گۆران هەڵەبجەیی : جارێکی دیکە [ ئەنیتای ] دۆستمان بە پێشەنگایەک هاتەوە نێومان .
لە ڕێکەوتی [ 29.05.2016 ] لە هۆڵێکی نزیک لە کۆبنهاگن ، دۆستی دێرینمان ، دۆستی کورد خانمی هونەرمەندی شێوەکار [ ئەنیتا ئەسپاندەر ] پێشەنگایەکی کردوەوە .
لە کاتی کردنەوەی پێشەنگاکەیدا وێرای بەخیرهاتنی میوانان بە زمانی دانمارکی ، بە کوردیش بە چەند پەیڤێک بە خێرهاتنی میوانەکانی کرد .
پێشەنگاکەی لە کۆمەڵێک تابلۆ پێکهاتبوون ،کە ژمارەیەکی زۆریان گوزارشتیان لە سروشتی جوانی کوردستان دەکرد و ڕەنگی بەهاری یا هاوینی زاڵبوون بەسەر تابلۆکانیدا . ئەنیتا تراژیدیای کوردی لە یاد نەکردبوو . ئەوەتا کارەساتی شەنگالی خستبووە نێو تابلۆیەکیەوە . هەروەها بەرخوارادان و قارەمانیەتی کۆبانیشی فەرامۆش نەکردبوو ، لە تابلۆیەکدا ئەو داستانە مەزنەی بەرجەستەکردبوو .
ئەوەی پێشەنگاکەی ڕازاوەترو و بەشەوقتر کرد موزیکەکەی هونەرمەند ئامانج زەرەفیان بوو کە ناوبەناو بە ئۆرگەکەی پارچە موزیکی جوانی دەژەند .
شایانی ئاماژەیە ئەنیتا تا ئێستا چوار جار سەفەری کوردستانی کردوە ، زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان گەڕاوە . هەر ئەم سەردان و گەڕانەی بوونە هەوێنی کتێبێک بە نێوی [ گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕیکانم ] ، کە تا ئیستا بۆ جاری دووەم چاپە کوردیەکەی چاپ دەکرێتەوە .
شایانی ئاماژەیە کەسانێکی زۆر وە بەتایبەتی کورد سەردانی پێشەنگایەکان کرد . هەر ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشی ئەنیتا .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت