عیماد عەلی : پێویستبونی پەیوەندی ئیستراتیژی کورد بە روسیاوە .
نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەماوەی کەمتر لە شەش مانگی پێشوودا ، چوار جار سەردانی روسیای کرد و ئەوەی لە توانای بوو بۆ نزیکبونەوەی ولاتەکەی لەگەڵ روسیادا کردی و ئێستا هەماهەنگیان لە زۆر بواری تایبەت بە ناوچەکە و کاروباری ستراتیجیان لە لوتکەدایە ، بەڵێ وڵاتێکی گرنگ و بە توانای وەک ئیسرائیل و هاورێی نزیک و بەنازی ئەمریکا و ، بە خوێندنەوەیەکی وردی ئەمرۆ و پێشبینی کردنی رۆڵی روسیای پاش کشانەوەی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکەو یاریکردنی لە دوورەوە ، هەنگاوی گرنگی بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و مانەوەی دەستی باڵای خۆی وا بنێت ، ئەمە لەکاتێکدا ئیسرائیل نزیکترین و دیارترین وڵاتی دۆست و هاپەیمانی ئەمریکا بێت ، ئەی بۆ خەڵکی تری وەک کورد دەبێت چۆن بجوڵێتەوە .
پاش خۆ رێکخستنەوە و کەوتنەوە سەر سکەی تایبەتی خۆی لە پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سوڤێت و رۆڵگێرانی وەک زلهێزێکی دونیا ، روسیا لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا خۆی فەرز کردەوە و تا دێت روو لە سەپاندنی پێگە و قورسایی خۆی لە هاوکێشە جیهانیەکەش دەکات نەک تەنها لەم ناوچەیەی ئێمە ، وا روون بووەوە کە تەنانەت ئەمریکای رکابەری کلاسیکیی تا ئێستاش بێ پرس پێکرددنی هەنگاوێکی ئەوتۆی لەم ناوچەیە لەم کاتانەدا نەناوە ، لە پاش ئەوەی پوتین بە قورسی وڵاتەکەی هاتە ناو هاوکێشەکە و ئاراستەکانی گۆڕی .
هۆکار گەلێک هەن کە وڵاتێکی وەک ئیسرائیل و روسیا بەم شێوەیە رەفتار بکەن و ئامانجی پراگماتیانەی دونیا و سیاسەت خۆی بەسەر هەردولادا فەرز بکات ، کە بە وردبینی و ژیری و عاقڵانەی دوور لە کاردانەوە ؛ کاری سیاسی و ئابووری خۆیان ئەنجام بدەن و ، هیچ هۆکارێک نەبێتە رێگر لەبەردەمیاندا ، بەڵێ نە ترس لە هاوپەیمانێکی گرنگ و بەرژەوەندیەکانی یەکێکی وەک ئەمریکا و نەش ترس لە زیزبونی و ، بە هەنگاوی کاری هاوسەنگانە و جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی مافی گەلی خۆیان ، هەنگاو دەنێن و رەفتار دەکەن و ستراتیجی خۆیان دادەرێژن و پلان دادەنێن و جێبەجێی دەکەن و ، هیچ کێشە و ناکۆکیەکی نێوخۆی خۆیان کاریگەری ئەوتۆی لە سیاسەتی دەرەوەیان ناکات و، بەکاردانەوە رەفتار ناکەن و ، بە دووربینیەوە یەکتر دەخوێننەوە . ئیسرائیل باش دەزانێت کە لە دوارۆژێکی نزیکدا روسیا چ رۆڵێک لەم ناوچەیەدا دەگێرێت ، بۆیە دەستپێشخەری خۆی لە دابینکردنی پێگەی خۆی بۆ ئەوکاتە دەکات ، کە تەگەرە نەخرێتە بەردەم کردەوەکانی . دیارە فاکتەری جیوپۆڵەتیکی گەورە پاڵ بە وڵاتێکی وەک ئیسرائیلەوە دەنێت بۆهەنگاوێکی هەستیاری ئاوها ، موکوربونی خۆی پیشان بدات لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیادا لەپێناو رۆڵگێرانی و زەرەر نەکردنی لە باڵابونی روسیا لە ناوچەکە ، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی دابین و زامنبکات .
ئەوەتا کورد تا ئێستا نە دەوڵەتە و نەش قورسایی خۆی بە رێژەیەکی زۆر کەمیش بێت لە چاو ئیسرائیلدا هەیە لە ناوچەکەو، نەش لای ئەمریکا بەقەد ئیسرائیل نازدار و گرنگە و ، نەش رۆڵگیرانی خۆی لە زاڵبونی روسیا و هاتنەئارای ململانێ و کێبرکێی چەند تەوەری لە ناوچەکە زامن کردووە و ، نەش پێگەی ئابووری بەقەد ئیسرائیل بەتوانایە کە بەرگەی کاتێکی کەمی ئەو وەزعە بگرێت کە لە قازانجی نەکەوێتەوە ، کەچی وەک کەڕەی شەربەت لێینوستووە و خەریکی ململانێی ناوخۆی خۆیەتی و لەهەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندی بنەماڵە وحزب و کەسەکانە نەک دوارۆژی میلەت و کوردستان و بیرکردنەوە لە هەنگاوە ئیستراتیژیەکان .
ئەگەر بە وردی لێی بروانیت و لێی تێبگەیت ، دەزانیت کە سیاسەتمەداردانی کورد چەند کلاسیکیانە و دوور لە سەردەمەکە و پێداویستی گۆرانکاریەکانی ئەم زەمانە مامەڵە دەکەن و ، تەنانەت لە بازنەیەکی بچوکدا خول دەخۆنەوە و لە هەڵە و نەزانین و نا دیدەگرتنی هاوکێشەکان لە سەرکردایەتیە کۆنەکانی ( شۆرشەکانی ) پێشووی کورد بێتوانا و بێدەربەست ترن و ، تەنانەت خەمێکی ئەگەری گۆرانکاریەکانی لایەکی بچوکی هاوکێشەکەیان نیە و ، لەم سەردەمەشدا بە پێی عەقڵیەت و پێداویستی و بۆچونەکانی شەری ساردی دوو جەمسەرەکەی ئەمریکا و یەکێتی سوڤیەتی جاران دەجوڵێنەوە و بە هیچ شێوەیەک لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ وەزعی نوێ دا رەفتار و سیاسەت ناکەن و تەنانەت پێداویستی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیان بە رێژەیەکی کەمیش دابین نەکردووە و ، تەنها چاویان لەسەر پارەو پوڵ و خودپەرستی و قازانجە بچوکە کەسایەتی و حزبی و بنەماڵەییکەیە .
ئەگەر ئەم ماوەیەی پێشوو بخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنێکی زانستیانەی بۆ بکەین ، باش بۆمان دەردەکەوێت و دەزانین تا ئێستا بارودۆخە بابەتیەکە خۆی فەرزکردووە و وای هێشتوینەتیەوە ، لە کاتێکدا بە پێی سیاسەت و وەزعی ئابووری و ململانێ نێوخۆییەکان بێت ، ئاشەکەی کورد خوا گێڕاویەتی و لەمەودواش بزانین کێ دەیگێڕێ .