Barzani

شێرزاد شێخانی : پێشمەرگەو سەیارەی درع .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیك بەساڵێكە لەسلێمانیم . رەنگە هەزارانجار بەبەردەركی بارەگای لقی چواری پارتیدا گوزەرمكردبێت ، كەدەكەویتە سەرشەقامی سالم ، رۆژێك لەرۆژان نەمبینی دەرگای ئەم بارەگایە كراوەبێت !. تەنانەت جارێكیان ویستم بۆ فەیسبوكەكەم وێنەیەكی ئەم دەرگا هەمیشەداخراوە بگرم و بەبێ كۆمینت بڵاوی بكەمەوە ، چونكە زۆرجار وێنە خۆی ئەدوێ ، بەڵام ترسام نەبادا قۆڵبەستم بكەن و تەسفیری بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پاراستنی سلێمانیم بكەن و لەوێش شوێنبزرمكەن ، بەتایبەت ئەمڕۆ گەورەترین دوژمنی پارتی باوەڕتان بێت نە گۆران و یەكێتییە ، نە داعش و قاعیدەیە ، بەڵكو گەورەترین دوژمنی پارتی نوسەرو رۆژنامەنوس و رۆشنبیرو قەڵەمە ئازادەكانە ، بەدەلیل ئەوەندەى رۆژنامەنوس و نوسەر ئەگیرێن و ئەكوژرێن و دادگایی ئەكرین ئەوەندە كۆنە بەعسی و موستەشارو ئەنفالچی موحاسەبەناكرێن ..
وابزانم دوساڵ بەر لەئێستا بو ، كاتێك بەرێگاوە بوم لە سلێمانییەوە بو هەولێر ، بینیم بەدرێژایی رێگای هەولێرو سلێمانی هێزەكانی زێرەڤانی جادەكەیان تەنیوەو لەدوری هەر پەنجا مەتریك چەكدارێكی عەینەك رەش بەجلی سەربازییەوە تەوزیعكراون ، لەدوری هەر دوسەد مەترێكیش پیكابێكی دوشكەلەسەر وەستاوە .. من ئەم دیمەنانەم پێشتر لەمیدیاكان ئەبینی لەكەژاوەكانی سەدام و قەزافی و حوسنی موبارەك ، بەڵام پێم سەیر بو لەكوردستانی ئێمەشدا دیمەنێكی واببینم ، زۆری پێنەچو لەرادیۆی سەیارەكەمەوە گوێم لەهەواڵبو باسی سەردانی مەسعود بارزانی ئەكرد بۆ خانەقین .. ئەوسا بەكوڕەكەمم وت ، سەیرە ئەم زاتە بەمشێوەیە خۆی نمایش ئەكات ، لەكاتێكدا هەزارانجار گوێمان لێی ببو كەوا ئەو خۆی بەپێشمەرگەیەكی زۆر ماندونەناسو ئازاو دلێر ئەزانێت ، كەچی ئەترسێت لەرێگای سەفەریدا تەقەی لێبكرێت ، بۆیە ئەم هەمو حیماییەی لەسەر رێگادا داناوه ، یا تۆ بڵێی ئەمە بۆ خۆدەرخستن و لاسایی كردنەوەی دیكتاتۆرەكانی تری دونیا بێت ، ئەوەشی لەبیرچوبێتەوە تەنها بەردێكی بچوك بكەوێتە ژێر تایەی سەیارەكەیەوە لەوانەیە بیست تەقڵە لێبدات و هەرچی لەگەڵیشدایە هەنجن بەهەنجن ببن و ئەم هەمو حیمایەیەش فریای نەكەون . خۆ قەدەری خوا كە هات ناگەرێتەوە ، بەڵام دیكتاتۆرەكان باوەڕیان بەخواو قەدەریشی نییە ، ئەگینا نەخۆیان ئەكەن بەفیرعەون و نە ئاواش ئازاری میللەتەكانیان ئەدەن .
پێم سەیربو لەجیاتی بڵاوكردنەوەی ئەم هەمو هێزە لەسەر رێگاكە ، بۆچی لەگەڵ خۆی نەبردن بۆ بەرەكانی شەڕی خانەقین و جەلەولا كە ئەوكات شەڕێكی دەستەویەخەی پێشمەرگەو داعش بەرپاببو . دوای ئەوەش بۆچی بەرێگای كۆیەوە نەئەهاتە سلێمانی كە بەحیساب رێگاكە زۆر ئەمینترە لەرێگای كەركوك . بەڵام دەركەوت كەوا ئەو مەبەستی لەو هەمو عەرزی عەزەلاتە تەنها خۆ بەزل پیشاندان بوە .
جیا لەوەش كۆشكو تەلارەكانی مەسعود بارزانی لەسەری رەش هیچ كەسێك نەیدیوەو نایبینێ ، تەنانەت چۆلەكەش بەسەریا تێپەرێت تەقەی لێئەكرێ ، چونكە ” ناوچەی موحەرەمەیە ” وەك كۆشكی سەرۆكایەتی سەدام وایە ، ماڵ و كۆشك و خانوو مەزرەعەكانی بەرپرسانی پارتیش لەمەسیف و دەوروبەری بەهەمانشێوە موحەرەمەن . كاتێك سەركردەكان سەیارەكانیان ئەكەن بەدرع و شورای ماڵەكانیان تەلبەند ئەكەن و ناوچەكانی دەورەپشتان مینرێژ ئەكەن ، ئەمە ترسە لەمیللەت نەوەك ترس بێت لەدوژمن ..
دەیان و سەدان هۆكار هەبون لەسەر بەرپابونی شۆڕشی گەلانی میسر دژ بەدیكتاتۆریەتی حوسنی موبارەك ، بەڵام ئەوەی سەرنجی راكێشام قسەی هاوڵاتیەكی میسری رۆشنبیر بو كاتێك وتی : گەورەترین دەسكەوتی ئەم شۆرشەمان ئەوەبو كەئیتر نەجاتیمان بو لەكەژاوەكانی سەرۆك ، كاتێك هەمو بەیانی و ئێوارەیەك لەهاتوچونی بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی بیست شەقامیان دائەخست تا كەژاوەكانی پیا تێئەپەری . ئێستا حوسنی موبارەك نەكەژاوەی بەدواوەیە ، نە حەشامەتی حەرەسی جەمهوریو لیوا تایبەتەكانی ، ئێستا لەژورێكی بچوكدا زیندانیە چاوەڕێی مەرگێكی ناشەرەفمەندانەیە چونكە دیكتاتۆریكی ملهوری دژ بەمیللەتەكەی بو .. ئەمە چارەنوسی هەمو ئەو دیكتاتۆرانەیە كە دژ بەخواست و ویستی میللەتەكانیان حوكم ئەكەن ، عەدالەت و هەمو بەهایەكی جوانی لەناو ئەبەن ، خۆیان وەكو قارۆنی سەرنگومكراو نمایش ئەكەن ، بەنازو فیزەوە ژیان بەسەر ئەبەن ، میللەتەكەشیان لەتە نانێك نیە بیخوات ..
( إن قارون كان من قوم موسى فبغى عليهم وآتيناه من الكنوز ما إن مفاتحه لتنوء بالعصبة أولي القوة إذ قال له قومه لا تفرح إن الله لا يحب الفرحين ( 76 ) وابتغ فيما آتاك الله الدار الآخرة ولا تنس نصيبك من الدنيا وأحسن كما أحسن الله إليك ولا تبغ الفساد في الأرض إن الله لا يحب المفسدين ( 77 ) ) .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت