ئومێد كەریم : بۆچی مەلا بەختیار رەنگی زەرد هەڵگەڕاوە ؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 لەوە ئەچێت ” لەزمەكە ” ی زۆر گەورە دابێت ، بۆیە وا شێتانە داكۆكی لەپارتی ئەكات .

ئایا مەلا ئەبێتە سەرۆكی عیراق ؟

دوابەدوای شكستی باڵەكەی پارتی لەناو سەركردایەتی یەكێتی داو ، تێپەڕینی رێكەوتنامەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی سەركردایەتی ، كە باڵاترین دەسەڵاتی حیزبە لەناو یەكێتیدا ، ئێستا بەشێك لەو سەركردانەی كە بەباڵی پارتی لەناو یەكێتیدا ناسرابون دوای ئەوەی دەستیان كەشف بو ، كەوتونەتە پاكانەكردن لەبەرامبەر پارتیداو ئەیانەوی بۆ دڵڕاگرتنی پارتی پاساو بۆ شكستەكانیان بهێننەوەو ، هەندێكیان بەوەش واز ناهێنن ، بەڵكو كەوتونەتە سەر دژایەتیكردنی رێكەوتنەكە سەرەرای ئەوەی لەكاتی دەنگدان لەسەری دەنگیشیان پێداوە .. بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی ، تەنها چوار ئەندام لەگەلی نەبون ، ئەوانیش مەلا بەختیارو ئەرسەلان بایزو ئازاد جوندیانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ، لەگەل حەمەی حەمەسەعید ئەندامی سەركردایەتی . بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبیش ، ئەبێت كەمینە ملكەچی بریاری زۆرینە بێت ، بەمەش هیچكام لە ئەندامە نارازییەكان بۆیان نیە دژایەتی ئەم رێكەوتنە  بكەن ، چونكە بە زۆرینە تیپەڕیوەو بوە بەبریاری حزب .

زۆر نەنگییە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كارگێڕیش دژی ئەم رێكەوتنە قسە بكەن ، چونكە ئەمە لادانە لەپەیڕەوی ناوخۆ ، لەلایەكی تریشەوە خزمەتە بە نەیارەكانی رێكەوتنەكە بەتایبەتیش پارتی كە هەر لەسەرەتاوە دژایەتی خۆی راگەیاند بۆ ئەم رێكەوتنە ، بەمەش هەر سەركردەیەكی یەكێتی ئێستاو دوای ئیمزاكردن و پەسەندكردنی رێكەوتنەكە هەڵوێستی دژی هەبێت ، بێگومان خزمەتی هەڵوێستی پارتی ئەكات .

هەرچەندە رێكەوتنەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە دوای دامەزراندنی لێژنە هاوبەشەكە ، بەڵام مەلا بەختیاری بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی هێشتا كۆڵنادات لەدژایەتیكردنی  رێكەوتنەكە ، هەڵبەت لێرەدا ئەتوانین سێ هۆكار بۆ ئەم هەڵوێستە دژەی مەلا بەختیار دەستنیشان بكەین كە ئەمانەن :

1 – پشتگوێ خستنی پرۆژەكەی خۆی .

2 – وەعدو بەڵێنەكانی پارتی .

3 – ترسی كەشفبونی لەزمەكانی .

1 – سەبارەت بەخاڵی یەكەم ، هەرچەندە مەلا بەختیار دەیان جار لەنوسین و لێدوانەكانیدا باس لەوە دەكات گوایە پرۆژەی ئەم رێكەوتنە ئەو خۆی نوسیویەتی ، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لەهەردولا ، مەلا بەختیار ساڵێك بو پرۆژەیەكی لەم بابەتەی نوسی بو ، دابویە برادەرانی گۆڕان .. بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆژەكە زۆر كرچوكاڵ بو ، بۆیە گۆڕان ئیهمالیان كرد . دوای ساڵێك چاوەڕوانی گۆڕان هیچ وەڵامێكی ئەم پرۆژەی مەلای نەدایەوە .. لەوە ئەچێت مەلا بەختیار لە نوسینی پرۆژەكەیدا زۆری شكاندبێتە لای پارتییەوە بۆیە پرۆژەكە لە لایەن گۆرانەوە پەسەند نەبو ، خۆ ئێستا ئەو بەئاشكرا ئەڵێ : نابێت رێكەوتنەكە دژ بەپارتی بێت یا پێچەوانەی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی . گۆران لای خۆیانەوە پرۆژەیەكی تێروتەسەلیان ئامادەكردو ناردیانە لای یەكێتی . بە قسەی ئەم سەرچاوەیە پرۆژەكەی گۆڕان ، یەكێتی  هاندا ئەویش پرۆژەی خۆی بنوسێ ، ئەوە بو یەكێتیش پروژەیەكی تازەی نوسی و دایە گۆڕان ، دوای ئەوە لێژنەیەكی دوقوڵی دروست بو بۆ گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی یەكگرتو ، لەكۆتاییدا رێكەوتن لەسەر دەستنوسی ئەو رێكەوتنەی ئیمزاكرا ، بەمەش هیچ رۆڵێكی مەلا بەختیار لەنوسینەوەی ئەم رێكەوتنەدا نەبو ، ئەو رۆڵەكەی كاتێك تەواو بو كە گۆڕان وەڵامی پرۆژەكەی ئەوی نەدایەوەو پرۆژەی خۆی ناردە لای یەكێتی . ئەم ئیهمالكردنەی پرۆژەكەو حیسابنەكردن بە مەلا بەختیار رەنگە هۆكارێك بێت بۆ هەڵوێستە توندەكانی ئێستای ، چونكە ئەو كێشەیەكی قوڵیشی لەگەل كاك نەوشیروان هەیە ، دور نیە ویستبێتی بەم پرۆژەیەوە نەختێ دڵی كاك نەوە لەخوی رازیبكات و خۆی وانیشانبدات كەوا كەسێكی كاریگەرە لەناو یەكیتیدا ، چونكە گەرانەوەی كاك نەوشیروان بۆ ناو یەكیتی رۆلی مەلا بەختیار بەیەكجاری كۆتایی پێ دێنێ ، دور نیە لەناو یەكێتیش دەری بكات .

2 – لەمرۆژانەدا لەرۆژنامەی زەمانی چاپی بەغدا چاوپێكەوتنێك لەگەڵ مەلا بەختیار سازكراوە لەوە ئەچێت كابرای رۆژنامەنوسەكە پارەیەكی باشی وەرگرتبێت و خزمەتێكی باشی كرابێت لەسلێمانی ، چونكە ئەو ئەڵێ زیاتر لەحەفتەیەك میوانی مەلا بەختیار بوەو ئەو چاوپێكەوتنەشی چوار رۆژی خایاندوە . لەیەكەم دێری چاوپێكەوتنەكەدا حاڵەتی نەفسی مەلا بەختیار دەرئەكەوێت كاتێك رۆژنامەنوسەكە وەسفی ئەكات بەوەی كاك مەلابەختیار رەمزێكی گەورەی كوردە ( القائد الكبیر المقتدر ) ئەمە وەسفی كابرایە بۆ مەلا ، لێرەدا بۆمان دەرئەكەوێ كەوا كاكی مەلا هەست بەنەقسێكی زۆر ئەكات و ئەیەوێت بەم قسانە دڵی خۆی خۆشبكات . هەڵبەت ئەو حەزە لەمێژینەی مەلا بەختیار بەدەركەوتنی بەردەوام لە میدیاكان و سازدانی سیمینارو كۆروكۆبونەوە نیشانەی ئەم هەستكردن بەنەقسەیە كە وەكو نەخۆشیەكی درێژخایەنی لێهاتوە . كابرای رۆژنامەنوسیش لەبری میواندارییە گەرموگوڕەكەی تەخسیری بۆ نەكردوەو  بەدڵنیاییەوە ئەڵێ : هیچ گومانی تیا نییە كەوا سەركردەی گەورەی كورد كاك مەلا بەختیار ئەبێتە چەترێكی گەورە بۆ لەباوەشگرتنی هەمو عیراقییەكان و ، لەشوێنی دكتۆر فوئاد مەعسوم ئەبێتە سەرۆكی عیراق . نازانم ئەو دڵنیابونەی رۆژنامەنوسەكە لەكوێوە هاتوە ؟. كاتێك ئەو پرسیارەش ئاراستەی مەلا ئەكات و ئەپرسێت : تۆ سەرۆكی داهاتوی عیراقیت ؟ ئەویش وەكو مەسیح  وەڵامئەداتەوە كاتێك یەهودیەكان لێیانپرسی : تۆ مەسیحیت ؟ ئەویش وەڵامی دانەوە ” ئێوە خۆتان وائەڵێن . جارێ پێش هەر شتێك یەكێك لەمەرجەكانی سەرۆك كۆماری عیراق ئەبێت هەڵگری شەهادەی كۆلیژ بێت ، كاك مەلا ئەو شەهادەیەی نیە ، بۆیە ئەستەمە بەرێكەوتنی سیاسیش ئەم پۆستە وەربگرێت ، دوای ئەمەش كاك مەلا هەمان ئەو هەڵەیە دوبارە ئەكاتەوە ، كە پیشتر چەندین سەركردەی یەكێتی تێی كەوتن . بەپێی زانیاریەكان لەكاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی عیراق مەسعود بارزانی وەعدی دابو بە دو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نزیك لەخۆی كە بیانكاتە سەرۆكی عیراق . هەڵبەت كەسیان بەوی تریان  نەئەزانی ، تا كارەكە بەمە كۆتایی هات كەلەناو پەرلەماندا پارتی دەنگ بەدكتۆر فوئاد بدات و پشت لەكاندیدەكانی خۆی بكات . كێشەكە لەوەدایە ئەو برادەرانەی مەسعود بارزانی و پارتی هەڵیان ئەخەڵەتێنی بەئیمتیازات و پۆستی پایەبەرز ئەوەیان بیر چۆتەوە كەوا كاندنیدكردن و پشتگیری بۆ ئەم پۆستانە مەفروزە لەحزبەكەی خۆیانەوە بێت كە یەكێتیە ، ئەوان ئەچن خۆیان ئەخەنە باوەشی پارتی و مەسعود بارزنیەوە بۆ ئەوەی ئەم پۆستەیان پێبەخشێت كەلە ئەسڵا بەدەست سەركردایەتی یەكێتیەوەیە نەوەك پارتی . دوور نیە بەپێی ئەو دیدارەی مەلا لەزەمانی بەغدادا هەمان هۆكار بێت بۆ ئەو داكۆكیكردنە بێمانایەی لەسیاسەتو  هەڵوێستەكانی پارتی .

3 – پارتی لەرێگەی پاراستنەكەیەوە هیچكات سڵینەكردۆتەوە لەرەسدكردنی نەیارەكانی و هەوڵدان بۆ لەزمەگرتن لێیان .. ئەوان هەمو ئسلوبێكی موخابەراتی بەكار ئەهێنن بۆ لەزمەگرتن لەبەرامبەرەكانیان ، دور نیە ئێستا لەناو ئەرشیفی پاراستندا دەیان گرتەی فیدیۆی بێ ئەخڵاقی نەك لەسەر نەیارەكانیان بەڵكو لەسەر ئەندامو سەركردەكانی خۆشیان هەبێت ، بەهەمان سیاسەتی دەمودەزگاكانی بەعسی سەدام رەفتار ئەكەن ، بۆیە زۆر ئاساییە كە ئێستا باس لەوە ئەكرێت گوایە مەلا بەختیاریش گرتەیەكی فیدیۆیی لای پاراستنی پارتیدا هەبیت . ئەم مەسەلەیە ئەگەر راست بێت ، ئەبێ لەزمەكەی زۆر گەورەبێت بۆیە بەم شێوە شێتانە دیفاعیان لێئەكات .

ئەگەر سەیری ئەو خاڵانە بكەین كە كاك مەلا باسیانی كرد لەدیدارەكەی ڕووداوودا كاتێك وتی من لەسەر سێ خاڵ نارازیبوم ، ئەویش یەكخستنی فراكسیۆنەكان ، گەرانەوەی پەرلەمان بەبی مەرج ، هاتنی لایەنەكان بۆ ناو رێكەوتنەكە ، ئەمانەش رێك ئیعترازەكانی پارتییە لەسەر رێكەوتنەكە ، تەنانەت كاك مەلا شتیكی تریش باس ئەكات كە پارتی بیری چوە ئەویش ئەوەیە كە هیچ رێكەوتنێك نابێت دژو پێچەوانەی رێكەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی بێت ، جگە لەوەش ئەو دەڵێ : ئەبوایە پێشتر ئەم پرۆژەی رێكەوتنە ببردرایەتە لای پارتی و بەكەیفی خۆی تەعدیلی بكردایە ئینجا مۆری مەكتەبی سیاسی و لەناوەراستیشیا ئیمزای كاك مەسعود بارزانی لەسەربدرایە ئینجا رابگەیەندرایە . ئەمە رای كاك مەلا بەختیارە نەوەك كاك فازل میرانی . كاك مەلا بیری چۆتەوە ئەو بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەو پێش هەمو شتێك ئەبێ ئەو پەیوەست بێت بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیەوە و رێز لە بڕیاری زۆرینە بگرێت ، واجیبی ئەوە دڵنیایی بداتە هەمو لایەنێك كەوا ئەم رێكەوتنە دژی هیچ كەس و لایەنێك نیە ، كەچی ئێستا ئەو بانگەشەی ئەوە ئەكات كەوا ئەم رێكەوتنە دژی پارتییە .

لەكۆتاییدا ئەڵێم : ئەو برادەرانەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی كە خۆیان خستە خزمەتی پارتیەوە لەبەر هەر هۆكارێك بێ ت، كۆتاییان نزیكبۆتەوە ، چونكە نە پارتی پێوێستی بەمانە هەیە دوای ریسوابونیان لەبەرچاوی میللەتەكەیانەوە ، نە یەكێتیش جارێكیتر ڕێگایان ئەدات لەناو حزبدا كار بۆ حزبێكی نەیار بكەن و جاسوسی بەسەر حزبەوە بكەن ، هەر لەگەڵ بەستنی كۆنگرەی داهاتوی یەكێتیدا ئەمانە  هەمویان ئاوت ئەكرین بۆ دەرەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت