ئەبوبەکر جاف : تەنیابوونەوەی پارتی ـ بەشی دووەم .
سەبارەت بە پرۆژەی كاریی هاوبەش و ئەگەری یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان .
لە بەشی یەكەمدا لە سەر ئەوە وەستاین كە یەكگرتن و هاوپەیمانی و بەرەو بەرەكاری لە ناو فەزای سیاسیدا واریدەو هەر دەبێت . لە بەشی یەكەمدا باسمان لەوە كرد كە چۆن پارتی بینای سیاسەتی خۆی بكات لە سەر ئەم ( پرۆژەیە ) ، و چۆن دەسبەرداری هەندێك كاری بچوك و لابەلاو پەیج و ئەكاونتی شەڕە جنێو و بە شەخسیكردنی كێشەو فاكتەكان بهێنێت و بە دوای كردەو ئەكتی نوێی سیاسیدا بگەڕێت و دەسبەرداری ” تیۆری پیلانگێڕی ” بێت و وەك زانست هەم بیخوێنێتەوە و هەمیش بینای سیاسەتكردن و ئەكتی نوێی سیاسی لە سەر بكات .
بۆ ئێمەو بۆ فكر مایەی گالتەجاڕی بوو هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕانمان وەك جەرەیان و تەشكیلاتێكی جیاواز و نوێ و ئەكتێكی نوێی سیاسی وێنا بكردایە ، بۆ فكر زێر ئاسان بوو ، بێ فكر ئاوخواردن بوو بزانێت بكەرە شاخاوییەكان بكەری سەرەكی گۆڕان و داڕشتن و نەخشەڕێژی سیاسەت و گوتاری گۆڕان بن . هێندە وتمان و دووبارەمان كردەوە بوو بە قەوانی كۆن . دەمان ویست تێزێك ئەقڵی ( خەڵك و جەماوەر) بجوڵێت كە بۆچی لە ( كۆبوونەوە حەساس و یەكلاكەرەوەكاندا عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەرو موحەمەد تۆفیق ڕەحتم و عوسمانی حاجی مەحمود …) بكەری خاوەن بڕیارو یەكلاكەرەوەن لە پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڵ یەكێتی و پارتیدا ؟ گەنج و لاو و نەوەی نوێ جگە لە وشەیەكی فریودەرو هەڵخەڵەتێنەر هیچی دیكە نییە ، تەنیا پردی گواستنەوەی شەڕی نەوەی شاخ و شاخاوییەكانمانن و فۆرمێكی دیكەی ئیدامەدان و شەرعییەت دانە بە شەڕێك كە دەبێت سەرمایەو كاپیتاڵ و شەرعییەت و حیكایەتی نوێ هەبێت . با تەماشای نوسینەوەو داڕشتنەوەی ێەم ڕێكەوتنە بوێیەی كاری هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بگەین بزانین لەمبەرو لەو بەریش كێن ؟ هەر سەركردایەتییە كۆنەكان و زمانی گوتاری كۆنە ) . ئەم پرۆژەی كاری هاوبەش و ئەگەری یەكگرتنەوە نەك نوێ نییە ، بەڵكو جیابوونەوەكەش هەرلە سەرتاوە بۆ یەكگرتنەوەو مۆنۆپۆلكردن بوو . بەڵام خەڵكانێكی ناڕازی و وزەی جوانی یاخی پێ ئاشتكرایەوەو بە جۆرێكی دیكە كرایەوە قوڕگی دەسەڵات و گوتاری نەوەی كۆندا . ئێمە هاوارمان كرد ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی كڵۆڵترین و پوچترین ئەكتی بەرگری و بەرەنگاری و بەرهەڵستكارییە ، ئێمە و كاری ئێمە تیۆریزەو چەمكاندن بوو بۆ شێوازێكی جیاوازی ئەكتی بەرگری و بەرەنگاری و بە تەنگەوە هاتنی پرەنسیپی عەدالەت بە شێوەیەكی ئاسۆیی پەرشوبلاویی و نەگیراوی و نا مەلموسی و كەمینەیی نا – ئۆرگانی لە هەناو ڕۆحی دەسەڵاتدا . واتە نەهاتنە دەرەوەو ڕێكنەخستن و تەشكیل نەكردنیان لە ناو ڕێكخراو و ئۆرگانی سیاسی و ئیدۆلۆژیدا ، گەورەترین خیانەتی گۆڕان لە ( جەرەیان و جوڵەیەك كە پێش گۆڕان لە ناو دونیای ئێمەدا بوونی هەبوو ، كۆكردنەوەو گردكردنەوەو ڕێكخستنیان بوو پاشان كردنی بە قوڕگی دانوستانی سیاسی و پشك و پشككاری زیاتر لە حكومەتكردن و لە پەرشوبلاویخستنیان .
گۆڕان چی هێنایە كایەوە ؟ گۆڕان جۆرێكی دیكەی لە …… و ….. و چینبەندی هێنایە كایەوە كە كۆمەڵێكی دیكەی خستە ناو تۆڕی مافیایی گیردان درۆکردن و بازرگانیكردن لە بەغداو لە كوردستانیش . ئێستاكەش پرۆژەی كاری هاوبەشی نێوان یەكێتی و گۆڕان دوورو نزیك پەیوەبدی بە ( پرۆژەی فكری و مەدەنی و جیاوازی فكری و فەلسەفی سیاسی نییە بۆ ناو فەزای سیاسی ئێمەو بەرەكردنەوە لە بەرانبەر پارتیدا ، بەڵكو لە سەرەتاو لە كۆتاییدا پەیوەندی بە دۆڕانی چەواشەو خولی یەكەمی گۆڕانەوەیەو هاوپەیمانی بەستنی سیاسی لە پێناو گۆڕینی بالانسی هێز و بە دەستهێنانی قورسایی زیاتر .. ئەی شەرعییەتی ئەو شەڕە جنیۆو تیۆریزەكردنە چیلێهات كە شەوڕۆژ لە تۆپخانەكەوە گوێی ئێمەیان لێ كەڕ كردبوو ، گوایە یەكێتیش هەروەكو پارتییەو بنەمالەیەو مافیاو دزن ؟ ئەی لە ئێستاشا چۆن یەكێتی نیشتمانی ئەو سروشتەی فڕێداو بوو بە هێزێكی مەدەنی فریشتەیی ؟ نوكتەكە لەوێدایە یەكگرتن و پرۆژەی كاری هاوبەشەكە لە گەڵ باڵی بنەماڵەدایە ؟!!
جیاوازییەكەتان چی لێهات ؟
دوا خاڵ كە دەمەوێت لە سەری بوەستم ئەوەیە سەرباری بێ فكری و بێ فەلسەفەو بێ پڕۆژەیی گۆڕان وەك ئەوەی ماسكی بە سەردا دابوو ، لەم پرۆژەی كاری هاوبەشەشدا جولەو حەرەكەیەكی كۆن دوبارە دەكاتەوە و هیچی تازە ناڵێت . ئەزموون كراوێك ئەزموون دەكاتەوە .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت