دەشتی جەمال : هێنانی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی بێ شکۆ کردنی خەڵکی کوردستانە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەوەی وەک خاڵێکی ڕوون وئاشکرا ، لە پاشخانی سیاسی وڕوخساری ناسراوی کەسایەتیەکی وەک “ ئەدهەم بارزانی ” لەمیژووی خەڵکی کوردستاندا ، خۆی دەردەخات ، دەرکەوتنی ڕەمزێکە بۆ کۆنەپەرستی و پەلاماردان وتیرۆرو فتوای ئازادیخوازان وهەر کەسو لایەنێکی نەیار کەپێچەوانە بەدەستەی فەرمانڕاوە وبنەماڵەی بارزانی بدوێ و هەڵوێست وەربگرێ . “ ئەدهەم بارزانی ” لەو کاتەوەی کەوەک ڕێبەری “ حزبووڵای شۆرشگێر ” دەرکەوت و تا گەیشتنی بە پۆستی ئەندام پەرلەمان و ئێستاش وەک سەرکردەیەکی پارتی کە بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی پێسپێردراوە ، کارنامەیەکی کۆنەپەرستی و دژی ئینسانی و ئازادیخوازی تێپەڕکردووە کە پڕە لەهەڕەشەو دانی فتواو هاندان بۆ تیرۆرو کوشتن لە کوردستاندا ، مێژویەکی ئاواش ڕاستەوخۆ دژایەتی هەیە لەگەڵ مافە مەدەنی و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان و ئەمەش هیچ شک وگومانێک ناهێڵیتەوە سەبارەت بەوەی کە ئەم کارەکتەرە ، نەک هەر شایەنی ئەوە نییە لەسەر سەری خەڵکی شاری سلێمانیەوە وەک “ بەرپرسێک ” دابنرێ ، بەڵكو دەبێ بدرێ بە داگاو لەسەر فەتوای کوشتن و کردەوەکانی بە سزای خۆی بگەیەندرێ و هاوکات لەجومگەکانی سیاسەت دوربخرێتەوە . بەڵام بۆ حزبێکی وەک پارتی کەچنگی لەداهات و قوتی هاوڵاتیان گیرکردووەو بەزۆری چەک و باوەڕی کۆنەپەرستانەی ئاینیو قەومی خۆی داسەپەندووە بەسەر موقەدەراتی خەڵکی کوردستاندا ، هیچ شتێک لەوە سانا ترنییە کەڕەمزێکی وەک ئەدهەم بارزانی وەک داوەڵێک بەسەر کۆمەڵگاوە ڕاگرێ .
ئەدهەم بارزانی ڕابەری حزبوڵای شۆرشگێری کورد لە 11 ئۆکتۆبەری 1995 فەتوای کوشتنی بۆ ” رێبوار ئەحمەد ” رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دەرکرد و بۆ ئەنجامدانی ئەو حوکمە بڕی 200 هەزار دیناری عێراقی ئەوکاتەی وەک پاداشتێک بۆ ئینسان کوژیەکەی تەرخانکرد . ئەم کارەشی تەنها لەبەر نوسنێکدابوو کەئەوکات ڕێبوار ئەحمەد لەسەر بەرگری لەمافەکانی ژنان لەڕۆژنامەی بۆ پێشەوەدا ، بڵاوی کردەوە . ئەدهەم بارزانی لە ئاگاداریەکدا کە ئەوکات ئاڕاستەی گشت ئەندامان و پیشمەرگەی و لایەنگرانی حزبوڵای شۆرشگێری کوردی کردووە ئاوا دەڵێت :
ئەوەی کە ئەمەوێت بنوسم و پێتان رابگەیەنم ، ئەوەیە کە بەداخەوە ئەمرۆ لە کوردستانی ئیسلام و کورددا ، دەستەیەکی بێخەبەر لە باوەرو و ئیمان و تیکوشان و جیهادی ئەم گەلە قارەمانە لە نوسینکدا کە لە رۆژنامەی “ بۆ پێشەوە – راگەیاندن ” بۆ پاشکەوتنی ژمارە 22 بەرواری 27 – 9 – 1995 بلاوکرایەوە بە شێوەیەک سوکایەتی بە ئیسلام و پیغمبەری و ریبەرمان محەمەدی کوری عبدوللە (د.خ) ئەکات کەوا پی دەچێت ڕوویەکانی سلیمان ورشدی سپی بکات . بەبهانەی بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان و خۆشکان .
لێرەدا نامەویت وەلامی ئەوان بدەمەوە چونکە ئەمانە ئەهلی حیوار نین و هەر حیوارێک لە گەل ئەمانە بەجایز نازان م. ئەوەی لەسەر منە و گشت ئیوەی بەریزە ئەرکە ئەمەیە کە بی درەنگ نوسەری ئەم مقالەیە دەست نیشان بکریت و بەزووترین کات وەک مفسد فی الارض رەفتاری لەگەل بکرێت . ئیمە وەک حزب اللە شۆرشگیری کورد تەواوی توانای خۆمان بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە بەکار ئەبەین .
هەرلەم بارەیەوە بەشی فارسی ڕادیۆی ئیسرائیل ، لە کاتژمێر 18 ی رۆژی 22 – 10 – 1995 هەمان ئەم ڕاگەیاندنەی بڵاوکردەوە و هەروەها لەوتارێکی یەکێک لەرۆژنامەکانی جمهوری ئیسلامی ئیراندا بەهەمان شێوە ئاماژەی بەو فتوایەی سەرەوەی ئەدهەم بارزانی و دانی خەڵاتی 200 هەزار دیناری عێراقی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم فەتوایە کردووە .
ئەگەر ئەم فەتوایە لە هەرکۆمەڵگایەکدا کە یەک زەڕە مافوحورمەتی ئینسانی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پارێزراوبێ و ئازادی بەیان و ڕەخنەی بۆ هاوڵاتیان بەڕەسمی ناسیبێت ، ئەوا دەبوو دەمودەست ئەدهەم بارزانی پەلکێشی بەردەم دادگا بکرایە و لێپیچینەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدرایە . بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە پێشیانەوە پارتی و یەکیتی وەک ئەحزابی دژی ئازادی و کۆنەپەرست ، نەک هەر پێچەوانەن بەسەرەتاییترین پرەنسیپی ئازادی و ماف و حورمەتی ئینسانی خەڵکی کوردستان بەڵکو وەک سیاسەتێکی سەرەکیان لەڕاستای پاراستنی دەسەڵاتیان پشتگیری و لایەنگریان بۆ ئەم جۆرە هەڕەشەو کوشتن و فتوادانەی کۆنەپەرستان لەدژی ئازادیخوازان دەربرێوەو هێچ کاتێکیش لەگوڵ پاکتریان پێ نەوتوون . بگرە بە پێدانی پۆست و بەرزکردنەوەی پلەوپایەیان خەڵاتیانکردون و دامودەزگای زەبەلاحیان خستۆتە ئیختیاری ئەم تاوانکارانەوە . تەنانەت پارە و پوڵی زۆریان پێداون و کردویانن بەئەندام پەرلەمان . هەروەک چۆن موستەشارو ئەنفالچێکانیان لە پۆستی باڵادا ڕاگرتوە ئاواش لەکێشمەکیشی ناوخۆی ئەحزاب و بونی ئەم گروپ و کەسە تاوانکارو دژی ئازادیانە ڕێزێکی بەرینیان لێگرتون ، لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی و مانەوە لەدەسەڵات و داسەپاندنی خورافەو کۆنەپەرستی و دواکەوتویی و هێشتنەوەی دەسەڵاتی خێڵکەی … ژیانی خەڵکی کوردستانیان پێ لەقاڵبداوە .
پارتی بە دانانی ئەدهەم بارزانی بە پەرپرسی حزبەکەی لەکۆمەڵگایەکی شاری و مەدەنی کوردستاندا کە خەڵکەکەی تینوی ئازادی و خۆشگوزەرانی و کۆمەڵگایەکی سکولار و خۆشگوزەرانن ئیهانەتە بە شکۆی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان … ئێمە و خەڵکی کوردستان هەمیشە داواکار بووین ئەو تاقموکەسانەی تاونبارن پێویستە لەسەر تاوانەکانیان لە هەڕەشەو هاندان بۆ تیرۆرو تەوهین و بێئحترامیکردن بە مافەکانی ئینسان و پێشلکردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی بە پێی یاسا لێپێچینەوەو سزای تاوانکەکانی خۆیان وەربگرن نەک پاداشت و بەرپرسیارێتی ژیان و داهاتووی کۆمەڵگایان پی بسپێرن …
وادیارە پارتی هێشتا بەنەفەسی رووداوەکانی 17 شوبات مامەڵە بە تاوانباران و بکوژان دەکات و حساباتی هەڵە بەخۆیان و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و ئەوە لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان بەرادەیەکی ترسناك بردووە کە تەواوی قورسایی قەیرانی و بنبەستی خۆیان لەسەر خەڵکدا شکاندۆتەوەو ، ئێستاش لە پیلانەکانی دەوڵەتان و هێزە ئیمپریالیستەکان بەشدارن و باکیان بەوە نیە کە خەڵک بۆناو شەڕو کارەساتی یەك لەدوای یەك ڕابکێشن … لەپال ئەو هەموو بەڵاو موسیبەت و دابڕ دابڕکردنی کوردستان و شانخاڵیکردن لە موچەو دابینکردنی ژیان و گوزەران و مافەکانی خەڵکدا لهمەیداندان ، دانانی رووخساری ناسراوی کەسایەتیەکی وەک “ ئەدهەم بارزانی ” دژ بە ئازادی دژ بە مافەکانی ژنان و مناڵان و فەتواچی .. ئاماژەیەکی ترسناک و خراپ بۆ دەسەڵاتدارێتی پارتی بەرجەستە دەکات .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە