دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : ڕۆشنبیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر .
بەشى یەکەم
لەزنجیرە نووسینى هەموومان نەخۆشین ـ کۆنیشانەى پاش زەبر
کاتێک گوێم لەووتەى ڕۆشنبیرێکى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو باسى لەگۆڕانکارییە خێراکانى کوردستان وناوچەکە ئەکرد ، لەمیانەى وتەکانیدا تیشکى خستەسەر ڕووداوێکى مێژوویى نزیکى لەیاد نەچوو بەم شێوەیە وێناى ئەکرد ( 31 ى ئاب گەورەترین کردەى عەسکەرى بوو ، ماڵى کوردى یەکخست ) وەک برادەرەکانم تووشى شۆک نەبووم لەبەر ئەوەى بەبۆچوونى من ، ئێمەى میللەتى کورد هەموومان بەڕۆشنبیریشەوە دەرچەى کۆمەڵگایەکى پاش زەبرین ، واتا نەخۆشین وەتا ئێستاش ڕزگارمان نەبووە لەکۆنیشانەکانى پاش زەبرى فیزیکى ودەروونى ڕابردوو ، هەردەم بەعەقڵیەتى ئەوپەڕگیرى بیرمانکردۆتەوە ( ڕەش یا سپى ، باش یا خراپ ، شەیتان یا فریشتە ) لاى ئێمە عەقڵیەت وبیرکردنەوەى نیوتراڵ وونە ، نیەتى گەیشتن بەجەوهەرى ڕاستی ڕوداوەکان لەفەرهەنگ وعەقڵیەتى ئێمەدا وەک مرۆڤ وئادەمیزاد بزربووە ، بەو مانایەى لۆجیکیمان لەدستداوە دواتر لەپرۆسەى بڕیاردان هەڵەو شکستخواردوین .
هەڵبەتە تێپەراندن وڕزگاربوونمان لەعەقڵیەتى پاش زەبرو نیشانەکانى پەیوەستە بەبوونمان وەک مرۆڤ نەک وەک خود وبنەماڵەو خێل ونەتەوە وئایدۆلوژیا کەئەمانە هەموویان دەربڕى ناخ وسایکۆلۆجى هەلپەرستى وخۆپەرستى ئادەمیزادن ، ڕۆشنبیریش بەهەمان شێوە ئەگەر ستراکتۆرى عەقلى ومەعریفى دەربڕى تەرزێکى مرۆڤایەتى سیاسى کۆمەڵایەتى کلتورى نیوتراڵ نەبێت دوور لەبۆچونى ئایدولوژى وبنەماڵەیى وخێل ونەتەوە لەدوا ساتیدا ئەبێتە زیندانى بۆچونە ئایدۆلۆژى و بنەماڵەیى وخێل ونەتەوە یى ، دواجار خەسڵەتێک لەخەسلەتەکانى رۆشنبیرلەدەست ئەدات نەک گشت خەسلەتەکان ، بەو مانایەى هەموو خولیاى پاساو هێنانەوەیە بۆ ڕازیکردنى سەرگەورەکانى ، هەربۆیە بۆچوون وهەڵوێستەکانى پڕدەبێت لەهەڵچون وداچونى فیکرى وهەڵەى ناعەقڵانى ، بەمانایەکى تر ئەبێتە کۆیلەى عەقڵیەتێکى نەزان بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت لەوچوارچێوەیە بێتەدەرەوە ، ئەکرێت ناوبنرێت ڕۆشنیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر .
ئەوکات جەدەل ومشتومڕى ڕۆشنبیر لەسەر کایەى بوون بەڕۆشنبیرو ناڕۆشنبیر بوو ! ، واتا کێ ڕۆشنیرەو کێ ڕۆشنیر نییە ؟ ئەبێ بەکێ بووترێت ڕۆشنبیر ؟ بەئاراستەیەک لەتێڕوانینى ئەواندا لەنەبوونى ڕۆشنبیر تواناى بیرکردنەوە وبەرهەمهێنانى مەعریفەت وروژاندى پرسیار شکست دەهێنێت ، لەبرى بیرکرنەوەى قوڵ وجیدى جەهلێکى پەردەپۆشکراو بەناوى حەقیقەت بەرهەم دێنرێت ، بەڵام ئەوەى من ئەیبینم پێچەوانەى ئەم بۆچوونەیە کاتێک ڕۆشنبیر بەعەقڵیەتێکى بارگاوى بەبیرکردنەوەو عەقڵیەتى پاش زەبر ئەڕوانێتە ژین و ژینگەو چەمکەکانى ژیان ، دەرچەى بیرکردنەوە وهۆشمەندى مەعریفى و فەلسەفى لەئاست بابەتەکاندا نابێت وسیفەتى پرسیارکردن وڕەخنە لەدەست ئەدات ، ئەوەندەى زیان بەژین وژینگەو مرۆڤ دەگەیەنێت ، ئەوەندەى لەخزمەت جەهلێکى پەردەپۆشکراودا ئەبێت نزیک تادوور لەخزمەت گەیشتن بەحەقیقەتدا نابێت .
هەڵبەتە تێڕوانین وداکۆکى کوێرانەى ڕۆشنبیرێکى حیزبى (رۆشنبیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر) ! لە دۆز وکارەساتێکى هەستیارى وەک 31ى ئاب کەگەلێک زیانى دەروونى وجەستەیەیى بەزۆرێک لەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان گەیاندووە کارێکى شێت وپێکەنیناویە ! کاتێک بەم ڕستە سادەو ساکارە وێناى ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دەکات (( 31 ى ئاب گەورەترین کردەى عەسکەرى بوو ، ماڵى کوردى یەکخست )) ماڵى کورد بەکوشتن وزیانى جەستەیى ودەروونى خەڵکانى کوردستان یەکبخرێت ئەبێ چ ماڵێکى نمونەیى ئاسودە وپرئاشتى وخۆشگوزەرانى بیت ، هەڵبەتە ئەمە گوزارشت لەعەقڵیەتێکى سیاسى نەخۆش ئەکات ، نازانم چى بێژم بێجگەلەوەى بڵێم رۆشنبیرى حیزب وحیزب ئازادن چۆن بیردەکەنەوە ، بەڵام ئازاد نین ئیرادەى خۆیان بەسەر کۆى سیستمى سیاسى وحکومڕانى وخەڵکیدا بسەپێنن .
ئەم جۆرە لەنوسین دوور ونزیک ناچێتە بوارى مەعریفەو کایەکانى پرسیار وروژاندن ، هەڵبەتە بۆچوونى ڕۆشنبیرو ڕۆمانووس یوسف عزالدین لەدیمانەیەکى لەگەڵ ستیڤان شەمزینى کەلەسایتى ووتارى کورد بڵاوبۆتەوە گەواهى ئەم ڕاستیەن ، کاتێک دەڵێت بوونى ڕۆشنبیرێکى زۆر لەغیابى بیرمەندو نووسەرى جیددى نەک شتێکى دڵخۆشکەر نییە ، بەڵکو سامناکیشە ؟ ئەمە دەقى تەرح وبۆچوونەکەیەتى [ بوونى ڕۆشنبیرێکى زۆر لەغیابى بیرمەندو نووسەر نەک شتێکى دڵخۆشکەر نییە ، بەڵکو سامناکیشە ؟ ئەو پێى وایە ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە ( ڕۆشنبیرى حیزب ، ڕۆشنبیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر ) ئەگەر ئەو جۆرە نووسین وتەرحە سەرزارەکییە بارگاویانە بەروحیەتى تۆڵەسەندنەوە ولێدانى بەرامبەر پەنا بۆ شەڕانگێزى نەبەن ، ئەى پەنا بۆچى بەرن ؟ ! لەکاتێکدا ئاشکرایە کەبەدرێژایى مێژوو ، سەرجەم تەرح وبۆچوونە سەتحیە کوشندەکان لەپشت شەرو جەنگ وهێرشکردنیان بۆسەر بەرامبەر خۆیان حەشارداوە ، هەروەک چۆن لەسەدەى ڕابردوودا ترسناکترین بیرۆکەى نەژادپەرستى ولەناوبردنى ئەویتر وەک نازیەت وفاشیەت لەپشت چەند دێڕێکى سەتحى سادەو ساکارى شەرانگێزدا خۆى حەشاردابوو ، لەمەشدا مەبەستیان ئەوەیە کەترسناکترین وکوشندەترین بیرۆکەى لەناوبردن وسڕینەوەى بەشەر دەتوانێت لەڕێى چەند دێڕێکى زۆر سەتحى سادە وساکارەوە خۆى حەشار بدات ولەساناترین درز وکەلێنى هۆشەوە دزەبکاتە نێو زەینى مرۆڤ وئیدى هێدى هێدى ولەسەرخۆ خودى مرۆڤ بکاتە دڕندەیەکى ترسانک وکوشندەى سولالەکەى خۆى ، دیارە بردنە پێشى هەموو ئەمانەش بەبێ کایەى ڕۆشنبیران ونووسەرانى نووسین وتەرحە ئایدیۆلۆئییەکان نابێت ، هەر بۆیە ئەوەى کەلەئێستاى میدیاى کوردیدا دەگوزەرێت شتێکى زۆر سەیرو جیاواز نییە بەبەراورد لەگەڵ هەر شوێن وجێگەیەکى دونیا کە هێشتا زەمەنى ئیدیۆلۆژیا و بیرۆکە سەتحیەکانى تیادا بەسەر نەچووبێت ] .
هێشتا لەکۆمەڵگاى کوردیدا زەمەن زەمەنى ئایدۆلۆژیاو بیرۆکە سەتحیە باو تەقلیدیە کلاسیکیەکانە ، هەبۆیە لەپشت ئەم دێرە سادەیەوە (( 31 ى ئاب گەورەترین کردەى عەسکەرى بوو ، ماڵى کوردى یەکخست )) بیرۆکەیەکى ترسناک وشەڕانگێزحەشاردراوە ، بوونى ڕۆشنبیرێکى زۆر بەهەردوو پۆلێنەکەیەوە ( ڕۆشننیرى تەندروست و ڕۆشنبیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر ) لەنەبوونى بیرمەند و نووسەرى جیددى لەخۆبردوو لەم ساتەوەختەدا لەناو حیزبەکانى کوردستان نەک شتێکى دڵخۆشکەر نییە ، بەڵکو سامناکیشە ؟! لەم ڕوانگەیەوە بەڕاى شارەزایانى کۆمەڵایەتى وسیاسى بوونى بیرمەند لەناو حیزبەکانى کوردستاندا زەروورەتە .
پرسیارەکەى من ئەوەیە ئایا رۆشنبیر وەک کۆمەڵانى خەڵک توشى کۆنیشانەى پاش زەبر دەبن ؟ یا ئەوان شتەگەلێکى زۆر جوداوجیاوازن هەردەم لەپێناو گەیشتن بەحەقیقەت قسەدەکەن وقەت نابنە دەربڕى تەرزو سیاسەتی بەرەیەک لەبەرەجیاوازەکان ؟ ئایا ڕۆشنبر مافى ئەوەى هەیە بەناوى جەماوەرەوە قسەبکات ؟ ئایا ڕۆشنبیر مافى ئەوەى هەیە ڕێنمایى کۆمەڵانى خەڵک بکات وبۆچونەکانى خۆى فەرزبکات ؟ ئایا ڕۆشنبیرەکانى بنەماڵەوخێل وحیزب لەوەهمى ڕۆشنبیرى ومەعریفەیى خۆیاندا ناژین ؟ ئایا ڕۆشنبیر بەجیاکردنەوى خۆى لەکۆمەڵگاو سەپاندنى تێڕوانیە مەعریفیەکانى بەرسەر جەماوەردا خەسلەتى ڕۆشنیر لەدەستنادات ؟ ئایا بوونى ڕۆشنبیر لەم سەردەمەدا (سەردەمى جیهانگیرى) زەرورەتە ؟
بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسارە پێویستمان بەپێناسەکردن یاخود سەرلەنۆێ پێناسەکردنى ڕۆشنبیرە بەگشتى لەم سەردەمەدا سەردەمى جیهانگیرى وەبەتایبەتى لەکۆمەڵگاى ئێمەدا ( کۆمەڵگاى پاش زەبر ) کەبنەماڵەو خێڵ لەژێرناوى حیزبدا باڵادەستن وسیاسەتى سوکردنى نوخبە دەستەبەر ئەکەن لەپێناو بەرژەوەندى مادیى ومانەوەیان لەدەسەڵات ، لەهەمانکات کەسانێکى زۆر بەناوى ڕۆشنبیرى حیزب بەخێودەکرێن لەسەر قووتى هاوڵاتى کەخولیایان داکۆکیکرنى کۆێرانەیە لەکەسایەتیە دەستڕۆیشتووەکانى حیزب و دواتر حیزبەکە ، بەلاتانەوە سەیر نەبێت ئەگەر کەسە دەستڕۆیشتووەکانى حیزب فەرمانیان پێبدەن کەماست ڕەشە ئەبێ بیسەلمێنن ڕەشە ؟! چۆن وبەچ شێوەیەک ئەیسەلمێنن ئازادن ، بەڵام نابێت ماست چیدى سپى بێت ، واتا عەقڵیەتى حزب وسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانیان ئەکەنە سەنتەرى هۆش وبیرکردنەوەى مەعریفى وفەلسەفەیى خۆیان ، ئەمەش جۆرێکە لەشێواندن وسوککردن وڕێزنەگرتن لە کارو نوسین وهزرو فیکرى مرۆڤایەتى .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت