TallebaniBarzaniNewshirwan1

شێرزاد شێخانی : كێشەی ئالی بارزانی لەگەڵ ئەهلی سۆران .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێی مەلا مستەفا + مام جەلال = مەسعود + كاك نەوشیروان

لەیادەوەریەكانی لەسەر مێژوی پارتی كەلەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا بۆی گێڕامەوە ، دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری گەورەی كورد باسی لەسەرهەڵدانی نارەزایەتیەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی ئەو سەردەمەی پارتی كرد.زۆربەمان پێمانوابو ململانێو ناكۆكیەكانی نێوان مەلایی وجەلالی ئەگەرێتەوە بۆ جیابونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لەسالی 1964دا ، بەڵام دكتۆر مەحمود وەك شایەتحاڵێك ئەیگێڕێتەوە بۆ كۆتایی ساڵانی پەنجاكان ، ئەو دەمەی مەلامستەفا گەڕایەوە عیراق لەسوڤییەتەوەو هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی حیزب ، ئەو ئەیویست حیزبەكە بەعەقلییەتی سەرۆك عەشیرەتێك ببات بەڕێوە ، مامۆستا برایم ئەحمەدو مام جەلالیش ئەیانویست دەسەڵات بەدەست مەكتەبی سیاسیەوە بێت ، بەتایبەتیش مەسەلەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە ئێستاش مەسعود لەبەردەستی خۆی داناوەو بەكەیفی خۆی پەیوەندی لەگەڵ ولاتانی دەرەوەدا ئەبەستێت بێئەوەی كەس بزانێت چی ئەكاتو چی ناكات ، بۆیە بەرای دكتۆر مەحمود لەو ساتەوە ناكۆكی وململانێ كەوتە نێو سەركردایەتی حزبەوە تا لەئاكامدا گەشتە لێكترازان .
هەڵبەت هەر وەكو عادەتی بنەماڵەی بارزانی كە هەمودەم دێنە سەرحازرەكی ، لەو كاتەی مەلامستەفا ساڵانێك لەسۆڤییەت بو ، رۆشنبیرو سەركردەكانی پارتی خەباتی بێوچانیان ئەكرد لەپێناو میللەتەكەیان و دوچاری چەندین ئازارو مەینەتیش بون تا حكومەتی عیراق دانی بەحزبەكەی ناو ئیجازەی رەسمییان لەدەوڵەتەوە وەرگرت ، لەدەستپێكی سەركردایەتیكردنی حزبەكەوە ، مەلامستەفا ویستی دیكتاتۆریەتی خۆیو بنەماڵەكەی بەسەر ئەم حزبەدا بسەپێنێت ، ئەمەشی بۆ چوە سەر دوای جیابونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی ، ئەوەتا تا ئەمرۆش ئەم بنەماڵەیە لەترۆپكی دەسەڵاتی ئەم حیزبەدان ..
بەدرێژایی قۆناغی جیابوەنەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لەپارتی تا دوا ساتەكانی ژیانی مەلا مستەفا دوژمنایەتی بنەماڵەی بارزانی لەگەل باڵەكەی مەكتەبی سیاسی بەتایبەتیش مامۆستا برایم ئەحمەدو مام جەلال بەردەوامبو . لەیەكێك لەسەركردە نزیكەكانی مەلا مستەفام پرسی : دوای ئەم هەمو ساڵەی لەبارزانی باوكەوە نزیك بویت ، چۆن كەسایەتی ئەم پیاوە هەڵدەسەنگێنێ ” ئەو وتی : مەلا مستەفا پیاوێكی زۆر سادەبو ، حەزی لەپلەو پۆستو وەزیفەی حكومەت نەبو ، زۆر رێزی لە كەسایەتیە ناودارەكانو سەرۆك عەشیرەتەكان ئەگرت ، بەڵام یەك شتی زۆر خراپ بو ، ئەویش رقی لەیەكێك بوایە تامردن لەبیری نەئەچو .. بەمشێوەیەش بارزانی باوك هەتا مردیش هەمیشە دژی مامۆستا برایم و مام جەلال بو . ئێستاش مەسعود بارزانی لەگەل كاك نەوشیروان كەوتۆتە ململانێیەكی توندەوە ، ئاماژەی زۆر هاوشێوەی ململانێكەی باوكی لەگەڵ مام جەلالدا ، ئێستا بەهەمان دەستور لەنێوان مەسعودو كاك نەوشیرواندا ئەبینرێن . وا دیارە ئەم بنەماڵەیە بەرەچەڵەك حەزیان لەپیاوی رۆشنبیر نەبێت ، هەمیشە لەململانیدا بن لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەیانەوێ ئامانجی حزبو حزبایەتی بەرەو خزمەتی میللەتەكەیان ئاراستە بكەن ، بەپێچەوانەی ماڵباتی بارزانی كەئەیانەوی حزب هەمیشە لەخزمەتی بنەماڵەدا بێت ، هەر بۆیەش حزبەكەی ئەوان لەرەفتارو سیاسەتكردنیشدا حزبێكی دیكتاتۆرو بێكلتورە ، رقی دونیایان لەرۆشنبیرە بەتایبەتیش ئەگەر سۆرانی بێت .
بیرمە لەسەرەتای گەنجێتیدا پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلول بوم ، هەر ئەودەم منو هەزاران گەنجی وەكو منیش هەستمان بەجیاوازی لەنێوان سۆرانیو بادینیدا ئەكرد .. كاتێك ئێمە لەپێناو میللەتەكەماندا بەتفەنگی ژەنگاوی لەناو سەنگەرەكاندا روبەروی دوژمن ئەبوینەوە ، بادینی وبارزانییەكان تفەنگی برنەوی دارشوشەیان لەشان ئەكرد ئەویش بۆ پۆزلێدان بو ، نەوەك لەناو سەنگەرەكاندا شەڕی پێبكەن ، ئەوساش سۆرانی باجی بەخوێن ئەداو گیانی ئەكردە فیدای كوردستان ، بارزانییەكانیش لەناو خانوەكانی ناوپردان و گەڵاڵەو چۆمان بەتفەنگی برییقەدارەوە ئەسوڕانەوە .. ئیدی نازانین نەوەكانی تری بارزانی لەئاییندەدا ئەكەونە دژایەتی كێ و كێ ، چونكە ئەمە لەگەڵ خوێنیان تێكەڵ بوەو تەنانەت نەوە تازەكەشیان كەهەندێكیان خوێنەواریشن لەبیر كردنەوەو رەفتاری سیاسیدا هیچ جیاوازیەكان لەگەڵ ئەوانی پێشوتردا نیە ، چونكە ئەمانیش پەروەردەی یەك دیوەخانەو یەك كلتورن ، ئەویش دژایەتی و سوكایەتیكردنە بە سۆرانییەكانەوە .

ئەخلاق لەسیاسەتدا
لەسەردەمی فەیلەسوفی گەورەی مرۆڤایەتی ئەفلاتۆنو دوای ئەویش فەیلەسوفەكانی ئەوروپادا چەمكێك لەناو كۆمەڵگادا چەسپی بو ، ئەویش چەمكی ” زاڵبونی ئەخلاق بەسەر سیاسەتەوە ” ، بەنەزەری ئەوانە هیچ یاسایەكی تایبەت نابیت پێچەوانەو دژ بە یاسای گشتیەوە بێت ، هیچ حەزێكی سروشتی مرۆڤ نابێت لەسەروی یاسای كۆمەڵگەوە بێت . بەڵام لای ماكیافیلی هیچ دژایەتیەك لەنێوان فرمانی سیاسی و فرمانی ئەخلاقدا نیە ، چونكە لەنەزەری ئەودا هەردوكیان هەڵقوڵاوی سروشتی یەك ئینسانن . ئەمەش رێك لەشێوازی بەرێوەبردن و سیاسەتكردنی پارتی وبنەماڵەی بارزانیدا بەدیئەكرێت . پەكخستنی پەرلەمان بەبریارێكی شەخسیو ئیفلیجكردنی حكومەت و برسیكردنی میللەت و دادگاییكردنی سەركردەی تێكۆشەرو داڵدەدانی پیاوی خائینو خۆفرۆش دژ بەمیللەت تەجەرودی ئەخلاقە لەسیاسەتدا ، رێك وەكونەزەرییەكەی ماكیافیلی . هەوڵی دادگاییكردنی كاك نەوشیروان لەسەر سیناریۆیەكی دەستكردی موخابەراتیانە ، هیچ بەهایەكی ئەخلاقی لەلای ئەو حزبەدا ناهێلێتەوە كەبەحیساب چارەنوسی میللەت ئەمرۆ كەوتۆتە دەستیەوە .
گریمان بەیانی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان سەریگرت هەردو حزب بون بەیەك كاك نەوشیروانیش بو بەسكرتێری گشتی ئەم حزبە تازەوە ، ئایا مەوقیفی پارتی و سەركردەكانی چی ئەبێت لەگەل سەركردەیەكی مەحكومكراودا ؟. چارەنوسی ئەم میللەتە بەرەو كوێ ئەروات كاتێك حیقدی شەخسی شوێنی سیاسەت و عەقل و مەنتیق ئەگرێتەوە .. بەچ چاوڕویەكەوە داوای هەماهەنگی و هاوكاری ئەم حزبە ئەكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەمان ؟! ئێستا زۆربەی كونسڵەكان و نوێنەری وڵاتان سەردانی كاك نەوشیروان ئەكەن تەنانەت هەندێكیان بەبێ حەرەس و حیمایەش بەژور ئەكەون ، ئایا ئەمە وەڵامی ئەو هەوڵە موخابەراتیە نیە كەپارتی ئەیدات بۆ ناشرینكردنی كاك نەوشیروان ؟ .
بەراستی پارتی حەكیمێكیان تیا نەماوە دوو قسەی خیر بۆ سەركردەكانیان بكەن و پێیان بڵێن ئەوەی ئێوە ئەیكەن هەرێمەكەمان بەرەو لەیەكترازان ئەبات ، چونكە كاتێك بارزانی كەوتە كێشەیەكی شەخسییەوە لەگەڵ مالیكیدا یەكەم هەنگاوی ئەوەبو خەندەقێكی دورودرێژی لێدا بۆ جیاكردنەوەی هەرێم لە بەغدا ، ئایا ئێستا بەم دژایەتیكردنەی كاك نەوشیروانەوە بەنیازن خەندەقێكیتر لەدێگەڵەو پردێ لێبدەن بۆ جیاكردنەوەی زۆرنەكەیان لەزۆنی سەوزەوە ؟، ئایا لەمەشدا میللەت باجەكەی نادات لەكاتێكدا نان نیە بیخوات تا ئەمەشی بێتەسەر ؟. ئەمە پرسیارێكە روبەروی ئەوانە ئەكەین كەوا حیقدی شەخسییان لەبیر ناچێتەوە تا نەچنە ناو گۆڕەكەیانەوە .

قەلەرەشەكانی دەوروپشتی بارزانی
راوێژكارێكی مەسعود بارزانی بەناوی محمد صالح جومعە لەلێدوانێكیدا لەمرۆژانەدا چەند جوملەیەك رشایەوە . دونیاو بونیای كردە بەكرێگیراوی ئێران و ، چەندین حزبی تێكۆشەری تۆمەتباركرد بەوەی دژی سەربەخۆیی كوردستانن كە سەرۆكەكەی بەدرۆ میللەتی پێهەڵئەخەڵەتێنێ .. ئەم برادەرە بیری چو یەكێتی لەیەكەم رۆژی دامەزراندنیەوە دروشمی سەرەكی مافی چارەی خۆنوسین بوە ، پەكەكەش زۆر دەمێكە دروشمی سەرەكی كوردستانی گەورەیەو لەسەر ئەمەش باجی زۆر قوڕسی داوە ، پەیەدەش ئێستا بەفیعلی لەهەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە لەخۆرئاوای كوردستاندا ، پارتی و حزبەكەی جومعەش وەكو میزی حوشتر ئەیەوێت بگەڕێتەوە بەغدا ، ئەوەتا فازل میرانی زۆر راشكاوانە وتویەتی ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین نە ریفراندۆم ئەكەین نە دەوڵەتی سەربەخۆش رائەگەیەنین . كێشەی پارتی و بارزانی بونی ئەمجۆرە راوێژكارانەیە كە ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی دو راوێژی حەكیمانە بدەنە بارزانی كەچی وەكو كۆیلەكانی تری ناو حزبەكەی خەریكە ئەیگەیەننە مەرتەبەی خواوە . جا ئەگەر بارزانی بەگوێی ئەم راوێژكارانەی بكات ئەمە خۆی توشی گرفتی زۆر گەورەی ئەكات ، ئەگەر گوێشیان لێناگرێت كەواتە بۆچی لەدەوری خۆیدا كۆیكردونەتەوەو موچەو ئیمیتازاتی دونیایان پێ ئەبەخشێت ؟.
موتەنەبی گەورە شاعیری عەرەب ئەڵی : لو كان الغراب دلیل قوم ، لمر بهم علی جیف الكلاب ” واتە ئەگەر قەلەرەش رێنیشاندەری قەومێك بێت ، ئەیانباتە سەر كەلاكی سەگەكانەوە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت