بانگەوازێك بۆ پێشمەرگە دێرینەكان
شێرزاد شێخانی
هەڤاڵان و هاوڕێیانی تێكۆشەر
پێشمەرگە ئەو ناوە پیرۆزەیە ، كە بەدرێژایی مێژوی كورد ، میللەت شانازی پێوە ئەكات .. پێشمەرگە ئەو مرۆڤەیە ، كەهەمیشە دژی زولمو زۆرداریو چەوساندنەوەو زەوتكردنی ئازادییەكانی میللەت چەكی شەرەفمەندی كردۆتەشان . پێشمەرگە ئەندازیاری هەمو شۆڕش و راپەرینەكانی میللەتە بووە .. كاتیك زوڵمو ستەمی رژێمە شۆفینیزمەكانی عیراق دژ بەمیللەتی كورد بووە سیاسەتی دەوڵەت ، پێشمەرگە چووە سەنگەری دیفاع ، سەرباری هێزی گەورەی رژێمەكان بەڵام هێزی لەبن نەهاتوی پێشمەرگە هەمیشە داستانی گەورەی لەلاپەرەكانی مێژودا نەخشاندوە . پێشمەرگە بو رژێمی جانەوەری بەعسی لەراپەرینەكەی بەهاری 1991دا بۆ هەتا هەتا لەكوردستان ڕاماڵی ، بەمەش گەورەترین سەركەوتنی لەمێژوی خۆیدا تۆماركردو گەورەترین دەسكەوتیشی بۆ میللەتەكەی هینایەكایەوە ئەویش دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی سەربەخۆی هەرێم بو ، كە دوو دەسكەوتی گەورەن لەرێگای گەیشتن بەمافی چارەی خۆنوسین . هەمیشە پێشمەرگە لەسەنگەری شەرەفدا دیفاعی لەمیللەتەكەی كردوە ، دوێنی لەسەنگەری دژ بەرژێمەكان ، ئەمرۆش بەرامبەر هێزی تیرۆرستان .
بەدرێژایی ساڵانی خەباتی شاخ ، پێشمەرگە هەمیشە خەونی بەئازادی میللەتەكەیەوە بینیوە ، خەباتی لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و كەرامەتی میللەتەكەیدا بوە ، ئەم خەباتەشی بەخوێنی هەزاران هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم میللەتە تۆماركراوە ، بەڵام حەیف ئێستا خەریكە ئەم هەمو دەسكەوتانە لەبار ئەچن .. حوكمی تاكڕەوی بنەماڵەی بارزانی ئەم وڵاتە سەربەخۆو سەرفرازەی كوردستانی كردۆتە دۆزەخێك كەسەدان هەزار گەنج لێی بێ ئومێد بن ڕوو لەدەریا ترسناكەكان بكەن بۆ دەرباز بون ، هەمان دیمەنەكانی راكردن لەدەست دیكتاتۆریەتی سەدام رۆژانە لەم كوردستانە سەربەخۆیە دوبارە ئەبنەوە .
ئەو میللەتەی لەسەردەمی خەباتی شاخدا پێشمەرگەی ئەخستە ناو هەناوییەو نانی دەمی مناڵەكانی خۆی ئەدایە پێشمەرگە ، ئەمرۆ مناڵەكانی لەبرسا و لەنەبونی و هەژارییا ناڵەیان ئەگاتە ئاسمانەوە . ئەو مرۆڤانەی ئێوە خەباتتان بۆ سەرفرازی كرد ، ئێستا لەسایەی حوكمی ماڵی بارزانیدا كەرامەتی ئەخرێتە ژێر پێی جاش و خۆفرۆشان و كۆمەڵی مافیای سەربەدەسەڵات لەدزو جەردەكان . ئەو گەنجانەی ئومێدمان هەبو ببنە ئەندازیاری دروستكردن و بنیاتنانی ئاییندەیەكی گەشتر بۆ میللەتەكەمان ، ئێستا بەنائومێدی ڕوو لەوڵاتانی جیهان ئەكەن و خاكی نیشتمانیان جێئەهێڵن . ئەو ژن و كچانەی ئێوەی پێشمەرگە بۆ دیفاعكردن لەشەرەف پاكیزەییان چەكتان كردە شان ، ئەمرۆ لەبەر نەبونی خۆیان ئەفرۆشن . میللەت لەرۆژێكی زۆر سەختا ئەژیت كە لەسەردەمی ناپاكترین رژێمی شوفینی و فاشیدا رۆژی وای نەبینی بێت . سەدام بەو دیكتاتۆرییەی خۆیەوە قەت رۆژێك دەستی بۆ قوتی میللەت نەبرد ، تەنانەت گوندە ئازادكراوەكانیش ئازوقەی مانگانەی بۆ ئەناردن .
لەسایەی حوكمی بنەماڵەی بارزانی ئەمرۆ وڵاتەكەمان وێران بوە .. موچە كە قوتی مناڵەكانە ، بوە بەروبعێك ئەمەش بەشی سادەترین پێداویستی ژیان ناكات . پرۆژەكانی ئاوەدانی هەمویان وەستاون ، زمەتگوزاریەكان یەكسانن بەسفر ، هەرەشەی نەمانی ئاویشمان هاتۆتە پێش ، ئیدی ئاو نەبێت خەڵك بیخوات ئەم وڵاتە چی بەسەر یەكەوە ئەمێنێت . ئەو ئازادیەی دەیان ساڵ خەباتمان بۆ كرد ، ئەمرۆ بەرۆژی نێوەرۆ پێشێل ئەكرێن ، شەلاتیەكانی پارتی لەسەر شەقامەكاندا كەرامەتی گەنجان ئەشكێنن ، پۆلیسی پارتی شەق ئەوەشێنێت ، ئاساییشەكانی ریشی مەلا ئەسوتێنن ، ئەفسەرەكانی لەسەر فول لایتێك گەنجان گوللەباران ئەكەن ، بەرۆژی روناك سامانی میللەت ئەدزن ، مافیای گەندەڵی هەرچی خێرو بێری ئەم وڵاتەیە ئەیدزن و ئەیكەن بە دۆلارو لەبانكەكانی دەرەوە بۆخۆیان هەڵیئەگرن . پەرلەمان كە دەزگای شەرعییە پەك ئەخرێت ، حكومەت ئیفلیج ئەكرێ ، رێز لەهیچ هاوپەیمانییەك ناگیرێ . وڵات لەسای حوكمی بنەماڵەی بارزانیدا بووە بەزیندانێكی گەورە ، هیچ ئاسۆیەك و ئومێدێك بە ئایندە نەماوە خەڵكی لەو پەڕی بێزاریدایە .
هاوڕێیان و هەڤاڵان :
ئێوە ساڵانێكی دورودرێژ تاڵی و سوێری ژیانتان چەشت لەشاخو دەشت و دەرو شاردا لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی ، فەرمون ئەو دەسكەوتانە ئێوە بەرەنجی شانی خۆتان و خوێنی هەزاران هەڤاڵی خۆتان وەدەستتان هێنا ، ئەمرۆ حوكمی بنەماڵەی بارزانی لەباری ئەبەن .. ئایا ئێوە خەباتتان بۆ ئەم رۆژە كرد كەمیللەت نانی نەبێت بیخوات لەكاتێكدا لەسەر دەریایەك نەوتا ئەژی ؟. ئێوە خەباتتان بۆ چەوسانەوەی میللەتكرد بەدەست براكوردەكەیەوە ؟. خەباتتان بۆ كۆمەڵێ مافیاو دزو جەردەی حزبكرد یا بۆ كۆمەڵانی خەڵكی چەوساوەو بەشخوراوی كوردستان ؟. ئێوە ساڵانێك خەباتتان لەپێناو خاكی كوردستاندا كرد ، ئێستا بنەماڵەی بارزانی 53% خاكی ئەم كوردستانەی فرۆشتۆتە كۆمپانیا بیانیەكانی نەوتەوە . ئێوە لەپێناو سەربەرزی میللەتەكەتان خەباتتان كردو چەكتان كردە شان ، ئێستا ئەم میللەتە بەدەست حوكمی پارتییەوە زەلیل و رسوا بوە . كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەم دەسەڵاتە زاڵمە كە ئەمرۆ وەكو خوایەكی بێ شەریك حوكمی ئەم هەرێمە ئەكات ، دەست بۆ قوتی خەڵكی هەژاریش ببات . ئەوەتا موچەی كەمئەندامان ئەبرێت ، كە لەهەمو دونیادا رێزی تایبەتیان لێئەگیرێت . خەریكە دەست بۆ موچەی زیندانیانی سیاسیش ئەبات ، ئەوانەی ساڵانێك لەژێر ئەشكەنجەی بەعس لەزیندانەكاندا ئازاریان چەشت لەكاتێكدا بنەماڵەی بارزانی لەشارەكانی ئێراندا لەناو پێخەفی گەرمدا رۆژیان ئەكردەوە .. ئەوەتا ئێستا خەریكە موچەی ئێوەی پێشمەرگە دێرینەكانیش بكاتە دومانگ جارێك ، واتە نیوەی موچەتان ئەبڕێت .
جا هەڤاڵان و هاوڕێیان ، دەسەڵاتێك رێز لەپێشمەرگە دێرینەكانی خۆی و زیندانە سیاسییەكانی نەگرێت كە ئەمانە دروستكەری ئەم كیانەن ، هەق نیە بەرامبەری بێدەنگ بن . میللەتی ئێمە بەگشتی لەوپەڕی بێزاریدایە ، باوەڕی بە هیچ حزبێك نەماوە ، ترسی كوشتن و بڕین و تەنانەت كوشتنی بەكۆمەڵیش ئەم میللەتەی ترساندوەو چاوی شكاندوەو ناوێرێ بێتە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دەربڕێت ، بەڵام ئێوەی تێكۆشەرو پیاوی كاتی تەنگانە ـ كەی ترساون . ئێوەی كۆڵنەدەر و خەباتگێڕ بۆچی جوڵەیەك ناكەن لەدژی ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرە ؟ كاتی ئەوە هاتووە ئێوە موبادەرە بكەن و بەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرو ماڵوێرانكەرە بڵێن : ئیتر بەسە بوەستە . ئەو دەستی بۆ نان و قوتی مناڵەكانی ئێوەشی برد ، ئەی ئێوە ئەگەر دیفاع لەنان و قوتی مناڵەكانتان و شەرەف و كەرامەتی خۆشتان نەكەن دیفاع لەچیتر ئەكەن ؟ . ئێوە خاوەن ئەم دەسكەوتەن كەچی ئەوان ئەیخۆن و لەتە نانەكەشتان پێڕوا نابینن ؟
ئەمرۆ پێش بەیانی هەقە هەمو پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانەسیاسیەكان یەكلەدوای یەك ریز ببەستن بەرەو مەسیف و لەبەردەم سەرۆكی ناشەرعی ئەم هەرێمەدا خۆپێشاندان بكەن یا هەرنەبێ وەكو گەنجەكانی بەغدا لەبەردەم سەرۆكایەتی هەرێم مان بگرن ، خویشم وەكو پێشمەرگەیەكی دێرین لەپێشی پێشەوەی هەموتانم ، ئەمەش شێوازێكی مەدەنیانەی خەباتە ، كەس ناتوانێت رێگای لێبگرێت ، ئەم نارەزایەتی دەربڕینەش ئەبێت لەهەولێر بێت چونكە بینیمان دەیانجار خۆپیشاندان لەسلێمانی و ناوچەكانی تردا كرا ، بەڵام پارتی و دەسەڵاتەكەی بێباك بون . من پێموایە خۆڕاگری ئێوە كاریگەری زۆری ئەبێت لەجوڵاندنی شەقامی كوردی بۆ بەهۆشهێنانەوەی ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرەو كۆتاییهێنان بەسیاسەتی برسیكردنی میللەت ، ئەگینا ئەبێ چاوەڕوانی چارەنوسی خۆی بكات كە مەعلومە چارەنوسی دیكتاتۆر بەرەو كوێ ئەیبات .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
- -
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts