شێرزاد شێخانی : بێدەنگكردنی نوسەر .
ماوەیەك بەر لەئێستا ناسیاوێكم هاتە لام بەحیسابی خۆی بۆ هەواڵپرسینو ئیشتیاقی بۆمن هاتۆتە سەردانم .. ئێواریەك لەگەڵم كەوتە باسوخواسی دونیاو پێیوتم ” نوسینەكانت زۆر توندن لەوە ئەچێت بەتەمانەبیت بگەرێیتەوە هەولێر . دیارە لای ئەوو كەسانی هاوچەشنی خۆی ئەوەی توند بنوسێت جێگای لەهەولێر نابێتەوە ، خۆیشی هەر وابوە ، چونكە هاوڕێیەكی نوسەرم رۆژێ باسی لەوەكرد كەوا پاراستنی پارتی دەمانچەیان لەسەرسەری داناوەو پێیان وتوە ” نوسینەكانت بوەستێنە ئەگینا بەقوربانی گولەیەكت ئەكەین “. پێشتریش چەندین رۆژنامەنوسی گەنجی ئەم وڵاتەمان بەگولەكانی پاراستنی پارتی خەڵتانی خوێنكران . ئەم برادەرە درێژەی پێدا ” تۆ چیت داوە لەم وەزعەی كوردستان ، بۆچی خۆت كردۆتە سوتەمەنی و بەرژەوەندی خۆت نازانیت .. بەمەنتیقی بازرگانەكان ئاماژەیدا ” پاروی چەور لای پارتییە ، تاكەی وا بەكەساسی ئەمێنێتەوەو هەمو جارێ ماڵو مناڵەكانت سەرگەردان ئەكەیت “. وەك دڵسۆزێكیش ئامۆژگاری كردم ” بەخوا گوناحە رۆشنبیرێكی وەك تۆ خاوەن سەیارەی ژێربەرز نەبێ ، قەسرو شوققەی خۆی نەبێ ، بەدەفتەر دۆلاری نەبێ ” كۆتاییەكەشی بەوەهینا ” برام واز لەو نوسینانەت بێنەو وەرە ناو پارتی خەنیت ئەكەن ، من زەمانەتت ئەدەمێ كەوا هەمو شتێكت بۆ بكەن . لەم دێڕەی كۆتایی و بەڵێنەكەی تێگەشتم كە ئەمە نێردراوە .
لەوتارەكانی پێشومدا ئاماژەم بەوەداوە كەوا ئەم وەزعەی ئێستا كە بەسەر ئەم میللەتە داماوەی ئێمەدا هاتوە ، قەت لەگەڵ ئەو دروشم و پرەنسیپانە ناگونجێن كە ئێمەومانان خەباتمان بۆ كردوە .. ئەمە ئەو پاداشتە نیە كە میللەتی ئێمە چاوەڕیی ئەكرد .. میللەتێكی ژێردەستەی سەدان ساڵ چاوی لەئاییندەیەك بو كە كەرامەتی بەهەدەردروای بەدەست دوژمنانەوە بپارێزرێت . نەوەك ئەمڕۆ بخرێتە ژێر پێی سەركردەی كوردی خائین و وڵاتفرۆش و نان نەبێت بیخوات .. ئەگەر جاران لەتووڕەیی نادیموكراسی وحوكمی بنەماڵەیی پارتی هەڵوێستم وەرگرتبێت ، ئێستا بەهۆی دیكتاتۆریەتیەكەیەوە سەد قات تووڕەم .. بەڵێ تووڕەم ، زۆریش تووڕەم ، چونكە میللەتەكەم و ئەزمونەكەشمان بەرەو هەڵدێر ئەبرێت ، پارتی وەكو دوژمنێكی سەرسەخت یاری بەچارەنوسی میللەتەوە ئەكات ، منیش كە ساڵانێك دژی دیكتاتۆریەتی سەدام خۆم دایە پاڵ شاخاكانەوە ، ئەمرۆ لەپاڵ قەڵەمەكەمدا دژ بە دیكتاتۆریەتی بارزانی ئەوەستمەوە .
شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی ئەڵێ : إن لم یكن من الموت بد ، فمن العار أن تموت جبانا .. واتە : ئەگەر هیچ دەربەستێك نەبو بەرامبەر بەمردن ، شورەییە بەترسنۆكی بمریت ..
لەدوا وتارمدا لەژێرناوی “رێكەوتنی یەكێتی وگۆڕان لەدژی كێیە . رای خۆم دەربڕی سەبارەت بەم رێكەوتنە كە پێموایە ئەبێتە دەستپێكی خەباتێكی مەدەنی سیاسی ئەمدو حزبە بۆ وەستان بەرامبەر بەسیاسەتە خیانەتكارەكانی سەرانی پارتی . باسم لەوەكرد لەبەرامبەر هەڵوێست و سیاسەتە دیكتاتۆرییانەكەی پارتیدا ئەم رێكەوتنە ئەبێتە هەوڵێك بۆ دژایەتیكردنی ئەم سیاسەتانە .. ئەم بۆچونەی من هاوڕایە لەگەڵ نوسینی پەرلەمانتارێكی خودی پارتی كە وتویەتی ” رێكەوتنەكە رێك دژی پارتیە ” زیاتر وتویەتی ” گۆڕان ئەیەوێ بەم رێكەوتنە هێزی عەسكەری كۆكاتەوە لەدژی پارتی “. بەڵام بەداخەوە ئەم نوسینەی من هەرایەكی نایەوە نەسەری هەبێ نە بن ، خەریكبو جەنگی جیهانی سێیەم هەڵگیرسینێ .. چەندین برادەرو سەركردە تەلەفۆنیان بۆ كردم تەفسیریان وابو ئەم وتارەم كاریگەری خراپی ئەبێ بەسەر رێكەوتنەكەوە .. بابایەكی وەكو من نە ئەندام سەركردایەتی و نە مەكتەب سیاسی یەكێتیم ، نە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی نە هەڵسوراوو وتەبێژی گۆڕانم ، نازانم بۆچی رای من ئەبێ تەعبیركردن بێت لەرای دولایەنی رێكەوتنەكە .
پارتی كاتێك لەپشتی یەكێتیەوە لە 17 نیساندا رێكەوتنێكی سیاسی لەگەل گۆڕاندا ئیمزاكرد بۆ بەشداری پێكردنی لەكابینەی هەشتەمدا ، مەبەستی سەرەكی بچوككردنەوەی یەكێتی بو .. ئەمەش رێك دوژمنایەتی هاوپەیمانێكی ستراتیژی خۆی بو ، بۆچی رەوایە بۆ ئەو ئەمجۆرە پیلانە لەدژی یەكێتی بكات و ، حەرامە بۆ یەكێتی ریكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ لایەنێك بكات كە شەریكە جوگرافیاو مێژوییەكی درێژی خەباتی هاوبەشەن ؟؟. یەكێتی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەل پارتیدا هەبو، ئەگەر بیویستایە ئەم رێكەوتنەی لەگەڵی تازە ئەكردەوەو جارێكیتریش خۆی ئەكردە پاشكۆو ملكەچی پارتی .. لەولاشەوە گۆڕانیش رێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتیدا هەبو ، ئەویش ئەیتوانی بەسازشێكی بچوك بگەرێتەوە سەر دەسەڵات و پەرلەمان وەربگرێتەوەو لەحكومەتەكەش بەشدار ببێتەوە ، ئێستا كە ئەمدو حزبە رێئەكەون یا یەكئەگرنەوە لەبەر ئەوەیە دژایەتی ئەو سیاسەتانەی پارتی بكەن كە وڵات بەرەو هەڵدێر ئەبات .. ئەم رێكەوتنە دژی سیاسەتی بەهەدەردانی سامانی میللەتو فرۆشتنی خاكی كوردستانو برسیكردن و كوشتنی ئازادییەكانو دامەزراندنی حوكمی بنەماڵەو دروستبونی دیكتاتۆرییەته لەكوردستاندا ..
ئەمجۆرە نوسینانە كاریگەرییەكی زۆری هەیە بەسەر سەرانی پارتییەوە ، چونكە ئەم حزبە لە وتنی هەمو راستییەكو وشەیەكی ئازاد تۆقی چووە ، ئەم حزبە بەهەڵوێست و سیاساتە خیانەتكارییەكانی دژی هەمو بەهایەكی جوانی مرۆڤایەتیە ، حزبێك گوێنەداتە دو مانگ وەستاندی خوێندن ، حزبێك دەست بۆ قوتی میللەت و شەل و كوێرەكان ببات ، حزبێك داڵدەی بكوژی گەنجانو ئەنفالچی وجاشو خۆفرۆشان بدات ، موستەشاری ئەنفالچی بەشەهیدی سەنگەر حسێب بكات ، حزبێك سەركردەكانی ئەوەندەی خەریكی رێكخستنی شەوانی سوور بن لەمەزرعە تایبەتەكانیان ، هەڵبەت لەبچوكترین وشەی ئازاد تۆقیان ئەچێت .. جیا لەسەرانی پارتیش ، ئەم نوسینانە هەندێ لەسەركردە رووزەردەكانی ناو یەكێتیشی نیگەران كردوە . خۆ ئەوانیش بەشێكن لەو هەمو گەندەڵیوناعەدالەتییەی پارتی وبونەتە كلكی دیكتاتۆر . ئەوانیش ئێستا ئەیانەوێ وەكو پارتی نوسەران بێدەنگ بكەن ، یاخود پارتی ئاسا نوسەرە ئازادەكان بكەنە مورتەزەقەو چڵكاوخۆری خۆیان چۆنیان بوێ ئاوا هەلیانسورێنن و بەگوێرەی دڵی ئەوانو بەرژەوەندییەكانیان وتار بنوسن ، ئەوان با لەنوسینەكانی من نیگەران نەبن ، مشورێك لەئاییندەی خۆیان بخۆن ، كاتێك ئەكەونە بەر غەزەبی پارتیەوە ، چونكە هیچ گومانم لەوەدا نیە رۆژی لەرۆژان ئەگەر كار گەیشتە ئاستی تێكچونی نێوانی پارتیو یەكێتی ، هیچ بەدوری نازانم سەرانی پاراستنی پارتی دەیان بەڵگەو دیكۆمینت بخەنە بەردەستی ئەندامێكی پەرلەمانیان لەسەر ئەو هەمو پرۆژەو پارە دزراوانەی ئەم سەركردانەی لەرێگەی پارتییەوە بەدەستان كەوتوە ، بەدوری نازانم پشكی ئەوانە لەنەوتی دزراوی میللەت بخرێتە بەردەم خەڵكەوە ، ئەوسا ئەوەی ژێربەڕەیە بێتە سەر بەڕەو ، ئەوەی ئێستا ئێمە باسی ئەكەین ببێتە مشتێك لەخەرواری دزی و گزی ئەو سەركردە رووزەردانەی دەستیان خستە ناو دەستی پارتیەوەو هاوشانی ئەو خیانەتیان لەمیللەتەكەیان كردو ئەو هەمو سەروەریو خەباتەشیان سڕیەوە كە رۆژی لەرۆژان لەپێناو میللەتێكی چەوساوەدا تفەنگیان كردە شانیانەوە .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts