شێرزاد شێخانی : دیكتاتۆرو شۆڕشگێڕ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدەستپێكی حوكمی عەباسیەكاندا دوای روخانی دەوڵەتی ئەمەوییەكان ، خەلیفەی دوەمی دامەزرێنەر ئەبو جەعفەری مەنسور ویستی  قازییەك دانێت بۆ دەوڵەتە تازەكەی ، كەسێكی دەسنەكەوت لەئیمام ئەبو حەنیفە زاناترو شایستەتر بۆ ئەم ئەركە،بۆیە یەخەی گرت ببێتە قازی دەوڵەت ئەویش رەتیكردەوە . بەدەیان شێوە هەوڵیدا قەناعەت  بەئیمام بێنێ سودی نەبو ، تا كار گەیشتە ئەوەی بیخاتە ناو زیندانە تاریكەكانەوەو ئەشكەنجەشیبدات ، بەڵام ئیمام سوربو لەسەر رەتكردنەوەی داواكەی ، چونكە ئەو لەترسی خوا ئەم پۆستەی رەفزكرد نەبادا هەڵە لەحوكمێكی بكات و ئینسانێكی بێتاوان سزا بدات ، تا رۆژێك ئەبوجەعفەر ناردی بەشوێنیا لەبەندیخانەوە بردیانەلای ، لەناو مەجلیسەكەیدا بە ئیمامی وت : تۆ بۆچی ئەم ئەركە رەفز ئەكەیت ، خۆ ئەمە خزمەتی ئیسلامە ؟. ئەویش ئەڵێ : من بۆ ئەم پۆستە دەستنادەم . ئەبو جەعفەر پێی ئەڵێ : درۆ ئەكەی زۆر باش دەست ئەدەی ” ئەویش وەڵامی ئەداتەوە : جەنابی ئەمیری موئمنین ئەوە تۆ بەزمانی خۆت بەمنت وت درۆ ئەكەی ، تۆ كە خەلیفەی خوای لەسەر ئەرز چۆن پیاوێكی درۆزن ئەكەی بەقازی وچارەنوسی موسلمانانی تەسلیم ئەكەی .

دەسەڵاتی دادوەری لەم كوردستانەی ئێمەدا زۆر دەمێكە بەحزبی كراوە ، زۆر لەمێژە وەكو گشت بوارەكانی تری ئیدارەی هەریم غەرقی ناو گەندەلی بوەو خەڵكی درۆزنو بودەڵەو هەرچیو پەرچی بەڕێوەی ئەبەن ، خەونی بونی دەسەڵاتێكی دادوەری عادیلانەو بێلایەنو ئازاو دلێر بەدرێژایی 25 ساڵەی حوكمی بنەماڵەی بارزانی هێشتا نەهاتۆتەدی .. بۆیە كاتێك دەسەڵاتێك شەرعیەت ئەبەخشێت بەسەرۆكێكی غەیرە شەرعییەوە ، چاوپۆشی لەم هەمو گەندەڵی و تاوانە قێزەونانەی دەسەڵاتێكی فاشی و حزبێكی ستەمكار ئەكات ، زۆر ئاساییە پیاوی شۆڕشگێڕ پەلكێشی دادگا بكات ، چونكە لەم وڵاتەدا كە هیچ بەهایەكی جوانی نەماوە ، ئاسایە دەسەڵاتی دادوەریش ببێتە دەسەڵاتێكی  مشەخۆرو كاسەلێسو گەندەڵ و زوڵمو زۆرداری بگاتە ترۆپكەوە .. بەهیتلەری دیكتاتۆریان وت : گەندەڵی سەرتاپای دەوڵەتەكەمانی داگییركردوە ؟ ئەویش پرسی ” گەیشتۆتە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ؟ وتیان جارێ نەگەشتوە . وتی : كەواتە دەوڵەت سەلامەتە .

دەسەڵاتێك بگاتە  ئاستی ئەوەی دەیان كەیسی كوشتن و تیرۆری رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارو تەنانەت كوژرانی گەنجان لەسەر فوول لایتێك دابپۆشێت ، هەڵبەتە وەكو دەسكەلایەكی دەسەڵات ئامادەیە لەپێناو مەسڵەحەتی حزبێكی ستەمكار هەمو بەهای عەدالەت بخاتە ژێرپێیەكانیەوە ، ئەو عەدالەتەی وەزیفەیەتی بیپارێزێت .

كاتێك لەژورێكی ئاسایشی هەولێر لەبەرامبەر دادوەری لێكۆلینەوە وەستام بەتومەتی نوسینی بابەتێكم لەسەر پارێزگاری هەولێر ، هەستمكرد تەحقیقكردنەكەی حزبیانەیە نەوەك تەحقیقی دادوەری ، چونكە پرسیارەكانی زۆر ئیستفزازی بون ، بەڵام نەشترسام ، چونكە خۆ من لەسەر دزی و كوشتن و حیزە فیعلیەك لەبەرامبەری نەوەستاوم ، بەڵكو لەسەر قەزییەكی شەرەفمەندانەیە كە داكۆكیكردنە لەمافی میللەتەكەم ، بۆیە وەڵامەكانم بەدڵی ئەو نەبو ، حەواڵەی دادگای كەتنی كردم ، لەوێش حاكم داوای تەنازولی لێمكرد بۆ پارێزگاری هەولێر بەڵام  رەتمكردەوە ، ئەوەبو حوكمی یەك مانگ سجنیان بۆم بڕیەوە . لەمرۆژانەدا وتارێك بڵاو كرایەوە بەبەڵگەوە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو دادوەری تەحقیقەی من لەبەردەمی وەستام ئەندامی رێكخراوێكی حزبی پارتییە . ئەم بەسەرهاتەی خۆم بۆ ئەوە ئەگێڕمەوە تا خەڵك بزانێت چ جۆرە دادوەرێك ئەمرۆ چارەنوسی میللەتەكەمانی بەدەستەوەیە ، هەر یەكێك لەم دادوەرانەشە ئەمرۆ داوای كاك نەوشیروان ئەكات بێتە بەردەمی لەسەر سیناریۆیەكی پاراستنی پارتی گوایە هەڕەشەی لەنوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی كردوە ، ئەمەش لەكاتێكدایە حزبەكەی كاك نەوە هیچكات چەكدار نەبوەو سەروەرییەكانی بزوتنەوەكەشو قبوڵكردنی لەلایەن جەماوەرێكی زۆری هەرێمەوە لەبەر ئەوە بوە مۆدیلێكی تازەی حزبایەتی بێ چەكە ، خۆ ئەگەر كاك نەوشیروان بریاری دابێت پارتی راماڵێ لەكوردستاندا وا بزانم چۆن ئەندازیاری راپەڕینە جەماوەرییەكە بو ، ئاواش ئەتوانێت بەیەك هەفتە پارتی و بنەماڵەی بارزانیش ئاودیوی توركیا بكات و بیانێرێتەوە باوەشی ئاغا ئەردۆغان و حزبە كورد كوژەكەیەوە .

دوایین خەلیفەی ئەمەوییەكان ناوی مەروانی دوەم بو . زۆربەی مێژونوسان نازناوی ” مەروانی كەر ” یان پێبەخشی بو . لە تەفسیری ئەوەدا ئەڵێن : حاكمێكی ئەوەندە موراهیق و سەرشێت و كەمفام بو لەسیاسەتدا ، بریارەكانی هەموی بێ سەروبەر بون ، بیانگرن بیانكوژن بەملاو بەولایدا ئەدا بێ ئەوەی گوێ لەهیچ كەس بگرێت ، ئەوەبو میللەت پشتی تێكردو لەئەنجامدا بەو كەرایەتییەی دەوڵەتی بابو باپیرانی خۆی روخاند ، ئێستاش پارتی لەدوایین ساتەكانی حوكمی بنەماڵەكەیەتی ، چونكە بریار كەوتۆتە دەست كۆمەڵێك موراهیق و سەرشێت و مەغروری ناو بنەماڵەو حزبەوە ، بۆیە ئەبینین ئەوەی لەقتوی هیچ عەتارێكدا نیە ئەبێتە بریاری سەرۆكایەتی حزبەكەیان ، هەر لەدەركردنی سەرۆكی شەرعی پەرلەمان و وەزیرو نانبڕینی خەڵك و دزینی سامان و تیرۆری نوسەرو رۆژنامونوس و ئازادی زەوتكردن تا رێكەوتنی گوماناوی لەگەل دوژمنانی میللەت ، ئەوەتا دادگاییكردنی تێكۆشەرانی میللەتیشی هاتەسەر .. عاقیبەتی هەمو ئەمانە لەئێستاوە دیارە بەرەو كوێ ئەیانبات .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەت ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت