شێرزاد شێخانی : كشانەوەی یەكێتی لەحكومەتی گەندەڵستاندا .
یەكێتی نەكردی نەخواردی خەریكە باجێكی گەورەی ئەم وەزعە ناهەموارەی ئێستای حكومەتی موفلیسی دژ بەگەلی پارتی و بارزانی ئەدات ، نە ئەتوانێ ئەم وەزعە چاكبكاتەوە ، نە رێگاشی پێئەدرێت تەنانەت قوتی مناڵانی فەرمانبەرانیش لەدەمی حوتەكان دەربێنێ ، نە كەسیش پرسی پێ ئەكات لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری ئەم هەمو قەیران و كێشانەی ئەمڕۆ بەرۆكی كوردستانیان گرتۆتەوە .
مەعلومە لەوەتەی یەكێتی لەتەك پارتیدا بەشدارە لەحكومەتدا ، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بۆ یەك رۆژیش نەیتوانیوە بەرنامەكانی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێ و ، دەسەڵات بخاتە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە ، بەمەش زۆرجار شەرمەزرای دەنگدەرانیشی بوەو ، جاریوا باجی گەورەشی لەم پێناوەدا داوە .. یەكێتی وەكو حزبێكی جەماوەری چاوەڕێ ئەكرا كاری باشتر لەوەی پارتی بكات لەسەر ئاستی حكومەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا ، بەڵام تەنانەت ئەو دو ساڵەی كە سەرۆكایەتی حكومەتیشی كەوتە دەست نەیتوانی بەشێكی بچوكیش لەبەرنامەو بەڵێنەكانی هەلّبژاردنی جێبەجێبكات چونكە دەستی پارتی توند قوڕگی گرتبو . تاكە زەمەنێك كە یەكێتی هونەری خۆی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا تاقیكردەوە ، ئەو زەمەنە بو كە دو ئیدارەیی هەبو ، یەكێتی لەئیدارەی سلێمانیدا زۆر سەركەوتوتر بو بەرامبەر بە ئیدارەی هەولێر ، ئەمەش بەشایەتی زۆربەی ئەو كەسانەی لەزۆنی سەوزا ئەژیان و بەچاوی خۆیان بینیان بەداهاتێكی زۆر كەمیشەوە یەكێتی توانی ئیدارەیەكی باش و جوان لەزۆنەكەی خۆیدا ببات بەڕێوە .. خۆ ئێستاش رێگا بەسیستەمی لامەركەزی بدرێت ، یەكێتی ئەتوانێ ئیدارەی ناوچەكانی خۆی ببات بەڕێوەو هیچ منەتی بەپارتیش نەمێنێت ، چونكە ئێستا داهاتە ناوخۆییەكانی ئەنێرێتە هەولێر ، نەوتی ناوچەكانی خۆیشی بەوەی كەركوكیشەوە رادەستی پارتی ئەكات بەبێ ئەوەی لەبەرامبەردا تەنانەت موچەی فەرمانبەركانیشی بێتەوە دەست ، ئەم هەمو داهاتانەی ئەچنەوە بەردەستی ئاشتی هەورامی و پارتیەوە ، كە رەحم بەهیچ كەس ناكەن .
مەسەلەیەكی تریش كە گرنگە لێرەدا باسیبكەم ئەوەیە كە پارتی بەهیچ شێوەیەك نە ئامادەبوە نە ئامادەشە رێگا بەیەكێتی بدات بۆ ئەوەی رۆڵی كاریگەرتر لەوەی ئێستا لەئیدارەدا بسەلمێنێ ، ئەو پێی خۆش نیە كەسێك یا لایەنێكی تر پێش خۆی بكەوێت بۆ ئەوەی شەعبیەتی نەیەتە خوارو هی بەرامبەركەی بەرزببێتەوە ، بۆیە ئەوەی ئێستا زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی باس ئەكەن لەبونی هاوبەشی لەئیدارەدا تەنها وەهمێكەو هیچیتر .
كاك نەوشیروان لە چاوپێكەتنێكیدا لەسالی 1995 باسی لەوەكردوە كەوا پارتی بەهیچ شێوەیەك ئامادە نیە حوكمی دامەزراوەكان لەم هەرێمەدا بچەسپێنێت ، ئەوەی پارتی ئەیەوێت حوكمی میلیشایە بەسەركردایەتی بنەمالەی بارزانییەوە ، بەپێچەوانەی یەكێتی كە ئەیەوێ وڵات بەدامەزراوەیی بكات ، ئێستاش پارتی هەر كار بۆ ئەم حوكمە ئەكات ، بۆیە یەكێتی كە بەدریژایی ئەم بیست ساڵە هیچی پێنەكرا ، ئێستاس هەر هیچی پێناكرێ .
ئەگەر كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم بەنمونە وەربگرین ، ئەبینین بزوتنەوەی گۆڕان وەك لەبەرنامەكەی هەڵبژاردندا رایگەیاند نیازی چاكسازییان هەیە لەسەر ئاستی حكومەت ، هەر بەو بەرنامەیەشەوە بەشداری كابینەكەیان كرد میللەتیش چاوەڕێی هەنگاوەكانی چاكسازی لێئەكردن ، بەڵام وەكو بینیمان كاتێك وەزیری دارایی گۆڕان دەستی بۆ هەندی دۆسیەی هەستیاربرد ، یەكسەر وەزیرەكانی گۆران بەگشتی شاربەدەركران .. ئەوان نایەنەوێ هیچ سەروەرییەك ببەخشنە حزبە نەیارەكانیان بە یەكێتی نیشتمانیشەوە ، بۆیە حاڵی حازر یەكێتی بەو چوار پێنج وەزارەتەوە نە هیچی پێكرا نەهیچیشی پێئەكرێت ، خۆ ئەگەر وەزیرەكانی یەكێتیش وەكو وەزیرەكانی گۆڕان بیانەوێ چاكسازییەك لەسەر ئاستی وەزارەتەكانیان بكەن بێگومان ئەوانیش شاربەدەر ئەكرێن . بالێرەدا بپرسین بزانین ئەم وەزیرانەی یەكێتی چییان كردوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لەم كابینەیەدا .
A – وەزیری تەندروستی نەیتوانیوە دوای دو خولی بەشداربونی لەكابینەكەی حكومەتدا رێگری لەیەك كۆمپانیای دەرمان بكات ، كە نرخی دەرمان ئەمڕۆ بوەتە بارێكی زۆر قوڕس بەسەر خەڵكەوە .. تەنانەت نەیتوانی موحاسەبەی ئەو كۆمپانیای دەرمانەش بكات كە دەرزی ئێكسپایەریان هێناو چاوی 30 هاوڵاتیان كوێر كرد ودواتر بەپارەی حكومەت قەرەبو كرانەوە نەوەك كۆمپانیاكە !.
B – وەزیری ئاوەدانی با یەك پرۆژەی ئاوەدانیم بۆ بێنێت كە لەم كابینەكەدا كردبێتی ؟.
C – وەزیری رۆشنبیری باسی یەك كتێبم بۆ بكات كە لە ماوەی رابردوا بەچاپی گەیاندبێت ؟.
D – وەزیری شەهیدان نەیتوانی ناوی سەدان موستەشارو ئەنفالچی لەلیستی شەهیدان دەربێنێ ؟.
تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەتیش زۆرجار ئاگاداری كاتەكانی دابەشكردنی موچەش نیە ئەویش وەكو هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی هەواڵی موچە لەمیدیاكانەوە ئەزانێت ، كاتێكیش ئەپرسێت بۆچی موچەی ئەم مانگە دواكەوتوە ، پێی ئەڵێن با چاوەڕێی ئاشتی هەورامی بكات دوای گەڕانەوەی لەدەرەوەی وڵات وەڵامی ئەداتەوە ئەمەش بەعەرەبی پێی ئەڵێن : ئەوپەری ئیستهتار . یەكێتی نەك بەو پێنج وەزارەتەی هەیەتی بەڵكو وەزارەتەكانی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوشی بخرێتەسەر هەر هیچی پێناكری بۆ گۆڕینی وەزعی حكومەتێك كە سەرۆكەكەی پارتیەكی گەندەڵ بێت . بۆچی لەپێناو پێنج كورسی شلۆقی وەزارەتی بێدەسەڵات یەكێتی خۆی ئەكاتە قوربانی پارتی و خۆی وەكو شەریكەبەشێك نمایش ئەكات ؟ بۆچی بوەتە بەشێكی هیچوەرنەگرتوی لەم هەمو دزیو گەندەڵییەی ئەمرۆ پارتی ئەیكات ؟ .
ئێستا كاتی ئەوە هاتوە یەكێتی لەو حكومەتە دژ بەمیللەتە بكشێتەوە و ماڵی قەڵپ بدات بەسەر ساحیبەكەیەوە كار بۆ ئاییندەی میللەتەكەی بكات بەهاوكاری سێ لایەنەكەیتر رابەرایەتی بەرەی گەل بكاتوحوكمرانی سەقەتی دژ بەمیللەت بداتەوە دەست پارتی و بابزانین ئەم هەرێمەمان بەرەو كوێ ئەبات وچۆن لەم قەیرانانە رزگاری ئەكات ، چونكە ئێستا یەكێتی بمانەوێ و نەمانەوێ بەشەریكە بەشی پارتی وەسف ئەكرێت ، ئەمەش لەكاتێكدایە كەوا هیچی پێ نەبڕاوەو گوناحە بۆ چوار پێنج كورسی شلۆق خۆی بكاتە سورەی بەرلەشكری گەندەڵكارو خوێنخۆرانی میللەتەوە ، با یەكێتی بگەڕێتەوە بەرەی میللەت خۆی وەكو ئۆپۆسزیۆن بناسێنێت ، بەمەش هەم پرۆسەی دیموكراسی راستەڕی ئەبێتەوە ، هەم یەكێتیش دەستی كراوەتر ئەبێت لەرەخنەگرتن لەئەدای پارتی و قبوڵنەكردنی ئەم هەمو زوڵمو زۆردارییەی دژ بەمیللەت ئەكرێ ، ئەوسا بابزانین حزبی دیكتاتۆر بەتەنها چی پێئەكرێت بۆ راستكردنەوەی ئەم بارە ناهەموارەی میللەت و ئەزمونەكەمان بەرەو كوێ ئەبات .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
- -
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts