عیماد عەلی : هیچی لێ سەوز دەبێت ؟
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە بۆچی چینێکی سیاسی پەرپوتیان دروستکرد ؟ رۆژ نیە گوێبیستی رستەی ئاسنی سارد کوتان نەبین لەلایەن خەڵکی دڵسۆزی دونیادیدەی ئەم کوردستانەوە .
ئەگەر چەند چرکەیەک لەگەڵ خۆماندا بگەرێینەوە زەمانی پێش راپەرین و ئەو بۆچون و پێشبینیانەی بیرمان لێدەکردەوە و ئەو خەونانەمان دەبینی بە شۆرشەوە ( ئێستا دەبێت توێژینەوەی بۆ بکرێت ، ئایا پێش راپەرین ئێمە شۆرشمان کردووە ؛ لە هەموو لایەنەکانیەوە یان …. ) ، چیی لێکەوتەوە و چۆن گەیشتین بەم قۆناغە ، ئەوساکە دەزانین ئێمە چەند کڵۆڵین .
ئەگەر زۆر خۆشباوەربین دەبێت بڵێی : دەشێت نەوەی نوێی پاک و بێگەرد و دەست رەنگینی کوردستان دوور لەم چینە پەرپوتە سیاسیە ، ستراتیجێکی بەدەر لە کاریگەری و رەفتاری ئەم سەرکردانەیان هەبێت و ، بیر لە چۆنێتی خۆپاراستن لەم چینە سیاسیە رزیوە بکەنەوە و بە پێشرەویان نەزانن و ، بەخۆیان قۆناغێکی نوێ لەسەرجەم بوارەکاندا بۆ کوردستان دورست بکەن . چۆن ؟
ئەم چینەی دەرچوی شەری ناوخۆی شاخ و ململانێی کەسی و بەرژەوەنخوازی تەسک و پشت بەستوو بە کاڵای کۆن و بێ تازەگەری و بێ بونی توانا و لێهاتوویی و تەنها شانازی کردن بە بونی شۆرشێک کە هەزار و یەک پرسیار لەخۆیدا هەڵدەگرێت ، بەو شێوەیەی کە جاشێتی و بەکرێگرتەیی ئەم دەوڵەت و ئەو دەزگا و تەنانەت ئامرازی دەستی دوژمنان ، کە لە دونیادا بێ وێنە بووە و لە هیچ شۆرشێک و هەوڵدانێکی میلەتاندابۆ رزگاربون ، بەم رادەیە زۆر نەبووە .
* هاتنە سەر سفرەی حازری بێ خۆئامادەکردن ، پاش شکستی ئەنفالەکان و بە رێژەیەکی گەورە بونی حاڵەتی لەناوچون ، بەڵکو باوەربەخۆنەبون بۆ بەرێوەبردنی کیانێکی شلوخاوی ئاوها .
* نەبونی ستراتیجێکی خودبەرێوەبەری سیاسی و نەبونی کادری بەتوانا و لیهاتوی قۆناغی نوێ .
* گواستنەوەی رەفتار و کرداری شاخ و ململانێی قێزەون لەشاخەوە بۆ شارو بە هەمان گرێکوێرەکانەوە ، بێ لەبەرچاوگرتنی وەزعتی نوێ .
* مراندنی روحی خۆشەویستی بۆ پرسە حەق و رەواکەی گەلی کوردستان لە گیانی نەوەی کۆن و نوێ دا ، تا رادەیەک کە خەڵکێکی زۆر ئاوات بە زەمانی بەعس بخوازن ، ئەگەر ئەمە خەڵکی رزیو و پەرپوت و شر و کۆن بوو لەهەموو لایەکیەوە هۆکاری نەبێت بەچی وای لێهات .
* خۆبەستنەوە بەم و بەو، کە وایان لێهاتووە ئەوان تەنها لەکوردستان حوکم دەکەن ( نەک حاکمی کوردستان بن ) واتە بە فەرمانی هەمەجۆری دەرەکی دەسەڵات بەرێوەدەبەن ، کە ئەمە لوتکەی دارزینە .
بۆیە تاکە ئاواتێک مابێتەوە بۆ خەڵکی دڵسۆزی کوردستان ، توانا و هیمەتی نەوەی نوێیە ، کە خۆی بەم دەسەڵاتەی ئێستا وابەستە نەکات و لە منداڵدانی واقعی نوێوە بزوتنەوەیەکی کوردستانی بێگەرد و دابراو لە رابردوو دروست بکەن ، چاوەرێین .
بۆیە ، لەگەڵ ئەوەی باوەرم بە لایەنی پۆزەتیڤی هەر هاوپەیمانیەک و یەکگرتنێک هەیە و ، هەمیشە باسی لێکنزیکبونەوەی خەڵکی یەک بەرەی فیکر و مەعریفە و بنکە کردۆتەوە ، بەڵام بە زاڵبونی بیری خودپارێز و کۆنەپارێز ، هەمووهاوکێشەکان تێکدەچێت و پێویستبونی پەراندنەوەی قۆناغەکە و چاوەرێی دوارۆژی نا دیار بەسەر هەموو ئەگەرەکانی تردا زاڵ دەردەکەوێت .
هەندێک هەنگاوی بچوک زۆر کەس دڵخۆش دەکات بە منیشەوە ، بەڵام بۆ پرسە ستراتیجیەکەی کوردستان کە وا بۆ سێ دەیەیان بە فیرۆ دا ، بە هەمان کەرەستەوە چی بنیات دەنێن ؟
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت