دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : سەرۆک و پرسى سەرۆکایەتى بەعەقڵیەتى پاش زەبر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى یەکەم

لەزنجیرە نووسینى هەموومان نەخۆشین ـ کۆنیشانەى عەقڵیەتى پاش زەبر .

سەرۆک و پرسى سەرۆکایەتى بەعەقڵیەتى پاش زەبر بەشێکى ترە لەزنجیرە نووسینى هەموومان نەخۆشین  ( کۆنیشانەى پاش زەبر ) ، لەنوسینەکەدا ناوى کەسایەتیەکانم نەبردووە چونکە بابەتەکە لەسەر عەقڵیەتى سەرۆک و سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانە لەکۆمەڵگاى پاش زەبردا ، بەو هیوایەى ڕاستیەکى زانستی بخاتە ڕوو وە لە داهاتویەکى نزیک یادوور لێکەوتەیەکى کاریگەرى پۆزەتیڤانە بهێنیتە ئاراوە ، خۆیان لەعەقڵیەتى پاش زەبر ڕزگاربکەن و بچنە ڕێزبەندى ئەو سەرۆکانەى ، کە لاى گەلەکانیان نەمرن .

سەرەڕاى ئەوەى کۆکەڵگاى کوردى لەدێر زەمانەوە گیرۆدەى عەقڵیەت و هزرى نەزانى داگیرکەرە یەک لەدواى یەکەکان و سیاسەتەچەوتەکانى بووە ، بەڵام لە هەمانکات سەرۆک و سەرکردەى ( میرنشین وخێل و ڕێکخراو پارت و بزوتنەوە  ڕزگاریخوازەکان ) ى کورد بڕوایان بە پەروەردەکردنى هزرو عەقڵیەتى کۆمەڵگا نەبووە ، نەک لەبەرئەوەى خۆیان هەڵگرى هەمان هزر و عەقڵیەتى نەزانى داگیرکەرەکان بوون ، بەڵکو دەرچەى عەقڵیەتێکى پاش زەبربوون  بەئیمتیاز ، مەوداى عەقڵیەت و خەبات و بیروبۆچونیان لەبەرژەوەندى تایبەت بەخۆیان و بنەماڵەو خێڵەکانیان تێنەپەریوە بۆ بەرژەوەندى گشتى و خزمەتکردنى نەتەوە ومرۆڤایەتى   . 

 کاتێک بونەتە خاوەنى نیمچە دەسەڵاتێکى بچوکى ناوچەیى و هۆشیان بەخۆیاندا هاتۆتەوە ، لەترسى لەدەستنەدانى بەرژەوەندیە تەسکە تایبەتیەکانى خۆیان و بنەماڵەکانیان پاشەکشێیان  لە کۆمەڵگاو خەلک کردووە ، دواتر هەڵسەنگاندنى زانستى و لۆجیکى و عەقڵانیان لەدەستداوە و متمانەی کۆمەڵگاکەیان دۆڕاندووە ، دەرئەنجام نەک دورکەوتوونەتەوە لەوخەباتەى پێشووى خۆیان دژ بە داگیرکەر بەڵکو بوون بە نۆکەرى بێگانەو خزمەتى سیاسەتە چەوتەکانیان کردوون ، لەم ڕوانگەیەوە بەهیچ شێوەیەک کاریان لەسەر عەقڵیەت و هزرى کۆمەڵگا نەکردووە ، بەپێچەوانەوە خەڵکیان گەوجاندووە لەپێناو مانەوەى بەرژەوەندیە تایبەتەکان ، بگرە ئەوەى ئەم سەرۆک و سەرکردە و شۆڕشگێرە بەڕێزانە کردویانەو دەیکەن هیچى لەداگیرکەرە دیکتاتۆرەکانى پیشخۆیان کەمتر نییە ، ئەگەر بڵیین ڕووى دوژمن و دیکتاتۆرەکانى پیش خۆیان سپى کردووە زیادەڕۆیى ( مبالغە ) نییە ! .

کاتیک بیرەوەریەکانى گۆڵدا مائیرى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلم خوێندەوە و کەسایەتیە بیرمەندو سیاسەتمەدارەکانى وەک ( غاندى ، ماندیلا ، مارتن کینگ لوسەر ، جۆرج واشنتن ، وینستۆن تشرتل ، ماو تسى تونغ ، تشى جیڤارا وجۆن کیندى ) ـم هاتەوە یاد بەزەیم بەعەقڵیەتى سەرۆکە بێشومارەکانى وڵاتەکەم هاتەوە  .

هەڵبەتە سەروکە بێشومارو بەپرسەباڵاکانى وڵاتەکەم وەک خۆمان دەرچەى کۆمەڵگایەکى پاش زەبرن  بەڵام عەقڵیەتیان هەمان عەقڵیەتى پاش زەبرەو نەگۆڕاوە  ؟  هەموویان هەڵگرى هەمان عەقڵیەت و هزرو فیکرن ، زیاد لەپێویست هەستیارن بەرامبەر بەبەرژەوەندى خۆیان بنەماڵەو حیزبەکانیان ، کلتورى زیادەڕۆیى و ئەوپەڕگیرى زاڵە بەسەر دەروون و پیروبۆچوون و هەڵسوکەوتیان ، دوور لە لۆجیک و زانست و عەقڵانیەت هەڵسەنگاندن بۆ چەمکەکانى ژیان دەکەن ، کاتێک بابەتێک ئەوروژێنیت وەک دۆستێکى نزیک یاخود دوژمنێک لەقەڵەم ئەدرێت ، لەنیوەند ئەو دووهەڵبژاردەیە هیچیتر شک نابەن ، خۆ بە کەمزان و میهرەبان بەرامبەر بەغەیرە و خۆبەزلزان و دڵڕەق بەرامبەر بەهاونیشتمان ، نەمانى متمانە بەکۆمەڵگاو لەدەستدانى بڕوا بەدەستاودەستکردنى دەسەڵات ، دواجار بەسەربردنى ژیان لەترس و دڵەڕاوکێ لەبرى چێژ لێوەەرگرتن   .

گۆڵدامائێرى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لەپێناو چەسپاندنى حکومەتەکەى کاتیک  وەزیرى کار بووە ماوەیەکى زۆر لەژورێکى سەرباندا ژیانى ( غرفە فوق السطوح ) بەسەربردووە ، لەژیانیدا دووجار چۆتە ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمەیکا بۆ سواڵ و دەرۆزەو کۆکردنەوەى کۆمەک بێ ئەوەى پولێک لەو پارەیە چوبێتە گیرفانى خۆی و کەسووکارو حیزبەکەى ، نەک هەر ئەو بەڵکو زۆربەى  سیاسەتمەدارو سەرۆکە دڵسۆزەکانى میللەتان وەک غاندى ، ئەتاتورک ، ئیمام خومەینى و … هتد ، هیچیان لەدواى خۆیان بۆ کەسوکارو بنەماڵە بەجێ نەهێشتووە بێجگە لەخەزێنەیەک لەبیروباوەڕو نیشتمانپەروەرى و خۆشەویستی  بۆ میللەت ، کەچى سەرۆکەکانى ئێمە بەپێچەوانەوە بێجگە لە سامان و دەسەڵات بۆ نەوەکانیان هیچیتر بۆ میللەت بەجێناهێڵن ، هەربۆیە ئەستەمە ببینە خاوەنى شارستانى و حکومەتى نیشتمانى خۆمان  .

سەبارەت بەنەبوونى متمانەى سەرۆک بەدامودەزگاو دامەزراوە ناوخۆییەکان  ، خۆ بە زلزان بەرامبەر بەهاوڵاتى ، بچوک وخۆبەکەمزان  بەرامبەر بەغەیرە  ، سەرۆکە نیشتمان پەروەرو دڵسۆزەکانى وڵاتەم  بۆ چارەسەرى هەڵامەتێک ڕوولەدەرەوەى وڵات ئەکەن ! ، کاتێک سەرۆکى فەرەنسا شیراک نەخۆش کەوت پێویستى بەچارەسەرێکى تایبەت بوو کە لەو ساتەوەختەدا لەفەرەنسا نەدەکرا ، ئامۆژگاریان کرد بچێتە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا ، بەڵام لەبەر ئەوەى خاوەنى شکۆمەندى و هزرو عەقڵیەتێکى تەندروستى سیاسى نیشتمان پەروەرەو مرۆڤدۆست بوو وەمتمانەى زیاد لەپێویست بەهاونیشتمانى خۆى بوو ،  دانى بەخۆیدا گرت تائەو ساتەى ئەو جۆرە چارەسەرە  گەیشە فەرەنساوە چارەسەریان بۆکرد ، کەلێى دەپرسن بۆنارواتە وڵایەتەیەگرتووەکانى ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردن لەوەڵامدا ئەڵێ من ئەمەوێ لەژێر دەستى پزیشکێکى فەرەنسیدا گیان لەدەست بدەم نەک لەژێردەستى پزیشکێکى بێگانە ، ئەمەیە عەقڵیەتى سەرۆک و سەرکردەى سیاسەتمەدارو نیشتمان بەرامبەر بەهاونیشتمانى خۆى نەک عەقڵیەتى سەرۆکە بێشومارەکانى وڵاتەکەم ، ئەم نەبوونى متمانەیە بووە بەکلتورو بەرپرسەکانى خوارەوەشى گرتۆتەوە بۆ نموونە بەرپرسەکانى تەندروستى بۆ چارەسە ڕوولەدەرەوەى دامەزراوەکانى خۆیان دەکەن !   .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت