ بەخەڵکى بکەین ! یان هەوڵى چاککردن بدەین .
ئەگەر بەلۆجیک بیربکەینەوە نەک کیلویەک تەماتە ، بەڵکو یەک تەماتەشت لەبازاڕ بەبێ بەرامبەر دەست ناکەوێ ، ئەى کەواتە بۆ ئەبێت بەخشینى ئەندامێکى گرنگى لەش بەبێ بەرامبەر بێت ؟ من لەگەڵ ئەوەم لایەنە مرۆڤایەتیەکە زاڵبێت بەسەرلایەنەکانى دى ، بەڵام بەم شێوەیەى ئێستا زوڵم لەو نەخۆشانە دەکەین کەپێویستیەکى زۆریان بەگورچیلەیە و خەڵکى هاندەدەین درۆبکەن ! لەبرى دانانى یاساو ڕێنمای تایبەت بەبەخشین و فرۆشتنى گورچیلە کەلەبەرژەوەندى نەخۆش و هاوڵاتیدا بێت ، خۆ ئەگەر لەمەودوا گەشە بەکلتورى پێدانى گورچیلەو ئەندامەکانى ترى مردوەکانمان بدەین بەمەرجێک بەیاسا ڕێکبخرێت زۆر باشترە لەوەى خۆمان سورئەزانین دەڵاڵى گورچیلەکڕین و فرۆشتن چى لەگورچیلەکڕ و گورچیلەفرۆش دەکات ! .
درۆکردن لەلیژنەى بەخشینى گورچیلە بابەتێکى زۆر بچوک و بێبایەخە بەراورد بەدرۆکردن لەگشت سێکتەر و کایەکانى ترى ژیانى کۆمەڵگاى کوردى لەباشورى کوردستان ، ئەم کۆمەڵگایە سەرتاپا بەدرۆ ئەڕوات بەڕێوە ، درۆ لەهەرسێ دەسەڵاتەکەى کوردستانەوە ( دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى ، دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەگشت دامەزراوەکانیەوە ، دەسەڵاتى دادوەرى ) شۆربۆتەوە بۆخوارەوە بۆ ناوخەڵکى و سەپێنراوە بەسەریاندا ، هەمووشمان ئەزانین کێ بەرپرسە لێى ؟ .
ئەگەر لەپیشەکەى خۆمەوە دەستپێبکەم وەزارەتى تەندروستى واپشانى خەڵکى ئەدات کەبەهەشتیکى بۆ هاوڵاتى دروستکردووە ! بەڵام پێچەوانەکەى ڕاستە ، ئەگەر نا بۆبەرپرسەگەورەکانى تەندروستى متمانەیان بەدامەزراوەکانى خۆیان نییە و ڕوو لەدەرەوەى ئەو بەهەشتە ئەکەن بۆ چارەسەرکردنى خۆیان و کەسە نزیکەکانیان ؟ ، وەزارەتى تەندروستى واپشانى خەڵکى ئەدات کەگشت خزمەتگوزاریە تەندروستى و پزیشکیەکان بەخۆڕاییە ، بەڵام ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە تەنانەت خزمەتگوزارى لەنەخۆشخانەى فریاکەوتن بەخۆڕایى نیە ! کەئەبوو ئەمەیان بەخۆڕایى بێت چونکە لەکاتى ڕووداوو و کارەسات یانەخۆشى کتوپڕ لەوانەیە کەست لەگەل نەبێت و پارەت پێ نەبێت ! .
سەنتەرە خیرخوازەکانى کەرتى تایبەتیش بەخۆڕایى نییە لەکاتێکدا ناوى خیرخوازیان لەخۆناوە ، جێى خۆیەتى بپرسم ئایا خیرخوازى چ مانایەکى هەیە ؟ ئەوەندە درۆکان زۆرن لەژماردن نایەن بۆیە هەرئەوەندە ئەتوانم بڵێم هەمووان موزایەدە بەسەریەکەوە دەکەین لەخزمەتکردنى پزیشکى و تەندروستى ! بەڵام راستیەکان نادرکێنین ، درۆکان دەکەین بەڕاستى بەو مانایەى ڕاستیەکانى ئێمە لەدرۆدان .
ئەگەر بێینە دەرەوەى سێکتەرى تەندروستى ئەوسا کارەساتە ڕاستەقینەکە بەچاوى خۆمان ئەبینین ! گۆمەڵگایەک سەر تاپا درۆ ، ڕاستیەکانى لەدرۆدان ، پێچەوانەى ڕاستیە دروستکراوەکان ڕاستن ، وەک ئاماژەم پێدا درۆکان ئەوەندە زۆرن باسناکرێن ، بەڵام بەگشتى هەموومان واپشان ئەدەین حیزب حکومڕانى دەکات لەکاتێکدا حیزب ئامڕازێکى بێ روح و بێ گیانە بەدەست چەند کەس و بنەماڵەیەکى دەستڕۆیشتووەوە ، دەستڕۆیشتووەکان حیزب بەفریادرەس بۆ هاوڵاتى وێنادەکەن لەکاتێکدا هۆکارى گشت نوشت و قەیرانەکانن ، هۆکارى بەدیاردەکردنى درۆن بەزۆرەملێ و زەبرى یاسا ، هەرسێ دەسەڵاتەکەى کوردستان ( دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى ، دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەگشت دامەزراوەکانیەوە ، دەسەڵاتى دادوەرى ) بوون بەئامڕازێک بەدەستى حیزبەوە بۆ گەوجاندنى هاوڵاتى و ڕازیکردنى کەسایەتى و بنەماڵەکان .
حیزبەکانى کوردستان تەنیا لەبەر بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتى خۆیان لەیەک نزیک دەبنەوە و ڕێکدەکەون نەک لەبەر بەرژەوەندى گشتى گۆمەڵگاو هاوڵاتى ، حیزب لەم وڵاتە کۆمپانیاى بازرگانیە نەک ئامڕازیک بۆ پەروەردەکردنى کۆمەڵگاو نیشتمان پەروەرى ، ئەوەى بوونى نەبێت پەروەردەکردنى کۆمەڵگایە .
لەگەڵ ئەوەى درۆکان زۆرن بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستیەکان بشارنەوە ، بەڵکو تەنیا بۆماوەیەک دوایان ئەخەن .
ئەگینا کێ هەیە لەکوردستان نەزانێت کەسە دەستڕۆیشتووەکان لەپشت دزینى سامانى سەر زەوى و ژێرخاکى کوردستانن ، کێ هەیە نەزانێت بازرگانیکردنى دەرمان ، جگەرە ، مشروب و … تاد بازرگانى دەستڕۆیشتووەکانە ؟
کێ هەیە نەزانێت بەبێ پێدانى پشک (حصة ) بەدەستڕۆیشتوویەک ناتوانێت هیچ کار و بەرژەوەندیەکى تایبەت ئەنجام بدەیت ؟
کێ هەیە نەزانێت بەلایەنى کەمەوە زۆربەى هەرە زۆرى کۆمپانیاکانى کوردستان دەستڕۆیشتوویەکى لەپشتەویە ؟ ئەگەر لەڕاستیدا خاوەنەکەى نەبێت .
کێ هەیە نەزانێت بەهۆى داواکردنى پشکەوە لەلایەن دەشتڕۆیشتویەک سەدەها پرۆژەى گشتى هەستیار پەکی نەکەوتبێت ؟
کێ هەیەنەزانێت نەک بەڕێوەبەرى گشتى تەنانەت وەزیریش خاوەنى بڕیارى سەربەخۆى خۆى نییە ؟ تائەو ساتە لەپلەکەیدایە کەڕاستیەکان لەدرۆوە بخولقێنێت بەپێچەوانەوە پلەکەى لەدەست ئەدات .
نەتەوەى عەرەب وتەیەکى جوان و بەنرخیان هەیە (( کلمة حق یراد بها الباطل )) پربەپێستى ئەم سیستمى حکومڕانیییەى کوردستانى باشورە .
تاکە ڕاستى ئەم کۆمەڵگایە : دەستڕۆیشتووەکان هۆکارى خوڵقاندنى ڕاستیەکانن لەدرۆوە .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت