عیماد عەلی : جیاوازی لە نێوان زەمینەی بەردەستی ئالـــمەسعود و ئالسعود دا .
ئەوەی تۆزێک لە مێژووی دوور و نزیکی سعودیەدا بزانێت ، لە رووی سیفەت و سروشتی خەڵک و بارودۆخی ژینگەیی و ئاستی رۆشنبیری گشتی و ، لە چۆنێتی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام و خۆفەرزکردنی هۆز و عەشیرەت و پیاوانی ئاینی ، ئاگادار بێت و بەراوردی لەگەڵ زەمینە و مێژووی کوردستاندا بەراوردی بکات لە هەمان روویەکەوە دەتوانێت قورسی لاساییکردنەوەی بە باشی بۆ دەردەکەوێت .
رەفتار و بۆچونی گەلی عەرەبی سعودی و مامەڵە کردنی لەگەڵ خۆیدا لە لایەک چۆنێتی هەڵکوتانە سەر یەکتر و راماڵین و قرکردنی یەکتری بە غەزاکردنی بەهێز لە دژی بێ هێز و راوروتکردن و سەبرکردنی ژن و منداڵی یەکتر و بەکۆیلە گرتن و کەنیزەک لەخۆگرتن و روانینی بۆ ئەوی تری غەیرە عەرەب لە لایەکی ترەوە بزانێت ، هەست دەکات کە زۆر خاڵی دەگمەن و تاکی تێدایە و ، لە رووی سەختی و زبری و دڵرەقی و دوفاقیەت و خودپەرستی و خەیاڵ و دەستدرێژی بۆ ئەوی تری ئەوتۆی تێدا دەبینرێت کە باوەر ناکەم لە هیچ شوێن و میلەتێکدا هەبێت و ، ئەمەش لە دەرئەنجامی هۆکاری خودی و بابەتی کەسێتی خەڵکی بیابان و نەبوونی و قاتوقری لە هەموو بوارێکدا وای فەرز کردووە کە هەمیشە بیر لە خۆپارساتن و مانەوە بکەن ، بەهەر شێوەیەک بێت ، جا بە لەناوبردنی رکابەر یان تەنانەت ناپاکی لە هاوشان و هاوکار و هاوپەیمانیش .
مێژووی پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و لە کاتی بڵاوبونەوەی ئیسلامیش و کاریگەریەکانی ئاینی ئیسلام و لەسەر مرۆڤی عەرەب لە هەموو لایەنێکەوە بە سیفەتی شەخسی و کەشی ژیان و باری گشتی میلەتەکەی و چۆنێتی گردبونەوە و هەلکوتانە سەر یەکتر و خۆشاردنەوە و پەلاماردان و یەکترقرکردن ، نمونەی لە جیهاندا بەم فراوانی و توندی و گەورەیی و سەختیەوە زۆر نیە ، مەگەر لە شوێنێکی بیابانی هاوشێوەی دوورگەی عەرەبی نەبێت لە هەندێک قوشبنی سەر زەویدا .
لە بارێکی تردا چۆنێتی دروستبونی دەوڵەتی عەرەبی سعودی و یەکخستنی هۆز و عەشیرەتەکانی دوورگەکە بە زەبری شمشێر و چەک و بەکارهێنانی بیری میتافیزیک لە ترساندن و فەرزکردنی دەسەڵاتی عەشیرەت و ئینجا خربونەوە لە یەک بنەماڵەی گەورە و بە توانای چەکداری و ئابووری وەک ئالسعود و بە یارمەتی شێخ و زانا و فەقیەکانی سیلام بە ملکەچکردنی خەڵکی عەوام بۆ وەلی ئەمر و بڤە کردنی دەست بردن بۆ دەسەڵات بەدەر لەوان و ، بە هێشتنەوەی نەزانی و نەخوێندەواری و جەهل و دواکەوتوویی لە پێناو خۆفەرزکردن تاوەکو ئەو کاتەی لە هەموو بوارەکاندا پێگەی تاک و بنەماڵەو خێزان خۆی فەرز بکات ، لە هەردوو لادا ؛ واتە ، لە لایەنی دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری بە شێوەی کرداری و ، لایەنی تیۆری و بەستنەوەی فکرو بیری ئاینی بە میتافیزیک و پەیوەستکردنی بە وەلی ئەمرەوە هەرچۆنێک بێت ؛ بووە هۆی درێژەکێشان و زاڵبونی ئالسعود وەک تاکە خێزان و بنەماڵەیەکی ئەمارەتی سعودیە و دواتر کۆبونەوەی هۆز و عەشیرەتەکان لە ژێر چەتری ئەواندا بە هەموو شێوەیەک ، چ بەکارهێنانی هێزبێت یان فرتو فێڵ و تەرهیب و تەرغیب ، تا رۆژگاری ئەمرۆ درێژەیان بە دەسەڵاتدارێتی خۆیان داوەو هەموو نارەزایەیتەکان کپ کردۆتەوە .
دیارە لەمەشەدا رۆڵی وڵاتانی جیهان لەمانەوەی وەزعی سعودیا وەک پاشایەتی و بەدەست بنەماڵەیەکەوە لەبەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیانەوە لە فاکتەرە خودیەکان کەمتر نەبووە ئەگەر تاکە هۆکارێکی زاڵ نەبوبێت لە بەرگریکردن و مانەوە و لەبناوبردنی بەرامبەرەکانیان و پەرشوبڵاوەپێکردنی نیار و دوژمن و ئۆپۆزسیۆنەکانیان ؛ واتە بەکورتیەکەی : بارودۆخی خودی و بابەتی رێگەی پێداون درێژە بە تاکرەوی و حوکمی بنەماڵەیی خۆیان بدەن و زاڵبونی ئاینی ئیسلام بەم جۆرەی دەیبینین و بونی کەعبە و پرسی پێغەمبەرایەتی و گۆری موحەمەد لە زۆر لاوە لە قازانجی مانەوەی ئالسعود بووە بە یارمەتی بیری تەسکی وەهابیەت لەو دورگەیەدا ، سەرەرای بونی نارەزایەتیەکی زۆری بێ شومار کە لە مێژووی دوور و نزیکی سعودیەدا سەرکوتکراون و کپ کراونتەوە .
بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێن ئەمە هەمووی لە زەمین و زەمانێکدا رووی داوە و پایەکانی حوکمی ئالسعود لە خۆفەرزکردن قایم کردووە و سەرکەوتوبون ، کە لە رۆژگاری ئەمرۆمان بوایە یەک هەنگاو بواری خۆ فەرزکردنیان نەبوو ، تەنانەت لەو ژینگە و بارودۆخەی سعودیەشدا بێت .
جا لێرەوە وەرەوە بۆ کوردستان و لە کاتێکی وەک ئەمرۆی سەدەی بیستویەکی سەردەمی جیهانگیری و دیموکراسیەت و فراوانی عەقڵ و رۆڵی رۆشنبیری گشتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و رادەی هۆشیاری میلەت لەم بارەدا بێت ، کەسێک یان بنەماڵەیەک هەوڵی دوبارە کردنەوەی لە جۆری خۆسەپاندنەکەی ئالسعود لە کوردستاندا بداتەوە ، واتە لاساییکردنەوە لە شوێنێکی جیاواز و سەردەمێکی گۆراو و میلەتێکی تا رادەیەکی وریا و شارەزا بە رێژەیەکی جیاوازی لێرەو لەوێ و ئاستێکی رۆشنبیری و پلەیەکی زانستی زۆر جیاوازتر و باڵاتر لە میلەتێکی عەرەبی بیابانی و جاهلی پێپەتیی ئەوکاتەو ئێستاش .
لە ڕووی جوگرافیەوە جیاوازیەکەی وای کردووە خەڵکی جیاوازی تێدا دروست بێت و سیفەتەکانی زۆر دوور بن لە خەڵکی چادر و خێوەت نشینی بیابانی سعودی ، لەرووی بیرو فکر و تەنانەت مێژووی دیانەتەوە ، رەسەنایەتی ئاین وەک سەرەتای بیری فەلسفە لێرە دوورتر و کۆنتر بووە و بە فیعلی داگیرکاری زۆر و شمشێر رەشکراوەتەوە ، ئەوەتا ئێستا لە رووی بیری ئاینیەوە خەڵک بە سەردەمیانە هەوڵی گەرانەوە بۆ مەشخەڵی فکری ئاینیانەی بابو باپیرانی خۆی دەدات لە زەمەنێک کە رێگری لە ئاینی ترو تەنانەت بێ ئاینیش ناگرێت ، ئەمەش بواری تاکرەوی نەهێشتووە . گرنگترین فاکتەری بوارنەدان بۆ دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوەی رەفتاری ئالسعود بە بیر و رەفتار و سیاسەتی ئالمەسعود ؛ بونی کایەیەکی پێشکەوتنخوازی وەک پەیوەندیە هەمەلایەنەکانی میلەت لە نێوخۆ و دەرەوەی خۆیدا و لەگەڵ تێکەڵاوی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوەیدا و کاریگەری پێشکەوتنخوازی و بیری سەردەمانەیە کە هیچ هەلێکی بۆ خۆسەپاندن بە بیری پاشایەتی و تاکرەوی هۆزگەری و عەشیرەتگەری نەهێشتۆتەوە ، بۆیە ، ئەگەر هەر کەسێک توانیبێتی لە شوێن و ژینگەیەکی تا رادەیەک دواکەوتوودا خۆی بسەپێنێت ، بە هۆکاری مادی و مەعنەوی و کۆمەڵێک فاکتەری بەردەستیەوە ، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەم سەردەمەدا لە کوردستان بە گستی ناتوانێت خۆی فەرزبکات و پایەگانی هۆزگەری و عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی داکوتێت و ناتوانێت لە زەمین و زەمانێکی جیاوزادا ئەزمونی دواکەوتووی ئالسعود دووبارە بکاتەوە .