111.2899 Barzani 7

 شه‌ریف هه‌ژاری : ئه‌زانن ! گه‌ر سبه‌ینێ پارتیی سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نێت چی ڕووده‌دات ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سه‌ره‌تا پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی كورتی ناونیشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌م بده‌مه‌وه‌ ، ئه‌وا له‌م دۆخه‌ی كه‌ له‌ مێژووی كورد دا كه‌م ده‌رفه‌تی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ بۆ كورد ڕه‌خسابووه ،‌ حه‌ق وابوو : پارته‌ سیاسییه‌كانی گشت به‌شه‌كان به‌ ( ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی جێگیر ) ی تۆكمه‌وه‌ له‌ قۆزتنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه‌ دابوونایه‌ بۆ هه‌ر به‌شێكی خاكی كوردستان ، كه‌ بێگوومان هه‌ر پارچه‌یه‌كی خاكی كوردستانیش تایبه‌تمه‌ندی سیاسیی و دۆخی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه ‌، كه‌ له‌ باشور دا دۆخه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌رفه‌تێكه‌ ته‌نها قۆزسته‌وه‌ی ماوه‌ ، وه‌لێ پارته‌ كوردییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی بۆ گیانی یه‌كتر ئازان و له‌ هه‌ڵلوشینی سه‌رمایه‌ی باشوری كوردستان تێرنابن ! ئه‌وا ته‌نها قسه‌ی بێ كردارن و ، جه‌ماوه‌ری كوردستانیش وه‌خته‌ به‌ ته‌واوی وه‌ڕس ده‌بێت لێیان ، ئه‌زانن له‌ ئێستادا نه‌گبه‌تی كورد ئا ئه‌مه‌یه‌ :

پارتیی ئاماده‌یه‌ سازش بۆ توركیا بكات و ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی توركیا بێنێته‌ هه‌رێم ، كه‌چی ئاماده ‌نیه‌ به‌ هیچ جۆرێك سازش بۆ په‌كه‌كه‌ كه‌ هاوزمان و هاوخوێنێتیی بكا و ڕێبكه‌وێت له‌گه‌ڵی دا !

په‌كه‌كه‌ ئاماده‌ بووه‌ و ئاماده‌یه‌ زۆر شت بۆ ئێران و حافیز ئه‌سه‌د و به‌شار ئه‌سه‌د بكا ، كه‌چی به‌هیچ جۆرێك ئاماده ‌نییه‌ دان به‌ پارتیی دا بنێت ، له‌كاتێكا ده‌سه‌ڵاتی ئێران و ئه‌سه‌د دوو ڕژێمی ته‌واو خوێنڕێژی داگیركاری كوردستانن و په‌كه‌كه‌ش وه‌ك كارت به‌كاردێنن ! ته‌نانه‌ت په‌كه‌كه‌ كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی زه‌قه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ كرده‌وه‌ی خۆكووژی دژی توركی داگیركار ئه‌نجام دا ، چونكه‌ تورك هه‌ر بۆ ئه‌و بیانووه‌ ده‌گه‌ڕان كه‌ وه‌ك كارت به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بێت تا له‌و ڕێیه‌شه‌وه‌ دژایه‌تی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ده‌په‌ی كورد له‌ باكور دا به‌ده‌ستی هێناون ، ئه‌وه‌تا ده‌بینین كار ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ده‌په‌ی كورد له‌ په‌رله‌مان و تێكۆشانی سه‌رشه‌قامی قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن ! په‌كه‌كه‌ چه‌نده‌ له‌ پارتیزانیی دا جوامێر بن ئه‌وا له‌ سیاسه‌ت دا زۆربه‌ی جار ئێران فریویان ده‌ده‌ت ! ئافه‌رین په‌كه‌كه‌ بۆ ئه‌و كارته‌ی كه‌ دات به‌ده‌ست توركه‌ فاشیسته‌كانه‌وه ‌!

یه‌كێتیی ئاماده‌یه‌ سازش بۆ ئێران بكات ، كه‌چی ئاماده ‌نییه‌ هێنده‌ی سازش بۆ ئێران ده‌كات ئه‌وا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش سازش بۆ پارتیی بكات كه‌ برایه‌تی ! ئه‌مه‌یه‌ به‌دبه‌ختی كورد !

له‌ خۆهه‌لاتی كوردستانیش ، گرووپی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ و خالید عه‌زیزی كه‌ له‌ حیزبی دیموكرات جیاكرانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌ كوردییه‌كانی باشوری كوردستان كه‌ پاشكۆی ئێرانن ، كه‌چی نه‌گبه‌تی كورد له‌وه دا‌یه‌ : عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ و خالید عه‌زیزی ئاماده‌ی دانشیتن و سازشن له‌گه‌ڵ سیخووڕه‌كانی ئێڕان دا ، له‌ هه‌مان كاتدا ئاماده‌نین بچنه‌وه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكرات دا ، له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكرات دا مێژوویه‌كی دورودرێژیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ و هاوخوێن و هاونه‌ته‌وه‌ و هاونیشتیمان و هاوقوربانین !!

له‌ خۆراواش : په‌یه‌ده‌ ئاماده‌یه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د بكا و سووپای ئه‌سه‌د بباته‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیی و وێنه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د به‌رز بكرێته‌وه‌ ، كه‌چی ئاماده‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ براكانی خۆی كه‌ پارته‌كانی خۆراوای كوردستانن ڕێك بكه‌وێت و ، هه‌ر هیچ نه‌بێت چۆن ڕێگا بۆ سووپاكه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ناوچه‌كانی دا ئه‌كاته‌وه‌ ، ئه‌وا ئاوهاش ڕێگا به‌ پارته‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ی خۆراوای كوردستان بدات كه‌ ئازادانه‌ چالاكی سیاسیی خۆیان له‌ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی خۆراوای كوردستان دا ئه‌نجام بده‌نه‌وه‌ !!

به‌ڕاستیی ئا ئه‌مه‌یه‌ نه‌گبه‌تی كورد . لێره‌وه‌ و له‌م دۆخه‌ی خۆخۆریی كوردان دا كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ، پرسیار ده‌كه‌مه‌وه‌ : ئه‌زانن ! گه‌ر سبه‌ینێ پارتیی سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نێت چی ڕووده‌دات !؟

بێ گوومان وه‌ڵامه‌كه‌ی لای من ئاوهایه‌ : گه‌ر پارتی ڕاست ده‌كات ، ئه‌وا خۆ كه‌س ده‌ستی نه‌گرتووه‌ ، گه‌ر نایه‌وێت له‌گه‌ڵ براكانی خۆی ( مه‌به‌ست یه‌كێتیی و گۆڕان و هێزه‌كانی دیكه‌ی باشوری كوردستانه‌ ڕیك بكه‌وێت ) ئه‌وا با خۆی سبه‌ینێ كاتی ڕیفراندۆم دیاری بكا و پاشتریش لێبڕاوانه‌ سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یه‌نێت .

 خۆ له‌ یادمان نه‌چێت پاش ڕووخانی ڕژێمی داگیركاری به‌عسیش ئه‌وا له‌ باشور هه‌موومان ده‌نگمان دا به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا، به‌ڵام گرنگ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یه‌ له‌ ئه‌رزی واقیع دا .

پارتی با دڵنیا بێت گه‌ر ئه‌و سبه‌ینێ سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یه‌نێت ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ هیچ هێزێكی باشوری كوردستان دژایه‌تی ئه‌و كاره‌ی بكات، بۆیه‌ كه‌س ده‌ستی نه‌گرتووه‌ و گه‌ر به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ ئه‌جێندای پارتییه‌ ئه‌وا بۆ پراكتیزه‌ی ناكات !؟ ئه‌گه‌ر پێش ئه‌وه‌ش ئه‌یه‌وێت یه‌كگرتوویی ناو ڕیزه‌كانی هێزه‌كانی باشوری كوردستان بێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌وا فه‌رموو با كه‌مێ سازش بكات له‌ خواسته‌ حیزبییه‌كانی له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان دا ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی ناوێت : واته‌ نایه‌وێ هیچ سازشێكیش له‌ خواسته‌ حیزبیه‌كانیشی دا بكات ، ئه‌وا : فه‌رموو ئه‌وه‌ عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز كێ ده‌ستی پارتی گرتووه‌ بۆ دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم و پاشتریش سه‌ربه‌خۆیی ڕاناگه‌ینێت !؟

له‌ هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌ دا : چ پارتیی ڕێك بكه‌وێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دا بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و چ پارتی به‌ ته‌نها تاك لایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نێت ، ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ گه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ به‌ پراكتیكی بنرێت ئه‌وا دژایه‌تی بكرێت ، كه‌وابوو كێ ده‌ستی پارتی گرتووه‌ ئه‌وه‌ خاكی باشوری كوردستان و ئه‌وه‌ ته‌واوی ده‌سه‌لاته‌كانت مۆنۆپۆل كردووه‌ ، تكایه‌ سبه‌ینێ سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نه‌ و ئیدی به‌سه‌ پڕووپاگه‌نده‌ی بێ كردار، ئه‌مه‌ش مه‌كه‌ به‌و‌ پڕوپاگه‌ندانه‌ت كه‌ بۆ چاكسازیی و شه‌فافیه‌ت ده‌یكه‌یت ، ئه‌وه‌ش دۆخی ڕۆتینات و گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ باشوری كوردستان .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت