شیهاب عوسمان : کە ڕێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئیمزاکرا .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەم قسە پڕ مانایەی کاک ” نەوشیروان و مام جەلال ” ـم بیرکەوتەوە : لەوەتەی کورد هەیە ئااشبەتاڵ دەکات با ئێمە نەیکەین .
ساڵی 1979 کەچوومە دەرەوە هێشتا تەپوتۆزی گلان و پیلان و تاوانی کارەساتی هەکاری بەسیمای یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دیار بوو .. کاریگەریەکی زۆریشی لەهزرو بیری هەڤاڵاندا بەجێ هێشت بوو . ئەوکاتە بۆیەکەمینجار جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروانم بینی ..
هاوینی ساڵی 1980 کاک نەوشیروان لەتوژەڵە ڕۆژانە ئەڵقەکانی کتیبی ” کارەساتی هەکاری و قیادەی موقەتە لەچ بەرەیەکدا ڕاوەستاوە ” ی دەنوسی و , دوو رۆژ جارێک دەچووم دوو ئەلقە دوو ئەلقە لێم وەردەگرت و خۆشم دەمخوێندەوە ئەوسا فەرهاد سەنگاوی هێشتا نەببوە بێژەرو ماوەیەکی زۆر کورت بوو هاتبوو ..
سەرەتای ئەو ساڵە مام ” رۆشتە دەرەوەو سەرقاڵی هەوڵەکانی بوو بۆ دروستکردنی ” بەرەی نیشتمانی نەتەوەیی دیموکراتی عێراقی ( جوقد – جبهة وطنیة قومیة دیموقراطیة اللعراقیة ) ” بەر لەڕۆشتنی لەبۆنەیەکدا کەمن خۆم وەک کادری ڕاگەیاندن لەوی بووم ، گێرایەوەو فەرمووی : کە لەقەندیل بووین کاکە نەوە ڕۆژیک پێی وتم : مام جەلال دوو قسەم هەیە لەگەڵتا . وتم : بەسەرچاو .. لێرەدا دەوەستم لەبەر ئەوەی هەمان قسە کاکە نەوە بە وردەکاریەکانیەوە گێڕایەوە ، کە من مەبەستمەو خۆم چەند جارێک گوێ بیستی بووم و کاریگەریشی لەسەردانام تەنانەت لەکاتی خۆشیدا بەموختەفێتی لەگەڕانەوەدا بۆ ناو سلێمانی ، لەماڵی ڕەووف بێگەرد بۆ کاک شێرکۆ بێکەسم گێڕایەوەو ، دواتر لە 1983 دا کاک شێرکۆ خۆشی لەکاک نەوشیروان هەمان شتی بیست .. کاک نەوشیروان گێڕایەوە وتی : دوای کارەساتی هەکاری هاوین لەقەندیل بووین .. قەندیل زۆر سەخت و سارد بوو .. جگە لەمام بەڕۆژ بەسەعات هەمومان جگە لەچەند پیشمەرگەیەک و مام جەلال ، کە ئەوسا ژمارەمان کەمبوو بەمنیشەوە شۆردەبوینەوە بۆ خوارەوەو دەچووین دارمان کۆدەکردەوە بۆئەوەی شەو بیسوتێنین . پاشان لەدەوری دەخەوتین هەندێکیشمان ئاگری بۆخۆی دەکردەوەو وەک قەبری لێدەکرد بەتەسکی و بەردیان دەخستە سەری و دەرچەی هەوایان دەدایەو لەسەری دەخەوتن و بە دوکەس بەتانیەکیان دەدا بەخۆیاندا ، تا سەرمایان نەبێ .. کاک نەوشیروان وتی کارەساتی هەکاری هێزەکانمانی تەفرو تونا کرد بوو ، ئێران و عێراق و قیادەی موقەتەو دەدەقەدەی کوردستانی تورکیا لێیان دابوین .. ئەوەی ، کە مابوینەوە ئەوەبوو لەقەندیل بووین لەگەل جەمالی عەلی باپیر کەخۆیی و 9 کەس ڕزگاریان ببوو گەڕابونەوە هەرێمی چوار . پارەمان نەبوو خواردنمان کەم بوو وورەش لەدابەزیندا بوو .
ئەوسا لەگەل مام جەلال پێکەوە وامان پیشان ئەدا ، کەفلان ڕۆژ و بۆ نمونە دوێنێ شەو ڕژێم فلان کەسی ناردووە بۆ مفاوەزات ئەسڵیشی نەبوو تەنیا بۆ ئەوەبوو مەعنەویات بدەین بەپێشمەرگە ..! کاک نەوشیروان گێڕایەوەو وتی ئێمە تەنانەت دۆستەکانمان و هەندێک لەبرادەرانی خۆشمان لەدەرەوە .. دوای کارەساتی هەکاری نامەیان بۆ دەناردین و دەیان وت چار نیە وازبێنن و ئاشبەتاڵ بکەن و بەیانێک دەرکەن بڵێن ماڵی مەلامستەفا نەیان هێشت شۆڕشبکەین و باری گلاوی کورد هەڵسێنینەوە .. ئەوکاتەش مام جەلال لەبەر ئەوەی باری دابووە ژێر بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی هەمیشە سەرقاڵ و ئەعسابی ماندوو بوو جارجار لەپێشمەرگەکان توڕە دەبوو . بەلام نمونەی خۆڕاگری بوو ..
رۆژێک وتم مام جەلال ئیشم پێتە ..
وتی : بەچاوان کاکە نەوە ..
چوینە سەر بەردێک ـ وتم : مام جەلال تۆ دەزانی من چەند تۆم خۆش دەوێ .. ؟ .
وتی : دەزانم ..
وتم : مام جەلال دڵنیابە ئەگەر فیشەک بێت بۆ تۆ ئامادەم خۆم بەمەبەری ..!
وتی : ئەمن دڵنیام کاکە نەوە ..
وتم : دەباشە مام جەلال من تەکلیفێک و قسەیەکی برایانەی نێوانی خۆمانم لێت هەیە ..
وتی : بەچاوان چییە بیڵێ ..
وتم : مام جەلال خۆت دەانی پارەمان نیە ، فیشەکمان نیە . توشی کارەسات بووین و هەرچواردەورمان دوژمنەو و لێمان دەدەن ، پارەمان نیە بیدەین بە پێشمەرگە ، خواردن و بژێویمان نیە ، بەلام بڕواو یەکێتیمان هەیە .
وتی وایە ..
وتم : دەباشە مام جەلال با بەڵێن بەین ، کە چیتر لەپێشمەرگە توڕەنەبین .
وتی : بەڵێن بێ کاکە نەوە ..
وتی : بڵێ دووەم ..
کاک نەوشیروان وتی پێم وت : دووەم ئەوەیە لەوەتەی کورد هەیە ئاشبەتاڵ دەکات ، خۆت دەزانی دۆستەکانیشمان پێمان دەڵێن ئاشبەتاڵ بکەن و هۆکارەکانی ئاشکرا بکەن . بەلام توشەرەف سەرێکە هێناومانە یان با بڵێن ئەمە قەبری دوو گۆربەگۆری کوردە یان بائالای کوردستان هەلکەین ..
کاک نەوشیروان وتی : مام دەستی خستە ناو دەستم و وتی کاکە نەوە بەڵێن بێ ..
ساڵ هات و ڕۆی ئالای کوردستانیان پیکەوە هەڵکرد .. کاتێکیش کاک نەوشیروان لە یەکێتی جیابوەوە زۆرکەس خۆیان سەغلەت کرد ، هەمیشە بەدۆست و هاوڕێکانم دەوت خۆتان پیاو خراپ مەکەن . مەسافەی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیراون ئەوە نیە ، کەس یاری تیا بکات و خۆتان پیاو خراپ مەکەن . ئەو پەیوەنندیە ئەو مێژووە زۆر لەوە گەورەترە ئەوان ڕەفیقی عومرن .. کاتێک ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەکەم بینی ئەو کەین و بەینەو قسەکانی کاک نەوشیروان و مامی مەزنم بیرکەوتەوە .. زۆر دڵخۆشم بووم گریام ..
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە