شێرزاد شێخانی : ئێستا كاتی بەستنی كونگرەی نەتەوەییە .
ساڵانێك بەر لەئێستا هەوڵێكی چڕوپڕ لەئارادابو بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بەئامانجی یەكخستنی گوتاری كوردی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان . سەرەتا پارتی زۆر بەگەرمی بەشداری ئەم هەوڵانە بو ، تەنانەت مەسعود بارزانی چەند جارێك لەگەڵ لایەنەكاندا كۆبوەوەو ئەم پرسەی لەگەڵیاندا باسكرد ، لەئەنجامدا هەمو لایەنەكان گەیشتنە سازان لەسەر بەستنی كۆنگرەكەو كار گەیشتە ئەوەی وادەی كۆنگرەش دابنرێت .. بەڵام كاتێك قسەوباس هاتە سەر سەركردایەتی كۆنگرەكە ، زۆربەی لایەنەكان لەگەل ئەوەدا بون كە سەرۆكایەتیەكە بەشێوەی خولی بێت هەردو ساڵ جارێك پۆستەكە دەستاودەست بكرێت ، پارتی وەكو پیشەی هەمیشەیی كارەكەی تێكدا . چونكە ئەوان كەسیان لەمەسعود بارزانی پی رەواتر و شایستەتر نەبینی بۆ سەرۆكایەتی هەمێشەیی هەر چوار پارچەكە بۆیە هەوڵەكانیان شكست پێهێناو ئەم خەونە نەتەوەیەشیان لەباربرد .
من ئەوسا قەناعەتم وابو ئەم هەوڵەی مەسعود بارزانی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كارێكە بۆ دەستەمۆكردنی پەكەكەو پەیەدەو حزبەكانی تری كوردستان بەتایبەتیش حزبەكانی رۆژئاواو باكور بیانخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە ، ئەو ویستی خۆی وەكو سەرۆكی هەرچوار پارچەكە بسەپێنێتو ببێتە مەرجەعی بریاری سیاسی لەناوچەكە ، دواتریش وردە وردە ئەم حزبو لایەنانە بخاتە خزمەتی توركیاوە .
لەماوەی ئەم دو سێ ساڵەی دواییەشدا پارتی زۆربەی حزبەكانی هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆی كردە دوژمن .. لەلایەك بەناهەق و بەدەر لەیاساو هەمو پرەنسیپێكی دیموكراسی حوكمی تاكڕەویی خۆی بەسەر باشوری كوردستاندا سەپاند ، لەلایەكی تریشەوە بەهاوكاری توركیای ئەردۆگانەوە دژایەتیەكی ئاشكرای هەردو حزبی كاریگەری باكورو رۆژئاوای كرد كە پەكەكەو پەیەدەن ، لەگەل حزبەكانی رۆژهەڵاتیشدا پەیوەندییەكانی تێكدا . لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەهۆی پێداگییری لەسەر پێشێلكردنی یاسای تایبەت بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێمو تەواوبونی ویلایەتەكەی لەروی یاساییەوە كەوتە دژایەتیكردنی هەرچوار حزبە كاریگەرەكەی هەرێم و پرۆژەكانیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی ، ئەم چوار لایەنەی كردە دوژمنی خۆی بەمەش پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لەهەرێم لەباربرد . لەسەر ئاستی باكوریش كەوتەخزمەتی ئەجیندای ئەردۆگانو تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانیشدا لەجیاتی پشتگیری لەبراكانی خۆی پروپاگندەی بۆ حزبەكەی ئەردۆگان كردو قسەش هەیە كە بەملیاران دۆلاری لەپێناو بردنەوەی حزبەكەی ئەردۆگانو شكستی هەدەپە سەرفكردبێت ، جیا لەوەش كەوتە دژایەتیكردنی پەكەكەو كەمكردنەوەی رۆڵی شۆڕشگێرانەی لەشەڕی دژ بەداعش و پارێزگاریكردن لەشنگال و ناوچەكانی نزیك نفوزی پەكەكە . لەسەر ئاستی خۆرئاواش هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا رۆڵی پەیەدە كەمبكاتەوەو چەند حزبێكی نۆكەروگوێرایەڵ و دەسكردی خۆی هێنایە پێش ، كە ئەمەشی بۆ نەچوە سەر كەوتە سەر دامەزراندنی هێزی تایبەتی سەربەخۆی بۆ ئەوەی بیانێرێتە ناو كوردستانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی پەیەدە لاواز بكات یا توشی شەڕی براكوژی بكات ، كە ئەمەش شكستی هێنا ، كەوتە سەر داخستنی سنورو برسیكردنی كوردانی رۆژئاواو وئابڵوقەدانیان . ئێستا لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەكەی كوردستان پارتی و بارزانی ناشرینو نامەقبولن لەلایەن میللەتەوە ، چونكە ئەو بەئارەزوی خۆی سەنگەری دوژمنانی هەڵبژارد لەبری سەنگەری كوردایەتی و نەتەوەیی و یەكخستنی هێزو تواناكانی كورد .
لەم سات و وەختەدا كەباس لەپێشهات و گۆرانگاری لەناوچەكەدا ئەكرێت ، پرسی یەكگرتوویی و بەتایبەتیش یەكخستنی گوتاری كوردی لەرێگەی كۆنگرەیەكی نەتەوەییەوە خۆی وەكو زەرورەتێكی ژیاری فەرز ئەكات ، ئەمرۆ لەهەمو كاتێك لەبارترە بۆ ئەوەی ئەم كۆنگرەیە ببەسترێت ولایەنەكان لەهەر چوار پارچەی كوردستان یەكبگرن .. ئەگەر پارتی خۆی بەتەنها خستۆتە بەرەی دوژمنانەوە ، دەكرێ هێزو لایەنە شۆرشگێڕو نەتەوەییەكانی تر خۆیان رێكبخەنەوەو لەبەرامبەر دبكتاتۆریەتی بارزانی و حزبەكەی بوەستنەوەو چیتر چاوەڕیی پارتی نەكەن بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی ، چونكە پارتی ئەجیندای خۆی هەیەو ئەو خۆی یەكلا كردۆتەوەو ئیرادەی خۆی خستوتە دەست دوژمنانەوە لەئەردۆگانەوە بۆ بنەماڵەی ئال سعودو قەتەرو سوننەكان و بەعسیەكان و دوژمنانی میللەتەكەمان ، كەواتە چاوەڕێی خیر لەم حزبە ناكرێت ، بۆیە ئێستا لەدوای ئەوەی یەكێتی و گۆڕان بە رێكەوتنە سیاسیەكەیان بون بەیەك و گوتاری سیاسی خۆیان یەكخستوەو سەركرایەتی هاوبەشیان دامەزراندوە بەرنامەیەكی تێرو تەسەلیشیان هەیە بۆ پرسە ناوخۆیی و نەتەوەییەكان ، هەقوایە یەكێتی و گۆران موبادەرە بەدەستەوە بگرن و كار بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیە بكەن .. گومانم لەوەدا نیە كە ئەم دو حزبە بەهەڵویستە نەتەوەییەكانیان و خەمخۆریان بۆ پرسی نەتەوەیی شایستەی ئەوەن ئەم موبادەرەیە بكەن و كار بۆ ئەوە بكەن لایەنەكانی تریش لەهەرێم و پارچەكانی تری كوردستانیش كۆ بكەنەوە لەدەوری پرۆژەیەكی نەتەوەییو بیكەنە هەوێنی بەرەیەكی فراوانی نەتەوەیی كە گوتاری كوردی نەتەوەیی یەكبخات .. ناكرێت ژیان بوەستێنین لەبەر خاتری چاوی پارتی ، یا بڵێین بەبێ پارتی هیچ شتێك لەم كوردستانە ناكرێ ، من پێموایە هەمو شتێك بەبێ پارتیش ئەكرێ ، بەتایبەت ئەو ئێستا لەخزمەتی ئەجیندای دەرەكی و ئیقلیمیە ناكرێ حزبەكانی تریش ببنە بەشێك لەخیانەتەكانی ئەو پارتە لە نەتەوەكەی .
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts