کاوسێن بابەکر : دێموکراسی تەوافوقی ، ناوێکی بێ ناوەڕۆک !  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر بوون و نەبوونی دێموکراسی لەکوردستاندا ، بەڵام من دەڵێم : بەلانی کەمەوە دێموکراسی بایی ئەوەندە هەیە ململانێ سیاسیەکانمانی پێی بەڕێوەبەرین دوور لە شەڕو شۆڕ . بەکورتی دەتوانین بڵێین ، لەقۆناخی وەرچەرخانداین بۆ قۆناخێکی نوێ کە هیودارین ئەو قۆناخە دێموکراسی بێ !

بەتێروانین لەفرەیی سیاسی و نەهێنانی دەنگ لەلایەن هیج پارتێکەوە کەبایی ئەوەبێ بەبێ پارتەکانی تر حکومەت پێک بێنێت ، دەردەکەوێ کە دانوسانی سیاسی و تەوافوق دەبێتە سیمای سەرەکی حوکمڕانیە سیاسیەکە ، ئەوەش ناچاریی دێموکراسیەکمان دەکات کە بەتەوافوق دێتەدی .

دێموکراسی تەوافوقی بەوە دێتەدی هەموو لایەنەکان بەتەوافوق و گفتوگۆ کارەکان ڕایی بکەن ، هیچ لایەنەک بیرۆکە و پڕۆژەکانی خۆی بەسەر ئەوانی دیدا نەسەپێنێ ، کەچی بەداخەوە ئێمە شاهیدی پێچەوانەی ئەم کارەین ، چ لەلایەن پارتی یەکەم کە پارتی دێموکراتی کوردستانە ، چ لەلایەن پارتی دووەم کە گۆڕانە . پارتی بەزۆری زۆرداریی دوور لەهەموو پرەنسیپێکی قانوونی شەریکەکەی گۆڕان ، وەدەرنا لەحکومەت و لە پەرلەمان ، لەکاتێکدا بەتەفواوق و ڕێککەوتن ئەم دوو دەزگایە پێکهێنرابوون و بە یاسا بڕیاریان لێدرابوو . دەبوایە هەر بەیاساو بە دانوسان هەڵبوەشێنرابانەوە ! لەلایەکی تریشەوە گۆڕان سوورە لەسەر ئاسییکردنەوەی بێ مەرجی دۆخەکە وەک هیچ ڕووی نەدابێ !

یانی هەردووکلایان خۆیان لەپرەنسیپی تەوافق دەدزنەوە وەک عینادیەکی هەرزەکارانە لەبەرانبەر یەکتر !

لەکاتیکدا لۆژیک پێمان دەڵێ ، دۆخی سیاسی ئێمە زیاد لەحیکمەتێکی دەوێ سیاسیەکان بیگرنە بەر و هەموو کارەکانیش  مادام تەوافوقین ، دەبێ هەر بەدانوسان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن ، هیچ لایەنێک بەتەنها بەرنامە و بیرۆکەکانی بۆ سەرناگر ێت ، مادام هیج پارتێک دەنگی زۆرینەی رەهای نەهێناوە بەتەنها بتوانێ حکومەت پێکبهێنێ ، خۆ ئەگەر ئەوەشی بەدەستهێنابا مادام ئێمە لەقۆناخی گواستنەوە داین ، سەرەڕای ئەو هەموو کێشە سیاسی – ئابووری – سەربازیانەو شەڕی داعش ، دیسان هەر بەتەوافوق و دانوسان کارەکان دەبرێن بەڕێوەو هیچ ڕێگا چارەیەکی تر لەئارادا نییە .

کەواتا کاتێتی هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی تەوافوق کۆببنەوە ، ئەگەر ئامانجی هەموان ئاسییکردنەوەی دۆخەکەو گەیشتنە بە دوا ئامانج ، کە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردیە . بەڵام بەداخەوە هەم دێموکراسیەکە بەبێ توافوق بێناوەرۆک دەبێ و هەم تەوافوق بێ دێموکراسی نایەتەدی !

واتا ناتوانین لافی دێموکراسی لێبدەین مادام هەموان کۆنەکاتەوە ، تەوافوقیش نایتەدی مادام کار  بە پرەنسیپەکانی دێموکراسی نەکەین و باوەڕمان پێیان نەبێ !

لێرەدا ئەرکی یەکێتی لەجاران گرانترە ، بەو مانایەی هەم لەحوکمرانیەکەدا لەگەل پارتی ساڵەهایە شەریکەو دەشییەوێ ئەم حوکمرانیە بەرەوپێشبچێ و زیاتر پەرەی پێبدرێ ، لەلایەکی دیش شەریکە پڕۆژەو بەرنامەیە لەگەڵ گۆڕان ! بێجگە لەوەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت زۆنی سەوز ! بۆیە لەهەموان زیاتر بەرپرسە ئەم دۆخە لەنێوان ئەم دوانەدا ئاسایی بکاتەوەو بیانهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆو [ تەوافوق ] .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت