Keery-barzani

شێرزاد شێخانی : كەراندنی كورد

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی ئەمریكا هاتۆتە ناو هاوكێشە سیاسیەكانی دونیاوە هەمیشە سیاسەتەكانی دەرەوەی بەشێوەیەك دارشتوە كە لەخزمەتی بەژەوەندییە باڵاكانی خۆیدا بێت . ئیدارەكانی ئەمریكا لەدوای ساڵانی حەفتاكانەوە پەندو عیبرەتی زۆریان لەجەنگە شكستخواردوەكەیان لەفێتنامدا وەرگرت . دوای ئەو  قوربانییانەی لەشەڕی فیتنامدا بەخشی ، جارێكیتر هاتەوە هۆش و ئیدی  لەوساوە سیاسەتەكانی خۆی گۆڕی و بەشێوەیەك دایرشتەوە كە هەتا پێی بكرێت شەڕی راستەوخۆ لەگەل نەیارانی نەكات خەڵكیتر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەوەكالەتی ئەودا شەڕی بۆ بكەن  .

لەشەری ئێران و عیراقدا هاوكاری عیراقی ئەكرد لەدژی دوژمنە سەرسەختەكەی كە ئێران بو .. هەردو شەڕی كەنداویش دژ بەرژێمەكەی سەدام لەگەڵ كۆمەڵێك لەوڵاتانی هاوپەیمانیدا كرد بەمەش بەكەمترین زەرەر و گەورەترین قازانجەوە لێی دەرچو ، توانی بەكۆنترڵكردنی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین بەگشتی بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێت .. لەكاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیشدا بینیمان چۆن خۆی دورەپەرێز گرتبو بەهیچ شێوەیەك خۆی نەخستە ناو گێژاوی روبەروبونەوەكانەوە تەنانەت كاتێك وڵاتانی هاوپەیمان خۆیان خستە ناو شەری لیبیاوە ئەو وەكو تەماشاكەر هەڵوێستی نواند .

بۆ كوردیش بیرمانە چۆن بەحەزەرەوە هاوكاری شۆڕشی ئەیلولی كرد ، لەرێگای حەمەرەزای شای ئێرانەوە شتێكی زۆر كەم یارمەتی شۆڕشەكەیدا و لەكۆتاییشدا كاتێك بەژەوەندییەكانی هاتنەدی كۆتایی بەشۆرشەكەش هێنا . دوای روخانی رژێمەكەی سەدام و بەهێزبونی رێكخراوی قاعیدەش لەعیراق كە زەرەرێكی زۆری لەشەرەكاندا بە ئەمریكا دا ، بەبریاری ئۆباما سوپای ئەمریكی لەعیراق كشایەوە ، ئەوان هیچ ئامادە نین لەپێناو عیراق و گەلەكانیدا رۆڵەی خۆیان بەكوشت بدەن  .

دوای سەرهەڵدانی داعشو دەركەوتنی هەڕەشەكانی دژ بەئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپی جارێكیتر جاشی كوردی دەسكەوت لەوەكالەتی ئەودا شەڕی ئەم رێكخراوە بكات .. ئێستا ژمارەی قوربانیانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەداعش زیاتر لە سێ هەزار كەسە ئەم قوربانییانە ئەگەر لەسوپای ئەمریكا بوایە ئێستا وڵاتەكەیانی هەژاندبو و چەندین حكومەتی ئەوێی روخاندبو .. گەورەترین كێشەی ئیدارەكانی ئەمریكاو سەرۆكەكانی ئەو كاتەیە كە تەرمی سەربازەكانیان ئەگەرێتەوە وڵاتەكەیان ، بۆیە ئەمریكا هەمیشە ئامادەیە یارمەتی و هاوكاری لایەنەكانی تر بكات وخۆی بپارێزیت لەروبەروبونەوەی راستەوخۆ لەگەل دوژمنەكانی ، ئەم سیاسەتە ئێستا زۆر بەوازحی لەناوچەكەی ئێمەدا پیادەی ئەكات ..

كورد بەساویلكەیی خۆی خستۆتە ناو ئەم زۆنگاوەو زۆر بەجیدییش لەجیاتی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی شەڕی ئەم رێكخراوە ئەكات و رۆژانە قوربانی ئەدات بەخوینی رۆلەكانی بەبێ ئەوەی ئەم شەڕە هیچ قازانجێكی بۆ میللەتەكەمان هەبێت .. گومانی تیا نیە شەڕی داعش لەعیراقدا لەدژی شیعەكانە ، رونتر بڵێن داعش  شەڕی تایفی لەبری سوننەكان ئەكات ، بەتایبەت دوای ئەوەی لەدەسەڵاتی عیراقدا پەراوێز خرانو بێبەشكران ، بەپیلانێكی هاوبەشی سعودیەو قەتەرو توركیا ئەم شەڕە دروستبوە ، كوردیش لەبێ عەقڵی خۆیەوە خزاوەتە ناو گێژاوی ئەم شەڕەوە كە دەسكەوتەكانی بۆ كەسانیترن نەوەك بۆ كورد ..

سەركردایەتی كورد بەتایبەتیش پارتی و مەسعود بارزانی هەمیشە لەخزمەتی بێگانەدا بونەو نۆكەرایەتییان بۆ كردون ، لەم هەلو مەرجەشدا كە مەسعود بارزانی ویلایەتە یاساییەكەی تەواو بووە ، هاتنی داعش بۆ ناوچەكە خزمەتێكی باشی كردوە ، چونكە دونیای پێوە مەشغوڵكردوەو جۆریك لەشەرعیەتی داوەتە مانەوەی بارزانی لەپۆستەكەیدا . دور نیە تێوەگلاندنی رۆڵەی كورد لەم شەڕەی دژ بەداعشدا مەبەستی سەرەكی هێشتنەوەی مەسعود بارزانی بێت لەسەر كورسیەكەی لەرێگەی راكێشانی سۆزی وڵاتان بۆ لای خۆی .. هەندی زانیاری هەن باس لەوە دەكەن گوایە پێش ئەوەی داعش موسڵ داگییر بكات وەفدێكی پارتی لەكۆبونەوەی عەمانی پایتەختی ئوردن بەشدارییان لە كۆبونەوەیەك كردوە لەگەل نوێنەری بەعسیەكانو سوننەكان و قەتەرو سعودیەو توركیا لەوێ لەسەر پیلانێك ریك كەوتون ، بەلام دواتر پارتی لەبەڵێنەكانی پاشگەز بۆتەوە بۆیە داعش هێرشی كردە سەر هەولێر ، ئەمەش وایكرد كورد بكەوێتە ناو زەلكاوی ئەم شەرە نەگریسەوە.   زۆرجار بارزانی وسەرانی پارتیش باسی ئەوەیان كردوە كەوا لەجیاتی دونیا شەڕی داعش ئەكەن .. ئەمریكاش بەهاوكاری فرۆكەو تەمویلكردنی پێشمەرگە ئامانجەكانی خۆی پێكاوە چونكە تا ئێستا یەك فرۆكەی نەخراوەتە خوارەوە و یەك سەربازيشی نەكوژراوە ، لەسەر ئەرز رۆژ نیە پێشمەرگە شەهید نەبێت و كچانی كورد ئەتك نەكرێن و مناڵانی كورد هەتیو نەبن .

پارتیەكان زۆرجار باس لەوە دەكەن گوایە مەسعود بارزانی پشتگیرییەكی نێودەوڵەتی بەهێزی هەیە ، هەڵبەت ئەم قسەیە تا حەدیك راستە ، بەڵام سەرۆكێك كەماوەكەی بەسەرچوبێت بەزۆری زۆرداری دەستی بەكورسیەكەوە گرتبێت ، پەرلەمانی پەكخستبێت ، حكومەتی ئیفلیج كردبێت ، میللەتی خۆی برسی كردبێت ، لەزروفی ئاساییدا بەقێزوەنترین سەرۆك تەماشا ئەكرێت ، ئەو وڵاتانەی تۆزقاڵێك رێز لەیاسا ئەگرن بۆ یەك سەعاتیش رازی نابن ئەم سەرۆكە لەسەر كورسیەكەی بەردەوام بێت .. خۆ سەدام زۆر لەوەی مەسعودی كەمتریش كردبو ، بەڵام ئەمریكا لەژێر دروشمی كۆتایهێنان بە دیكتاتۆریەتەكەی شەڕی ئازادكردنی گەلانی عیراقی لەگەڵدا كردو میللەتی ئازادكرد .. ئێستا چۆن ئەم وڵاتانە پشتگیری لەسەرۆكێكی ناشەرعی ئەكەن ئەگەر ئەم سەرۆكە نۆكەری خۆیان نەبێت و ئەجیندای ئەوان جێبەجی نەكاتو لەجیاتی ئەوان شەڕی تیرۆرستان نەكات ..

پارتی هیچكات گوێی لەقوربانیەكانی میللەتەكەی نەبوە بۆیە زۆر ئاساییە رۆڵەكانی ئەم میللەتەی هەموی بكاتە قوربانی كورسی سەرۆكەكەی . ئێستا میللەت بەكوشت ئەدرێت ، مەسعودیش لەسەر كورسیە ئیكسپایەركەیدا حوكمرانی خۆی ئەكات و ئەمریكا و ولاتانی دونیاش لێی بێدەنگن ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت