Mustafa-Barzani

شێرزاد شێخانی : راستكردنەوەی چەند درۆیەكی شاخداری مێژوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم كۆمەڵگە دواكەوتوانەی ناوچەكانی ئێمەدا سیاسەت لەنەزەری زۆربەی چیینەكانی كۆمەڵگا یەكسانە بەدرۆ .. هەندێجار كەسانی سیاسیو پێش ئەوانیش نوسەرانی دەربارو چڵكاوخۆرانی دەسەڵاتیش رۆلیان هەبوە لەبەراژووكردنی وەقائیعی مێژوو .. زۆربەی مێژوونوسانی پێشو پشكیان هەبوە لەچەواشەكردنی مێژوو لەبەرامبەر كیسەی زێرو زیوی دەسەڵات ، بۆیە هەندێ درۆی شاخدار نەوە لەدوای نەوە وەكو راستیەك گوازراوەتەوە بۆ ئێمە ، بەمەش زۆربەی راستیەكان شێوێندراون یا شاردراونەتەوە .. لەم وتارەدا باسی سێ درۆی شاخدار ئەكەم ، ئەوانیتریان ئەهێڵمەوە بۆ كەسانی پسپۆرو ئەهلی سەنعەت چونكە ئەوەننە زۆرن بۆم ناكرێ باسیان بكەم .

1 – هەولێر سوپای هۆلاكۆی بەزاند

هۆلاكۆ كاتێك بەخۆیو لەشكرەكەیەوە دابەزیە ناوچەكە هەرچی ئیمپراتۆریەت و مەملەكەتی گەورەی ئیسلامی ئەو سەردەمە هەبو هەمویانی راماڵی .. كاتێك گەیشتە بەغدای پایتەختی خەلافەتی ئیسلامی و داگییری كردو ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی تەفروتونا كرد ، كۆمەڵێك سەربازی ناردە سەر هەولێر ، ئەوسا هەولێر تەنها قەڵایەك بو هیچی تر . سوپای هۆلاكۆ ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئابڵوقەی قەڵاكەیدا ، بەڵام هیچی پێ نەكرا ، چونكە خەڵكی هەولێر لەرێگەی كارێزەكانی ژێر قەڵاكەوە ئاوو خواردەمەنییان ئەگەیاندە ناو قەڵاكەوە كە ئەمەش سوپای هۆلاكۆ پێیان نەئەزانی . لەو كاتەدا سوپای هۆلاكۆ توشی شەڕێكی گەورە بو لەشام ، بۆیە هۆلاكۆ فەرمانی بەسوپاكەیدا هەولێر بەجێ بهێڵن بۆ كاتێكیتر .. ئەوە بو سوپاكەی كشانەوە . دكتۆر نوری تاڵەبانیش لەوتارێكیدا باسی ئەوە ئەكات كەوا ئەبو فەرەجی ئەسفەهانی لە كتێبەكەیدا باسی ئەوەی كردوە گوایە هەولێریەكان سەرانەی 700 هەزار لیرەی زیویان داوەتە سوپاكەی هۆلاكۆ وەكو سوڵحی عەشایەری تا سوپاكەی بكێشێتەوە ، هۆلاكۆش بەمە رازیبوەو سوپاكەی كشاندۆتەوە بێ ئەوەی وەك ئەڵێن یەك تەقەی تیا كرابێت .

2 – ویلایەتی موسڵ و لكاندنی بەعیراقی عەرەبەوە

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان مەلائەفەندی نەوەی مەلا ئەبو بەكری ناسراو بەكچك مولا ، كە ئەو سەردەمە بەناوبانگترین و گەورەترین كەسایەتی ئایینی ناوچەكانی هەولێر بووە ، كاتێك وەفدیكی عوسبەت ئەلئومەم هاتن بۆ ئەوەی بزانن كورد ئەیەوێت ویلایەتی موسڵ لەگەڵ توركیادا بمێنێتەوە یا بچێتە پاڵ عیراقەوە ، ئەوە بو مەلا ئەفەندی رۆڵێكی زۆر گەورەی گێڕا لەسەر ئەوەی خەڵكی هەولێر قەناعەت پێبكات بۆ ئەوەی بچنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە نوێیەكەی عیراقەوە ، بەمەش ویلایەتی موسڵ لكێنرا بەعیراقەوە كەس زۆری لەكورد نەكرد بۆ ئەوەی بچنە پاڵ توركیا یا عیراقەوە ، ئەمە ئیختیاری خۆیان بووە كە رازی بونە لە چوارچێوەی عیراقێكى عەرەبیدا بمێننەوە ..

3 – ئاشبەتاڵ و پەیماننامەی جەزایەر

ئاشبەتاڵی مەلا مستەفای بارزان لەساڵی 1975دا زۆربەی سیاسی و نوسەران ئەیگەڕێننەوە بۆ رێكەوتنامەی جەزائیر كەلەلایەن شای ئێران و سەدام حوسێنەوە مۆركرا ، كاتێك شا بریاری داخستنی سنورەكانیدا !. بەپێی بەڵگەكانی خودی پارتی دیموكراتی كوردستان ، ئەڵێن : گوایە شۆڕشی نوێی گولان بەسەرۆكایەتی ئیدریس و مەسعودی كوڕی مەلا مستەفا دوای دوو مانگ لەئاشبەتاڵەكە دەستی پێكرد ، بەمەش بۆمان دەرئەكەوێ كەوا مەلا مستەفاو كوڕەكانی ئەیانتوانی بەبێ هاوكاری شای ئێران و بەداخستنی سنوریشەوە بەردەوامی بەشۆرش بدەن لەرێگەی خەباتی پارتیزانییەوە ، خۆیشی هەر وابو ئەگەر قسەكەی پارتی راست بێت كەوا لە 26 گولاندا شۆڕشیان دەستپێكردبێت ، بەمەش دەرئەكەوێ كەوا سەرباری رێكەوتننامەی جەزایەرو سنور داخستنیش كورد ئەیتوانی شۆڕشەكەی درێژە پێبدات ، هیچ پەیوەندییەك لەنێوان رێكەوتنامەكەو ئاشبەتاڵەكەدا نەبوە .. بەڵكو ئەمە خۆ تەسلیمكردنەوەی رابەری شۆڕشی ئەیلول بوە بەئیرادەی شای ئێران بۆ هەرەسهێنان بە شۆڕشی میللەتەكەیەوە .

هەر بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەكانەوە لە دوا كۆبونەوەی سەركردایەتی پارتی بەسەرپەرشتی مەلا مستەفا شەهید صالح یوسفی داوای لەبارزانی كردبو كەوا ئاشبەتاڵ رانەگەیەنێت و مقاوەمەت بكات ، پێی وتبو كەوا پێشمەرگەكان رێكبخەینەوە و شەڕی پارتیزانی دەست پێبكەین ، بەڵام مەلا مستەفا بەوە رازی نەبو . ئەوەبو شەهید یوسفی پێوەت : تۆ كاتێك شەر پێویست نەبو دوای پاشگەزبونەوەی حكومەتی عیراق لە ریكەوتننامەی 11 ئازار ، شەرڕت دەست پێكردو رازی نەبوی بەو حوكمە زاتییەی حكومەتی بەعس ، بەڵام ئێستا شەرڕمان پێویستە بۆ بەرگری لەمیللەتەكەمان شەڕ ئەوەستێنی .. لەداخی ئەم هەلوێستەی بارزانی صالح یوسفی لەگەلی نەچوە ئێران و گەرایەوە بەغدا دوای ماوەیەك بەدەستی بەعس تیرۆركرا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت