سەرۆكی پەرلەمان : پێِش 12/10 پارتی بەتەمابو لەسەر زانكۆی كوردستانیش دەرگای پەرلەمان دابخات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شیرزاد شێخانی : 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر یوسف محمد لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا پەنجەی خستە سەر هۆكارو دەرهاوێشتەی روداوەكانی ئەمدواییانەی هەرێمی كوردستان ، ئاشكرای كرد ” كە پارتی دەمێك بو هەوڵی دەستەمۆكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەداو،ئەیویست وەكو خولەكانی پێشوتر پەرلەمان بخاتە ژێر ركیفی خۆیەوەو چۆنی بوێت ئاوا هەڵیسورێنێ . لەم بارەوە سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەیدا : كاتێك یاسای هەمواركردنی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتە پەرلەمان پارتی هەڕەشەی ئەوەیان لێمكرد ئەگەر بێتو باسی زانكۆی كوردستان ( سەر بە نێچیرڤان بارزانی ) بكەین ئەوە دەرگای پەرلەمان قفل ئەدەن و ئەمانێرنە ماڵەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوێمان پێەدانو یاساكەمان تێپەراند .

ئەم وتانەی سەرۆكی پەرلەمان لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ سایتی ” سارا پریس ” هات كە بەزمانی عەرەبی لەسلێمانی پەخش ئەكرێ .

سەبارەت بەدەسپێكی قەیرانی سیاسی لەكوردستاندا سەرۆكی پەرلەمان جەختی كردەوە كە كێشەكە لەبنەڕەتدا پەیوەست بو بەكورسیەكەی مەسعود بارزانیەوە ، ئەوان سوربون لەسەر مانەوەی بارزانی ، لەلایەكی تریشەوە ویستیان ئەمجارەش پەرلەمان دەستەمۆ بكەن ، ئەمەش ئێمە پێی رازی نەبوین بۆیە پەرلەمانیان پەكخستو ئەم قەیرانە سەریهەڵدا .

لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی سەركردەكانی پارتی گوایە رێگا نادەن یوسف محمد تا هەڵبژاردنی داهاتو بگەرێتەوە هەولێر ، وتی : من لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوم ، بەدەنگی پەرلەمانتارانی نوێنەرانی گەلیش بومەتە سەرۆكی پەرلەمان هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكە لابدات ، چونكە لەپەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەماندا هیچ دەقێك نیە بۆ لادانی سەرۆك لەبەر ئەوەی لایەنیك پێی رازی نیە ، ئەمەش بۆ ئەوە بوە تا هیچ لایەنێكی سیاسی نەتوانی لەرێگای فراكسیۆنەكەیەوە سەرۆك لابدات .

لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا دانیشتنی 23 حوزەيران لەسەر داوای حزبەكەی بوە یا ئیجرائاتێكی یاسایی بوە،سەرۆكی پەرلەمان وتی : مەسەلەكە سیاسی نەبو ، تەنها لەروی یاساییەوە مامەڵەمان لەگەل كرد ، سەرۆكێك هەبو ماوەی ویلایەتەكەی تەواو ببو ، ئەبوایە رێگایەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی توشی فەراغی یاسایی نەبین ، من هەر لەدەستپێكی مەسەلەكەدا رای خۆم بە راشكاوی راگەیاندو وتم : ئامادە نیم بەهیچ شێوەیەك ئەزمونی 30 حوزەیرانی 2013 دوبارە بكەمەوە ، ئەگەر نا من دەست لەكار ئەكێشمەوەو ئەمكارە ناكەم ، بۆیە سێ بژاردەمان خستەڕو ، یەكەم دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامبدات ، یا نوسینەوەی دەستورێكی تازە شێوازی سەرۆكایەتی دیاریبكات ، یاخود هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بۆ ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژیردرێت ، بەڵام هەر سێ بژاردەكە لەلایەن پارتییەوە لەباربران .

سەبارەت بەچارەسەرییەكانی دەرچون لەم قەیرانە سەرۆكی پەرلەمان وتی : چارەسەر بەوە نابێت لایەنێك پێداگییری لەسەر كاری ناشەرعی وناقانونی بكات ، بەهەڕەشەو گوڕەشەی شەڕی ناوخۆو دو ئیدارەییش چارەسەر ناكرێ ، بە پەكخستنی پەرلەمانو ئیفلیجكردنی حكومەت ناكرێ ، ئێمە لەپەرلەمان ناتوانین شەرعیەت بدەین بەكاری ناشەرعی پارتی دیموكرات ، چارەسەر بەزەبری چەكیش نابێ ، ناكرێ هەولێر وەكو پایتەخت لەژێر هەیمەنەی حزبێكی چەكداردا بێت ، دەبێ لەدەرەوەی ململانێ سیاسییەكاندا بێت چونكە  پایتەختی میللەتە ، من ئەوە ناڵێم لەبەر ئەوەی خۆمان بزوتنەوەیەكی بێ چەكین ، چونكە بینیمان ئەوانەی چەكیشیان بەدەستەوەوە بو نەیانتوانی خاكی كوردستان بپارێزن و شەنگال و شوێنی تریان دایە دەست داعش و دیفاعیان لێنەكرد ، ئەبو چەك لەدژی تیرۆریستان بەكار بهێنرایە نەوەك بۆ پەكخستنی دەزگای شەرعی پەرلەمان . سەبارەت بە مانەوەی مەسعود بارزانیش لەسەر كورسییەكەی دكتۆر یوسف محمدی سەرۆكی پەرلەمان وتی : پێداگییری بارزانی لەسەرمانەوەی بەشێوەیەكی ناشەرعی عورفێكی ناشرینی لەكوردستاندا داهێنا ، كە لەگەڵ دیموكراسی ناكۆكە ، ئەبوایە وەكو سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا جۆرج واشنتونی بكردایە كە وەكو رەمزێكی گەورە دوای دو خولی سەرۆكایەتی ئامادە نەبو خۆی بۆ خولی سێیەم كاندید بكاتەوە ، بەمەش عورفێكی جوانی داهێنا بۆ میللەتەكەی ، بەپێچەوانەی مەسعود بارزانیەوە كە عورفێكی ناشرینی داهێنا ، ئیستا هەمو ئەوانی لەخوار ئەویشن بەسەریا ئەرۆن چونكە دادوەر هەیە كۆتایی بەخزمەتی هاتوە كەچی داوای درێژكردنەوەی پۆستەكەی ئەكات .

لەبارەی پەكخستنی پەرلەمانیش وتی : تەنها مەسەلەكە پەیوەست بەكورسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە نیە ، بەڵكە بەرۆڵی چاودێری پەرلەمانو پرسینەوە لەحكومەت سەبارەت بەداهاتو چۆنیەتی سەرفكردنو دیارنەمانی ملیاران دۆلاری فرۆشی نەوت ، پێویست ناكات میللەتی خۆمان هەڵخەڵەتێنین ، یا ئەوەتا پەرلەمان بەرۆڵی چاودیری خۆی كار بۆ سەروەری یاسا بكات یا ئەوەتا هەر لەئەسڵا پێویست بەپەرلەمانێكی گوێرایەڵی حزبێك ناكات . سەبارەت بەئەگەری دابەشبونی هەرێمیش بۆ دو ئیدارەیی سەرۆكی پەرلەمان وتی : ئێستا بە واقیع دو ئیدارەیی بونی هەیە ، ئەوەتا حزبێك هەولێری خستۆتە ژێر ركێفی خۆیەوە ، نایەڵێت پەرلەمان لەپایتەخت كۆ ببێتەوە ، بۆیە هەڵكردن لەگەل حزبێك كە پابەندی یاسا نابێت و هەمیشە پەنا بۆ هێز ئەبات كارێكی ئاسان نییە .

لەكۆتاییدا هاتە سەر مەسەلەی دەوڵەتی كوردی و ئەو پێیوا بو  : پێشكەوتنێكی باش لەهزری كورددا هەیە سەبارەت بەمەسەلەی چارەنوس ، ئێستا گۆڕانێك بەدیئەكرێت لەدروشمەكاندا لەحوكمی زاتیەوە بۆ دەوڵەتبون ، بەڵام سەرنج بدەن هەر كاتێك قسە لەسەر ویلایەتەكەی مەسعود بارزانی بكرێت باسی دەوڵەت ئەبێتە باسی گەرمی پارتییەكان ئەمەش زیاتر موزایەدەیە ، چونكە دەوڵەت پرۆژەیەكی نیشتمانی میللیە ، بۆ تەنها كەسێك نیە ، بەڵكو بۆ میللەتە ، جارێ پێش هەمو شتێك ئەبێت هێزەكانمان یەكبخەین ئاسەواری دو ئیدارەیی نەهێڵین ، پەیوەندی باشمان لەگەڵ رۆژئاواو باكوردا هەبێت ، ئینجا باسی دەوڵەتبون بكەین ، چونكە زەمەنی دروستكردنی ئیماراتی بچوك كۆتایی هاتوەو ئەمە بیركردنەوەیەكی زۆر كۆنەو بەسەرچوە .

درێژەی دیدارەكە لەم پەیجەدا ببینە :  ساراپرێس 

 

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت