ئازاد حەمدی : چپەیەک .
رەنگە بە بیرتاندا بێتەوە ، جاران ئاغاو دەرەبەگەکان ، لەگەڵ بەرامبەرەکانیان بدووانایە . خۆیان ئەمەندە بە زل و زیاد ئەزاانی ، بە ڕوویەکی وەرچەرخاوەوە ئەدووان و وەیا ئەمریان ئەکرد .
لە هەڵسوکەوتیاندا دەبوو لەلای سەرووەوە بوونایە ، کە هاتوچۆیان دەکرد ، ئەبووایە دەستوپێوەنان و کەسەکانی تر هەستانایەتە سەرپێ . ئەوان گەورەوسەروەر ، باقی دانیشتووان وە یا ئامادەبووان گوێڕایەڵ و جێبەجێکار و وەی بەڵێ .
ئێستاش هەرچەندە ئەوبارو دۆخە گٶڕاوە و گوزەشت ، بەڵام لای هەندێک خۆ بەزلزان ئەو ماکەیان لەناخدا ماوە . دەماری خێڵەکیان واز لێنەهێناوە بەرەو پێشچوون و ئەتەکێتی سەردەمیانە یان فەرامۆشکردووە . ئەبێت لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا ، هەتاوەکو لە دیوە خانەکانی خۆشیاندا ، لەڕیزی پێشەوە بن . لەلای سەرووی هەمووانەوە ، ئەم ئاغا و ئەوانی تر مسکێن .
لە هەمووی سەیرتر . ئێوە بانگهێشت کراون بۆ خزمەتیان لەسەر داوایان ، بەڕێزیان . لە پێشوازیدا نابێت و خۆی ئەدزێتەوە . دووای ماوەیەک جەنابی بەشان و شکۆیەوە ، تەشریف دە هێنێت بۆناو کۆبوونەوە ، وە یا مەجلیسەکە . هەمووی لەبەرئەوەی گەورەو بچوک لەبەری هەستن ، دەبێت لەنگەری گفتۆکانیش لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت .