رەزا شوان : ناودارانی تورک دژی سیاسەتەکانی ئەردوگانن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسایەتییە ناسراو و ناودارەکانی تورک لە ، نووسەران ، هونەرمەندان ، سینەماکاران ، وەرزشوانان ، میدیاکاران ، رۆشنبیران ، سیاسەتمەداران ، لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورکیادا ، زۆرن ئەوانەی کە بە ئەوپەڕی ئازایەتی و بوێری راشکاوییەوە ، رەخنەیان لە سیاسەتە شکستخواردووکان و لە رەفتارە چەوتەکانی ( ئەردوگان ) ی لە خۆبایی گرتوون ، کە لە پێناوی مانەوەی لە پۆستەکەیدا ، دەسەڵاتی قورخکردووە و ، تاکڕەوانە بڕیاردەدا و ، ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤی لە تورکیادا تاساندوون .. ئەردوگان چارەنووسی تورکیای خستۆتە مەترسییەوە ، لە سایەی دەسەڵاتی ئەردوگان و پارتەکەیدا ، لە ئێستادا تورکیا خوێنی لێدەچۆڕێتەوە .. ئەردوگان لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامیدا ، دەیەوێت خۆڵ لە چاوی خەڵکی بکات .. ئەوەی ئاگاداری قسە ژاراوییەکانی و کردارە قێزەوەن و خوێناوییەکانی ئەردوگان بێت ، دەزانێت کە چەند کابرایەکی دووڕوو و درۆزنە ، چەند خۆپەرست و دەسەڵاتپەرستە .. ئەوەی پێی بڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە ، ئەو بە ناپاکی دەزانێت .. ئەوەی داوای ماف و ئازادی وئاشتی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری بکات ، ئەو بە تیرۆریست تاوانباری دەکات .. تا ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و ، رۆشنبیران و ، پارێزەران و ، چالاکوانان و ، تێکۆشەران ، بە تایبەتیش ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا ، بە توومەتی ئەوەی کە داوای ئازادی و ، ئازادی رادەربڕین و ، دیموکراتی و ئاشتییان کردوون و ، یا رەخنەیان لە سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی ئەردوگانی دیکتاتۆر  گرتوون .. بەندکراون و ، پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن .. تاوانیشیان ئەوەیە کە بە رەشیان نەوتووە سپییەوە و ، چەپڵەیان بۆ حەزرەتی ئەردۆگان و بۆ قسەکانی لێنەداون ، لەبەر ئەوەی پێیان وتوون تۆ هەڵەی و ..  دەستەکانت بە خوێنی هەزاران بێتاوانانی کورد سوورن .. خۆت لە سەرووی یاساوە دەزانیت .

زۆر بە کورتی باس لە هەڵوێستی ئازایەتی تەنها پێنج لە ناسراوانی تورک دەکەین کە رەخنەیان لە خۆبایبوونی ئەردوگان گرتوون .. کە لەپێناوی گۆڕینی دەسەڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی .. بەڵکو بۆ دیکتاتۆریەت .. ئەوەی نەشیاوە و ناشێ دەیکات .. ئەمانەش چەند نموونەیەک لە سەدان ناوداری تورک کە ناڕازین لە سیاسەتی شکستخواردووی ئەردوگان .. تەنانەت ئەردوگان لە پێناوی پۆستەکەی و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا نزیکترین هاوڕێکانی خۆشی بە نەیار و ناپاک تاوانبارکردوون .

خاتوو ئێلیف شافاک ، رۆماننوسی ناسراو  
ئێلیف شافاک ، رۆماننووسێکی ناسراوی تورکە ، بە زمانی تورکی و ئینگلیزی دەنووسێ و ، تا ئیستا چەندی رۆمانی نووسیوە .. شافاک دەڵێ : ئەردوگان بێلایەن نییە .. ئەو خاوەنی سیاسەتێکی دوژمنکارییە .. خۆهەڵکێشە و زمانێکی لە خۆبایی هەیە .. ئەوە توندوتیژی لە وڵاتدا نایەوە ، بۆ ئەوەی بۆ سوودی خۆی بیقوزێتەوە .. زیاتر لە هەموو سیاسییەک خەڵکی لە یەک دابڕیوون  .
شافاک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ( لایپۆلیکا ) ی ئیتاڵی دەڵێت : وڵات لە سایەی سیاسەتی دۆژمنکاری ئەردوگان دا، تووشی نەهامەتییەکی زۆر بووە .. با بەس بێت بۆ ئەم رەفتارانەی .. هەرگیز سیاسەتی سەرکوتکردنی هۆیەکانی راگەیاندن قبووڵ ناکەین .. هەرکەسێ بە ئازادی رای خۆی بنووسێ .. ئەو بە دوژمنی ناوخۆ ناوی دەبات  .
شافاک لە سایتی ( دیکان ـ هەواڵەکانی تورکیا ) دەڵێ : زۆربەی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن ، کارەکانیان لەدەست داون ، بەڵکو لەسەر رای سیاسییان دادگایی کران .. وڵاتەکەمان وای لێهاتووە هەرکەسێک وێنەیەکی کاریکاتێری بکێشێت ، یا گۆرانییەکی بەرهەڵستی بڵاوبکاتەوە دادگایی دەکرێن  .
ئێلیف شافاک ئاماژەشی بەوە کرد : بردنەوەی کوتوپڕی پارتی داد و گەشە ، لێدانێکی بەهێز بوو بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان .. تا ئەو رادەیەی من وا هەست دەکەم کە دوورخراوینەتەوە .. نیوەی گەل هەست بە تەنیای و شکستی دەکات  .
پێشتریش شافاک لە رۆژنامەی ( فاینانشیاڵ تایمز ) ی بەریتانیدا وتویەتی : ئەردوگان سەرۆکێکی بێلایەن نییە .. هەر ئەوە کە هەموو هەوڵەکان لە پێناوی حکوومەتێکی هاوپەیمانی ( فرەلایەنی ) کە وڵات بە ڕێوبەرێت شکستپێهێنا .. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە دڵیدا جێگیر بکات  .

شافاک دەشڵی : ئەردوگان ئاینی قۆستۆتەوە  .
ئێلیف شافاک لە تازەتری رۆمانی چاپکراوی کە ناوی ( رسوابووەکەی ئەستەمبوڵ ) ە ، کە زۆرترین لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە ، شافاک بە هۆی ئەم رۆمانەیەوە بە تاوانی ( لۆمەی تورکی ) تاوانبار کراوە .. شافاک لەم رۆمانەیدا، گەلی تورک رووبەڕووی رابردوویان دەکاتەوە .. لە راستی تێوەگلانی باپیرە عوسمانییەکانیان ، لە کوشتنی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لە ساڵی ( 1915 ) دا  دێنێتەوە یادیان .. تا دێتە سەر ئەوەی کە : هاوڵاتی تورکی لە ونبوونێکی بەردەوام دان .. نە رۆژهەڵاتین و نە رۆژئاوایین .. نەشیان توانیوە لە رابردووی خۆیان رزگاریان بێت .. نەشیان توانیوە هاوشێوەی رۆژئاوایی بن و لەوان بن .. شافاک لەم رۆمانەیدا باسیش لەوە دەکات کە پارتی دەسەڵاتدار ، بە تایبەتیش ئەردوگان، سەرکوتی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن دەکەن .

بێرین سات ، ئەستێرەی دراماکانی تورکی 
ئەستێرەی گەشی دراماکانی تورکی ، ئەکتەری شۆخ و شەنگ ، هونەرمەند خاتوو ( بێرین سات ) کەلە درامایەکدا ، لە دۆبلاجکردنی بۆ عەرەبی بە ناوی ( سەمەر ) ەوە رۆڵی پاڵەوانێتی هەبوو .. بە زەردەخەنەیەکی ناسک و شیرین و گەشەوە .. لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەڕلەمانی تورکیادا ، ئەو راستەوخۆ رەخنەی لە ئەردوگان و لە پارتە دەسەڵاتدارەکەی نەگرت ، تەنانەت بە ئاشکراش ئەوەی رانەگەیاند ، کە دەنگ بە پارتی دیموکراتی گەلان ( هە دە پە ) دەدات ، کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن .. بەڵام دەنگدانی بە ( هە دە پە ) و ، لێدوانەکانی لەسەر ئەو کارەساتانەی لە ئەمڕۆدا لە تورکیادا روودەدەن .. گوزارشتن لە هەڵویست و لە سیاسەتی بێرین سات لە دژی ئەردۆگان و حکوومەتەکەی ، گوزارشتن لە پشتگیریکردنی ئاشکرای بۆ خەباتی رەوای گەلی کوردمان .
لە پێشا بێرین سات ، رەخنەی لە توندوتیژییەکان گرت ، کە بەرانبەر خۆپيشاندەران دەکرێن .. لەسەر لاپەڕەی ( ئەنیستاگرام ) کە زیاتر لە ملیۆنێک بینەری هەیە .. بێرین سات نووسیوێتی : پێویستە لە هەفتەیەکی وادا هەناسەیەکی قووڵ هەڵبکێشین . گەر بەراوردێک لە نێوان تورکیا و وڵاتانی تردا بکەن .. پێویستە لە دوورەوە بوەستن و لە تەواوی دیمەنەکە بڕوانن، پێش ئەوەی کە ئەوە بڵێن کە وڵاتەکەتان دیموکراتییە ، پێویستە ئەوە ببینن کە چۆن وڵاتەکەتان ئازادییەکانی لووش کردووە . ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە توندوتیژییەوە هەیە لە دژی خۆپیشاندەران .. شەرمەزارمان دەکەن  .
بە پێی سایتی ( میترۆسفار ) ی تورکی ، خاتوو بێرین سات ، باز بەسەر هیچ رووداوێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی نەداوە ، کە رای گشتییان سەرقاڵ کردووبن ، بێرین سات بە راشکاوی و بە ئازاییەوە رەخنەی گرتووە و ، گوزارشتی لە رای خۆی کردووە .
بێرین سات ، دەربارەی تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان لە تورکیادا دەڵێ : لە وڵاتەکەماندا ، ژنان مافی ژیانیان نییە .. داوای سزای بەندکردنی تا هەتایی دەکەین لەسەر ئەو کەسانەی کە تاوانی توندوتیژی لە دژی ئافرەت ئەنجام دەدەن .. هێچ چاوپۆشی و سازشێکیش لەسەر ئەم تاوانانە نابێت بکرێت .

بێرین سات ، کە شۆفێرێکی بێتاوانی کورد لە لایەن ئاسایشی تورکیاوە شەهید کرا دەڵێ : شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلەیان سووتاند ، کە سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان بوو .. هەردەم دەڵێن تیرۆرییستن ، تا گەل بووە بە تیرۆریسست .. چۆن ئەم هەموو رق و کینەیە دروست دەکەن . ئەمانە تەنها سیاسەتی هەڵبژاردنن ، دەبێت لەو دنیایەی کە زۆر لێی دەترسن ، لەسەر ئەو تاوانانەی کە لێیان بەرپرسن .. لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .. کە بەبی تاوان خوێنی منداڵان و ، رۆژنامەنووسان و،  شسۆفێرەکانیان رشت .

خاتوو بێرین سات هەر لەبەر ئەوەی کە رەخنەی لە پارتی دەسەڵاتدار گرت و ، پشتگیری لە پارتی دیموکراتی گەلان کرد .. رۆژنامە بەکرێگیراوەکانی دەسەڵات زۆر بە توندی هێڕشیان کردە سەری و گەلێ توومەتی هەڵبەستراو و ، قسەی ناشیرین و سووکایەتییان پێکرد .. بەڵام بێری سات ، ئامادەبوو کە باجی ئەم هەڵویستە ئازاییانەی بدات و .. خۆڕاگربێت بەرانبەر بەو توومەتانەی خراونەتە پاڵی .

ئۆرهان بامۆک ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب 
نووسەری بە ناوبانگی تورک ئۆرهان بامۆک ، براوەی ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی ئەدەبی ساڵی ( 2006 )، بە تووڕەترین نووسەری دژ بە دەسەڵاتی ئەردوگان و پارتەکەی دادەنرێت .. بامۆک ئەردوگانی سەرۆکی تورکیای بە ستەمکار و سەرکوتکەری ئازادی ناوبرد .. ئەوەی وت کە ئەردوگان ئازادیی رادەربڕینی بە ناخادابردووە .
بامۆک وتی : من هەست بە دڵەڕاوکێ  دەکەم بەرانبەر بە سیاسەتی ستەمکارانەی ئەردوگان ، ئەردوگانی تووڕە لە ئەنجامەکانی حەوتی یۆنیۆ ، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنی پێشوەختی لە وڵاتدا دا چونکە لە بەدەستهێنانی دەنگەکانی کوردەکاندا شکستی هێنا .. وڵاتی دووچاری گێرەشێوێنی و شەڕ کردووە  .
بە پێی رۆژنامەی ( بیرگون ) ی ئۆپۆزسیۆن ، دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەردوگان بە رێکخراوی داعشی تیرۆریستەوە ، بامۆک دەڵێ : گەل باش لە پلانەکانی ئەردوگان گەیشتووە .. لە سەرەتادا وەڵامی وڵاتانی هاوپەیمانی نەدایەوە بۆ بەشداری کردن لە لێدانی داعشدا .. بەڵام لە پڕێکدا رێی بە ئەمریکییەکان دا ، کە بۆیان هەیە لە لێدانی داعشدا وڵاتەکەی بەکاربهێنن .. لە هەمان کاتیشدا کەوتە لێدانی کورد .. خەڵکی داماون و سەریان سوڕماوە .. چۆن لە گڤتوگۆی ئاشتیدابن و ، لە هەمان کاتدا خۆیان لە شەڕی داعش و کورد دا دەبیننەوە .. من بە راستی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەم .. چونکە ئەردوگان دەیەوێت تاکڕەوانە وڵات بەڕێوەبەرێت ، چیش رووبدات و ، هەر ئاکامێکیشی لێبکەوێتەوە بە لایەوە ئەوە گرنگ نییە .. ئەو نایەوێت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بەشداری دەسەڵات بکات .

بە پێی ئەوەش کە لە رۆژنامەی ( زەمان ) ی ئۆپۆزسیۆندا بڵاوکراوەتەوە .. پێشتریش بامۆک پارتی داد و گەشەی بەوە تاوانبار کرد ، کە گرنگی بە پارە کۆکردنەوە دەدەن ، زیاتر لە گرنگی پێدانیان بە ئایین .. بەکارهێنانی وشەی ئیسلامیش ، بۆ رازاندنەوەی وتارەکانیانە .

لێدوانەکانی بامۆک لە ساڵی ( 2003 ) دا ، کە تایبەتن بە کوشتنی ( ملیۆن و نیوێک ) ئەرمەنی و ، بە کوشتنی ( سی هەزار ) کورد لە باکووری کوردستاندا .. بوو بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی کە پارتە ئیسلامییەکان و نەتەوەییەکانی تورکیا گڕیان تێبەربێ و دژایەتی بامۆک بکەن ، تا گەیشتە ئەوەی کە هەڕەشەی کوشتنی لێبکەن .. ئۆرهان بامۆک بڕیاری دا، بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبێت .. بەوەش تاونباریان کردووە کە ( سووکایەتی بە ناسنامەی تورکی ) کردووە و ، چۆتە پاڵ ( لۆبی ئەدەبی جیهانی ) کە تایبەتە بە رێکخراوە ئەدەبییەکانی رۆژئاوا ، بۆ ئەوەی رەخنە لە حکوومەتی تورکیا بگرن .

فاتیح ئاکین ، دەرهێنەری سینەمایی
دەرهێنەری سینەمایی ئەڵمانی فاتیح ئاکین کە بە رەگەز تورکە .. لە نامەیەکیدا کە بۆ ( عەبدوڵڵا گول ) ی سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیای ناردووە ، نامەکەی راسترین بەڵگەیە ، تێیدا سیاسەتی  ئەردوگان رەت دەکاتەوە ، فاتیح ئاکین نووسیوێتی : ئەردوگان سەرکوتکەرە و ، زۆر دوورە لە پرانسیپەکانی دیموکراتییەوە  .
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ( گیزی پارک ) ی ساڵی ( 2013 ) لە تورکیا دا ، فاتیح ئاکین نامەیەکی بۆ عەبدوڵڵا گول نارد ، تێیدا نووسیوێتی : گەورەم سەرۆک ، لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەنە هێزەکانی ئاسایشەوە ، لە ئەنجامی بەکارهێنانی فیشەکی راستی و گازەوە ، بە سەدان کەسیان پێکا ، فیشەکی راستییان نایە منداڵێکی تەمەن ( 14 ) ساڵان ، مێشکی خوێنی لێدەچۆڕێتەوە .. گەورەم سەرۆک ، ئەو پزیشکانەش گیران کە خۆبەخشانە تیماری بریندارەکانیان دەکرد ، گوایە ئەمانە تیرۆریستن و نابێ تیماربکرێن .. تەنانەت ئەو پارێزەرانەش بەندکران کە داکۆکییان لە مافەکانی خۆپیشاندەران کرد .. هەر لە هەمان نامەدا ئاکین : گەورەم سەرۆک ، پۆلیس چەندین تۆن گاز و فیشەکی راستی بەکاردەهێنن ، دەست ناپارێزن و جیوازیش ناکەن .. ئێوەش بێدەنگن ، ئایا ئەوە مافی گەل نییە کە تێبگات لە ئێستادا چی روودەدات .. ؟ گوایە ئێوە و پارتەکەتان دە ساڵ پێش ئێستا داکۆکیتان لە پرانسیپەکانی ئازادی و دیموکراتی دەکرد .

فاتیح ئاکین لە ساڵی ( 2014 ) دا ، لە فیلمێکی سینەماییدا ، کە لە نووسین و دەرهێنانی خۆیەتی ، ماوەی درێژی فیلمەکە ( 135 ) خولکە ، باس لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکات ، کە لە ساڵی ( 1915 ) دا ، لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ، ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە شەهید کران ، زیاتریش لە ملیۆنێک ئەرمەنی لە تورکیادا دەربەدەرکران و ، ئاوارەی وڵاتە دراوسێکان بوون .. ئەم فیلمە و هەڵوێستی ئازایانەی فاتیح ئاکین ، بەرپاکردنی جەنگێکە لە دژی تورکیا ، بە تایبەتیش ئەردۆگان کە تا ئەمڕۆش نکووڵی لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکات .. تا ئەمڕۆش  دان بەم توانە نامەردی و قێزەوەنە رەگەزپەرستییەی باپیرە عوسمانییەکانیدا نانێت .
ساڵی رابردوو لە فیستیڤاڵی بیست و شەشەمینی سینەمادا ، کە لە ( قاهیرە ) ی پایتەختی میسر سازکرا ، دەستپێکی فیستیڤاڵەکە بە نمایشی فیلمەکەی ئاکین دەربارەی ( ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان ) دەستی پێکرد .. ئەمەش چەمۆڵەیەکی شەرمەزاری بوو ، کە لە ئەردوگان و لە رژێمەکەی نرا .

هاکان شکور ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا 
هاکان شکور یاریزانی بە توانای پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا ، خاوەنی خێراترین ماوەی تۆمارکردنی گۆڵی مۆندیال ، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەردوگان و هاکان شکوردا هەبوو .. ئەمە وایکرد کە هاکان شکور ببێت بە ئەندامی پارتی داد و گەشە .. لە لایەن ئەم پارتەشەوە، هاکان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی (  2011 ) ی تورکیا کاندید کرا .. بەڵام بارودۆخەکە و پەیوەندی نێوان ئەردوگان و هاکان شکور زۆری نەخایاند .. لە ساڵی ( 2013 ) دا ، هاکان خۆی لە پارتەکەی ئەردوگان  کێشایەوە .. بە هۆکاری گەندەڵی لە ریزی ئەم پارتە و ، تێوەگلانی کوڕەکەی ئەردوگان بە بەرتیل وەرگرتن ، هاکان وازی لەم پارتە هێنا .. لەو کاتەوە شەڕێکی ئاشکرا لە نێوان هاکان و ئۆردوگاندا هەیە .. دواترین شت کە هاکان شکور دەربارەی ئەردوگان وتی لە دوای خنکانی ( ئالان کوردی ) بوو ، هاکان توانجە پەخشانێکی بە ناوی ( کارەسات ) ـەوە ، لە رۆژنامەی ( سەبـاح ) ی سەر بە ئەردوگان بڵاوکردەوە ، کە تێیدا نووسیوێتی : رەجەب تەیب ئەردوگان ، لە سێپتەمبەری ساڵی ( 2012 ) دا ، وتی : رۆژی هەینی لە شام نوێژی هەینی دەکەم ” بڕوانن ئێمە واین لە سێپتەمبەری ساڵی ( 2015 ) دا ، لاشەی منداڵانی سوریا لەسەر کەنارەکانی دەریاکاندا کەوتوون  .
هاکان شکور شکاتی لێکراوە و لە لایەن دادگاوە لێپێچیەوەی لەگەڵدا دەکرێت .. بەوە تاوانبار کراوە کە ( سووکایەتی بە سەرۆکی تورکیا کردووە ) .
هاکان سەرسەخترین بەرهەڵست بوو ، دژی کاندیدکردنی ئەردوگان بوو بۆ سەرۆکی وڵاتەکەی .. هاکان لە نووسینێکیدا دەڵێ : کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی ، ئایین دەقۆزێتەوە .. کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی ، قسە لە بارەی بەرتیل و قەدەغەکردنی دزی لە مزگەوتەکاندا دەکات ، کاندیدکراوێکی سەرۆکایەتی ، لە جیاتی خۆشەویستی و باوەشگرتنەوە بۆ گەل ، رق بڵاودەکاتەوە .


ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت