Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : بە ئیشكالكردنی كێشەی نێوان سلێمانی & پارتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەبارەت بە ” مۆڵەت و كرێدی ” چوونە ژوورەوە بۆ سلێمانی

نە پێكەنین ، نە گریان بەڵكو تێگەیشتن . سپینوزا  ـ Ni rire, ni pleurer mai comprendre” spinoza

1
پارتی دەیەوێت لە سلێمانی بێت ، بەڵام ، نایەوێت سلێمانی لە هەناوی پارتیدا بێت .
سلێمانی بە تەنیا سنورێگی جوگرافی دیاریكراو نییە . سلێمانی هەرگیز ناكاتە ناوەندی شاری سلێمانی . سلێمانی خەیاڵدان و خەیاڵكردنە ، سلێمانی زمانە ، فكرە ، ڕوانینە ، پەیوەندی كۆمەڵایەتی جیاوازە . بیناكردنی خەیاڵە . سلێمانی شێوە زارە . سلێمانی لە پەیوەندییەكاندا دیەردەكەوێت كە چۆن چۆنی سلێمانی و سلێمانیزادەو سلێمانیگەرایە . سلێمانی ئەو كاتەی دەكەوێتە ناو مامەڵەكردن و ئاڵوێرەوە جۆرێك ، فۆرمێك یان چەندین فۆرم لە سلێمانی بوونی خۆی مانێڤست دەكات . سلێمانی لە ناو پەیوەندی و ململانێیدا لە گەڵ هەولێرو دهۆكدا دەكاتە ناوەندی سلێمانی و شارەزوورو گەرمیان و چوارتاو سیوەیل و شارباژێرو پێنجوێن . بەڵام كە وردتربوویەوە ، پەوەندییەكە كەوتە نێوان سلێمانی و هەڵەبجە ، سلێمانی و گەرمیان ، سلێمانی كەركوك ، سلێمانی و هەورامان ، ئەوكاتە سلێمانی تەنیا دەكاتە ناوەندی شارو چوارتالو قەڵاچۆلان . ئەگەر پەیوەندییەكە كەوتە نێوان سلێمانی و و دوكان و شارەزوو ، ئەو كاتە سلێمانی تەنیا دەكاتە ئەوانەی لە چوارتاوە درێژبوونەتەوە . ئەگەر ململانێ و كێشمەكێشەو ڕەمزی و سیمبۆلی و كولتوری و كۆمەڵایەتییەكان كەوتە ناو سلێمانییەوە ، ئەو كاتە سلێمانی دەكاتە سەرشەقام و توی مەلیك و سابونكەران و مەكڵكەنی و خانەقا . سلێمانی لە ناو شەڕو پەیوەندییە پڕ لە ململانێ و كێشمەكێش و بەیەككەوتنەكاندا دەكرێت بیگرین و مامەڵەیەكی بڕێك كۆنترێتی تری لە گەڵ بكەین . سلێمانی لە گەڵ ئەو هێزانەدا گشتێكی بەرجەستەبوو و خەیاڵدانێكی گەورەترە كە بكاتە ناوەندی شارو گەرمیان و هەڵەبجەو هەورامان و بڕێكیش كەركوك ، كە بەر هێزێك دەكەوێت لە هەولێرو بادینان . بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت سلێمانی لە هەناوی خۆیدا پڕ لە كێشەكێشی هێزە لۆكاڵییەكانی هەناوی خۆی و مۆنۆپۆڵكردن و لە خۆگرتن و ئیحتیواكردن . بۆچی سلێمانی و لە ناو چی ” گوتارێكدا ” بووە بە دەزگاو خەیاڵ و هەیمەنو هەژموون بە سەر گەرمیان و شارەزوور و برێكیش بتوین و پشدەردا , ئەمەیان بابەتێكی دیكەو ئیشكالێكی دیكەو پەیوەندی و بەریەككەوتنی هێزی دیكەیەو خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت . لێرەدا ئێمە قسەوباسمان لە سەر سلێمانییە وەك چیرۆك و زمان و سەرمایەو حیكایەت و زمان و شێوەزارو گەمەو شۆخیكردن و نوكتە گێڕانەوەو قسەی خۆشە . واتە ستایلێكی ژیان و ژیانكردن ” لە ناو هەبایتوس و كۆدەزگای خۆ جیاكردنەوە پارێزگاری لە خۆكردندا . ئەو كۆ دەزگایانەی هەمیشە ” مەودایەك ” لە نێوان خودی سلێمانی و غەیرە سلێمانیدا دەهێڵێتەوەو وەك ” شوناس و ناسنامە ” بەرگری لێدەكات .

2
سلێمانی دەبێت ڕابەرایەتی بكات نەك ڕابەرایەتی بكرێت . دەبێت ئاوێنەی ئەم ڕابەرایەتیكردنە لە كۆمەڵێك سیمبۆل ، هێما ، نیشانە ، زمان ، چیرۆك ، شێوازو ستایلی جل و بەرگ ، خواردن و خواردنەوە …. دا دەركەوێت . واتە ” گوتارێكە ، دەبێت دەركەوتەی هەبێت . سلێمانی هەمیشە لە ناو هێزەكاندا بۆ ” نوێنەرایەتی و نوێنەرەكانی خۆی دەگەڕێت “. ئەم نوێنەرایەتی و نوێنەرایەتیكردنە هێندە گوتارو دەزگا گوتارییەكانە ، هێندە كەس و تاك نییە . گەرمیانییەك دەتونێت لە ناو ” گوتاری سلێمانییدا ” نوێنەرایەتی سلێمانی و خەیاڵ و خەیاڵدانی سلێمانی بكات . واتە ” مۆڵەت و ڕوخسەت و كرێدی ” نوێنەرایەتیكردن و مانێڤستبوونی سلێمانی پێدراوە لە لایەن گوتارەكەوە . هەڵەبجەییەك ، هەورامییەك ، شارەزوورییەك بە هەمانشێوە . بەڵام ، دەشكرێت و هەرواشە كەسێكی سلێمانی / گەرمیان / شارەزوور ، هەڵەبجە … بخرێتە دەرەوەی گوتاری سلێمانی . واتە ئەگەر بە چەندین پشت لە دایكبووی ناو جەرگەی سلێمانیش بێت ، دەرێت هەندێك ” سەرنج و لە سەر وەستانی لە سەر هەبێت ” بەڵام بە میكانیزمی شاراوەو هەناوی و زیمنی . كە تەنیا بە میتۆدێكی سۆسیۆلۆژییانەی پەردەهەڵماڵین كاركردنی ئەم گوتارە لە سەر جەستەی ” دەركروێك لە سلێمانی ” بدۆزینەوە . بەڵام ئەوەی كە زۆر بەرچاو فاكتە ، سلێمانییەكانی ناو ” زۆربەی هێزەكان ئەگەر چی لە ناو پەیوەندی و ململانێ و كێشمەكێشی ئیدۆلۆژیشدا بن ، دەسبەرداری یەك نابن بە حوكمی ئەو جەبرو ستراكتور و ” هابیتوس ” ـەی كە پاڵنەرو خولقێنەری ڕەفتارو هەڵسوكەوت و مامەڵەیە . كەواتە ” مۆڵەت و كرێدی و كارتی بون بە سلێمانی و چوونە ژوورەوە بۆ سلێمانی ” لە ناو گوتارێكدایە كە ئاستی دەركەوتن و مانێڤستبوونی زۆرە . بەمشێوەیە سلێمانی فۆرمی جیاوازی پەیوەندییەكان و سەرمایەو كاپیتاڵ و ململانێ و هاوپەیمانی بەستن و پەیوەندی هێزەكانە .

3
ئامادەیی سلێمانی لە ناو پارتیدا ، لە هەناوی پارتدیا ، وەك گوتاری زاڵ و هەژمونكار ، وەك ئاستی ڕابەرایەتیكردن و بەشداری پراتیكیانە لە ناو پارتیدا تەنیا و تەنیا لە دامەزراندنی پارتی و شۆڕی ئەیلولدا ئامادەیە . سلێمانی لە مەكتەبی سیاسی پارتیدا ڕابەرایەتی دەكات . سلێمانی لە ڕێگەی ” پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە لە گەڵ ماڵباتی بارزانی ” لەو سەروبەندەدا ، سلێمانی نەك هەر ئامادەیە ، بەڵكو بەشێكە لە كردەی ڕابەرایەتیكردن و دیاریكدن و نەخشەكێشان و نەخشاندنی گوتاری پارتی . تەنانەت جیابوونەوەی مەكتەبی سیاسیش بەو ئاستە گەورەیە لە شەستەكاندا ناكاتە پچڕانی پەیوەندی نێوان پارتی و سلێمانی . لە شۆڕی ئەیلولدا، خێزانێكی سلێمانی نابینین كەسێكی پلە یەك و دوو ، یان كەسێكی نزیكی بەشێك نەبووبێت لە شۆڕشی ئەیلول و خەیاڵی شۆڕشی ئەیلول . تەنانەت ئەو چەند نەوەو یاخی و هەڵگەڕاوەو ناڕەزاو دەنگە بەرزە ، باوكیان یان باپیریان بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندییان بە شۆڕشی ئەیلولەوە هەبووە . لە پاش شۆڕی ئەیلول ، و وردە وردە سلێمانی هەست بە پاشەكشە دەكات لە ناو پارتیدا ، هەست دەكات لە ڕابەرایەتی دەكەوێت . ئەگەرچی ڕابەری سەربازی و كەسانێك لە مەكتەبی سیاسی و تەنانەت سكرتێری پارتیشدا بوونیان هەیە كە خەڵكی سلێمانین ، بەڵام ڕابەرایەتیكردن ، زاڵێتی گوتاری سلێمانی ، مۆڵەت و سەرمایەو كرێدی سلێمانی لە ناو پارتیدا لە پاشەكشە دایە . ڕەمزو هێماو نیشانەو نوێنەرایەتییە گوتارییەكان لە پاشەكشەدان . لەو نێویاندا ڕناكبیران و كایەو سەرمایەی ڕوناكبیری پاشەكشەی كردو چوونە ناو ” گوتاری چەپەوە “. سلێمانی هەمیشە بۆ ئەو دەزگاو میكانیزمانە دەگەرێت كە ئاوێنەیەك بێت بۆ خۆ بینینەوەو مانێڤستبوون . بە تایبەتر گوتاری ڕوناكبیری ، یان دسەڵات و سەرمایەو مۆڵەتی ڕوناكبیری ، ڕوناكبیرو ڕونابیرەكانی سلێمانیە لە هەركوێ بووبێتن ، سلێمانی لەوێ بوو. واتە زیاد لە هەر ئاستێكی دیكەی ئامادەیی / نا ئامادەیی سلێمانی لە ناو هەر هێزێكدا زیاتر و زیاتر لە ڕێگەی گوتاری ڕوناكبرییەوە بووە . لە شۆڕی ئەیلولدا سلێمانی لە ڕێگەی ” كایەی ڕوناكبیرییەوە ” بە چڕی لە هەناوی سلێمانیدا بووە ، بەڵام لە پاش شۆڕی ئەیلول پاشەكشە دەست پێدەكات . دەچنە ناو هێزی دیكەو گوتاری ترەوە .

4
ئێستا كیِشەكە زۆر گەورەترە ، سلێمانی تەواو دڵنیا بووە لەوەی نوێنەرایەتی و نوێنەر و چیركیان لە ناو پارتیدا نییە . سلێمانی ڕابەرایەتی لە دەست داوە . سلێمانی هەیمەنەی لە دەست داوە و لە ڕێگەی هێزی دیكەوە مۆڵەتی بەخشیوە بە نوێنەرەكانی . سلێمانی بەر ئەوە كەوتووە كە لە ئێستادا سلێمانی هێندەی ” خەمی دەنگ و كۆكردنەوەی دەنگە بۆ پارتی “، چارەكێكی ئەوە ڕابەرایەتی و زاڵبوون و ئااستەكردن نییە . سلێمانی بۆ ئێستای پارتی پرسێكی ئیداری و هەڵبژاردنە نەك ڕابەرایەتیكردن و نەخشە بۆ كێشان و لە پێشەوەبوون . ئەمەش لە ناو پرۆسێسوسەكانی پاشەكشەكردن و پاشەكشە پێكردنی ” گوتاری سلێمانییە ” لە هەناوی پارتیدا . مامەڵەی ئێستای پارتی لە گەڵ سلێمانیدا ، مامەڵەی هێزێكە دەیەوێت لە سلێمانی بێت نەك سلێمانی لە هەناویدا بێت . سلێمانی نایەوێت جیابكرێتەوە ، سلێمانی دەیەوێت خۆی كارێكتەری جیاكردنەوە شوناس پێدان و ناسنامە پێبەخشین بێت . بەڵام سلێمانی تێگەیشتووە لەوەی بوونی لە ناو پارتیدا بەمشێوەیە پەراوێزییە نەك سەنتەرو بە سەنتەر بوون و سێنترالیزاسیۆن . تەماشای ئێستای هابیتوسێك لە ناوی پارتیدا ، هابیتوسێك هەیە سلێمانی دەكات بە ئەویدیكەی پارتی ، زاڵبوونی هەیمەنەی گوتاری بادینانی – هەولێری لە ناو پارتیداو كاركردنە شاراوەیو ئاشكراكانی ” هاوپەیمانێتی گوتاری بادینانی – هەولێری ” لە ناو پارتیدا فاكتەری پاشەكشەپێكردن بووە بە گوتارو بوون و ئامادەیی حوزوری سلێمانی . ئەو شوێنە حەسساس و بڕیاردەرانەی كە دەبێت سلێمانی یان تێیدا هەژموونكار بێت ، یاخود بەشداری ڕاستەقینە لە نەخشەكێشان و پراتیككردنیدا ، سلێمانی نایبینێت . سلێمانی بەر ” پۆتۆنسیالێتی و پراتیكبووەكانیش ” دەكات كە گوتاری زاڵ كێیەو چۆن خۆی بەرهەمدێنێتەوەو چۆنیش سلێمانی بە ” پەراوێز ” دەكات . كەواتە كێشەیەك هەیە بونیادییە ، ئەم كێشەیە دەبێت بكرێت بە ئیشكال و پرۆبلیماتیك .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو  ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت