ئەحمەد ڕەسوڵ : ڕێککەوتنی هێزەکان .
جەمسەربەندی و دابەشبونی هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەسەر جەمسەرەکانی بلۆکبەندیە ناوچەییەکان ( تورکیا – سعودیە – قەتەر ) و لەگەڵ ( ئێران – عێراق – ڕوسیا ) ، پێویستی گەڕانەوەی باڵانسی هێز بۆ کوردستان دەهێننە ئاراوە . ڕێکەوتنی هێزەکان و هاوپەیمانێتی لە کوردستان بەرئەنجامی ئەو بلۆکبەندیە ناوچەیی و باڵانسی هێزەیە ( توازن قوی ) . ئاشکرایە سیاسەتکردنی پارتی بە لۆژیکی هێز ( منطق القوە ) و داگیرکاری بۆ تەواوی دامەزراوەکانی کوردستان و سەپاندنی دەسەڵاتدارێتیەکی میلیتاریستی و دەستبەسەراگرتنی تەواوی کەرتی نەوت و ئابوری و دارایی کوردستان و مۆنۆپۆڵکردنی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسییەتی کوردستان وایکرد بۆ ڕێگرتن لە هەر ڕۆژ زیاتر بونی هەژمونی پارتی بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدا ، یەکێتی و گۆڕان لێکنزیک ببنەوە تا گەیشتن بە ڕێککەوتن . ئاشکرایە بۆ وەستانەوە بەڕووی تاکڕەوی و باڵادەستی سیاسی پارتی و قۆرخکاریەکانی بۆ تەواوی هەگبەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و دیپلۆماسیەت هەروەها بۆ گەڕانەوەی باڵانسی هێز بۆ بلۆکبەندیە ناوچەییەکەی ناوەوەی کوردستان و وەستاندن و ڕاگرتنی ئەو پڕۆژە تورکی – سعودیەی کە پارتی گەمەکەری سەرەکیەتی لە عێراق و کوردستاندا . پرسیارێکی جەوهەری و هەرەگرنگ لە ڕوانگەی هەر هاوڵاتیەکی سادەی کوردستانەوە ئەوەیە ، ئایا ئەو ڕێکەوتنە :
تا چەند ئەتوانێت دۆخی بەستووی سیاسەت لە کوردستان وە جوڵە بخاتەوە ودامەزراوەکان بخاتەوە کار؟!
تا چەند لە خزمەتی چاکەی گشتی و بەرژەوەندی خەڵک و چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی قەیرانگەلی کوردستاندا دەبێ؟!
زۆر بە سادەیی ، پارتی بە هیچ شێوەیەک مل نادات بۆ هیچ پڕۆژەیەک و هیچ هیزێک لە کوردستان تا بەتەواوی لە خزمەتی خۆیدا نەبێت و تەسلیمی ئەجێندا و سیاسەتەکانی پارتی نەبێت بۆیە لەم سۆنگەیەوە پێناچیت ڕێکەوتنەکە شتێکی ئەوتۆ لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی بگۆڕێت و دامەزراوەکان لە ئیفلیجی ڕزگار بکات .
هیزە سیاسیەکانی کوردستان ، پارێزەری بەرژەوەندیەکانی حیزب و گروپێک لە کەسانی باڵادەستن ( پارتی بە ئیمتیاز بۆ خێڵێک و یەکێتیش بۆ جەند باڵ و گروپێک لە کەسانی دەسترۆیشتوو ، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش زۆر لەو جۆرە عەقڵیەتە بەرژەوەندیخوازیەی یەکێتیەوە دوور نین لەگەڵ بوونی جیاوازی لە نێوانیان بەڵام هێشتا لە جەوهەر و ناوەڕۆکدا لە هەمان فەلەکدا دەسوڕێنەوە ) … بۆیە ناودەبرێت بە ( بێئاگایی لە مێژووی ئەم هیزانە ” و ” لاوازی یادەوەری ” و ” تێنەگەیشتن لە هیچ ) هەر هاوڵاتیەکی سادە خۆشخەیاڵی ئەوەی هەبێت کە ڕێکەوتنی ئەم هێزانە پەیوەندی بە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و چاکەی گشتی و بەرژەوەندی خەڵکەوە هەبێت .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت
- بابەتەکانی تری ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەحمەد ڕەسوڵ: فیاسکۆ.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕووتبوونەوەی سیاسەت.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.
- All Posts