Abubakir-Caf-2

ئەبوبەکر جاف : سوژەی كوردی ـ بوونێك لە شكانەوەدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1
سوژە نە جەوهەرێكی ئەبەدییەو نە فۆرمێكی وەستاو و دامەزراو ، سوهە پێكدێت ، دەخولقیت و دەخولقێنرێت . سوژە دەربڕین و مانێڤستبوونی هێزی زاڵ و هێزی هەژموونكارە . سوژە لە ناو پەیوەندی هێزەكان و ململانێ و بەركەوتن و كێشمەكێشی هێزەكاندایە . بەم واتایە هەر هێزێك زاڵ بێت ئێمە سوژە – ئاوێنەیەكمان هەیە كە تەنیا و تەنیا تیشكدەرەوەی ئەو هێزەیە كە كاری پێكهێنان و ڕێكخستن و ئاراستەكردن و چوارچێوەداركردنی ( سوژەیەكە ) ، سەر ڕێگاخستنی سوبژێكتیڤاسیۆن و سوبژێكتیڤیتێیەكە كە مانێڤستی ویست و ئیرادە و خواستی هێزە . سوژە پڕە لەو درزانەی هێزو پەیوەندی هێزەكانی بە ناودا تێدەپەڕێت . جەستەیەكە نەخشێنراو ڕەنگڕێژكراوە بە ویست و گوتاری ئەو هێزانەی كە لە شەڕو ململانێدان لە پێناو شكڵبەندكردن و بەرهەمهێنانەوەی .

2
تۆ لەو بڕوایەدایت بوونی تۆ لەوەتەی هەیە هەر ئەمەیە ، قەدەرێكەو نەخشاندویتی ، جەبرێكەو ناتوانیت لێی دەر بچیت ، لە ناو حەتمییەتێكدایت كە ئیرادەی دەرچوون و دەربازبوون و تێپەڕاندنت نییە .

3
ئەمە ڕێك ویستی دەسەڵات و دەزگاكانێتی . دەسەڵات بەرمەبنای فشارو سەپاندن و چەپاندن و توندوتیژی كار ناكات ، دەسەڵات مەعریفە بەرهەم دێنێت ، لە ڕێگەی مەعریفەو تەعریف و پێناسەكانەوە خۆی و سوژەی خوازراو و ویستراو بەرهەم دێنێتەوە . دەسەڵات و هێزەكان مێژووت بۆ دیاری دەكەن بە شێوەیەك مێژووی تۆ مێژووی گوتاری دەسەڵات و دەزگاكانی دەسەڵاتە . مێژووت وەك مەعریفە دەداتێ . مێژووت دەكات بە مانێڤستبوونی سەرەتاو كۆتایی بوون و جوڵەو وێنەو بەركەوتنەكانیشت . دەسەڵات لە ناو تۆڕێك لە دەزگای شاراوەو ئیمانانتدا پەی بە تەواوی ئەو پنت و درزانەش دەبات كە سوژە دەیەوێت لێیەوە هەڵ بێت و ئەكتێكی بەرگری سەر ڕێگا بخات .

4
وێنا و وێنەو وێناكردن و وێناكردن لە ناو ویست و ئیرادەی دەسەڵات و هێزو گوتارەكانیدا ناچارە بچێتە ئاستێكی دیكەی كاركردن و بەرهەمهێنانەوە . دەبێت وەهم و ئیمانێك بەرهەم بهێنێت و بیكات بە بڕواو دۆگم و دۆكسا ، واتە بوونێكی دانەبڕاو و جیانەكراوە لە ئاستە وجودی و كەینونەكەشیدا لە گەڵ ئەو دەرئەنجامە ماتریالییەی سوژەیەك لە ئاستی فەردی و گروپیدا بەری دەكەوێت . دەبێت هێزەكان بڕوا بە كوردەكان بێنن ئەمە قەدەرو بڕێارێكی پێشوەخت یەكلاكراوەیە كە كوردەكان ناتوانن ڕابەرایەتی خۆیان بكەن ، ناتوانن بونێكی سیاسی و دەزگاییان هەبێت . بەڵام چەسپاندنی ئەم بڕواو ئیمانە دەچێتە باو پاساوگەلی گوتارییەوە ، ئاین دێت باسی برایەتی ئیمانداران و موسوڵمانان دەكات ، سۆسیالیزم باسی برایەتی زەحمەتكێش و پاڵەو ڕەنجدەران بۆ كوردەكان دەكات ، باسكردنە هەم فۆرمی ئیمانی لە خۆدەگرێت ، هەمیش كاری تیۆریزەكردن و تیۆریزاسیۆن . كوردەكان تەنیاو تەنیا لە ناو یەكێتییەكی سەرو ناسیۆنالیستیدا دەتوانن ژیانێكی باشتر ئەزموون بكەن . ئەم كاركردن و موخاتەبەو دواندنەی كوردەكان هەمیشە بەرهەمهێنانەوەیەتی لە ننق پرۆسێسیوسەكانی ( دواخستنی سوبژێكتیڤیتێی بە كوردبوون لە ناو ئەكتێكی خۆیدا ) .

5
مێژووی سیاسی كوردی ، وەك مێژووی فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەرییەكەی ، مێژووی ئەكتێكی بەرەنگاربوونەوەیە لە ناو داكۆكیكردن لە بوون و مانەوە نەك ئەكتێكی پراتیككردنی خۆو خۆ ئەداكردن و خۆ ئەزموونكردن . لە ناو گوتاری مانەوەو ئەكتەكانی بەرگری تەنیا لە پێناو مانەوەو بە سەر ژیانەوە بوون ، سوژەو سوبژێكتیڤیتێی كوردی مەحكوم بووە بە سەر ڕێگاخستنی تەنیا شێوازێك لە بەرگری و بەرەنگاری و بەرهەڵستكاری ، ئەكتی شۆڕش و چەكداری . ئەكتی شۆڕشگێڕی و چەكداری كردەی ناو هەلومەرجێگە تەنیا ویستێك بۆ مانەوەو ڕۆیشتن لە گەڵ ژیاندا بوونی هەیە . لە ناو ئەكتی شۆڕش و شۆڕشگێڕییدا تەنیا فریای ئەوە دەكەوێت بڵێیت : بە تكا من زۆرم ناوێت و تەنیا دەمەوێت لە ناو هەندێك مافی بچووكدا بمێنمەوە . تەنانەت گەمەو یاری و یاساكانی دەسەڵات و هێزەكان مافە بچووكەكانیشت بۆ دیاری دەكەن . واتە ئەو مافانەی تۆ بەرگری لێدەكەیت ، ویست و خواستێكی هێزەكانە لە بەرانبەر كۆمەڵێك مافی پێناسەكراو و دیاریكراودا . كەواتە مافەكانت و ئەو مافانەی كە دەتەوێت بە دەستی بهێنێت ، دروستكراوێكی هێزەكانە .

6
سوژەی كوردی هەڵگری وێنەیەكی تێكشكاو هەڵگەڕاوەیە لە بەرانبەر خۆی و ئەویدیكەدا . پەیوەندییەكانی بە خۆی و ئەوانی دیكەشەوە بەر مەبنای ئەو وێنە شكاوەو هەڵگەڕاوەیە كە هێزەكان و دوزگاكانیان دروستیان كردووە . وێنەی بوونێكی كوردی هەر فۆرم و دەركەوتەیەكی هەبووبێت ، وێنەو وێناكردن و دەركەوتنی بووە لە ناو ئارەزووی هێزەگان بۆ فۆرمێك لە بوونی خوازراو ویستراو بۆ كوردەكان . مێژووی بوونی سوژەو سوبژێكتیڤیتێی كوردی ، مێژووی بەرهەمهێنانەوەی وێنەو وێناكردن و مەعریفەو ئێستیسماری گوتاری باڵا دەست بووە لە سەر كوردەكان . ئێمە وپەیوەندیمان بە خۆمانەوە ، پەیوەندی و بەركەوتنی داڕێژراو نەخشە بۆ كێشراوی پێش وەختەیە . ئێمە هەمیشە و بەردەوام گوزارشت بوین لەو وێنەو وێناكراو بەرهەمهێنراوەی هێزەكان بۆ ئێمەیان داتاشیوەو كردوویانە بە دۆخێكی ئۆنتۆلۆژی . دەسەڵات و هێزو پەیوەندییەكانی هێزەكان لە ناو پرۆسێسیوسەكانی خۆ بەرهەمهێنانەوەدا ، خۆی وەك ( ئەویتر ) ی سوژەیەك ون دەكات . مەیدانی خۆ بەرهەمهێنانەوەو كاركردنی گوتارێك ، لە ناو دیسپۆزیتیفەكانیدا ، ناهێڵێت بوونێكی كۆنكرێتی و مەلموس و دیارو بەرچاوی هەبێت ، لەم پێناوەدا ئەویترێك دەخولقێنێت و بەرهەم دێنێت لە خودی سوژەو سوبژێكتیڤاسیۆنەكە . هێزەكان لە خودی كوردەكان ئەویتری خولقاندووەو ، ئەویترێك كە لە ڕێگەیەوە هێز و دەسەڵات و دەزگا هەژموونكارەكانی خۆی بەرهەم دێنێتەوە . كوردەكان لە خۆیان ئەویتر پێكدێنن ، واتە پەیوەندییەكی نەیاربوون و دوژمنكاری لە گەڵ خۆیاندا سەر ڕێگا دەخەن و لە ناو ئەكتی پارێزگاری لە خۆكردن و خۆ هێشتنەوەدا ئەوەیان لە بیر دەچێت كە ئەویتری كوردەكان ئەوێكیتری لە خۆیان دروست كردووە .

7
مێژوەی زیاد لە سەدەیەكی ئێمە ، مێژووی هەڵهاتن و ڕاكردنە لە سوبژێكتیڤیتێیەكی كوردی ، مێژوەی كورد نەبوونە ، مێژوەی سوژەو سوژە سازییەكی دەسەڵات و هێزو دیسپۆزیتیفەگانێتی لە ناو وەهمی كوردبوون و كوردایەتی و كورداندن . سوژەیەك نییە بە ناوی كوردەوە ، ۆێمە پراتیكی وێناكردنێكی پێشوەختی گوتارو دەزگا گوتارییەكانین . ڕێك مێژووی سەدەیەكی ئێمە دەكاتە مێژووی سەدەیەكی ئەویتری بە كوردكراو و بە كوردبوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت