دکتۆر محەمەد ئەمین گەناویی : لێكه‌وته‌ ئابورییه‌كانی‌ رێككه‌وتنی‌ گۆران‌ و یه‌كێتی‌ چین ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

محه‌مه‌د گه‌ناوی‌ 
له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئاساییدا هه‌ركاتێك دو هێزی‌ خاوه‌ن پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌‌و په‌رله‌مانی‌ یه‌كبگرن‌و رێكبكه‌ون ، واته‌ یه‌ك روانگه‌‌و دیدیان هه‌بێت له‌سه‌ر كۆی‌ پرسه‌كان له‌وانه‌ پرسی‌ ئابوریی‌ كاریگه‌ری‌ خۆی‌ ده‌بێت ، چونكه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كه‌یاندا یه‌كێك له‌برگه‌ گرنگه‌كانی‌ پرسی‌ ئابوریی‌‌و كه‌رتی‌ نه‌وته‌ كه‌ تێیدا باسی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ نه‌وت‌و كانزاكان‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ تری‌ داهات موڵكی‌ گشتین ، گه‌ران‌و دۆزینه‌وه‌‌و ده‌رهێنان‌و به‌كارهێنان‌و به‌رێوه‌بردن‌و مامه‌ڵه‌كردن پێیانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف‌و دامه‌زراوه‌یی‌ ده‌بێت ، له‌رێگه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌كانه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ مافی‌ نه‌وه‌كانی‌ ئێستا‌و داهاتو ده‌سته‌به‌ر بكات .

هه‌روه‌ها له‌خاڵی‌ دوه‌مدا ده‌ڵێت : خۆ ده‌ربازكردن له‌تاك سه‌رچاوه‌یی‌ داهات‌و په‌ره‌دان به‌كه‌ته‌كانی‌ كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌‌و گه‌شتوگوزار‌و بازرگانی‌  . له‌كۆتا خاڵیشدا باس له‌ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ پێویست‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ قۆرغكاری‌‌و كێبركێ ناره‌وای‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان‌و بازرگانی‌ ده‌كات .
لێره‌دا پرسیار ئه‌مه‌یه‌ مه‌یدان‌و زه‌مینه‌ی‌ ئه‌م دو هێزه‌ چیه‌‌و تا بتوانن ده‌ركه‌وته‌ی‌ ئابوریی‌ هه‌بێت‌و ئومێدێكی‌ تازه‌ی‌ ئابوری‌ بده‌نه‌ خه‌ڵك .

1 – گریمان ئه‌م دو هێزه‌ پاش رێككه‌وتنیان په‌رله‌مان ده‌كه‌نه‌ مه‌یدان‌و زه‌مینه‌ی‌ پیاده‌كردنی‌ كارو ئامانجی‌ هاوبه‌شیان پشت ئه‌ستور به‌زۆرینه‌یان‌و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ناو په‌رله‌مان ، ئینجا گریمانی‌ به‌هێزی‌ هاتنی‌ گروپ‌و هێزه‌كانی‌ تری‌ په‌رله‌مان بۆ ناو ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆران ، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ یه‌كگرتو به‌هۆی‌ نزیكی‌ ئه‌م دوهێزه‌ له‌گۆران‌و یه‌كێتی‌ به‌تایبه‌تی‌ نزیكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كۆمه‌ڵ له‌جه‌ماوه‌ری‌ گۆران ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كرا ده‌توانرێت به‌زۆرینه‌ حكومه‌تێكی‌ تازه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ یان هه‌تا حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ دروست بكه‌ن كه‌رته‌كانی‌ ئابوریی‌ به‌تایبه‌ت نه‌وت بكه‌وێته‌ ده‌ست حكومه‌ت‌و خه‌ڵكی‌ تازه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان سه‌ربه‌خۆ نه‌بن بێگومان ده‌ركه‌وته‌ی‌ باشی‌ ئابوری‌ ده‌بێت كاریگه‌ری‌ ئیجابی‌ له‌سه‌ر تاك‌و كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كات ، به‌ڵام له‌واقعی‌ ئێستا هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی‌ ئابوری‌‌و ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی‌ لایه‌نی‌ به‌رانبه‌ردایه‌ كه‌ به‌ئاسانی‌ ملنادات بۆ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ . كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌توانێ فشاره‌ ئابورییه‌كانی‌ هه‌م بۆ سه‌ر ئه‌م دو لایه‌نه‌‌و خه‌ڵك زیاد ببێت وه‌ك پێنه‌دانی‌ موچه‌‌و دواكه‌وتنی‌ كه‌ ئێستا ده‌ركه‌وته‌كه‌ی‌ ده‌بینین .

ئه‌گه‌ر دوباره‌ مه‌یدانی‌ په‌رله‌مانی‌‌و یاسایی‌ ئه‌نجامی‌ نه‌بو یه‌كێتی‌‌و گۆران به‌هاوكاری‌ گروپه‌كانی‌ تری‌ كوردستان له‌هه‌مو ناوچه‌كان ئیداره‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن ، كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌زۆرینه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌، ئه‌وكاته‌ به‌دانانی‌ نه‌خشه‌ رێگایه‌كی‌ ئابوری‌ گرنگ كه‌ رێژه‌ی‌ نه‌وت له‌م ناوچانه‌دا ده‌گاته‌ 70% ده‌توانێت ئیداره‌ی‌ خۆی‌ بدات، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیداره‌دانی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن گۆران‌و یه‌كێتی‌‌و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ به‌ئاسانی‌ ده‌توانن ئه‌و كێشه‌ ئابوریانه‌ی‌ هه‌یه‌ وه‌ك نه‌بونی‌ موچه‌‌و دواكه‌وتنی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت ، به‌ڵام ئایا دیسان واقعی‌ سیاسی‌‌و هه‌رێمایه‌تی‌ رێگه‌ به‌مه‌ده‌دات ؟ بۆیه‌ به‌رێككه‌وتنی‌ گۆران‌و یه‌كێتی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بێت خراپتر نابێت ، چونكه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كه‌یاندا داوای‌ شه‌فافیه‌تی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت‌و داهاته‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن ، خۆشیان ئیعلانیان كردوه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بارودۆخی‌ خه‌ڵك‌و میله‌ته‌ .

2 – له‌گریمانه‌ی‌ دوه‌مدا ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆران بۆچونی‌ پارتی‌ به‌شێوه‌یه‌ك گۆری‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌و رێكه‌وتنه‌ پیاده‌بكرێت كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخی‌ ئابوریی‌ ، دیاره‌ پارتی‌ داوای‌ زه‌مانه‌ت ده‌كات كه‌ هه‌ندێ جومگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست خۆی‌ بمێنێت ، چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر پارتی‌ كه‌ مه‌له‌فی‌ نه‌وت‌و ئابوری‌ له‌ده‌ست ده‌ربچێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زه‌مانه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێ بدرێت به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌پێناو خه‌ڵك‌و میلله‌ت ئه‌م كاره‌ ده‌كرێت تا دۆخی‌ ئابوریی‌ باشتر بكرێت‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌كان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو تێپه‌رێنرێت‌و گه‌نده‌ڵی‌ نه‌هێڵدرێت ، حكومه‌ت حكومه‌تی‌ خه‌ڵك بێت نه‌ك ته‌نها هی‌ حیزب، پێموایه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و پێدانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت .

به‌ڵام كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر قه‌رزه‌كان‌و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان نابێت ، وه‌ دواجار ده‌بێت پارتی‌ هه‌ست بكات كه‌ دۆخی‌ ئابوریی‌ خه‌ڵك هێنده‌ خراپه‌ له‌ئاستی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌رییدایه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ، ئه‌وه‌ش به‌زیانی‌ هه‌مو حیزبه‌كان ته‌واو ده‌بێت به‌تایبه‌ت پارتی‌ ، وه‌ به‌زیانی‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگاو ره‌وتی‌ نیشتمانی‌ ته‌واو ده‌بێت كه ئه‌مه‌ش ترسی‌ هه‌موو كوردێكی‌ دڵسۆزو به‌ویژدانه‌ .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت