شێرزاد شێخانی : بۆ تێناگەن ! كێشەی پارتی ـ نەوشیروانە ! .
لەوەتەی رێكەوتنی 17 مایسی نێوان یەكێتی و گۆران ئیمزا كراوە پارتی توشی هیستیریا بووە ، بەراستو چەپدا ئەدات هاوارو فیغانیەتی بەهیچ كەس ژیر نابێتەوە . لێدوانی سەركردەو بنكردەكانیان ، وتاری قەڵەمە بەكرێگیراوەكانیان ، نوسینی مناڵە ورتكەی فەیسبوكەكانیان قیژەو گریانە . لەولاشەوە كەسانێكی تریش لەنوسەرو رۆشنبیران لەهەوڵی ئەوەدان سەرقەپاغی مەنجەڵە بوخارەكەی پارتی تۆزی بكەنەوە بەڵكو “تەنفیسێك ” بات ، نەبادا بەروی میللەتە داماوەكەمانەوە بتەقێتەوە ، هەریەك لەمانە بەبیانویەكەوە ئەیانەوێ بۆ پەردەپۆشكردنی رێكەوتنامەكە دڵی پارتی بدەنەوەو تێی بگەیەنن كەوا ئەم رێكەوتنە ، تەنها رێكەوتنێكی سیاسی ئاساییە ، هەندێكی تریان ئەڵێن لەبەرژەوەندی پارتیدایە لەگەل حزبێكی یەكگرتودا مامەڵە بكات لەجیاتی دو حزب ، بەڵام پارتی بەمانەش دڵی ئاو ناخواتەوە ، چونكە ئەو خۆی ئەزانێ كوێی یەشێت .
ماوەیەك بەر لەئێستا لەگەڵ برادەرێكی نزیك لەمەركەزی بریاری سیاسی بەغدا دانشیتبوین باسی ناكۆكیەكانی مالیكی و بەرزانیمان كرد ، وتم : قەناعەتم وایە مەسعود بارزانی شتێكی لەمالیكی داوا كردبێت ئەویش رەتیكردبێتەوە . بۆیە ئەو ، كە بەوەهم خۆی بەخوا ئەزانێت نابێ قسەی بێتە خوارەوە ، رەنگە ئەو دوژمنایەتیەی مالیكی كە خەریك بوو بگاتە سەنگەر لەیەكگرتنیش پەیوەندی بەشتێكی لەم بابەتەوە هەبێت . هەموشمان بینیمان چۆن بارزانی بەدووربینێكەوە سەیری سەربازگەكانی سوپای عیراقی ئەكرد ، ئەو سوپایەی بەپێی دەستوری نوسراوی دەستی بارزانییەوە هاتەوە دامەزراندن . ئەم برادەرەش هاوڕابوو لەسەر ئەوەی بەرزانی هیچ مانیعی نییە كێشەسیاسییەكان بە شەخسەنە بكات و ، كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بخاتە ژێرپێیەكانیەوە .
نوسەرو رۆشنبیری ناسراوی كورد لاوك كونجرینی لەوتارێكیدا لەژێرناوی ” لەو دیو رێكەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕاندا ” باس لەوە دەكات : لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە ، یەکێتی و پارتی بۆ داڕشتنی کڵێشەی سیاسی هەرێم ، هاوپەیمانێتی ستراتیژیان واژوو کرد . لەیەکێک لە دانیشتنەکان قسە لەسەر ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت . بەرزانی چونکە لەوە دڵنیا بووە بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێش وەخت ئەو پێگەیە بەرئەوان دەکەوێت ، بەڕاشکاویی داوا دەکات بۆ دوو خول و هەر خولەی 20 ساڵ بێت . سەرۆکی دانوسانکاریی یەکێتی ، نەوشیروان مستەفایەو بەرپەچێکی توندی دەداتەوەو پێی دەڵێت : بۆ ئەتەوێت ببی بەخوا ؟ .
ئەم قسەیە دەرخەری چەندین حەقیقەتن كە بارزانی و حزبەكەی لەدوای دووركەوتنەوەی نەوشیروان مستەفا لەیەكێتی و بەغیابی ئەمدواییەی مام جەلالیشەوە بەفیعلی كاریان بۆ ئەوە كردووە كەوا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ 40 ساڵی تر بۆ خۆیان بێت ، هەڵبەت دوای ئەویش بەویراسە بیگوێزنەوە بۆ رۆڵەو نەوەكانیان ، كەواتە پرسیارەكەی كاك نەوە زۆر لەجێی خۆی بو كە بەرزانی بەراستی ئەیەوێ ببێ بەخوا .. خۆ ئیستا پارتی لەلای خۆیانەوە بارزانی بەخوا ئەزانن ، تەنها ماوە مەراسیمی رەسمی خواندایەتی بۆ رێك بخەن و تاجی شاهانشاهانەی بەسەر بنێن .
تەنها كەسێك تاقەت و قودرەتی هەبێت لەبەرامبەر سیستەمی بەسوڵتانیكردنی بارزانی بوەستێت و خەونەكانی پوچەڵبكاتەوە كاك نەوشیروانە ، چونكە بە تەجروبە بۆمان دەركەوت یەكێتی بە هۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانیەوە بەغیابی مام جەلالیشەوە نەیتوانی رێگا لەبەدیكتاتۆرییەت بردنی هەرێم بگرێ ، راستە یەكێتی هەندێجار لەپەرۆشی بۆ تازەنەبونەوەی شەڕی براكوژی و لەبەرژەوەندی میللەتەكەی سازشی زۆری بۆ پارتی كرد كە ئەمەش بەزیان كەوتەوە سەری ، وەكو لە 30 حوزەیراندا بینیمان . بەڵام بێدەنگیەكەی وای لەپارتی كرد خۆی بەم شێوەیە نمایش بكات ، ئەمەشیان بەزیانی میللەت كەوتەوە ، بۆیە ئێستا كاك نەوە بۆتە دوژمنی بابەگەورەی پارتی و بەیەكگرتنەوەشی لەگەڵ یەكێتیدا ، پارتی باش ئەزانێت ئەمە كۆتای خەونەكانی بارزانییە .
بزوتنەوەی كاكە نەوە ، بزوەتنەوەیەكی سیاسی بێ چەكدار بو ، لەگەڵ ئەوەشدا توانی عەرشی بارزانی بهەژێنێت ، لەپەرلەماندا شەری سەختی داكۆكیكردن لەمیللەتەكەی كرد ، بەپرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و نوسینەوەی دەستورێكی نوێ و مكوربونی لەسەر گۆرینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی خواستی تاكڕەوی و دیكتاتۆریەتی پارتی لەبنەوە هەڵتەكاند ، ئێستاش بزوتنەوەكەی خەریكە لەگەڵ یەكێتیدا یەك ئەگرنەوە ، ئەگەر ئەمە سەربگرێ ، هێزێكی چەكداری تۆكمەو كاریگەریی پڕ ئەزمون ئەكەوێتە بەردەستی كاك نەوشیروان و ، پارتیش لەوە تۆقی چووە ، جگە لەوەش بەم یەكگرتنەوەیە پارتی ئەبێتە حزبی كەمینەی پەرلەمانی ، ئیدی بۆی ناچێتەسەر بریاریی چارەنوسساز بۆ خۆی قورخبكات .
پێموایە ئەگەر هەر 37 حزبەكەی كوردستان بە هێزە رەسەن و چڵكاوخۆرەكانیشەوە یەكیان بگرتایە پارتی ئەوەننە پێی قەڵس نەئەبو ، بەمەرجێك بەسەرۆكایەتی نەوشیروان نەبێت . كاتێك باس لەوەش ئەكرێت چەند حزبێكی تریش ئەیانەوێ بێنە ناو بەرەی یەكێتی و گۆڕانەوە ، یا هەر نەبێ لەئیئتلافی فراكسیۆنەكەدا هاوكارو هاوهەڵوێست بن ، جا بۆت دەرئەكەوێ چ كارەسات و رۆژێكی رەش چاوەرێی پارتی ئەكات . بۆیە پێشتریش وتومە : پارتی بەهیچ شێوەیەك بەم وەزعە رازی نابێت ، تا بەیانی یاسینی بۆ بخوێنن دڵی ئارام نابێتەوە . ناچار لەكۆتاییدا هەر بەرەو دو ئیدارەییمان ئەبات ، چونكە ئەو لەگەڵ ئەم وەزعە تازەیە ناگونجێت و ئەمكارەی پێ هەزم ناكرێت . پارتی وەكو خۆی نەخشەی بۆ داناوە ئەگەر لەسەر ئەرزی دو گوندیش بێت حوكمرانی دیكتاتۆریانەی خۆی ئەچەسپێنێ ، بەتایبەت هەندێ كەس بریاریانداوە وەكو كۆیلە خزمەتكاری ئەم دیكتاتۆرە بن ، با ئەمانەش موبارەكی ئەو بن .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts